مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپێكرد



خەڵك-

دوای شەپۆلێك توندوتیژی لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و كوژرانی دەیان كەس لە ماوەی تەنها هەفتەیەكدا، ئەمڕۆ پێنج شەممە مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپێكرد.

بەپێی زانیارییەكان لە بەیانی ئەمڕۆوە لە زۆرینەی شار و شارۆچكەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتن دەستیپێكردووە و كاسبكاران دوكان و بازاڕەكانیان نەكردووەتەوە و لە ماڵەكانیاندا ماونەتەوە.

هاوكاتی دەستپێكردنی مانگرتنەكان هەلیكۆپتەر بە سەر ئاسمانی شاری سەردەشتدا دەسووڕێتەوە.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك و لایەنە سیاسییەكانی دیكە، چەند ڕۆژی ڕابردوو داوایان لە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كردبووە ئەمڕۆ پێنج شەممە مانگرتنی گشتی و سەرانسەری ڕابگەیەنن.

بە وردبوونەوە لە مانگرتنەكانی ڕابردوو، چاوەڕێدەكرێت شەپۆلێكی دیكەی توندوتیژی لەئەمڕۆدا ڕووبدات، چونكە لە شارەكانی ڕۆژهەڵات دوای مانگرتن كە لەبەیانیانەوە دەستپێدەكات، بۆ سەرلەئێوارە دەگۆڕدرێن بۆ خۆپیشاندان.

مەترسی ڕوودانی توندوتیژی لە ئەمڕۆدا زۆرترە، بەوپێیەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە جاران توندتر ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە و پێكدادانی قورس ڕوو دەدەن، بەتایبەت هەندێك شاری وەك مەهاباد و بۆكان و جوانڕۆ بەهێزی زۆر و چەكی قورس تەنراوە.

گروپێكی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت هێزەكانی ئێران تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا لە میانەی خۆپیشاندانەكانی كە پاش مەرگی ژینا ئەمینی سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە، 72 كەس كوژراون، لەوانەشدا 56 كەسیان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون.
خۆرهەڵاتی كوردستان
ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران كە بنكەی لە نەرویجە لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت هەتا ئێستا لە خۆپیشاندانەكاندا 416 كەس لە سەرانسەری ئێراندا كوژراون، 51 لەوانە منداڵن و 21یان ژنن.

ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ كە سەرنجی لەسەر ناوچە كوردییەكانی ئێرانە، دەڵێت “لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا 111 هاووڵاتیی كورد كوژراون، لە دوایین هەفتەدا 44 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا.”

 

خێزانی “شەیتان”، مووشەکەکانی ڕووسیا جیهان تووشی دڵەڕاوكێ دەکەن
پێشت خێزانی “شەیتان”، مووشەکەکانی ڕووسیا جیهان تووشی دڵەڕاوكێ دەکەن
توركیا دەست بۆ بۆمبە مەترسیدارەكەی ڕۆژئاوا دەبات
دواتر توركیا دەست بۆ بۆمبە مەترسیدارەكەی ڕۆژئاوا دەبات