ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

كارتی مۆبایل هەرزان دەكات
“كۆمپانیایەكی دیكەی مۆبایل دێتە عیراق”

خەڵك- بەشی هەواڵ
لیژنەی خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوە لە پەڕلەمانی عیراق، هاتنی كۆمپانیایەكی دیكەی پەیوەندی نیشتمانی ئاشكرا دەكات، كە بە وتەی ئەو، “بەسەر سێ‌ كۆمپانیاكەی تردا زاڵ دەبێت”، تەئكید لەسەر هەڵگرتنی زانیاری هاووڵاتیانیش لە (سێرڤەرەكان)ی ناوەوەی وڵات دەكاتەوە.

جاسم بەخاتی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوە لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانید ڕایگەیاندووە، “خراپی خزمەتگوزاری پەیوەندییەكان، جێگەی مشتومڕ و گفتوگۆ بووە لە نێو لیژنەی خزمەتگوزارییەكان لە پەڕلەمان، بەجۆرێك كۆمەڵێك هەڵە دەستنیشان كراون لە كەرتی پەیوەندییەكان، كە پەیوەندییان بە هەژموون و دەستگرتنی هەندێك لە كۆمپانیاكانەوە هەیە بەسەر پەیوەندییەكان لە عیراق”.

بەخاتی دەڵێت: “ئەو كۆمپانیایانە كارتی پڕكردنەوەی باڵانس بە بڕی 12.500 دینار دەفرۆشن، لەكاتێكدا بەكاربەر باڵانسی 10 هەزار دیناری دەست دەكەوێت، بەمجۆرەش بڕی 2500 دینار لە هاووڵاتی دەكێشرێتەوە و لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە لەسەر حیسابی هاووڵاتی دەدرێتە دەوڵەت، بۆیە خواستی ئەوە لەئارادایە كۆمپانیایەكی نیشتمانی بخرێتەگەڕ”.

ئاشكراشی كردووە، بەپێی سیستمی كۆمپانیا نیشتمانیەكە ئەو زانیارییانەی لە هاووڵاتیانی وەردەگرێت لەنێو عیراقدا هەڵدەگیرێن، بە تایبەتیش (سێرڤەرەكان)ی كۆمپانیاكان، كە لە وڵاتانی تر هەڵگیراون، ئەمەش خۆی لەخۆیدا پێشێلكارییە بۆ عیراق.

ئەندامەكەی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوە ڕایگەیاندووە، “ئەو كۆمپانیایەی چاوەڕوان دەكرێت خزمەتگوزارییەكانی بخاتەگەڕ، خزمەتگوزارییەكانی لەئاستی خواستی هاووڵاتیدا دەبێت و نرخی قسەكردنەكانیش لە نرخی ئەو كۆمپانیایانەی ئێستا كاردەكەن، كەمتر دەبێت”.

لەئێستا لە تەواوی عیراق و هەرێمی كوردستان سێ‌ كۆمپانیای گەورە بۆ پەیوەندییەكان هەن، كە بریتین لە ئاسیاسێڵ و كۆڕەك تیلیكۆم و زێن، كە نرخی قسەكردن لە هەر یەكێك لەو كۆمپانیایانە جیاوازە.

ئابوری

بەرپرسێكی گۆڕان: كۆمپانیا تێكەڵەكان سەرچاوەی قەیرانەكانی نەوت و غاز و كارەبان

خەڵك- بەشی هەواڵ

نەوتی سپی دابەشنەكراوە و قەیرانی كەمبوونەوەی غازش بەردەوامە، كارەباش ڕۆژانە كەمترە لە 10 كاتژمێر، بەرپرسێكی گۆڕانیش دەڵێت”كۆمپانیای تێكەڵی چەند بەرپرسێكی یەكێتی و پارتی بازاڕیان قۆرغكردووە”.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوەی دەوترێت كۆمپانیای یەكێتی و كۆمپانیای پارتی ڕاست نییە، بەڵكو كۆمپانیای تایبەتی كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی و پارتی هەن.

وتیشی”ئێستا كۆمپانیای تێكەڵ هەیە لەناو یەكێتی و پارتییدا و سەرۆكایەتییەكانیش بەشدارن و دەستیان بەسەر بازاڕدا گرتووە”.

سەبارەت بە چارەسەركردنی قەیرانەكانی نەوت، غاز و كارەباش ناوبراو وتی”تا حكومەتی هەرێم بەم جۆرە ئیدارە بكرێت، چاوەڕوانی چارەسەركردنی كێشەكان مەبن”.

سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، كۆمپانیای تێكەڵ لە نێوان چەند بەرپرسێكی یەكێتی و پارتییدا دروستكراون و بۆ بەرژەوەندی خۆیان ڕێگەنادەن قەیرانەكان چارەسەربن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وتەبێژی حكومەتی هەرێم: كێشە بۆ مووچە نەهاتووەتەپێش

خەڵك- بەشی هەواڵ

وتەبێژی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كێشەیەك لە ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغداوە نییە، هەرچەندە مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشناكرێت.

جووتیار عادل، وتەبێژی فەرمیی حكوومەتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەكرد، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەی ئاسایی دەڕوات و كێشەی بۆ نەهاتووەتەپێش.

وتیشی”مووچە مافی فەرمانبەرانە و هاوكاری حكومەت نییە، كاری لەپێشینەی حكومەتیش دابەشكردنی مووچەیە”.

قسەكانی جوتیار عادل لەكاتێكدایە كە مووچەی فەرمانبەران مانگانە لەكاتی خۆیدا دابەشناكرێت و ئەگەر پارەكەی بەغداش ڕەوانە نەكرێت، حكومەتی هەرێم ناتوانێت مووچە دابەشبكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەمڕۆ مووچەی تەنها یەك وەزارەت دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی ساڵی ڕابردووی وەزارەتی دادی ڕاگەیاند و ئەمڕۆ دابەش دەكرێت.

بەپێی خشتەیەك كە لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە بڵاوكراوەتەوە ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی داد دابەش دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكان تائێستا پارەكەی بەغدا ڕەوانە نەكراوە و بەهۆیەوە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دواكەوتووە.

نیوەی مانگی 2ی 2020 تێپەڕیوە و تا ئێستا مووچەی مانگی 11ی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەران بە تەواوی دابەش نەكراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان