ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

بەڕێوەبەری بانكی خوێن لەسلێمانی: ڕۆژانە نزیكەی 300 كەس خوێن دەبەخشن

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەری بانكی خوێنی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (خەڵك) باسی بەرەوپێشچوون و گرفتەكان و گرنگی بانكی خوێنی كرد و ئاماژەی بە دڵسۆزی و خەمخۆری هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان كرد، كە بەردەوام خوێنیان پێدەبەخشن، لەلایەكی دیكەوە باسی لەوەكرد، ڕۆژانە 200 بۆ نزیكی 280 كەس بۆ خوێنبەخشین سەردانیان دەكەن.

 

خەڵك: سیستمی وەرگرتنی خوێن لەبانكی خوێنی سلێمانی چۆنە؟

كەلسوم ڕەسوڵ: شێوازی وەرگرتنی خوێن بەشێوەیەكی زانستی و جیهانییە، بەجۆرێك لەساڵی 2009دا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO وۆركشۆپێكی یەك مانگی بۆ سازكردین، كە تێیدا ئاشنای سیستمێكی پێشكەوتوی كردین، لەو كاتەوە كە گەڕاینەوە، ئەو سیستەمە جیهانییە پەیڕەودەكەین.

 

خەڵك: لەماوەی ڕابردوودا تا چ ڕادەیەك توشی گرفتی كەمی خوێن یان هەر گرفتێكی دیكە بوونەتەوە؟

كەلسوم ڕەسوڵ: بەگشتی نەمانهێشتووە كەموكوڕی هەبێت، تەنانەت لەكاتی شەڕی داعشدا توشی گرفت نەبووین، لەكاتێكدا ئاوارەیەكی زۆر لەم شارەبوو و ڕۆژانە بریندارانی شەڕی داعش دەهاتن كە خوێنێكی زۆریان پێویستبوو، بەجۆرێك بریندار هەبووە 59 بتڵ خوێنمان پێبەخشیوە و بەهاوكاری پزیشكە دڵسۆزەكان و خوای گەورە لە مردن ڕزگارمانكرد.
بەهۆی ئەوەی ئەزمونێكی زیاتر لە 37 ساڵیم لەم كارەدا هەیە، توانیومە خوێنی پێویست بۆ شارێكی دوو ملیۆن و نیو دانیشتووانی بەبێ گرفت دابینبكەم.

 

خەڵك: هەندێك جار لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە خەڵك داوای هاوكاری دەكات، بۆئەوەی خەڵك بەهانایەوە بچێت و خوێنی پێ بدەن، ئەمە گرفت نییە؟

كەلسوم ڕەسوڵ: نەخێر ئەمە بەتەنها گرفتی ئێمە نییە، بەڵكو لەهەموو وڵاتانی جیهان بەو جۆرەیە، ئەو كەسانەی گروپی خوێنیان ناقسە بەگشتی كەمن، بۆیە خوێنبەخشی ناقسیش كەمە، لەبەرامبەردا داواكاری بۆ خوێنی ناقس زۆرە، بۆیە دەبینن زیاتر ئەمانە داوای هاوكاری دەكەن، بەڵام تاكو ئێستا بەنمونە هیچ كەسێك نەبووە پێویستی بەخوێنی O+ بوبێت و داوای هاوكاری كردبێت، لەلایەكی دیكەوە ڕۆژنییە نزیكی 200 بتڵ خوێنی O+ بەسەر 32 نەخۆشخانەی سلێمانیدا دابەشنەكەین.
بتڵێك خوێن كە وەردەگیرێت تەنها بۆ ماوەی یەك مانگ بەكاردێت، بۆیە ناتوانین خوێنێكی زۆر وەربگرین و هەڵیبگرین، هەرچەندە بەهۆی فشاری زۆر لەسەر بانكی خوێن، هەر بتڵێك خوێن كە وەریدەگرین، لەماوەی هەفتەیەك بۆ دوو هەفتەدا دەدرێتەوە بۆ نەخۆش.

 

خەڵك: خۆتان وەك بانكی خوێن پەیوەندیتان لەگەڵ ئەو كەسانەدا هەیە كە گروپی خوێنەكەیان دەگمەنە یان ناقسە، بۆئەوەی لەكاتی پێویستدا پەیوەندییان پێوەبكەن؟

كەلسوم ڕەسوڵ: ناو و ناونیشانی ئەو كەسانەمان لایە، بەڵام ناوی ئەم كەسانە نادەین بەكەسوكاری نەخۆش، و خۆشمان پەیوەندییان پێوەناكەین، چونكە كارەكە خێرخوازییە و ئەگەر پەیوەندیمان پێوەكردن، وەك ناچاری لێدێت و ڕەنگە كەسەكە نەیەت، بەڵام داوا لەكەسوكاری نەخۆش دەكەین، بانگەوازی بۆبكەن، خەڵكیش زۆر بەرپرسیارە و دڵسۆز و بەخشندەن و بەدەم بانگەوازەكانەوە دێن.

خەڵك: تا چ ڕادەیەك لەكاتی بانگەوازەكاندا خەڵك هاوكارتان بووە و بۆ خوێنبەخشین دێن؟ تاكو ئێستا بەهۆی ئەوەی خوێنبەخش نەبوبێت هیچ نەخۆشێك توشی گرفت بووە؟

كەلسوم ڕەسوڵ: سوپاس بۆ خوا و سوپاس بۆ خەڵك كە نەیانهێشتووە تاكو ئێستا هیچ كەسێك توشی حاڵەتی مردن ببێت.

 

خەڵك: هەندێك كەس ناڕازین لەوەی كە بۆ نەشتەرگەری یان هەندێك حاڵەت داوای خوێن دەكەن، پێیان نادەن و ئێوە داوادەكەن، لەبەرامبەردا خوێنی دیكەتان پێبدەن، ئێوە چیتان لەسەر ئەم ناڕەزایەتییە هەیە؟

كەلسوم ڕەسوڵ: بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن و نەخۆشخانەی هیوا و تالاسیما و سوتاو و ئەو نەخۆشییانەی حاڵەتی بەپەلەیان هەیە خوێنیان پێدەدەین و داوای بتڵە خوێنی دیكە ناكەین، بەڵام كەسێك لەسەر خواستی خۆی كاتی بۆ نەشتەرگەرییەك داناوە داوای خوێنی دیكەی لێ دەكەین، بۆئەوەی بانكی خوێن بێ خوێن نەبێت، ئەمەش بۆ خزمەتی نەخۆشانی دیكەیە.

 

خەڵك: ئەگەر كەسێك كەسوكاری لەم شارەدا نەبێت یان كەسوكاری نەبێت، چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەن؟

كەلسوم ڕەسوڵ: بەرپرسیارێتی ئەو كەسانە هەڵدەگرین و بێ بەرامبەر خوێنیان پێدەدەین.

 

خەڵك: چی داوایەكتان لە خەڵك، كە بەردەوام هاوكارتانبن هەیە؟

كەلسوم ڕەسوڵ: نەخۆشخانەی هیوا یەكێكە لەو نەخۆشخانەی كە پێویستی زۆریان بەخوێن هەیە یان نەخۆشانی تالاسیما بەهەمانشێوە پێویستی زۆریان بەخوێن هەیە، كاتێكیش خوێنیان پێدەدرێت ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە، بۆیە داواكارین لە خەڵك هاوكاریانبن و هەموو دەزگا ئەمنییەكان هاوكارێكی زۆر باشن.

 

خەڵك: ڕۆژانە چەند كەس بۆ خوێنبەخشین سەردانتان دەكەن؟

كەلسوم ڕەسوڵ: بەلایەنی كەمەوە ڕۆژانە زیاتر لە 200 بتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانەكان ڕەوانە دەكەن و ڕۆژ هەیە 200 یان 280 كەس دێت خوێن دەبەخشێت.

 

خەڵك: ئاستی ئەو پشكنینانە چۆنە كە بۆ خوێنبەخشەكانی دەكەن؟ دڵنیایی تەواو لە خاوێنی ئەو خوێنە دەدەن، كە وەریدەگرن و دەیدەنەوە بەنەخۆشی دیكە؟

كەلسوم ڕەسوڵ: بێگومان دڵنیایی تەواو دەدەین، چونكە بێبەرامبەر نزیكی 30 پشكنین بۆ ئەو خوێنە دەكەین، كە وەریدەگرین، و ناو و ناونیشانی ئەو كەسە وەردەگرین، ئەگەر بزانین نەخۆشییەكی دەگمەن یا ترسناكی هەیە، ئەوا پەیوەندی پێوەدەكەینەوە و لەبوونی ئەو نەخۆشییە ئاگاداری دەكەینەوە.
داوا لەهاوڵاتییان دەكەین، كە دێن خوێن دەبەخشن پێناسێك بهێنن، بۆئەوەی ئەگەر هەر نەخۆشییەك یان ڤایرۆسێكی كوشندە و خراپ لەخوێنەكەیدا هەبوو، زوو ئاگاداریبكەینەوە، ئەگەریش هیچ گرفتێكی نەبوو بێگومان پەیوەندی پێوەندی پێوەناكەینەوە.

 

خەڵك: كارمەندەكانتان بەهۆی وەرگرتنی خوێنەوە، توشی هیچ نەخۆشییەكی گواستراوەبوون؟

كەلسوم ڕەسوڵ: نەخێر، چونكە كارمەندەكانمان هەموویان ڕەچاوی خۆپارێزی تەندروستی دەكەن و كەرەسەتەی باش بەكاردەهێنن.

 

ریکلام

چاوپێکەوتن

وردەکاری گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتی نیشتمانیی كوردستان لە کۆنگرەی چوارەمدا

خەڵک –ئاژانسی ئانادۆڵو

 ئیبراهیم جەلال: “دەستەکانی یەکێتی لە کۆنگرەدا دوای دەنگدانیا لەسەریان، دەکرێنە سێ دەستەوە، ١.دەستەیەکی راوێژکار.٢.دەستەیەکی دانایان.٣.دەستەیەکی سەرکردایەتی کە بریتیە لە دەستەی سەرکردەی ئەنجوومەنە گشتییەکە”

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مشتومڕەکان تادێت گەرمتر دەبن لەسەر چۆنییەتی داڕشتنەوەی پێکهاتەی حیزبی و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری پەسەندکردنی لە لایەن کۆنگرەیەوە، یەکێتی دوای کۆنگرە پێکهاتەیەکی رێکخراوەیی تەواو جیاوازی هەبێت لەوەی ئێستا هەیە.

دوای ئەوەی کە لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی واژوویان لەسەر رەشنووسێکی ئامادەکراو کرد، لەئێستادا هەموو سەرنجەکان لەسەر چۆنییەتی داڕشتنەوەی پێکهاتەی دامودەزگا و ئۆرگانەکانی ئەو حزبەیە.

لیژنەی باڵای ئامادەکردنی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرجەم خاڵەکانی پەیڕەوی ناوخۆی بڵاو کردەوە کە کۆپیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە.

ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی دوای پەسەند کردنیان لە نێو کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکە دەتوانرێت هەندێک خاڵی لێ لاببرێت و ئەوانەی کە دەمێننەوە دوای پەسەندکردنی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە نێو ماددەکاندا چەدنین سیناریۆ دەخرێتە بەردەم ئەندامانی کۆنگرەی چوارەم، تایبەت بە پێکهاتەی حیزبیی و دەسەڵاتەکانی دوای ئەوەی کە دەنگی لەسەر دەدرێت، پەیڕەوەکە پەسەند دەکرێت.

لەبارەی چۆنییەتی ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و قۆناغەکانی گەشەپێدانی، هاوکات لەبارەی ئەو سیناریۆیانەی کە ئامادە کراوە لە خاڵەکانی نێو رەشنووسەکەدا بۆ پێکهاتەی نوێی حیزبیی ئەندامی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئیبراهیم جەلال لەهەڤپەیڤینێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وردەکارییەکانی بڵاو کردەوە.

چۆن پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بۆ کۆنگرەی چوار ئامادە کرا:

لەبارەی چۆنییەتی ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە، ئیبراهیم جەلال ئاماژەی بەوەدا کە لە پەیڕەوی کۆنگرەی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە کە لەناو ئەنجوومەنی ناوەنددا کۆمیسیۆنێک هەیە بەناوی کۆمیسیۆنی پەیڕەو، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو کۆمیسیۆنە بریتییە لە ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەو لەکاتی بەستنی کۆنگرەدا، هەر بۆیە ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە لە ٢٠١٤ەوە کەوتوونەتە خۆیان بۆ نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بۆ کۆنگرەی چوارەم.

ناوبراو رایگەیاند، “دوای ئەوەی هەشت مانگ کۆمیسیۆنەکە کار دەکات لەسەری، رەشنووسەکە دەدرێتە ئەنجوومەنی ناوەند بۆ دەنگدان لەسەری، دواتر بە رەزامەندی ئەنجوومەن رەشنووسەکە قبوڵ دەکرێت، پاشان لیژنەیەکی باڵای نووسینەوەی رەشنووس لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە دروستکرا کە چوار ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەند لەنێو ئەو لیژنەیەدا دەبێت. دواتر ئەو لیژنە باڵایە کاری خۆیان کرد بۆ داڕشتنەوەی ئەو رەشنووسەی کە لە کۆمیسیۆنی پەیڕەوەوە وەرگیرابوو، ئەوەش دواتر خرایە گفتوگۆوە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ گونجاندنی چەندین پرۆژە و بیروبۆچوونی تر کە لە مەکتەبەکانی تری یەکێتییەوە دەهاتن، دواتر بڕیار درا، یەک رەشنووس ئامادە بکرێت کە بەجۆرێک بێت لەگەڵ قۆناغی داهاتووی کۆنگرەی یەکێتیدا بگونجێت، هاوکات پەیڕەوێکی سەردەمیانە بێت، دواتریش پەیڕەوێک بێت لەگەڵ بیری پارتێکی سۆسیال دیموکراتدا بگونجێت، زۆرترین کاریش کراوە کە بگونجێت لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتی فەڕەنسی و پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی. پاشان پرۆگرامێکی هەبێت کە وەڵامدەرەوەی خواستە نیشتمانی و حزبی و نەتەوەییەکان بێت بەشێوەیەک بێت کە پێکهاتەی نوێی یەکێتی لەسەر بنەمایەک دیاری بکرێت، ئەگەر بێت و گۆڕانکاری لە کەسایەتییەکانی نێو پۆستە باڵاکانی ئەو پارتەدا بکرێت، ئەوا ئەرک و فەرمانەکانی خۆی بەپێی پەیڕەوەکە جێبەجێ بکات”.

ئەوەش زانراوە کە ئەو رەشنووسەی کە واژووی لەسەر کراوە قۆناغی کۆتایی نییە، بەڵکو دەنگدانی لە کۆنگرە دوایین وێستگەی رەشنووسەکە دەبێت دوای قبوڵکردنی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە قابیلی گۆڕانکاریە تیایدا ئەنجام بدرێت.

پرۆژە جیاوازەکانی سەرکردەکانی نێو یەکێتی سەبارەت بە پێکهاتەی یەکێتی

بەپێی زانیارییەکان زۆرێک لەسەرکردە دیارەکانی نێو حزبەکە پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبووە لەسەر داڕشتنەوەی پێکهاتەی نوێی یەکێتی و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، هەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، مەلا بەختیار و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و هاوسەری سەرکۆماری پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە دوور کەوتۆتەوە لە سیاسەت و کوڕی جەلال تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی و برازای جەلال تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی هەموو بە جیا پێشنیاز و پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبووە، جگە لە مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی و مەڵبەندی هەولێر و سلێمانی ئەو پارتە، سەرجەم پێشنیازەکانیان کۆکراوەتەوە دواتر لەو خاڵانەی کە دەکرا بگونجێندرێت لەگەڵ رەشنووسە ئامادەکراوەکەدا، تێبینی لەسەری وەرگیراوە و جێگیرکراوە. بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە لەکاتێکدا لەسەدا ٨٥ی کارەکانی ئەم رەشنووسە کۆتایەش تەواو بێت بە لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی پەیڕەو دەگوترێت کە کۆتایی بهێنن بەکارەکانتان چونکە کۆنگرە دوادەخرێت، ئەوانیش لەم دواییەدا کە دوای یەکلاکردنەوەی هەڵوێستەکان لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرە، ئەو لەسەدا ١٥یەی کەماوە لە ١٥ی کانوونی یەکەم، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ، توانرا رەشنووسی پەیڕەو و پرۆگرامەکە بەئەنجام بگەیەندرێت، بەشێوەیەک کە بنەما کوردستانیی، سەردەمیی، سۆسیال دیموکراتییەکانی تیادا جێگە بکرێتەوە.

ماددەکانی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی

ئیبراهیم جەلال لەبارەی ماددەکانی نێو رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیەوە کە کۆپیەکەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە گووتی،”هەر پەیڕەوەکە لە ٧٦ ماددە پێکهاتووە و مافی مرۆڤ، مافی رێکخراوە دیموکراتییەکان، مافی ژنان، مافی گونجاندن لەگەڵ پارتەکانی تری کوردستاندا، کاری بەڕێوەبردنی حوکمڕانی تر، تیایدا جێگە کراوەتەوە. هەریەک لەو ماددانە پەیوەستە بە بەشێک لە ئەرکەکانی یەکێتی کە دەبێت جێبەجێی بکات، لەسەر شێوەی هەرەمی کارکردنی حزبی.”

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیار دراوە ١٢١ ئەندام بچێتە لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی بۆ ئەوەی بتوانێت کارەکانی بەشێوەیەکی دامەزراوەیی بەرێوەببرێت و هیچ دامودەزگایەکی پارتەکە لەلایەن کەسییەوە قۆرخ نەکرێت. هاوکات ئەو لیژنەی باڵای سەرکردایەتی یەکێتی لەداوی هەڵبژاردنی لەنێو کۆنگرەدا، ئەوان ئەرکی هەڵبژاردنی سکرتێر و جێگر، یان جێگرەکان (کە بۆ ئەو مەبەستە سێ سیناریۆ پێشکەشکراوە) هەڵبژێرن.

سیناریۆکان:

لەبارەی سیناریۆکانی کە ئامادە کراوە بۆ کۆنگرەی چوارم بەپێی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی، “یەکەمیان، دەکرێت لەنێو کۆنگرەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دەکرێت لەنێو لیژنەی ئەنجوومەنی باڵا ئەنجام بدرێت، دەکرێت هەڵبژاردن بۆ یەک سکرتێر و یەک جێگر ئەنجام بدرێت، دووەمیان، دەکرێت دەنگدان بۆ سکرتێرێک و چوار جێگر بکرێت”.

دەستەکان جێگەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دەگرنەوە

لەبارەی گۆڕانکاری لەپێکهاتە و ناوی دەستەکان دا ئیبراهیم جەلال وتی، “دەستەی جێبەجێکار وا دانراوە کە لەگەڵ سکرتاریەت و جێگرەکانی لەگەڵ دەستەی جێبەجێکاردا، ١٥-١٧ کەس بێت کە ئەو دەستەی جێبەجێکارە ئەرکی جێگرەوەی کارگێڕی کۆنی مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی سیاسی خۆیشی بێت دواتر لێپرسراوی مەکتەب و مەڵبەندەکانی تر بەهەڵبژاردن دەبێت لەنێو ئەو ١٢١ کەسەی لە لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای یەکیتیدا جێگیرکراون، هیچ یەکێک لەوانە شوێنەکەی جێگیر نابێت کە بۆی دانراوە چونکە ئەو ١٢١ ئەندامە بڕیار دەدات ئەو کەسەی دانراوە بۆ یەکێک لە مەکتەبەکان بۆ نموونە راگەیاندن کە کەسێکی سەرکەوتووە یان نا و دەتوانێت بڕیار بدات لەسەر لابردنی یان هێشتنەوەی”.

لەبارەی دەنگۆکان لەسەر دیاریکردنی کەسێک وەک سەرۆکی قەوارە جگە لە سەرۆک یان سکرتێر، ئیبراهیم جەلال رایگەیاند، “لە رەشنووسەکەدا هەموو ئەو پرسانە جێگیرکراون و دیاریکراون و بڕیار دراوە کە ناوی قەوارە لابردرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەندامانی لیژنەی داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نەیانخواستووە نموونەیەک لە وڵاتانی دراوسێ وەرگرن، پێیان باش بووە کە ناوێکی تری لێبنێن ئەویش “دەستەی باڵای دانایان” کە جێگرێک و سکرتێرێکی دەبێت و بەپێی پەیڕەوی رەشنووسەکە ئەرک و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکرێت، ئەوەی کە لەناو پەیڕەوەکەدا دیاریکراوە جگە لەوە دەتوانێت بەرنامەی کار دیاری بکرێت کە ئەمە تایبەتە بەو بەرپرسە باڵایانەی نێو یەکێتی کە پێشتر زۆر ماندوو بوون و لەئێستادا خوازیار نین خۆیان کاندید بکەنەوە یان دەنگی پێویست ناهێننەوە لە کۆنگرەدا، جگە لەوە ئەزموونی زۆریان هەیە لەکاری راوێژکاریدا و دەتوانن لەنێو ئەو ئەنجوومەنە کە بە “دەستەی باڵای دانایان” ناودەبرێت دەتوانن بچنە نێوی، بەڵام ئەمەش مەرجی بۆ دانراوە ئەویش ئەوەیە کە هەرکەسیک خۆی هەڵبژارد بۆ ئەنجوومەنی گشتی و دەرنەچوو، بۆی نییە بچێتە نێو ئەنجومەنی دانایان”.

بە پێی ووتەکانی ئیبراهیم جەلال، ئەنجوومەنی دانایان سکرتێرێکی هەیە و یەکێتی-یش سەرۆکێکی هەیە، ئەمەش دەسەڵات و ئەرکەکانی جیایە و کەدواتر دەخرێتە دەنگدانەوە کە دواجار پەسەند کرا، ئەوا کۆنگرە سێ سیناریۆ لەخۆ دەگرێت و لەوبارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند،

“سیناریۆکان بەم چەشنەن: دۆخی یەکەم ئەوەیە کە سەرکردەیەکی کۆمەڵەیی هەبێت، دۆخەکەی تریش ئەوەیە کە یەک سەرکردە هەبێت ئەوانەش کۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدات”.

لەدرێژەی قسەکانیدا ئیبراهیم جەلال وتی: “یەکێتی پێک دێت لە سێ دەستە ئەوانیش:

١.دەستەیەکی راوێژکار.

٢.دەستەیەکەی دانایان.

٣.دەستەیەکی سەرکردایەتی کە بریتیە لە دەستەی سەرکردەی ئەنجوومەنە گشتییەکە.

ئەو سێ دەستەیە بە راوێژ لەگەڵ یەکتر دەتوانن ئەرکەکانیان لەگەڵ یەکتر دابەش بکەن”.

ئەو سیناریۆیەی کە لای هەمووان پەسەندترە:

لەبارەی پەسەند ترین سیناریۆ کە لای زۆرینە پەسەندن ئەندامی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتی، “ئەوەی کە بیروڕای زۆرینەی لەسەرە ئەوەیە کە لەنێو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا یەک سەرۆک یان یەک سکرتێر هەبێت و چوار جێگری هەبێت، ئەوکاتە دەتوانرێت لەبری ئەوەی سێ سەرکردایەتی هەبێت، جێگرەکان دەتوانن ئەرکەکان بگرنە ئەستۆ. واتە خۆیان ئەرکی دامەزراوەکان بگرنە ئەستۆ یان خۆیان دابەش بن بەسەر سەرۆکی دامەزراوەکاندا”.

لەم بارەیەوە ئیبراهیم جەلال گوتی، “زیادبوونی ژمارەی جێگرەکانی سکرتێری گشتی لە دووانەوە بۆ چوار، لەسەر ئەو گرێیەیە کە لەکاتی پێشوودا سکرتێر دوو جێگری هەبووە دواتر کارگێڕ هەبووە کە توانیوێتی ئەرکی هەردوو جێگرەکە جێبەجێ بکات، بەڵام لەئێستادا ئەرکەکان دابەش دەبێت، لەوانە ئەرکی رێکخراوەیی، ئەرکی سیاسی، ئەرکی دیپلۆماسی و راگەیاندن، ئەرکی کاری پێشمەرگانە، ئەو دابەشبوونە زیاتر سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت وەک پێشتر. دەکرێت یەکێک لەم چوار کەسە جێگر نەبێت، بەڵکو یەکێکیان جێگر بێت و سیانەکەی تر هاوکار بن. واتە هاوکاری سکرتێر یان هاوکاری سەرۆک بن کە ئەمە دواتر لە کۆنگرەدا یەکلایی دەکرێتەوە”.

هەر بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆیی یەکێتی کە ئێستا رەشنووسەکەی ئامادەکراوە هیچ یەکێک لە سەرۆکی ئەو دەستە و ئەنجوومەنانەی کە دانراوە مافی ڤیتۆکردنی بڕیاری دەستە و ئەنجوومەنەکانی تری نابێت، دەستەی باڵای دانایان، ئەرکەکەی “راوێژکاری و چاودێریە”، ئەمانە ئەرکەکانیان چاودێریکردنی کاروباری حزبە، جگە لەوەش ئامۆژگاریکردن ئەرکیانە نەک مافی ڤیتۆکردن. ئەرکەکانیان بەپێی پەیڕەو دەبێت و کۆمەڵێک لە ئەرکەکانیان دیاریکراوە، جگە لەوەی مافی ئەوەیان دراوەتێ کە بەرنامەی کاری خۆیان دیاری بکەن.

ئەوانەی کە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای دانایان دەبن سیفەتی سەرکردایەتییان هەیە

زانیارییەکان کە ئاژانسی ئانادۆڵو وەریگرتووە لە ئیبراهیم جەلال-ەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە هەریەک لە دەستەواژەکانی مەکتەبی سیاسی، کارگێڕ و سەرکردایەتی، دەگۆڕێت بۆ ئەنجوومەنی گشتی، دەستەی جێبەجێکار.

جگە لەوە هەموو ئۆرگانەکانی تری نێو یەکێتی وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەرک و ماف و دەسەڵاتەکانیان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.

ئیبراهیم جەلال دەڵێت،” ئەڵقەی پەیوەندیەکانی خوارەوە لەگەڵ سەرکردایەتیدا بەهێزتر دەبێت لەچاو ئەوەی پێشووتر. بەو پێیەش هەریەک لە ئەڵقەکانی ئەندامانی کۆمیتە دەتوانێت بیروڕاکانی خۆی بگەیەنێتە ئەنجوومەنی گشتی کە هاوکات خۆی ئەڵقەی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا.هەر ئەمانەش دەتوانن بەپێی دەنگدان، ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی دیاری بکەن، واتە تا ئەنجامدانی کۆنگرەی داهاتوو ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی گشتی نامێننەوە، دەکرێت بەدەنگدان لاببرێن. هاوکات لە پەیڕەودا دیاریکراوە کە ئەنجوومەنی گشتی چەند کۆبوونەوە دەکات لە وەرزێکدا، یان لە مانگێک و ساڵێکدا لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەدا، هەموو ئەو پێشنیاز و رەخنانەی کە سەردەکەوێت بۆ ئەو ئەنجوومەن گشتییە دەنگی لەسەر دەدرێت.دەتوانێت بەرپرسی مەکتەبی رێکخست بگۆڕێت، ئەویش دوای ئەوەی کە بەرپرسەکە دەکشێنێتەوە بۆ نێو ئەنجوومەنەکە، دواتر لەنێو ئەنجوومەنەکەوە کەسێکی تری شیاو دیاری دەکرێت بۆ بەرپرسی مەکتەبی رێکخستن. ئەویش بە دەنگدان کە زۆرینەی ٦١ دەنگ دەکات لە کۆی ١٢١ دەنگ.”

چۆن ١٢١ ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی کارەکان رادەپەڕێنن

لەبارەی چۆنیەتی دانان و دیاری کردنی ١٢١ ئەندامی ئەنجومەنی گشتی-ەوە ئیبراهیم جەلال گووتی،” دیاریکردنی ١٢١ ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیش بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤دا دانراوە لەسەر مافی بەدەستهێنانی (استحقاق)ی مەڵبەندەکان لە شارەکاندا، هەر پارێزگایە و بەپێی مافی بەرکەوتەی (استحقاق)ی هەڵبژاردنی خۆی دەچێتە نێو کۆنگرە، بەوچەشنەش بەشێوەیەک بیر کراوەتەوە ئەگەر بێت و لەو ١٢١ کەسە، ٦٠یان کاری ئۆرگانی نێو رێکخراوەکان بەڕێوەدەبات ئەوەی تری دەمێنێتەوە وەک ئەنجوومەنی یاسایی، یان وەک پەرلەمانێتک چاودێری کارەکانی ئەو کەسانەی تر دەکات. ئەمەش جۆرێک لە لامەرکەزیەت دەدات بە مەڵبەندەکان لە پارێزگاکان. جارێکی تر استحقاقی شارێک استحقاقی شارێکی تر ناخوات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بڵاو کراونەتەوە بەرکەوتەی ناوچەکان لە ئەندامانی سەرکردایەتی ی.ن.ک بەراورد بە کۆنگرەی پێشوو بەم شێوەیە دەبێت.

سلێمانی لە ١٣ ئەندامەوە دەکرێتە ٢٣ ئەندام کە تییدا ١٠ ئەندام زیاد کراوە، لە شارەزوور لە کۆنگرەی سێهەمدا ٤ کەس دیاری کرابوو لەئێستادا دەکرێتە ٦ کەس، گەرمیان لە ٣کەسەوە کراوەتە ٤ کەس، چەمچەماڵ لە ١ کەسەوە دەکرێتە ٣ کەس، هەولێر لە ٦ کەسەوە دەکرێتە ١٥کەس، کۆیە لە ٣ کەسەوە دەکرێتە ٤ کەس، سۆران لە ٣ کەسەوە دەکرێتە ٥، کەرکووک لە ٧ کەسەوە بۆ ٢٩ کەس بەرکراوەتەوە کە ٢٢ ئەندام زیاد کراوە، دیالە لە کۆی ٥ ئەندام کە لە کۆنگرەی سیهەمدا دەستنیشان کرابوون هەروەک خۆی دەمێنێتەوە، لە سەڵاحەدین کە پێشتر هیچ کەسیان بۆ دەستنیشان نەکرا ئێستبا ٢ ئەندامی دەێت، لە راپەڕین لە ٤ کەسەوە بۆ ٩ کەس زیاد کراوە لە دهۆک لە کەسێکەوە بۆ ٣ کەس زیاد دەکرێتە، لە بەغداد لەکۆنگرەی سێهەمدا هیچ ئەندامێکیان نەبووە دەکرێتە ١ ئەندام.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە: دەمانەوێت هەڵەبجە بیگەییەنينە ئاستێكی بەرزی خزمەتگوزاری

خەڵك

”دوا بڕیارو قسەی كۆتایی لێرە من دەیدەم”، ئەمە گوتەی ئافرەتێكی سەنگینە كە لە سەر كورسییەكەی شارەوانییەوە هەوڵ دەدات تەواوی بنەماكانی یاسا بەسەر هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەدا پەیڕەو بكات و هیچ چاوپۆشی نەكات لەوانەی لە بڕیارەكانی شارەوانی دەردەچن لە هەڵەبجە.

كاتێك چووینە ژوورەكەی لە سەرۆكایەتی شارەوانی، ئەو لەگەرمەی مشتومڕدابوو تاكو بنەماكانی ژیانێكی هاوچەرخی نموونەیی بۆ هاووڵاتیانی شارەكەی ڕوون بكاتەوە، مشتومڕێك لەسەر ئەوەی ناكرێت ئاو، كە سامانێكی سروشتی گرنگە لەسەرجەم بوارەكانی ژیاندا، بەهەدەر بدرێت.

ئەوانەشی كە سەرپێچی لە بڕیاری بەهەدەر دانی ئاو دەكەن، سزای داون و سەرپێجی بۆنووسیون ئەم نموونەیە دەكرێت وەك ڕووداوێكی ئاسایی تێپەڕێت، هەژموونی چەسپاندنی یاسا بەسەر هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەوە، بەڵام كاتێك ژن هەوڵی گەیاندن و چەسپاندنی ئەم بنەمایە دەدات، لەنێو كۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەندێك جار ڕووبەڕووی كێشە دەبنەوە.

ئافرەت زۆر بە كەمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەنێو كایەكانی كۆمەڵگەدا پێگەی ئیداری و دەسەڵاتیان هەیە، ئەوان بەزۆری سەرقاڵی بەڕێكردنی كارە ڕۆتینیەكانی نێو خێزانن، بەڵام كاتێك ژن هەژموونی دەبێت و لەپێگەیەكی سەرەكی حوكمداریدا جێگەی خۆی دەكاتەوە، نموونەیەكی جوان نیشانی تەواوی ژنان دەدات كەنەخێر دەكرێت ژنان و پیاوان پێكەوە هەردووك بەیەك ئاست بتوانن خزمەت بە كۆمەڵگە بكەن بۆ چەسپاندنی ژیانێكی هاوچەرخی نموونەیی.

لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە كۆنەوە تائێستا نموونەی زۆر هەن تاكو نیشانی تەواوی جیهان بدەن كە ژنان هاوشانی پیاوان دەتوانن پێگەی دەسەڵات و ئیداریان هەبێت و وڵات بەڕێوەبەرن.

كوێستان ئەكرەم فەرەج نموونەی یەكێكە لەو ژنانەی كە لەهەڵەبجە پێگەیەكی بەهێزی كۆمەڵایەتی و تەكنۆكراتی هەیە، ئەو سەرۆكی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجەیە، ڕۆژانە دەچێتە ئۆفیسەكەی بۆ رایی كردنی كارەكانی هاوڵاتیان، تاكو پرۆژەی جوانتر و باشتر پێشكەش بە شارەكە بكەن.

– كوێستان ئەكرەم فەرەج كێیە؟

كوێستان ئەكرەم فەرەج لەدایك بووی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە، ناوبراو خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی هەر لەو شارە تەواو كردووە، دەرچووی پەیمانگای تەكنەلۆجی كەركووك لە بەشی بیناسازی و لە ساڵی ١٩٩٣ وەك فەرمانبەرێكی ئاسایی لە بەڕێوەبەرێتی شارەوانی دەستبەكار دەبێت، بەهۆی لێهاتوویی و كارامەییەوە سەرجەم پلەكانی فەرمانبەریی دەبڕێت تاكو لە ٢٠٠٥ دا دەبێت جێگری سەرۆكی شارەوانی لە هەڵەبجە.
لەدوایین قۆناغیشدا لە ١.٦.٢٠١٦ دەبێتە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە.

خێزانی كوێستان ئەكرەم بەردەوام لە هەڵەبجە ماونەتەوە و وەك خۆی باسی لێوە دەكات لەكاتی كارەساتی كیمیابارانەكەدا لە شاری هەڵەبجە بوون.

كوێستان ئەكرەم بەهۆی رێكخستنە نهێنیەكانی ئەوكاتەی پێشمەرگەوە كە هەردووكیان لەشار كاریان كردووە یەكتری دەناسن و ئەمەش سەرەتای هەنگاوەكانیان بۆ ژیانی هاوسەرگیری لێدەكەوێتەوە، پاش یەكترناسین، هاوسەرەكەی لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە دەستگیر دەكرێت تا لەدواتردا ئازاد دەكرێت و بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن لەساڵی ١٩٨٩ دا، بەڵام لە راپەڕینەكەی بەهاری ١٩٩١ی هەرێمی كوردستاندا لە ٧ی ئازاری لە سلێمانی برینداردەبێت و وەك كوێستان باسی لێوە دەكات بەهۆی برینەكەیەوە لە ساڵی ١٩٩٩ دا شەهید دەبێت.

كوێستسان ئەكرەم خاوەنی كوڕو كچێكە، كە هەردووكیان بەجیا دەژین لەسلێمانی و بەژیانی تایبەتی خۆیانەوە سەرقاڵن و هەردووكیان زانكۆیان تەواو كردووە.

 لەبەر ئەوەی واژووی بۆ بەعس نەكردووە دانەمەزراوە

كوێستان باس لە سەرەتای تێكەڵبوون بە كاری رێكخراوەیی و حكوومی دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە ١٩٨٨ دا پەیمانگەی تەكنیكی كەركووك تەواو دەكات بەڵام بەهۆی ئەوەی واژوویان بۆ رژێمی بەعس نەكردووە و ملكەچی داواكانی رژێمەكە نەبوون دانەمەزراوە.

سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە كوێستان ئەكرەم ئاماژە بەوە دەكات كە دوای راپەرین و لە ١٩٩٣ دا دامەزراوە بۆتە فەرمانبەرێكی ئاسایی، هاوكات شانبەشانی كاری فەرمانبەرییشی سەرقاڵی كاری رێكخراوەیی دەبێت و لەڕێی هەڵبژاردنەوە دەكرێتە لێپرسراوی لقی ژنانی شارەزوور كاری رێكخراوەیی دەستپێدەكات.
دوو ساڵ خۆی تەرخان دەكات بۆ كاری رێكخراوەیی و سیاسیی دواتر دەگەڕێتەوە سەر پیشەكەی خۆی لە نێو حكوومەتدا، ئەو حەزی كردووە كە بەردەوام خزمەتی شارەكەی (هەڵەبجە)بكات، ناوبراو باس لەوە دەكات كە كاتێك گەڕاونەتەوە بۆ هەڵەبجە لەدوای راپەڕین، شارەكە تەواو وێرانەیەك بووە، بۆیە لەرێی شارەوانییەوە هەوڵیان داوە كە خزمەت بە شارەكە بكەن و بیگەییەننە ئاستێكی بەرزی خزمەتگوزاری.

سەرەڕای ئەوەی بڕوانامەی پەیمانگەی هەیە و ئەركی حكوومی هەیە، بەڵام كوێستان كۆڵنادات و ئێستا جارێكی تر چۆتەوە بەر خوێندن و خوێندكاری قۆناغی سێهەمی زانستە كۆمەڵایەتییەكانە لە زانكۆی هەڵەبجە. ئەو باس لەوە دەكات كە جگە لە ئەركەكەی وەك سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە، چالاكێكی بواری ژنانە، هەر بۆیە جارێكی تر چۆتەوە بەر خویندن و هەوڵی داوە لەرێگەیەكی ئەكادیمییەوە پەرە بەو كارەی بدات وەك چالاكوانی بواری ژنان.

كوێستان ئێستا بە تەنیا لە هەڵەبجە دەژیت و هەردوو منداڵەكەی لە سلێمانی ژیان بەسەردەبەن، ناوبەناو سەردانی یەكتر دەكەن، وەك خۆی دەڵێت، ناوبەناو دەچمە لای ئەوان لە سلێمانی و كاتێكی خۆش بەیەكەوە بەسەر دەبەین.

 رۆژێك لەژیانی كوێستان ئەكرەم چۆن دەگوزەرێت؟

كوێستان باس لە چۆنیەتی بەسەر بردنی رۆژێكی خۆی دەكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و دەڵێت: “من ئەڵێم كە مرۆڤ باوەڕی بەخۆی هەبوو دەتوانێت هەموو كارێك بكات بەپێی ئەو بەرنامەڕێژیەی بۆخۆی دادەنێت، سەعات ٧:٣٠ دێمە دەرەوە، سەر لە كرێكارەكان دەدەم لەدەرەوە لە باخچەكان، دوای سەعاتێك دێمە سەرۆكایەتی شارەوانی تا سەعات ٢ سەرقاڵی كارەكانم دەبم لە سەرۆكایەتی شارەوانی.
دواتر دەچمە ماڵ و خۆم ئامادە دەكەم دوای نان خواردن و چاوخشاندنەوە بە بەرنامەو كارەكانی ئەو رۆژەمدا، خۆم ئامادە دەكەم و دەچمە زانكۆ، هەتا سەعات ٧:٣٠ پاشان دەگەڕێمەوە، لە ٢٠:٠٠- ٢١:٠٠ پشوویەك دەدەم و دواتر چاوخشاندنەوە بە كارەكانی شارەوانیمدا دەكەمەوە، چونكە هەندێكیان ناتوانم لەكاتی دەوامدا سەرقاڵی بم”.

ئافرەت بۆ لە سنووری هەڵەبجە بەردەوام لە پێگە ئیداریەكاندا ڕۆڵیان پێدراوە؟”

لەبەشێكی تری هەڤپەیڤینەكەیدا كوێستان ئەكرەم باس لە ڕۆڵی ئافرەت دەكات لە نێو شاری هەڵەبجەداو دەڵێت، ”هەڵەبجە مێژوویەكی زۆر جوان و شارستانیی هەیە لەگەڵ مامەڵەی ژن لەنێو كایەی دەسەڵات و ئیدارەدا، لە سەدەی ١٩ هەمدا عادیلە خانم دەسەڵاتی هەبووە لەم شارەدا، فەڕمانڕەوایەتی ئەم شارەی كردووە، قەڵەمڕەوی لە ئێران هەتا سنە و كرماشان و لە عێراقیش هەتا خانەقین بووە، واتە كاریان بە فەرمانەكانی كردووە. ئەم كولتوورە تائێستا ماوەتەوە، من لەپێش هەموو شتدا سوپاسی دانیشتوانی هەڵەبجە دەكەم كە لە ١٩٩٣ەوە تائێستا لەبواری شارەوانیدا كار دەكەم رووبەڕووی هیچ ئاستەنگییەك نەبوومەتەوە، راستە بۆخۆی سەرۆكی شارەوانی پێگەیەكی زۆر هەستیارە، چونكە ئێمە هەندیك جار كارەكانمان بریتیە لە رووخاندنی زیادەڕەوی، ئەمەش رووبەڕووی سەختیمان دەكاتەوە بەهۆی كارەكەمانەوە نەك وەك ژن، بۆ نموونە پار چووینە سەر كاریك بۆ رووخاندنی زیادەڕەووی، تەقەیان لێكردین، یاسا هەیە من سكاڵام تۆمار كرد، لەرووی یاساییەوە كێشەكەم چارەسەر كرد، یان هاووڵاتیان خۆیان هاتن و داوای لێبوردنیان كرد و هەرخۆیشیان زیادەڕەویەكەیان رووخاند. بەڵام بەراستی ئەبێت تۆ متمانەت بەخۆت هەبێت، یاسا لەپشتت بێت تاكو بتوانیت یاسا جێبەجێ بكەیت”.

لەبارەی هۆكاری گرنگی دان بە پێگەی ئافرەتان لەنێو كایەكانی دەسەڵات و ئیدارەی شارەكەدا لە هەڵەبجە، كوێستان ئەكرەم ئاماژە بەوە دەكات كە دەبێت لەو رووەوە سوپاسی پیاوان بكرێت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، كە تێڕوانینێكی بەرز و هۆشیارییەكی زۆریان هەیە لەرووی رێزگرتن لە ئافرەت و لەو ڕووەوە لەهەموو قۆناغەكانی مێژوودا لەكۆنەوە ئافرەت پێگەی بەهێزی دراوەتێ لە رووی ئیدارییەوە. ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو هەرگیز رووبەرووی كێشە نەبۆتەوە بەهۆی رەگەزەكەیەوە كە ژنە.

سەرچاوە/ ئاژانسی ئانادۆڵ

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

بەحرلعلوم: بزاوتنەكەی تشرینى عيراق درێژە دەكێشێت

خەڵك- ئیدریس جەبار
ئیبراهیم بەحرلعلوم سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و وەزیری پێشووتری نەوتی عیراق پێیوایە، خۆپیشاندان و بزاوتنە میللییەكانی تشرینی یەكەم درێژە دەكێشن و نازانرێت كەی كۆتاییان دێت، ئەمە وێڕای ئەو دەستپێشخەرییانەی لەلایەن حكومەتەوە بۆ باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و چارەسەركردنی كێشەی بێكاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی پێشكەش كران.

ئیبراهیم بەحرلعلوم لە دیمانەیەكی تایبەتی (خەڵك) كە لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵیدا ئەنجامدرا، باسی لە ڕەوشی سیاسی ئێستای عیراق و خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی و هەڵوێستی حكومەتی كرد و بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

خەڵك: پێتانوایە خۆپیشاندانەكان دەبنە مایەی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت، یان دروستكردنی گوشارێكی گەورە لەسەر ئیدارەی ئێستای عیراق؟

ئیبراهیم بەحرلعلوم: خۆپیشاندانەكانی سبەینێ‌، یان ڕۆژانی دادێ‌ كە بزاوتنێكی ناڕەزایی میللیین، درێژكراوەی بزاوتنەكەی تشرینە، كەی ئەم خۆپیشاندانانە تەواو دەبن نازانرێت، وێڕای دەرچوونی زۆرێك لە چاكسازییەكان لەلایەن سەرۆكایەتی وەزیران لەڕووی دامەزراندن و چەند بوارێكی تر.

خەڵك: هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ڕاپۆرتەكەی حكومەت لەبارەی لێكۆڵینەوە لە كوژرانی خۆپیشاندەران و بەكارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەر لە دژییان؟

ئیبراهیم بەحرلعلوم: ڕاپۆرتەكەی حكومەت باوەڕپێهێنەر نەبوو بۆ جەماوەر و خواستەكانی، بۆیە ڕەوشەكە بەمشێوەیە دەمێنێتەوە، تا ئەو كاتەی وردەكاریی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا دەكرێن، بەو پێیەی ڕادەستی دادوەریی كراوە، ئەمەش بەبۆچوونی ئێمە وادەكات خۆپیشاندەران زیاتر سوربن لەسەر خۆپیشاندانەكان، بەڵام هیوادارین خۆپیشاندانی ئەمجارە زیاتر ئاشتیانە بێت، بەو پێیەی ئەزمونی خۆپیشاندانی پێشوو خوێنانی بوو، ژمارەیەكی زۆر شەهید و برینداربوون بەهۆی بەكارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەر، بەڵكو سبەینێ‌ ئەو حاڵەتە تێبپەڕێنرێت، بەشێوەیەكی گشتی، فراكسیۆنە سیاسییەكان و حزبە سیاسییەكان و سەندیكاكان، ئەو بەرەنجامەیان ڕەتكردەوە كە لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڵاوكرایەوە.

خەڵك: چۆن لێكدانەوە بۆ داواكارییەكانی تایبەت بە دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و گۆڕینی سیستمی سیاسی دەكەن؟

ئیبراهیم بەحرلعلوم: داواكارییەكان بۆ دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی زۆرن، بەڵام ئایا ئەم دەستلەكاركێشانەوەیە دەبێتە مایەی چارەسەركردنی كێشەكە، من لەو بڕوایەدام جۆرێك لە چەقبەستنی سیاسی هەیە لە عیراق كە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا شكستخواردوو بووە لە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستمی سیاسی بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بابەتی گەندەڵییەوە هەیە، بۆیە ئەو بابەتە وەك هۆكاریی گەرمكردنی عیراقییەكان دەمێنێتەوە، دوایین وتاری مەرجەعیەتی ئاینییش لەو بارەیەوە كە ئاماژەی بە پێویستی پێكهێنانی لیژنەیەك لە دانایان كردبوو لەدەرەوەی توێژە سیاسییەكە، هەوڵێكە بۆ دیاریكردنی كەلێنەكان و دۆزینەوەی دەرچە لەم ڕەوشە سیاسییەی ئێستا لە وڵاتدا هەیە.

خەڵك: ئەركی ئەو لیژنەیە چی دەبێت و كارەكانی چ جۆرە چارەسەرێك بۆ دۆخی ئێستای وڵات دەدۆزنەوە؟

ئیبراهیم بەحرلعلوم: هەوڵ دەدرێت قسە لەگەڵ خۆپیشاندەران و توێژەكانی كۆمەڵگە بكرێت لە ئەكادیمستەكان و ڕۆشنبیران، ڕاسپاردەكانی لیژنەكە دەبێت لەلایەن هەموو دەسەڵاتەكانی ڕاپەڕاندن و یاسادانان و دادوەرییەوە جێبەجێ‌ بكرێن.

خەڵك: باستان لە چەقبەستنی سیاسی كرد لە عیراق، چ ڕێڕەوێك بە شیاو دەبینن بۆ دەرچوون لەو چەقبەستنە سیاسییە؟

ئیبراهیم بەحرلعلوم: ئەم چەقبەستنە سیاسییە ناكرێت چارەسەرێكی گونجاوی بۆ دابنرێت، تا ئەو كاتەی گۆڕانكاریی لە یاسای هەڵبژاردندا نەكرێت، بەجۆرێك كە ببێتە مایەی بەشداریكردنێكی فراوانی جەماوەر، لەگەڵ گۆڕینی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دەكرێت ئەمە بكرێتە بناغە و لێوەی كار بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی بكرێت كە لەماوەكانی ڕابردوودا هیچ پێشكەوتنێكمان لەو بارەیەوە بەدی نەكرد.

خەڵك: زۆر باسی پشكداریی سیاسی دەكرێت و زۆرێك پێیانوایە گەورەترین بەڵای پرۆسەی سیاسییە لە عیراق، ئێوە پشكداریی سیاسی لە عیراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئیبراهیم بەحرلعلوم: پشكداریی سیاسی بووە مایەی كوشتنی پرۆسەی سیاسی و بووە مایەی دروستكردنی گەندەڵی ئیداری و دارایی، ئەم بابەتانە لەو داواكارییە سەرەكیانەن كە جەماوەر داوای نەهێشتنیان دەكات، بۆیە خەڵكی ڕاپەڕیو لەمڕۆدا هەر تەنیا لەبەر هەژاریی و نزمی ئاستی فێركاریی و خزمەتگوزاریی و تەندروستی نییە كە دەڕژێتە سەر شەقامەكان، بەڵكو بنمیچی داواكارییانی بەرزدەكاتەوە، بۆیە چینی سیاسی گەر دەیەوێت بۆ ماوەیەكی زیاتر لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، دەبێت تەواوی هەوڵەكانی بۆ پرۆسەی چاكسازیی سیاسی بخاتەگەڕ.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان