ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

“هاووڵاتیان دەتوانن جۆزەی زیرەك بۆ كارەبای مۆلیدە ببەستن”

خەڵك – بەشی هەواڵ
قائیمقامیەتی شارۆچكەی كەلار ڕایدەگەیەنێت، لەمەودوا هاووڵاتیان دەتوانن جۆزەی زیرەك بۆ كارەبای مۆلیدە ببەستن، دەشڵێت: “18 خاوەن مۆلیدە لەبەر سەرپێچی و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەكان بە غەرامەی ماددی سزادران”.

قائیمقامیەتی شارۆچكەی كەلار لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، لە هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی لیژنەی مۆلیدەی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی كەلار 18 خاوەن مۆلیدە لەبەر سەرپێچی و پابەند نەبوون بە ڕێنماییەكان بە غەرامەی ماددی سزادران.

هاوكات بە بڕیاری لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی كەلار جۆزەی پێوەری زیرەك ڕێگە پێدراوە و هەر هاووڵاتییەك داوای بكات پێویستە خاوەن مۆلیدە بۆی دابنێت بە پێچەوانەوە هەر خاوەن مۆلیدەیەك ڕێگری بكات تووشی سزای یاسایی دەبێتەوە.

کوردستان

سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ھەرێم جەختیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و بەردەوامیی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور كردەوە.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ 17/9/2019 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عیراق و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لە بارەی پرسە گرنگەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرا، بەتایبەتی پرسەكانی بودجەی گشتیی ساڵی داهاتووی عیراق و ماددەی (140) و داڕشتنی یاساكان و هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر و توندڕەویی.

لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە گرنگیی پاراستنی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان لە عیراق و هێزە عیراقییەكان و كاری پێكەوەییان و یەكدەنگی لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان و برەودان بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا كرایەوە.

جێی ئاماژەیە، سەرۆك كۆماری عیراق و شاندێكی یاوەری، ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەردانێك گەیشتنە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازییان لێكرا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

وردبینی لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمدا دەكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق بە فەڕمی داوای‌ لە دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی عیراق كرد، وردبینی لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەستپێبكات.

میدیا عیراقییەكان نووسراوێكیان بڵاویانكردووەتەوە تیایدا، حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی‌ نوێنەران داوای لە دیوانی چاودێری دارایی عیراق كردووە، بە زووترین كات وردبینی لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەستپێبكات.

نووسراوە كە ڕۆژی 16ی‌ ئەیلولی‌ 2019 ئاڕاستەی‌ سەرۆكی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی عیراق كراوە تیایدا ئاماژە بەوەدراوە، بەوپێیەی‌ لە بودجەی گشتی عیراقدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت، پێویستە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عیراقەوە وردبینی‌ ژمارەی‌ فەرمانبەرانی هەرێم بكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

هەرێم.. هاوردەكردنی هەنگوین قەدەغەكرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەبڕیاری وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم هاوردەكردنی هەنگوین بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغەكرا.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمساڵ ڕێژەیەكی باش هەنگوین لەناوخۆی هەرێم بەرهەم هاتووە، لەو چوارچێوەیەدا بۆ پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی بڕیاریانداوە هاوردەكردنی هەنگوین قەدەغە بكەن.

بێگەرد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، هەر بەرهەمێك لەناوخۆی هەرێمی كوردستان خواست و پێداویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە، ئەوا هاوردەكردنی قەدەغە دەكرێت، یان بەگوێرەی پێویستی بازاڕ و خواست لەسەری سنووردار دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان