ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

ناڕەزایی لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان سەرهەڵدەداتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی زیادكردنی دەوام و پێنەدانی هیچ ڕۆژێكی ئۆف ناڕەزایی لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان لە سلێمانی سەرهەڵدەداتەوە و بەرپرسێكی تەندروستی-ش دەڵێت: “كارمەندان ڕۆژانی شەممان-یش دەوام دەكەن و مافی ڕۆژێك ئۆفیان هەیە، بەڵام بڕیارەكە وەزارەت دەری كردووە و هەوڵیان بۆ دەدەین”.

ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندان و فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستی لەڕێی پەیوەندی و ناردنی نامەوە بۆ (خەڵك) ئاماژەیان بەوەكردووە، كە لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان ڕۆژانی شەممە تا پێنج شەممە دەوام دەكەن و پێشتر ڕۆژێك ئۆفیان هەبوو بەهۆی دەوامكردنیان لە ڕۆژانی شەممەدا و تەنانەت پێش قەیرانی دارایی-ش ئەوە هەبوو، بەڵام لە ئێستادا هیچ ئۆفێكیان نەهێشتووە و دەڵێن دەبێت لە شەممە بۆ پێنج شەممە دەوام بكەین.

ئەو كارمەندانە ئاماژە بەوەدەكەن، كە قورساییەكی زۆر كەوتۆتە سەر شانیان و چەندین كێشەیان لە دایەنگە و هاتووچۆ و چەندین شتی دیكە بۆ دروست بووە.

دەشڵێن: “لە هەموو شوێنێك دەوام لە یەك شەممە بۆ پێنج شەممەیە، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندی كەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاری بەردەوامەوە بۆ هاووڵاتیان ڕۆژانی شەممەش دەوام هەیە و لەبری ئەوە هەر كارمەندێك ڕۆژێك ئۆفی لە هەفتەكەدا پێ‌ دەدرا، بەڵام ئێستا ئەوەشیان بڕیوە و ئەوەش زۆر قورسە بۆمان”.

ئەو فەرمانبەر و كارمەندانە داوا لە وەزارەتی تەندروستی و تەندروستی سلێمانی دەكەن، كارئاسانیان بۆ بكات و ڕۆژێك ئۆف-یان پێ‌ بدرێت و بەپێچەوانەوە دەڵێن: “هەماهەنگی لەگەڵ تەندروستی شارەكانی دیكە دەكەین و دەست دەكەینەوە بە خۆپیشاندان”.

بۆ بەدواداچوونی كێشەی كارمەندانی كەرتی تەندروستی (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم و د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانیەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

لای خۆشیەوە، بەرپرسێك لە تەندروستی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بڕیاری زیادكردنی دەوامە لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەرچووە و پابەندبووین پێوەی، بەڵام كارمەندانیش مافی خۆیانە داوای ڕۆژێك ئۆف بكەن چونكە لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان ڕۆژانی شەممەش دەوامە دەكەن و خزمەتگوزاری پێشكەشی هاووڵاتیان دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە لە هەوڵدان بەردەوام دەبن بۆ كارئاسانی كردن بۆ كارمەندان و فەرمانبەران تا ئەو ڕۆژە ئۆفەیان بۆ بگەڕێننەوە.

ئابوری

هەرێم.. هاوردەكردنی هەنگوین قەدەغەكرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەبڕیاری وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم هاوردەكردنی هەنگوین بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغەكرا.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمساڵ ڕێژەیەكی باش هەنگوین لەناوخۆی هەرێم بەرهەم هاتووە، لەو چوارچێوەیەدا بۆ پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی بڕیاریانداوە هاوردەكردنی هەنگوین قەدەغە بكەن.

بێگەرد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، هەر بەرهەمێك لەناوخۆی هەرێمی كوردستان خواست و پێداویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە، ئەوا هاوردەكردنی قەدەغە دەكرێت، یان بەگوێرەی پێویستی بازاڕ و خواست لەسەری سنووردار دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

كۆمپانیاكانى بازرگانى ڕێگرن لە هەرزانكردنی بەنزین

خەڵك- بەشی هەواڵ

نرخی بەنزین بەپێی دۆخی هاوردەكردن، نرخی ستانداردی جیهان و پاڵپشتی حكومەت دەگۆڕێت و سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت”هۆكاری سەرەكی كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی بەنزینن”.

كەریم عەلی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێم بەپێچەوانەی عیراقەوە پاڵپشتی دابینكردنی سووتەمەنی، نەوت و بەنزین ناكات، سەرباری ئەوەی كۆمپانیاكانی هاوردەكاری بەنزین خۆیان ڕێگرن لە دابەزینی نرخی بەنزین.

ناوبراو هەر لە قسەكانیدا ڕونیكردەوە، بەگشتی كۆمپانیاكانی بازرگانی لە كوردستاندا هەماهەنگی یەكتر دەكەن بۆ گرانكردنی كاڵا و شتومەك و سوومەتەمەنی و حكومەتیش هیچ ڕێوشوێنێكی لەمبارەوە نییە.

لە هەرێمی كوردستاندا بەپێچەوانەی ناوچەكانی دیكەی عیراقەوە تائێستا نرخی بەنزین بە گران دەفرۆشرێت، چونكە دراوە بە كەرتی تایبەت و حكومەت سەرپەرشتی ناكات، لەكاتێكدا حكومەتی عیراق خۆی ئەركی كڕین و فرۆشتنی گرتووەتە ئەستۆ.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

(خەڵك)مەرجەكان ئاشكرا دەكات
سەندیكای ئابووریناسان یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ئەندامانیان دروست دەكەن

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ كۆمپانیایەك ڕێككەوتووین لەسەر پێدان و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ئابووریناسان.

نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەگەڵ كۆمپانیایەك ڕێككەوتووین بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ئابووریناسان و ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێككەوتنەكە واژوو دەكرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ووردەكارییەكان بۆ ڕاگەیاندنەكان ئاشكرا دەكەین.

وتیشی”لە ئێستادا كۆمپانیاكە لە كاردایە و سەرقاڵی كاركردنن و لەسەر نرخ و شوێن و كاتی تەواوبوونی یەكەكانی نیشتەجێبوونیش ڕێككەتووین”.

ڕونیشیكردەوە، لە سنووری لقی پارێزگای سلێمانی سەندیكا كە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەرین و گەرمیانیشی لەسەرە زیاتر لە 2700 ئەندامان هەیە و یەكەكانی نیشتەجێبوونیش نزیكەی 700 یەكەیە و ئەگەر زۆرینەیان فۆڕم پڕ بكەنەوە ئەوكات دەیكەینە قورعە.
ئاشكراشیكرد، تاكە مەرج بۆ پێدانی فۆرم ئەوەیە كە ئەو كەسە ئەندامی سەندیكای ئابووریناسان بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان