ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

“داوای لێپرسینەوە لەو وەبەرهێنەرانە دەکرێت، کە پارەی خەڵكیان خواردووە”

خەڵك-ئارام سەردار
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە چارەسەری بەپەلە بۆ ئەو پڕۆژانە بدۆزرێتەوە، كە دەتوانرێت چارەسەر بكرێن و پێویستە لێپرسینەوەش لەو وەبەرهێنەرانە بكرێـت، كە پارەی خەڵكیان خواردووە.

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، كێشەكانی وەبەرهێنان گەورەن و ئێمە دەبێت باس لەماف و بەرژەوەندی گشتی و مافی وەبەرهێنەرانیش بكەین، ئەگەر بڕیاربێت چارەسەری كێشەكان بكەین، چونكە ئەگەر حكومەت و دەستەی وەبەرهێنەران ئیرادەیان هەبێت زۆر ئاسان كێشەی هاووڵاتیان چارەسەر دەكرێت و هەنگاوەكان دەتوانرێت تێپەڕێنین، بەتایبەت كە باس لەبوونی شەش هەزار هاووڵاتی دەكرێت بەواتای شەش هەزار خێزان.

دەشڵێت: “چارەسەركردنی پڕۆژەكان و كێشەی هاووڵاتیان لەڕێگەی ئەو چارەسەریانەی، كە دەتوانرێت ئێستا بكرێت جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانە و كۆبوونەوەی ئەو ئەنجوومەنە و دەركردنی هەندێ ڕێنماییە، لەهەمان كاتدا لێپێچینەوەكردن لەهەندێ وەبەرهێنەر، كە بەئاشكرا مافی خەڵكیان خواردووە و بەئاشكرا بەناو خەڵكدا دەسوڕێنەوە.

بەوتەی یاسن مەحمود، “پڕۆژەمان هەیە چارەسەركردنی زۆر قوڕسە، ڕەنگە بەحكومەتیش چارەسەر نەكرێت لەبەرئەوەی كارەساتەكە زۆر گەورەیە و هەزار هاووڵاتیان پارەیان خوراوە و بەدەیان گرێبەستی وەهمی كراون، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ حكومەتی نوێ دەستبەكاربووە و هەندێ ئیجرائاتی یاسای بكرێت لەگەڵ هەندێ وەبەرهێنەر، كە زۆر چاونەترسانە لەهەرێمی كوردستان و شارەكانی تر دەژین، چونكە بەدەركردنی هەندێ بڕیار، كە دەرمان كردوون و بە وەبەرهێنەری تریش ناتوانریت هەندێ كێشە چارەسەر بكرێت، بەڵكو پێوستە بەشێك لەو وەبەرهێنەرانە بێنە بەردەم دادگا ڕوونكردنەوە بدەن بەحكومەت، ئەگەر پێتان بڵێم لەپڕۆژەیەكدا ١٠٠ ملیۆن دۆلار پارەی خەڵك خوراوە حكومەت دەتوانێت بچێتە ژێر ئەو بارە لەكاتێكدا خۆی قەیرانی هەیە، لەبەرئەوە پێوستە حكومەت بەشێوەیەكی زۆر ئاشكرا ناوی وەبەرهێن و پڕۆژە و كێشەكانی ئاشكرا بكات و داواكاری گشتی و لایەنی پەیوەندیدار لەگەڵ وەزارەتەكانی ناوخۆی هەرێم و عیراق و پۆلیسی ئەنتەرپول هاوكارمان بن بۆ هێنانەوەی هەندێ وەبەرهێن”.

لەبارەی كەم و كوڕی خزمەتگوزاریەكانیش وتی، “پێوسیتە چارەسەری خێرا بدۆزرێتەوە، چونكە ١٨٣ هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون دروست كراوە بەشێوازی وەبەرهێنان، لەكاتێكدا تەنها ٦٣ هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون ڕادەستی بەشداربووان كراوە”.

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران ئاشكراشی كرد، دەیان پڕۆژەمان هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و قەیرانەكانی تر دەتوانم بڵێم زیاتر لە ١٠٠ پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێ بوون كێشەی هەیە، كە زۆرینەی كەوتۆتە شاری هەولێر و ئینجا سلێمانی و دهۆك، بەڵام ئەو پڕۆژانەی چارەسەریان قوڕسە و ئاستەمە چارەسەر بكرێن زۆر كەمن و بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن، كێشەكانیان گەیشتۆتە ئاستێك حكومەتیش ڕەنگە نەیتوانیبێت چارەسەری بكات لەڕابردوودا، ناشزانم سیاسەتی ئێستای حكومەت چۆن دەبێت.

ڕاشیگەیاند، ئێستا ئیرادەیەك و كۆدەنگی دروست بووە، كە لێپرسینەوە لەبەرامبەر ئەو وەبەرهێنەرانە بكرێت، كە پارەی خەڵكیان خواردووە، هەندێ پڕۆژە هەیە لەدوای چەند ساڵێك بەدەیان ملیۆن دۆلاری تێدا وەرگیراوە، بۆیە هەندێ شت ڕوویداوە لەدونیادا شتی وا ڕووی نەداوە وەك گرێبەستی وەهمی و فرۆشتنی پڕۆژە بەچەند كەسێك و فرۆشتنی نهۆمی باڵەخانەیەك، كە بوونی نیە و دەیان كێشەی تر.

ئابوری

پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ: پێكەوە دوابڕیاری لەسەر خانەنشینی پەرلەمانتاران دەدەین

خەڵك- بەشی هەواڵ

بەشێك لە پەرلەمانتاران فۆرمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاریان پڕكردووەتەوە و ژمارەیەكی دیكەشیان ئامادەن دەستبەرداری خانەنشینییەكەیان ببن، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیش دەڵێت”تائێستا بڕیارماننەداوە و پێكەوە بڕیاری كۆتایی دەدەین”.

بەدریە ئیسماعیل بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هیچ فۆرمێكی فەڕمی و یاسایی لە ناو پەرلەماندا نییە بۆ ئەوەی پڕی بكەنەوە یان ڕەتیبكەنەوە.

وتیشی”ئێمە بڕیاری كۆتاییماننەداوە و كۆبوونەوە دەكەین و پێكەوە بڕیاری كۆتایی دەدەین”.

ڕۆژی 16ی ئەم مانگە پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەندكرا، بەڵام لێكدانەوە و نیگەرانی زۆری لای هاووڵاتیان لێكەوتەوە، چونكە كۆتایی بە كێشەی مووچە و خانەنشینی پلەباڵاكان نەهێنا و پەرلەمانتاران بە 4 ملیۆن و 100 هەزار دینارەوە خانەنشین دەكرێن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

عەبدولستار مەجید: لە پشت دەزگا فەرمییەكانی هەرێمەوە تاڵانی دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند، كەسانێكی دەستڕۆیشتوو دەستوەردەدەنە كاروباری گومرگەوە و ئەو كۆنتێنەرانەی دێنە هەرێمەوە بە پارەیەكی كەم گومرگیان دەكەن و دواتر پارەیەكی زیاتر لە كۆمپانیاكان وەردەگرن.

ناوبراو لە وتارێكدا بە ناونیشانی”ئەرێ حكومەت هەیە ؟!” باسی لەوەكردووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەن، چونكە كەسانێك لەسەرو دەزگا ئەمنییەكانەوە تاڵانی دەكەن.

ناوبراو نوسیویەتی”كەسانی دەستڕۆیشتوو دەست وەردەدەنە كاروباری باج و گومرگ و ئەو كۆنتێنەرانەی لە دیوی ئێرانەوە دێتە هەرێمی كوردستان، بە باجێكی ئێجگار كەم لە خاڵە سنورییەكان تێیدەپەڕێنن و دواتر خۆیان لەبەرامبەردا پارەیەكی زۆر لەو كۆمپانیایانە وەردەگرن كە بارەكەیان بە گومرگێكی كەمەوە بۆ ئاودیوی هەرێمی كوردستان كردووە !

ئەی وەزارەتی دارایی لە كویە؟!كێن ئەوانەی لەسەرو حكومەت و لە پشتی دەزگا فەرمییەكانەوە خەریكی ئەم تاڵانییەن ؟!”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پارتی بڕیاری بارزانی بۆ خانەنشینی فەرمانبەران ئاشكرادەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەربارەی خانەنشینی فەرمانبەران و زیادكردنی مووچەكانیان ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، حكومەت چاوەڕێی هاتنەوەی سەرۆكی هەرێم دەكات.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، هەر كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس بگەڕێتەوە، بڕیارە پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەند بكات، كە پەسەندیشی كرد و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاوكرایەوە، لە ماوەی 90 ڕۆژدا جێبەجێ دەكرێت.

سەرچاوەكە باسی لەوەشكرد، هەر كاتێك یاساكە بۆ حكومەت گەڕایەوە، ئەو كات بۆ حكومەت ڕوون دەبێتەوە بە هۆی ئەو یاسایەوە چەند پارەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەو كاتیش حكومەت لەسەر ئەو بنەمایە مووچەی خانەنشینی دیاری دەكات.

دەشڵێت: “سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە، كە هاوشێوەی بەغدا كەمترین مووچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار بێت، بەڵام تا بەرچاومان ڕوون نەبێت بزانین چەند پارەمان بۆ دەگەڕێتەوە ناتوانرێت بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت”.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد، ڕایەك لەناو پەڕلەمان هەبوو، كە مووچەی خانەنشینی كەمترینی بكرێتە 300 هەزار دینار، بەڵام حكومەت بەوە ڕازی نەبوو و نیازی وایە بیكات بە 400 هەزار دینار و ئەگەر توانا هەبێت، زیاتریش دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان