ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

ھەوڵەكانی لەباربردنی ئەزموونی ھەرێم، لە شكستەوە بۆ شكست

 

لە دوای كۆڕەوەكەی ساڵی ١٩٩١ و پاشان دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین و قەوارەیەكی نیمچە سەربەخۆ بۆ باشووری كوردستان، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی دەیان پیلان بۆتەوە لەلایەن نەیاران و دوژمنە دەرەكی و ناوخۆییەكانەوە بە شێوەیەكی چڕ و یەك لە دوای یەك، كە تا ئێستاش بەردەوامی ھەیە.

 

سەرەتای ھەوڵەكان لە رێی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بوو، لەگەڵ لەدایكبوونی كیانێك بە ناوی ھەرێمی كوردستان، شەڕێكی نەخوازراو بەسەر ئەم ھەرێمە ساوایەدا سەپێندرا، سەرباری كێشە ناوخۆیی و گەمارۆكانی سەر ھەرێم و كشانەوەی گشت دام و دەزگا میرییەكان و نەبوونی سەرچاوەی داھاتی پێویست بۆ حكومەتی ھەرێم، ناچار كرا بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە، قوربانییەكی زۆری گیانی و ماددی بدات و لەبری ئەوەی سەرقاڵی بنیاتنانی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی بێت، ناچار كرا شەڕی براكانی بكات، كە لە ھەموو ئاستەكاندا زیانی زۆری بە كوردستان گەیاند.

 

دواتر لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق نووری مالیكی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی دیجلە پێك ھات و ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر ھەرێم و گەڕانەوەی كوردی دەكرد بۆ ھێڵی ٣٦ و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕی بۆ ھاندانی فەرمانبەران دژی حكومەت و گشت مافە دەستوورییەكانی كوردی رەت كردەوە، ھەوڵی بەردەوامیشی دەدا بۆ  تێكدانی یەكڕیزیی ھێزە سیاسییە كوردییەكان، بە دروستكردنی حەشدی عەشائیرییش، ھەوڵی زیندووكردنەووەی جاشایەتیی دەدا لە ھەرێم، بەڵام لەكۆتاییدا ئیرادەی گەل سەركەوت و نووری مالیكیش بوو بە ڕابردوو.

 

ھاتنی داعش بۆ عێراق و خۆبەدەستەوەدانی سێ فیرقەی سەربازیی سوپای عێراق لە مووسڵ بە گشت پێداویستییە سەربازییەكانەوە، لە كاتێكدا بوو كە پاشماوەی ئەم ھێزانە گشت سەنگەرەكانیان چۆڵ كرد، ئەوەی ڕوونە، دەكرێ ئەم ھەنگاوە بە ئامادەكارییەك ھەژمار بكرێت بۆ ھێرشكردنە سەر ھەرێم بەو ھۆكارەی كوردستانیان كردە دراوسێی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە ھێزێكی مەزن  لە رووی ژمارە و بوونی چەكی پێشكەوتوو، بەڵام لە كۆتاییدا بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتیی برا پێشمەرگەكان و خۆڕاگریی ئەم میلـلەتە، نەك ئەم دەوڵەتە تێك شكێنرا، بەڵكوو لەوەش زیاتر توانیمان گشت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم كۆنترۆڵ بكەین و ڕیفراندۆم بۆ سەلماندنی كوردستانیبوونی ئەم ناوچانە ئەنجام بدەین.

 

لە دوای ڕێككەوتننامەی جەزائیر و نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ١٦ی ئۆكتۆبەر بە گەورەترین گەلەكۆمەی ھەرێمی و ناوخۆیی دادەنرێت بۆ كۆتاییھێنان بە ھەژموونی حكومەتی ھەرێم، ھێزە عێراقییەكان بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند سەركردەیەكی سەربازی و سیاسیی ھەرێم، ھێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر ھێزەكانی پێشمەرگە لە كەركووك و مەخموور و شنگال، كە پاشان گەمارۆیەكی توندی ئابووری و سیاسی خرایە سەر ھەرێم، ئەمەش ھاوكات بوو لەگەڵ ھەوڵەكانی ھەندێ ھێزی سیاسیی كوردستانی بۆ دروستكردنی حكومەتی رزگاریی نیشتیمانی و دابەشكردنەوەی ھەرێم لەسەر بنەمای فیدڕاڵیی پارێزگاكان، ئەمەش ڕێك بە مانای لەباربردنی ھەرێمی كوردستان بوو، بەڵام ئەم هەوڵەش نەزۆك بوو و شكستی خوارد.

 

لە ماوەی ڕابردوودا بە درێژایی پرۆسەی پێكھێنانی حكومەت، ھەموو ھەوڵێك درا بۆ پەكخستنی ئەم پرۆسەیە، لە ئێستاشدا ھەوڵەكان بەردەوامییان ھەیە و ئەم جارە دووبارە پەكەكە ھەمان ڕۆڵ دەبینێت و ھەوڵی تێوەگلانی ھەرێم دەدات لە شەڕێكی نەخوازراو لەگەڵ توركیای دراوسێدا، رووداوی تیرۆركردنی دیپلۆماتە توركییەكە و گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاكی ھەرێم، ئەم بۆ چوونە پشتڕاست دەكاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە لە شنگال خزمەت بە سیاسەتەكانی بەغدا دەكەن دژی كوردانی ئێزدی و حكومەتی ھەرێم.

 

دواجار پێویستە بگوترێت، سەرباری هەموو ئەو هەوڵانە بۆ لەباربردنی ئەزموونی ھەرێم، هەرێمی كوردستان لە سەرجەم قۆناغەكاندا بەسەر لەمپەر و ئاریشەكاندا زاڵ بووە و وێڕای تێپەڕاندنی قەیرانەكان، بەوپەڕی ئیرادەوە كەوتووەتەوە سەر پێی خۆی و هەوڵی نەیاران و دوژمنانی كوردستانی، لە شكستەوە بۆ شكستی حەتمیتر پەلكێش كردووە و سەنگ و پێگەی خۆیشی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، لە جاران كاریگەرتر و بەهێزتر كردووە.

ریکلام

وتار

كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و دەرفەتە جیاوازەكان بۆ هەرێمی كوردستان

محەمەد عەلی

پاش سەرھەڵدانی داعش و كۆنتڕۆڵكردنی بەشێكی فراوانی عێراق، دواتر تێكشكاندنی ئەفسانەكەی لە رێگەی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) ئیدی زۆرینەی ساڵان وەفدی ھەرێـم لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشدار بووە، بەڵام ئەوەی جیاوازی دەكات لەوانەی پێشووتر، ئەوەیە كە لە ئێستادا كێشەكانی جیھان گۆڕاون و ھاوكات گرینگییەكی جۆریی دەدرێت بە وەفدی حكومەتی ھەرێمی بەشدار لە كۆنفرانسەكەدا.

 

تایبەت بە ھەرێمی كوردستان، لە دوای ئاڵۆزبوونی ڕەوشی عێراق و گۆڕانی ھاوكێشەی ھێز لە ناوچەكەدا، دروستبوونی دیفاكتۆی كوردستانی ڕۆژئاوا، ئەم كۆنفرانسە دەرفەتێكی زۆر جیاوازە بۆ كوردستان، بەوەی لە لایەكەوە بتوانێت پاڵپشتیی زیاتر بۆ كوردستان بەدەست بھێنێت وەك دوورگەیەكی ئارامی ناوچەكە و ھەم لە رووی ئابووریشەوە بانگھێشتی وڵاتان بكات بۆ ئەوەی ھانی كۆمپانیاكانیان بدەن وەبەرھێنانی زیاتر لە كوردستان بكەن و یارمەتیدەری كوردستان بن لە ھەمەجۆركردنی داھاتەكانی، ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لە باشكردنی ڕەوشی دارایی ھەرێم، ھاوكات وەفدی ھەرێم ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و ھەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ دروستكردنی كۆدەنگییەك لەسەر ئاستی وڵاتان بۆ پاڵپشتیكردن لە قەوارەی رۆژئاوا.

 

جیاوازییەكی تری كۆنفرانسی ئەمساڵ، پێكھاتەی وەفدی بەشداری ھەرێمی كوردستان بوو لە كۆنفرانسەكەدا، بەو ھۆكارەی زۆرینەی پرسەكانی باسكراو لەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا، پەیوەندیدارن بە رەوشی ئەمنی و سەربازییەوە، بۆیە بەشداریی كەسایەتیی سەرۆكوەزیران كاك (مەسروور بارزانی)، خۆی لە خۆیدا خاڵێكی بەھێزی وەفدی بەشداربووی ھەرێمە، چونكە جەنابیان لە ڕابردوودا ڕۆڵی گرینگی ھەبووە لە پاراستنی ئەمنییەتی ھەرێم و یەكێك بووە لە فەرماندەكانی بەشدار لە تێكشكاندنی داعش و ھاوكات سەركردایەتیی دەزگایەكی كردووە، كە ھاوكار بووە لە پوچەڵكردنەوەی دەیان ھێرشی خۆكوژی و دەستگیركردنی چەندان سەركردەی دیاری ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان لە عێراقدا.

 

دەكرێ بڵێین، كۆنفرانسی ئەمساڵ، یەكەمین كۆنفرانسە لە دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا، بەو ھۆكارەی ئەڵمانیا سەرۆكایەتیی دەكات، بۆیە بە ھاوكاریی فەڕەنسا دەیانەوێت یەكێتیی ئەورووپا ڕۆڵێكی زیاتری ھەبێ لە ئاراستەكردن و چارەسەركردنی كێشەكانی جیھان، وتەكانی (سەرۆك ماكرۆن)یش لە یەكێك لە پانێڵەكاندا، كاتێك وتی، بەھێزبوونی ڕووسیا كێشەی بۆ ئێمە دروست كردووە لە سووریا و لوبنان، باشترین بەڵگەیە بۆ ویستی ئەورووپیەكان لە بەھێزبوونی پێگەیان لە داھاتوودا، ھاوكات دەكرێ ئەم كۆنفرانسە بە ھەلێك ھەژمار بكرێ بۆ ئەورووپیەكان بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی ھاوكێشەی ھێز لە ناوچەكە و جیھاندا.

 

بەشداریی ھەرسێ جەمسەری جیھان بە شێوەیەكی بەرچاو، جیاوازییەكی تری كۆنفرانسی ئەمساڵە، هەروەها ئەمەریكا نزیكەی بە تەواوی ستافە وەزارییەكەی بەشدارە لە كۆنفرانسەكەدا و ڕووسیاش بە وەفدێكی كاریگەر بوونی ھەیە، وڵاتانی ئەورووپیش بە ھەموو ھێزیانەوە بەشدارن، بە جۆرێك دوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەی سەدە و بڵاوبوونەووەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە چین، ھەریەكەو دەیەوێت روئیای خۆی ڕوون بكاتەوە، ئەمەریكا دەیەوێت زۆرترین پاڵپشت بۆ پلانی ئاشتی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەراست كۆبكاتەوە و ڕووسیاش دەیەوێت بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا و ئەورووپا، ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە چین دروستی كردووە لە دوای ھاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەورووپییەكانیش دەیانەوێت ئیدی لە ژێر ھەژموونی ئەمەریكا دەربچن و وەكو جەمسەرێكی سەربەخۆ مامەڵە بكەن.

 

وێڕای هەموو ئەمانەش، لە ئێستادا بڕیاری ئەوە ھەیە ناتۆ لە داھاتوودا ڕۆڵی زیاتری ھەبێ لە عێراق، هەروەها زۆرترین كۆبوونەوەكانی وەفدی ھەرێم لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام بوو لە ھاوپەیمانیی ناتۆ، بە تایبەتی ئەمەریكا كە سەركردایەتیی ھەردوو ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی و ناتۆ دەكات، ئەمەش دەرفەتێكی باش بوو بۆ ھەرێم كە دیدگا و داواكارییەكانی خۆی ڕوون بكاتەوە، بە تایبەتی سەبارەت بە بەھێزبوونەوەی داعش و شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھاوكات ھاندانیان بۆ بەردەوامبوونیان لە یارمەتیدانی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و پڕچەككردنیان، ئەمەش وادەكات كە پێگەی ھەرێم لە ڕووی سەربازییەوە بەھێزتر بێت و ڕۆڵێكی زیاتر و كاریگەرتری لە عێراق و ناوچەكەدا ھەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

گرنگی پشکنینی DNA لەدۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا

سالار مەحمود

لە ساڵانی رابردوودا کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال داوای زەوی و خانوویان دەکرد، داوای مووچەو باشکردنی ژیانیان دەکرد، داوای سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان دەکرد.
بەشێکی کەم لە داخوازیەکانیان جێبەجێ کران. بەتێپەڕبوونی رۆژگار حکومەتەکان نەک ئەرکەکانی سەرشانیان لە دۆسیەی ئەنفالدا بەجێ نەهێنا، بەڵکو بە فشارو خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی کەسوکاری قوربانیانیش بەدەنگەوە هاتن بۆ داخوازیەکانیان زۆر کەم بوو.
ماوەیەک داوای هێنانەوەی ئیسک و پروسکی قوربانیەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان دەکرد. ئەوە بوو ساڵ نا ساڵێک بەبێ فەحسی Deoxyribonucleic acidدی ئین ئەی DNA (الحمض النووی). چەند روفاتێک هێنرانەوە لەگەرمیان و چەمچەماڵ و دوکان و بارزان بەخاک سپێردرانەوە.
لە ئێستا بەگشتی و دوای هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەماوە کە ۱۷۱ ژن و مناڵی لێ دەرهێنران.
بابەتی فەحسی دی ئین ئەی ئیتر ئەو ئەرکەیە کە نابێ پشتگوێ بخرێت.
نابێ نەزانرێ ئەو ئیسک و پروسکانە کێن و لەچ خێزان و گوند و دایک و خوشک و براو باوکی کێن؟
چەندین ساڵەو لە بۆنەی جیاجیادا داوای وەرگرتنی سامپڵی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەکرێت بۆ ئەوەی لەکاتی دەرهێنانی ئیسک و پروسکی ئەنفالکراوەکاندا بەراورد بکرێن.
ئەم کارە ئەرکی هەردوو حکومەتی عیراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
بەتایبەتیش لەهەرێمەوە دەبوو ئەم ئەرکە جێبەجێ بکرایە، چونکە کەسوکاری قوربانیەکان لەهەرێمن. بەشێکیان لەناوچە دابڕاوەکانن.
لەهەردوو کۆنگرەی نێودەوڵەتی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی دووەم و سێیەم لە راسپاردەکاندا ریزبەند کراوەو داواکراوە کە فەحسی DNA بۆ کەسوکاری قوربانیەکان بکرێ. جگە لەناسینەوەی ئیسک و پروسکەکان بۆ بابەتی بە جیهان ناساندن و لەیادنەکردن و ناسراوی گۆڕەکان و ناونیشانیان و بە زانستی کارکردن لەو دۆسیەیە گرنگی زۆری هەیە.
لەناو گۆڕەکاندا زۆرینەی روفاتەکان ناناسرێنەوە بەکۆمەڵ و بەبێ تەسکەرەو جنسیە. کەمیان نەبێ.
تەنیا بەجل و بەرگ و هەندێ بەڵگەی تردا کە دەزانرێ کوردن و خەڵکی کوردستانن لەوە زیاتر نازانرێ.
بەبێ پشکنینە سەرەکیەکە هەروا دەهێنرێنەوە کوردستان، بەس ژمارە کراون. بەخاک دەسپێردرێن بەکێلی بێ ناوونیشانەوە!
ئەم بابەتە ئیتر دەبێ جدی کاری لەسەر بکرێ
وەک چۆن لە کۆنگرەی دووەمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەهەولێر ساڵی ۲٠٠۸ بە راسپاردە لە خاڵی (۱۱)دا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
ئەمەش دەقەکەیەتی وەک خۆی (
11- دعوة الحكومة العراقية لإعداد البنى التحتية للتنقيب عن المقابر الجماعية بتوفير مختبرات فحص الحمض النووي وقواعد البيانات).
بەهەمان شێوە لە کۆنگرەی سێیەمی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە ساڵی ۲٠۱۱ی نەجەف بە راسپاردە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم ئەرکە ئاگادار کراونەتەوە.
ئەمەش دەقی راسپاردەکەیە. (
11- دعوة الحكومة العراقية الى تكثيف الجهود من أجل جلب مختبرات (DNA) وتأهيل كوادر وطنية لاستعمالها ، استكمالاً للإجراءات الفنية الخاصة بملف المقابر الجماعية ).
کەواتە چەندین ساڵە هوشیاریی دەدرێتە حکومەتەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە.
ئەم بەبیرهێنانەوەم بەپێویست زانی، چونکە هێشتا درەنگ نیە. لەو روانگەوەی سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ ماون هەڵبدرێنەوەو سەدان هەزار مرۆڤ ماون لە ژێر خاک دەربهێنرێن کە بەکۆمەڵ کوژراون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ئامانجی خۆپێشاندەران بۆ بوو بە سیاسی؟

پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

ماوەیەکە خۆپێشاندان بەغدادی پایتەخت و زۆربەی شارنشینە شیعەکانی باشووری عێراقی گرتۆتەوە، دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق بە ئاقارێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت. گوشاری شەقام و خواستی خۆپیشاندەران لەسەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،بە جۆرێکە نوێنەرانی خەڵكیان لەو ئەنجومەنەدا ناچار كردووە یاسای هەڵبژاردنی عێراق هەموار بكەنەوە.ئێستا پەرلەمان لە ژێر گوشاری ئەواندا دەجوڵێتەوە.!

لەئێستادا کێشەو ئاڵۆزیەکان بە جۆرێکە دەست تێوەردانی دەرەکی کردووە بە دیفاکتۆ.رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكای هیناوەتە سەرخەت و پێشنیاری خۆیان بۆ گۆڕانكارییەكانی داهاتووی عێراق هەیە، وڵاتانی ناوچەكەش (بەتایبەتی ئێران) كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆیان لەسەر گۆڕانكارییەكانی عێراق هەیە.

ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتی عێراقییان بەدەستە پاشکۆی ئەو ووڵاتانەن کە بێ مۆڵەتی یاسایی دەستێوەردان دەکەن، هەرچیەکیان بوێ کەس بۆی نیە دەست بێنێتە ڕێیان،بۆیە ناتوانن داخوازیەکانی خۆپێشاندەرانی عێراق جێبەجێبکەن و ببێتە مایەی دامرکاندنەوەی شەقام، بەداخەوە ئەو چینە جڵەوو دەسەڵات بەدەستە ھیچ شتێکیان پێ نییە کە پێشکەش بە عێراقی بکەن،لە میوانێکی رەزاقورس دەچن کە بوونەتە بار بەسەر عێراقیەکانەوە.

هەر بۆیە ئەوەی ئەو خۆپیشاندانانە لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە خۆپیشاندەران ھیچ سەرکردەیەکیان نییە و گوێ بۆ ھیچ کەسێک راناگرن، تەنھا داواکارییەکانی خۆیان نەبێت. ئەم نەوەیەی کە ھاتووەتە سەرشەقام ئیعتیبار بۆ ھیچ شتێک دانانێت، نە بۆ مەرجەعییەت نە بۆ سەرۆکایەتی دەوڵەت، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە کە ئەم چینە گەندەڵە لە دەسەڵات لابدات، ئەمەش خاسیەتی جیاکەرەوەیە لە نێوان خۆپێشاندانەکانی ئێستا و رابردوودا.

بەڵام بە هۆی بێ بەرنامەیی و پەرتەوازەیییانەوە تا دێت داواکاریەکانیان گۆڕانی بەسەردادێت،خەریکە ئامانجە راستەقینەکەی خۆی کە چاکسازیە لەدەست دەدات،ماوەیەک دەنگۆی ئەوە هەبوو یەکێک لە داواکارییەکانیان هەموار کردنەوە و گۆڕینی دەستوور بێت، یان داوای گرینی هەرسێ سەرۆکایەتیکەو هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پەرلەمانیان دەکرد،جار جارەش هەر لە ناو خۆپێشاندانەکانەوە چەند دەنگیکی نەشاز هەبوون کە هەر لە دەنگ و ڕەنگی بەعسیەکان دەچوو هەرەشەو گورەشەیان لە هەرێمی کوردستان دەکرد.ئەم بەدگومانیە وایکرد کە ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەری خۆپێشاندانەکان لە ناو چین و توێژە جیاوازەکانی عێراقدا کەمتربێتەوە.ئەمەش بە پێی بۆچوون و لێکدانەوەی شارەزایانی سیاسی داخوازییەکی مەدەنی نییە و خزمەت بە داخوازییەکانی خۆپێساندەران ناکات و ئامانجی سیاسی لە پشتە و ئەمەش گومانی لە لای چاودێران و شارەزایانی سیاسی دروستکرد، کە خۆپێشاندانەکان مەدەنی نەبن و کەسایەتی سیاسی و لایەنی سیاسی و دەستی دەرەکی لە پشت بێت.

هەندێ لەو دەنگە نەشازوو کەسە گوماناویانەی ناو خۆپێشاندانەکان وایکرد کە ئامانجەکە بگۆڕدرێت بە ئامانجی سیاسی و نانەوەی ئاژەوەو بەلاڕیدا بردنی داواکاریە رەواکانی خەڵکی بەشمەینەتی عێراق،بەهانەی دابەدەسەڵاتی جێبەجێکار بۆ گرتنەبەری توندوتییژی بەرانبەریان، هەروەک بینیمان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەو زنجیرە خۆپێشاندانانەدا کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری راژەکارییە گشتییەکان ، نەبوونی هەل و دەرفەتی کارکردن و گەندەڵیی ئیداری دەسپێکرا و ئەو ناڕەزایەتییانە ئامانجەکانی گۆردران بۆ ڕوخانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی لەووڵات، هەر بۆیە توندوتیژیی وگرژییان لێکەوتەوە و دەیان کوژراو و برینداری بەدوای خۆیدا هێنا،پاشان عێراقی لە بازنەیەکی داخراوی خوێناویدا تائێستاشی لەگەڵدابێ بێ چارەسەر هێشۆتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان