ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

“ژمارەیەك بەرپرسی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەستگیر كران”


خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی پەڕلەمانی عیراق لە لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەكان ڕایدەگەیەنێت، لە لایەن دەستەی دەستپاكی هەولێرەوە بانگ كرام بۆ ئەوەی شاهێدبم لەو كەیسەی، كە لەئێستادا بازرگانێكی نەوت و ڕاوێژكارێكی وەزرارەتی سامانە سروشتیەكان و بەڕێوەبەرێكی گشتی لەو وەزارەتە لەسەری دەستبەسەر كراون، دەشڵێت: “ئەو كاتەی سووتەمەنی كوالێتی خراپ هێنراوە هەوڵدراوە بەپاڵپشتی ئەمانە بهێنرێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام بووینەتە ڕێگر لەپێشیان و گەڕاندوماننەوە”.

غالب محەمەد، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەكان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، ‏‎كاتێك لە ئەنجوومەنی پارێزگا بووین بەڵێنی ئەوەمان پێدان دەبێت حەقی سووتانی فیول پەمپی ئۆتۆمبێلەكانتان بكەینەوە لەو كەسانەی لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا ئێوەیان تووشی زەرەر و زیانی مادی دەكرد.

دەشڵێت: “هەمیشە شەڕمان دەكرد بۆ ئەوەی سووتەمەنی كوالێتی خراپ، بەتایبەت بەنزین نەهێنرێتە سنوری پارێزگاكەمان ئەویش لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و بڵاونەبوونەوەی چەند نەخۆشیەك، كە مەترسیدارن و بەهۆی بەنزینی كوالێتی خراپەوە بڵاودەبنەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، ئێستا‎ پاش ئەوەی كۆمەڵێك بەڵگە دراوەتە دەستەی دەستپاكی هەولێر، بەندە بانگ كرام، دوێنێ لە كەلارەوە ڕۆشتم بۆ هەولێر بۆ ئەوەی شاهێدبم لەو كەیسە، كە لەئێستادا بازرگانێكی نەوت و ڕاوێژكارێكی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەستبەسەر كراون، كە ئەوكات سووتەمەنی كوالێتی خراپ هێنراوە و هەوڵدراوە بەپاڵپشتی ئەمانە بهێنرێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە بووینە ڕێگر لەپێشیان و گەڕاندوماننەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەئێستاشدا دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەستگیركراون و ناوی بەرپرسی باڵای دیكەش هێنراوە، كە دەبێت لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت و بازرگانێكیش دوای (١٤) ڕۆژ بەكەفالەت ئازادكراوە و لەشكرێكی دیكەش لەپشتیانەوەیە دەبێت گوڵەچنە بكرێن و پیسەكانیان جیا بكرێنەوە.

دەشڵێت: “من ئێستا خۆشحاڵم و قەدرم هەیە بۆ ئەو دادوەرە و دەستەی دەستپاكی هەولێر هاتۆتە خەت و دەیەوێت پارێزەری مافی بەشخوراوان بێت و دەیەوێت مافیا و گەندەڵەكان لە زینداندا تەمبی بكات، ئەوەی لەتوانای ئەواندابێت كردویانە، ئەم هەفتەیە كەیسەكە دەگوازرێتەوە بۆ دادگای هەولێر بۆ دادگایی كردنیان و بڕیاردان لەسەریان، هیوادارم دادگای هەولێر بەبێ لایەنانە و دوور لەبیركردنەوەی تەسكی حیزبی بڕیار بدات و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و بەرپرسە باڵاكانی حكومەتیش دەستوەردان نەكەن تێیدا، چونكە بەوتەی خۆیان ناوی ئەم كابینەیە كابینەی خزمەت و چاكسازییە”.

چاوپێکەوتن

ئالان فەرەیدوون چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان ئاشکرادەکات


خەڵک – نزار جەزا

سەبارەت بەچارەنووسی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان لەهەرێمی کوردستان (خەڵک) گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئەنجامدا، کە تێدا باسی لەئەوەکرد، خوێندنی ئۆنلایەن سەرکەوتوونابێت، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە ئاسایی نەبێتەوە بژاردەی خوێندنی ئەلیکترۆنی جێبەجێدەکەن، هاوکات وردەکاری زیاتری لەبارەى گرفی یاسایی خوێندنی ئەلیکترۆنی و چۆنیەتى ئامادەکارییکانی زانکۆ بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی و چەند وردەکارییەکی دیکەوە خستەڕوو.

   هەموو هەوڵێک بۆئەوەیە خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان نەفەوتێت

ئالان فەرەیدوون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، هەموو هەوڵێک بۆئەوەیە خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان نەفەوتێت، چونکە نزیکبوونەتەوە لەکۆتایی خوێندن، بۆیە لەکۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا بەسەرۆکی زانکۆکان وتراوە، تاکو بەرواری ١٥/٤/٢٠٢٠ ئامادەکاری بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی بکەن، کە ئەم شێوازە لەخوێندنی ئۆنلاین جیاوازە، بەجۆرێک مامۆستاکە وانەکانی بەشێوەى ڤیدۆی ئامادەدەکات و لەسەر وێبسایەتى زانکۆ یان یوتیوب بڵاویدەکاتەوە، بۆئەوەی خوێندکاران بیبینن.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو وانەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان مامۆستا و خوێندکار لەڕێگەی ئیمەیڵ یان هەر ڕیگەی دیکە دەبێت، بۆئەوەی هەر پرسیارێک هەبێت مامۆستا ڕوونکردنەوەی لەسەر بدات.

ئالان فەرەیدوون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانى

بۆ چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان سێ بژاردە لەبەردەستە، کە ناوبراو ڕوونکردنەوەی زیاتری لەبارەوەدا و وتی: “بژاردەی یەکەم ئەوەیە کە پاش تەواوبوونی قەدەغەى هاتوچۆ لە١٠ی نیساندا دەست بەخوێندنی ئاسایی بکەینەوە، بژاردەی دووەم ئەوەیە کە ئەگەر دۆخەکە درێژەى کێشا لەمانگی پێنج یان شەش دەست بەدەوامی ئاسایی بکەینەوە، ئەگەر ئەمەش نەکرا، لەبژاردەی سێهەمدا لەپێناو ئەوەی خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێ لەگەڵ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کارەبا و ئینتەرنێت، خوێندنی ئەلیکترۆنی پەیڕەودەکەین”.

 

     بۆ چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان سێ بژاردە لەبەردەستە

 

وتیشی:”ئەگەر بژاردەیەکی دیکەش هەبێت بۆ خزمەتى خوێندکاران لەهاویندا، ئەوا ئامادەن، بەڵام وەک خوێندنی ئەلیکترۆنی کە داوامان لێکراوە ئامادەکاری خۆمان دەکەین و لەماوەی ئەم دە بۆ ١٥ ڕۆژەدا ئامادەکارییەکان ئاڕاستەی وەزارەتى خوێندنی باڵا دەکەن، بۆئەوەی هەر بڕیارێکی پێویست هەبێت لەبارەیەوە بیدەن”.

   خوێندنی ئەلیکترۆنی چارەسەری یاسایی هەیە

ناوبراو لەبارەى گرفتى یاسایی خوێندنی ئەلیکترۆنییەوە ڕوونیکردەوە، ئەم گرفتە لەوەزارەت باسکراوە، بەڵام نابێتە گرفت، چونکە لەڕێگەی ئەنجومەنی وەزیران یاخود سەرۆکایەتی هەرێمەوە دەتوانن بڕیارێکی بۆ دەربکەن و گۆڕانی یاسای پێویست نییە، لەلایەکی دیکەوە ئەم شێوازی خویندنە بەمانای ئەوەنایەت هەموو خوێندن بکرێتە ئەلیکترۆنی، بەڵکو چوار هەفتەى کۆتایی ساڵ دەکرێتە ئەلیکترۆنی وەک پاڵپشتییەک بۆ خوێندنی ئەمساڵ.

ئالان فەرەیدوون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانى

ئالان فەرەیدون، لەبارەى چۆنیەتى ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان ئاماژەى بەئەوەدا، تاکو ئێستا باس لەشێوازی تاقیکردنەوەکان نەکراوە، بەڵکو ئەوەی ئێستا مەبەستیانە تەواوکردنی ئەو وانانەیە کە دیاریکراوە خوێندکار بیانخوێنیت، دواتر گفتوگۆ لەسەر شێوازی تاقیکردنەوەکان دەکرێت.

    چۆن پڕۆژەى کۆتایی قۆناغی چوارهەمی زانکۆ و پەیمانگاکان پێشکەش دەکرێت؟

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئەوەشی باسکرد، لەمانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە زۆر بەباشی دەست بەخوێندنی کراوە و لەزانکۆکەیان بەڕێژەى لەسەدا ٩٠ خوێندن تەواوکراوە، بۆیە ئەم چوار هەفتەیەش گرفتێکی وا نابێت کە بەئەلیکترۆنی بخوێندرێت.

 

لەبارەى پڕۆژەى قۆناغی کۆتا ساڵی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانەوە ناوبراو ڕوونیکردەوە، ئەم بابەتە کەمترین گرفتی تێدایە و بەئاسانی چارەسەردەکرێت، چونکە تاقیکردنەوەی تێدانییە، بۆیە لەئەنجومەنى کۆلێژ و پەیمانگاکانیشەوە ڕاپۆرتیان پێگەیشتۆتەوە، کە دەتوانن پڕۆژەکان بکەنە ئەلیکترۆنی، بەجۆرێک مامۆستا و خوێندکار ڕاستەوخۆ ئاگاداری یەکتربن و سیمینارەکەش لەجیاتى ئەوەی پێشکەش بکرێت، سیمینارەکە ئامادەبکرێت و بۆ مامۆستا بنێردرێت.

 

باسی لەئەوەشکرد، وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکیش لیژنەیەکی باڵایان بۆ ئامادەکاری ئەم پرسە پێکهێناوە و لەئێستاشدا ڤیدیۆی فێرکاری بۆ مامۆستایان ئامادەکراوە و بڵاوکراوەتەوە، بۆئەوەی هاوکاری مامۆستایان بێت لەچۆنیەتی ئامادەکردنی وانەى ئەلیکترۆنی.

    ڕاپرسی لەناو خوێندکاراندا کراوە

ئەوەشی خستەڕوو، هاوکات ڕاپرسییەکیان ئەنجامداوە، بۆئەوەی ڕای خوێندکاران و مامۆستایان وەربگرن، لەبارەى خوێندنی ئۆنلاین و خوێندنی ئەلیکترۆنییەوە.

 

لەبەرواری ٢٥/٢/٢٠٢٠ەوە دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگیراوە، هاوکات لەبەرواری ١٤/٣/٢٠٢٠ەوە قەدەغەى هاتوچۆ لەهەرێمی کوردستان بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ڕاگەیەندراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كۆرۆنا ڕێگەی بە منداڵانی ئۆتیزمیش نەدا یادی ڕۆژە جیهانییەكەیان بكەنەوە


خەڵک – ئارام سەردار

دووی نیسانی هەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی جیهانی منداڵانی ئۆتیزم دیاری کراوە، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێریش وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە منداڵانی ئۆتیزم و کەسوکاریان ڕایدەگەیەنێت، منداڵانی ئۆتیزم و کەسوکاریان بە دەست کۆمەڵێک کێشە دەناڵێنن و پێویستە ئاوڕیان لێبدرێتەوە.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ساڵانە یادی ئەم ڕۆژەمان دەکردەوە و بە دەرفەتمان دەزانی بۆ دڵخۆش کردنی منداڵانی ئۆتیزم و خستنەڕووی خزمەتگوزارییەکانمان بۆیان و ئاگادارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لە کێشە و پێداویستیەکانیان، بەڵام بە داخەوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەم دەرفەتەی لە ئێمە وەرگرت و نەمانتوانی ئەمساڵ بەم ئەرکە پیرۆزە هەستین.

دەشڵێت، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە لە دوو ساڵی ڕابردوو بە پێی ئیمکانیاتی بەردەستمان توانیومانە لە نزیکەوە لەگەڵ کێشە و ئازارەکانی ئەم توێژەدا بین و لە سنووری پارێزگای هەولێر ٤٠٢ منداڵی ئۆتیزم مووچەی مانگانەیان هەبێت و مۆڵەتی بەخێوکردن بە کەسوکاریان ببەخشین بۆ بەخێو کردن و چاودێری کردنیان.

یوسف چاوشین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەر لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو جگە لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بێ بەرامبەر لە سەنتەری ئۆتیزمی حکومی، مۆڵەتمان بە کردنەوەی شەش سەنتەری ئۆتیزمی ئەهلی داوە بۆ ڕاهێنانی منداڵانی ئۆتیزم لە شوێنە جیاجیاکانی پارێزگای هەولێر و بە ڕەچاوکردنی باری دارایی خێزانەکانیان بڕیارمان داوە لەم مانگە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەوام لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم ڕابگیرێت و هیچ بڕە پارەیەک لە کەسوکاری منداڵان وەرنەگیرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە نزیکەوە ئاگادارین کە منداڵانی ئۆتیزم و کەسوکاریان بە دەست کۆمەڵێک کێشە دەناڵێنن و پێویستە ئاوڕیان لێبدرێتەوە و لەگەڵ باشتربوونی باری دارایی حکومەتیش، باری دارایی کەسوکاری منداڵانی ئۆتیزم باش بکرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بازاڕی دراو لە سلێمانی داخرا


خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ بازاڕی دراو لە سلێمانی بە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەوە داخرا.

سەرچاوەیەك لە بازاڕی دراوی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند ئەمڕۆ نرخی دۆلار 124.250 دینار بووە و قەرەباڵغییەكی زۆر دروست بووە كە زۆربەشیان عەرەب بوون.

ئەوەشی خستەڕوو كە هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوكردن بە قەرەباڵغییەكەی بڕیاریان دا بازاڕەكە دابخرێت و ڕوونیش نییە كە ڕۆژی شەممە دەكرێتەوە یان نا.

لە كاتێكدا نرخی دۆلار لە سلێمانی دابەزی بوو، بەڵام لە بەغدا بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینی و بە پێی بۆڕسەی كیفاح نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە 127 هەزار، هاوكات لە بازاڕەكاین ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغدا نرخی كڕینی 100 دۆلار 126 هەزار بووە و بە 128 هەزاریش فرۆشراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان