ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بزووتنەوە سكاڵا دژی ئەو كەسانە تۆمار دەكات كە سوكایەتی بە ئاینی ئیسلام دەكەن

خەڵك-بەشی هەواڵ

بزووتنەوەی ئیسلامی سكاڵا لەسەر ئەو كەس و دەزگا ڕاگەیاندنانە تۆمار دەكات كە بێڕێزی بەرامبەر پیرۆزییەكانی ئایینی ئیسلام دەكەن.

عەبدوڵڵا وەرتی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، سوكایەتی و بێڕێزیكردن بەرامبەر بە خوداو مەبادیئەكانی ئیسلام و پیرۆزییەكانی موسڵمانان خەریكە دەبێتە دیاردەو هێڵە سوورەكانی ئایین و یاسا دەبەزێندرێت، بۆیە پێویستە بە زووترین كات لایەنە پەیوەندیدارەكان سنورێك بۆ ئەو پێشێلكارییانە دابنێن و ئەنجامدەرانیشی بەسزای خۆیان بگەیەندرێن.

وتیشی”بەداخەوە ژمارەیەك دەزگای ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان بەردەوام كار لەسەر وروژاندن و بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە سوكایەتی و بێڕێزییانە بەرامبەر بە موقەددەساتی ئیسلامی دەكەن كە ئەوەش دەچێتە خانەی توندوتیژی بەرامبەر بە بیروباوەڕی موسڵمانان و قورئان و ئیسلام، پرسیار لای ئێمە ئەوەیە بۆچی وەزارەتی ڕۆشنبیری بێ هەڵوێست و بێ دەنگە لە ئاست ئەم ڕاگەیاندنانە بەناوی بەرنامەی تەرفیهی و كرانەوەو كۆمیدی سوكایەتیكردنیان بە ئیسلام كردۆتە پیشەی خۆیان؟”

ئاشكراشیكرد، لە ڕێگای داواكاری گشتییەوە سكاڵایی یاسایی خۆمان لەسەر ئەو كەس و دەزگا ڕاگەیاندنانە تۆمار دەكەین كە بەردەوام هەوڵی گێرەشێوێنی و فەوزای فیكری و ئەخلاقی دەدەن لەنێو كۆمەڵگەی كوردستان.

ڕونیشیكردەوە، ئومێد دەكەین وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بە ڕۆڵی خۆیان هەڵبستن بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایەی رێگا نادات سوكایەتی بە پیرۆزییە ئایینییەكان بكرێت و هەوڵی بنەبڕكردنی ئەو جۆرە سوكایەتی و تیرۆرەی دەرحەق بە ئایدیۆلۆژیای موسڵمانان دەكەن بەبێ رەچاوكردنی دۆخی ئایینی و نەتەوەیی و بە یەكەوە ژیان لە هەرێمی كوردستان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چەند كەسێك سوكایەتیان بە دروشم و پیرۆزیەكانی ئیسلامی كرد و هەستی موسڵمانیان بریندار كرد، لای خۆشیانەوە وەزارەتی ئەوقاف داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد ئەو كەسانە دەستگیر بكەن.

جیهان

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی شەڕڤانان

خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە باكووری سوریا ڕایدەگەیەنێت،”سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیارین لەسەر ئەو چەكدارانەی داعش و بەرەی نوسڕە كە دەوترێت لە ڕیزی هێزەكانی سەر بە توركیا لە دژی شەڕڤانانی (هەسەدە) دەجەنگن”.

مالیز كاگینز وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باكووری سوریا لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی شەڕڤانانی (هەسەدە) بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی یەكجارەكی چەكدارانی داعش.

كاگینز وتیشی، هێزەكانیان لە ناوچە سنوورییەكانەوە بەرەو حەسەكە و دێرەزور كشاندووەتەوە، چونكە ئەركی ئەوان پارێزگاری لە سنوورەكان نییە.

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە باكووری سوریا لە بارەی ئەو چەكدارانەی داعش و بەرەی نوسڕە كە دەوترێت ژمارەیان 400 كەسە و لە ڕیزی چەكدارانی سەر بە توركیا لە دژی (هەسەدە) دەجەنگن، وتی، سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری وردن لە بارەی ئەو كەسانە و لە ناسنامەیان دەكۆڵنەوە.

مالیز كاگینز جەختیشی كردەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبیری ناكات كە (هەسەدە) لە بری جیهان و لە پێناو ئاشتیدا شەڕی كردووە و 11 هەزار شەڕڤانی لەو پێناوەدا ژیاینان بەخشیوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

ئیلهام ئەحمەد: هێزەكانی ئەمریكا تا كاتێكی نادیار لە ڕۆژئاوای كوردستان دەمێننەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات (مەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانی ئەمریكا تا كاتێكی نادیار لە ڕۆژئاوای كوردستان دەمێننەوە.

ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات (مەسەدە) لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت ڕایگەیاند، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بەفەڕمی لەلایەن واشنتۆنەوە پێیان ڕاگەیەنراوە كە هێزەكانی ئەمریكا لەباكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەنزیك سنوورەكانی عیراق دەمێننەوە بۆ پاراستنی بۆرییە نەوتییەكان و خشتەیەكیش بۆ مانەوەی ئەو هێزانە دانەنراوە.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەمریكا داواكارییەكانیانی گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە هەڕەشەكانی توركیا و سزادانی ئەنقەرە و وەستاندنی پێدانی چەك بە توركیا و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئەو وڵاتەدا، لەئێستاشدا بەپێویستی دەزانن ژمارەیەكی زیاتر هێزی نێودەوڵەتی بگەیەنرێنە سنوورەكانی سوریا بۆ ڕێگریكردن لەگەیشتنی داعش بەوڵاتانی ئەوروپا لەڕێی سنوورەكانی توركیاوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزارەتی تەندروستی هەرێم: سێ‌ پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ‌ دەكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سەرۆكی حكومەت بڕیاریداوە بە جێبەجێ‌ كردنی سێ‌ پڕۆژەی گرنگ.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا بە جێبەجێكردنی سێ پڕۆژەی گرنگ بەبڕی 3,411,734,000 سێ ملیار و چوارسەد و یازدە ملیۆن و حەوت سەد و سی و چوار هەزار دینار بۆ هەردوو شارۆچكەی بەردەڕەش و دەربەندیخان و ڕێگای نەخۆشخانەی پێشمەرگە.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕوونیكردووەتەوە، پڕۆژەكەیان یەكێكیان بریتییە لەدروستكردنی نەخۆشخانەی فریاكەوتن لە شارۆچكەی بەردەڕەش بە بڕی 1,574,000,000 ملیارێك و پێنج سەد و حەفتا و چوار ملیۆن دینار، دووەمیشیان، نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق لە شارۆچكەی دەربەندیخان بە بڕی 507,734,000 پێنج سەد و حەوت ملیۆن و حەوت سەد و سی و چوار هەزار دینار.

لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستیدا ئاماژە بەوەدراوە، پڕۆژەی سێیەم كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی داوە بریتییە لە نۆژەنكردنەوەی شەقامی سەرەكی نەخۆشخانەی گشتی پێشمەرگەیە لە هەولێر بە بڕی 1,330,000,000 ملیارێك سێ سەد و سی ملیۆن دینار.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان