ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ئاژانسی زانیاری لەسەر دەستگیركردنی سیروان كوێخا نەجم ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
وتەبێژێك لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری (زانیاری) ڕایدەگەیەنێت، لەلایەن‌ دەزگای دژە تیرۆرەوە سكاڵا لەسەر سیروان كوێخا نەجم تۆمار كراوە و دەشڵێت: “سیروان كوێخا نەجم تاوانبار نیە و تەنها تۆمەتبارە و سبەینێ چاوی بەدادوەری لێكۆڵێنەوە دەكەوێت”.

وتەبێژێك لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری (زانیاری) لە ڕوونكردنەوەیەكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، لەسەر بڕیاری دادوەر ئاوات عومەر، دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، ڕۆژی ٢٥-٨-٢٠١٩، بە مادەی ٤٢١/ ٣١ ، فەرمانی گرتن بۆ هاووڵاتی هەرێمی كوردستان – عیراق، (سیروان نەجم ڕەشید) دەر‌كراوە.

دەشڵێت: “لەڕووی یاساییەوە سیروان كوێخا نەجم تاوانبار نییە و تا ئێستا تەنها تومەتبارە بە كیشەیەك، كە دەتوانێت وەك هەر هاووڵاتیەكی تری ئەم هەرێمە بچێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی پەیوەندار و‌ بەرگری لە خۆی بكات”.

جەختیشی كردۆتەوە، ناوبراو لەلایەن جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) دەستبەسەر نەكراوە، لە گرتوخانەی هیچ حزبێكدا زیندانی نییە، بەڵكو لە ناو بینای ئاژانسی زانیاری چاوەڕوانە سبەینی، چاوی بە دادوەری لێكۆڵینەوە بكەوێت بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەی.

ڕوونكردنەوەیەك لە وتەبێژی ئاژانسی زانیاری:
١. لەسەر بڕیاری بەڕێز حاكم (ئاوات عومەر) دادوەر لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، رۆژی ٢٥-٨-٢٠١٩، بە مادەی ٤٢١/ ٣١ ، فەرمانی گرتن بۆ هاوڵاتی هەرێمی كوردستان – عێراق، (سیروان نەجم رەشید) دەر‌كراوە.

٢. لەبەر ئەوەی هاوڵاتی (سیروان نەجم رەشید)، ناسراو بە( سیروان كوێخا نەجم) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لەلایەن بەڕێز (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) داوای لێكراوە لەسەر ئەو تۆمەتەی رووبەڕووی كراوتەوە،‌ لەرێگەی دەزگا پەیوەندارەكانەوە بچێتە بەردەم دادگا.

٣. لەبەرئەوەی لەلایەن‌ دەزگای دژە تیرۆرەوە سكاڵا لەسەر ناوبراو تۆمار كراوە و دەزگای دژە تیرۆریش سەر بە ئاژانسی زانیاری-یە، ئاژانسی زانیاری دەزگای پەیوەندارە بەم كەیسە بۆ رووبەڕووكردنەوەی تۆمەتبار بۆ بەردەم یاسا.

٤. هەر بابەت، هەواڵ یان زانیارییەكی پێچەوانەی ئەم رونكردنەوەیە كە لە میدیاكاندا بڵاوكرابونەوە دوورن لە راستییەوە. لەڕووی یاساییەوە، سیروان كوێخا نەجم، تاوانبار نییە، و تا ئێستا تەنها تومەتبارە بە كیشەیەك كە دەتوانێت وەك هەر هاوڵاتیەكی تری ئەم هەرێمە بچێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی پەیوەندار و‌ بەرگری لە خۆی بكات. ناوبراو لەلایەن جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) دەستبەسەر نەكراوە، لە گرتوخانەی هیچ حزبێكدا زیندانی نییە، بەڵكو لە ناو بینای ئاژانسی زانیاری چاوەڕوانە سبەینی، رۆژی پێنج شەممە، رێككەوتی (٢٩-٨-٢٠١٩) چاوی بە دادوەری لێكۆڵینەوە بكەوێت بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەی.

وتەبێژێك لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری (زانیاری)
٢٨-٨-٢٠١٩

ریکلام

کوردستان

سەرۆكایەتی یەكێتی: هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەشداربن لە بوژاندنەوەی شنگال

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شەشەمین ساڵیادی جینۆسایدی شنگالدا بە پێویستی دەزانێت هێزە سیاسییەكانی كوردستان، شانبەشانی حكومەتی عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەشداری بكەن لە پڕۆسەی بوژاندنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەكەی بۆ زێدی باب و باپیرانیان.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: لە شەشەمین ساڵیادی كارەساتی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییان، بە خەمێكی قووڵەوە، یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانەی‌ دەرهەق بە گەلەكەمان كرا بەرز ڕادەگرین، پشوودرێژی و ورە و باوەڕ بە ئایندەیەكی گەشتر بۆ كەسوكاریان دەخوازین و داواكارین لایەنە پەیوەندارەكانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی، حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان پەلە بكەن لە ناساندنی كارەساتی شەنگال وەك تاوانی جینۆساید و لەبەردەم دادگایەكی باڵادا، ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی و تاوانبارەكانیان و ئەوانەش كە كەمتەرخەم و هۆكاربوون بۆ‌ ڕوودانی كارەساتەكە، بە سزا بگەیەنن.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشیخستووەتەڕوو: سەرباری گەورەیی كارەساتەكە و دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر ڕۆژی ڕەشی ٣ی٨ی٢٠١٤، هێشتا برینی خوشك و برا ئێزدییەكانمان سارێژ نەبووە. دەیان هەزار خێزان داڕماون. هەزاران كچ و مناڵ و پیاوی ئێزدی بێ سەروشوێنن و دەیان هەزار پیر و بریندار لە ئاوارەیی كەمپەكاندا و دوور لە زێدی خۆیان، دوور لە ئازیزانیان، خراپترین ڕۆژگار دەگوزەرێنن. لە دۆخێكی وا تاڵدا، ئەركی هەموو لایەكمانە‌ دوور لە دروشمبازیی، سنوورێك بۆ ئەم دۆخە خراپەی ژیانی ئێزدییەكانی پاش جینۆساید دابنێین و پشتیوان بین لە ئاسایی كردنەوەی ژیانی خەڵك لە شنگال‌ و دوور لە ململانێ و بەرژەوەندیی تەسكی حزبی، ئێزدییان و ناسنامەی گەلی خۆمان و كولتوری پێكەوەژیان و فرەیی ئاینیی بپارێزێن.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕوونیشیدەكاتەوە، بە پێویستی دەزانین هێزە سیاسییەكانی كوردستان، شانبەشانی حكومەتی عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەشداری بكەن لە پڕۆسەی بوژاندنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەكەی بۆ زێدی باب و باپیریان. ئەركی حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكانە بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، دۆزینەوەی خوشك و برا ئێزدییە بێسەروشوێنەكراوەكان بكاتە كاری لەپێشینەی خۆی. ئەركی هەمووشمانە كە ئەو ڕۆژانە و شەهیدانی ئێزدی و شەهیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەیاد نەكەین و دڵنیاین كە قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگە و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان ڕێگەی نەدا پیلانی تری داعش لە قڕكردن و داگیركاریی بۆ سەر كوردستان سەربگرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاتێكدا مەزڵومییەت و قوربانیدانی ئێزدییەكان بەوپەڕی بەرز دەنرخێنین، بەڵێنی هاوكاری و پشتیوانیی تەواویان بۆ دووپات دەكەینەوە و ڕایدەگەیەنین: خەباتی ئێمە لەپێناو پاراستن و بەدیهاتنی داوا ڕەواكانی ئەوان و ئامانجی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كازمی بۆ ئێزدییەكان: دەبێت دادپەروەری ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە شاندێك كرد كە پێكهاتبوون لە كچ و ژنانی كوردی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش لە شنگال و گوندی كۆچۆ و ناوچەكانی دەرووبەری و ڕایگەیاند “دەبێت دادپەروەری ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند:” مستەفا كازمی ئیدانەی ئەو تاوانە وەحشیگەریەی كرد كە دەرهەق بە كوردانی ئێزدی كراوە لەو ڕۆژە شومەدا لە 3ی ئابی 2014 لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش”.

نووسینگەی كازمی ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەوەی ئێزدییەكان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، دووبارە نابێتەوە، “ئەو تاوانە قێزەونەش بووە جێگەی گرنگی و ڕاكێشانی سۆزی ڕای جیهانی. جیهان هەموو لەپاڵ دۆزەكەیان وەستان”.

سەرۆك وەزیرانی عیراق دووپاتیشی كردووەتەوە، كە كاردەكەن بۆئەوەی ئەو تاوانە بە زیندوویی بمێنێتەوە بۆ نەوەكانی داهاتووش، “بۆئەوەی وەحشیەتی داعش و قارەمانیەتیی هێزە ئەمنییەكان بزانن كە بەسەر تیرۆردا سەركەوتن و خاكیان ڕزگاركرد و یەكێتی و سەروەریی عیراقیان پاراست”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەوەشیخستەڕوو، مستەفا كازمی بەڵێنیدا بە جددی بگەڕێت بەدوای ئێزدییە ڕفێندراوەكان و هەوڵی نێودەوڵەتی بدرێت بۆئەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە نێو كەسوكارەكانیان، وتیشی، “دەبێت دادپەروەری ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت، ئەزموونی ئێزدییەكان سەخت و دژواربووە، بەڵام دەبێتە فاكتەری هیوا بە داهتوویەكی باشتر بۆ وڵات، كە ڕێز لە هاووڵاتی و شكۆیان بگرێت بەبێ هیچ جیاكارییەك”.

جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئابی 2020، شەش ساڵ بەسەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت. سەرەڕای كوژرانی سەدان و دەربەدەربوونی هەزاران كوردی ئێزدی، هەزاران ئافرەت و منداڵی كوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێن كران.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاكاندا وەك خۆی دەبێت و لەنێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و عیراقیشدا بۆ ماوەی هەفتەیەك بەتەواوی ڕادەگیرێت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، شوێنە گشتییەكانی وەك پارك، كافتریا و چایخانەكان دادەخرێن.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان