ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

لەبارەی دەوامكردنی مامۆستایان
وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پاڵپشت بە یاسای (ڕاژەی شارستانی عیراقی) ژمارە (٢٤)ی ساڵی (١٩٦٠)، لەبارەی شێوازی دەوامكردنی مامۆستایانی كەرتی گشتی (حكومی) فەرمانێكی وەزاری دەركرد.

ئالان حمەسعید صالح، وەزیری پەروەردە لە فەرمانێكی وەزاری، كە ئەمڕۆ یەك شەممە ۱۸ی ئاب ۲۰۱۹ دەری كردووە و وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە، تێیدا هاتووە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەدیهاتنی دادپەروەری لە ئەرك و ماف، هەروەها بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ دەرچووە دانەمەزراوەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان، بڕیارماندا:

یەكەم- مامۆستای كەرتی گشتی (حكومی) كە میلاكی وەزارەتی پەروەردەیە، تەنها بە دوو شێواز دەتوانێت لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان وەك بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر یان مامۆستا كار بكات:
۱. دەكرێت بەشێوازی خواستن (اعارە) بگوازرێتەوە بۆ (باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان)، ماوەكەیشی نابێت لە (٥) ساڵ زیاتر بێت، تەنها ڕاژەكەی بۆ هەژمار دەكرێت و موچەی لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومیەوە بۆ خەرج دەكرێت كە كاری تێدا دەكات، پێویستە ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییە بەنوسراوی فەرمی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاوە داوای ڕاژەی ئەو مامۆستایە بكات و لاری نەبوون وەربگرێت، بەمەرجێك ڕێژەی مامۆستایانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە (٢٠٪)ی میلاكی هەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەكی ناحكومی زیاتر نەبێت.
٢- ڕێگە بە مامۆستای میلاكی وەزارەتی پەروەردە دەدرێت وانە لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكاندا بڵێتەوە، بەمەرجێك تەواوی بەشە وانەكانی خۆی لە قوتابخانە یان پەیمانگەكەیدا بڵێتەوە، (بەگوێرەی ڕێنماییەكان و كاریگەری لەسەر ئاست و توانای نەكات، ئەمەش دەبێت بەڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا بێت، پاش خستنەڕووی دۆكۆمێنتەكان كە بەشەوانەكانی بەگوێرەی ڕێنماییە بەركارەكان لە قوتابخانەكەی خۆی بڵێتەوە دەبێت خشتەكانیش هاوپێچ بن كە (٢٤) بەشەوانە بۆ مامۆستایانی بنەڕەتی و (٢٢) بەشەوانە بۆ مامۆستایانی ئامادەییە)، بەهەمان شێوە نابێت ڕێژەی مامۆستایانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە لە هەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەكی ناحكومیی لە (٢٠٪) زیاتر بێت.
ئەركی جێبەجێكردنی (خاڵی یەكەم)ی ئەم فەرمانە ڕاستەوخۆ دەكەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێویستە وێنەیەك بەنوسراوی لاری نەبوون یان ڕێگەپێدانی مامۆستایان بۆ ئەم مەبەستە ئاڕاستەی وەزارەت بكرێت، بەمەبەستی تۆماركردن و بەدواداچوون.

دووەم- فەرمانبەرانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە دەتوانن لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكاندا كار بكەن، بەمەرجێك پاش دەوامی فەرمی وەزارەتی پەروەردە بێت، بەهیچ جۆرێك ڕێگە نادرێت لەكاتی دەوامی ئاساییاندا لە كاتژمێر (٨) هەتا (٣) كار لەو دامەزراوە ناحكومیانەدا بكەن، یان دەتوانن بەشێوازی خواستن (اعارە) بگوازرێنەوە بۆ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان، وە ڕاژەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت، مووچەكەیان لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییە خەرج دەكرێت، یان دەتوانن مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن بۆ ئەو مەبەستە.

سێیەم- فەرمانبەرانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی و هۆبەكانی قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكانن، بۆیان نیە وەك بەڕێوەبەر و یاریدەدەر یان فەرمانبەر یان هەر سیفەتێكی دیكە، لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكاندا دەوام بكەن، تەنانەت ئەگەر پاش دەوامی ئاسایی خۆیشیان بێت لە فەرمانگەكانیاندا.

چوارەم- نابێت بەڕێوەبەری باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (حكومی) وەك بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (ناحكومی) كار بكەن.

پێنجەم- سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بۆیان نییە وەك دەستەی كارگێڕی یان فەرمانبەر یان مامۆستا یان هەر سیفەتێكی دیكە لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكاندا كار بكەن.

شەشەم- دەبێت باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان بەگرنگییەوە بڕواننە ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان كە هەتا ئێستا وەك مامۆستا و فەرمانبەر دانەمەزراون، بەمەرجێك خولی شیاندن بۆ مامۆستایان بكەنەوە، جگە لە دەرچووانی كۆلیژەكانی پەروەردە و بنیات و پەیمانگەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە كە خولی شیاندنیان پێویست نییە، ئەركی كردنەوەی خولەكانی شیاندن دەكەوێتە ئەستۆی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان، بەهەمان شێوەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە بێت.

حەوتەم- بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان و لیژنەی باڵای وەزارەت، چاودێری و بەدواداچوونی وردی جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە دەكەن، لەبەرئەوە هەر سەرپێچییەك لەجێبەجێكردنی ئەم فەرمانە ڕووبدات (بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە) لەگەڵ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان بەرپرسیار دەبن.

هەشتەم: ئەم فەرمانە لەرێكەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێدەكرێت.

ئالان حەمەسەعید ساڵح
وەزیری پەروەردە

ئابوری

مووچەی هەشت وەزارەت و ژمارەیەك دەستە دابەش دەكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ و سبەی مووچەی هەشت وەزارەت و ژمارەیەك دەستە و ئەنجومەن دابەش دەكرێت.

بە پێی لیستی مووچەی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ و سبەی مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێن:
وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌زاره‌تی داد، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان، ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن لەگەڵ وەزارەتی پیشه‌سازی و بازرگانی.

كه‌م ئه‌ندامان، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، دیوانی چاودێری دارایی، ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی،
ده‌سته‌ی ژینگه‌، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، ده‌زگای مین و كۆمیسۆنی هه‌ڵبژاردن.

بڕیارە ڕۆژی دوو شەممەش دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی ئەمساڵ كۆتایی دێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجی هەندێک زانیاری لەسەر یاسای چاکسازی ئاشکرادەکات

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی كوردستان ڕایگەیاند، بەشی یەکەمی یاساى چاکسازییەکان بریتیدەبێت لە بڕینى مووچە و دەرماڵە و شایستە داراییەکانى فەرمانبەران.

 

ئاراس خۆشناو ئاماژەى بەئەوەشدا، نابێت ڕێژەی مووچەی کارمەندەکانی لە 25%ـی هەموو داهاتەکە زیاتر بێت.

 

باسی لەئەوەشکرد، بەشی یەکەمی یاساى چاکسازییەکان بریتى دەبێت لە بڕینى مووچە و دەرماڵە و شایستە داراییەکانى فەرمانبەران.

 

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەت تەنیا مووچە نییە و دەبێت ئاگاداری بژێویی ژیانی خەڵکی دیکە، خزمەتگوزارییەکان و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و چەندین کاری دیکە بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بۆ پشتیوانی جوتیاران ژووری بازرگانی سلێمانی ١٢٥ تۆن پەتاتە دەکڕێت

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

بۆزیاتر پشتیوانیکردنی بەرھەمە ناوخۆییەکانی جوتیاران و ساغكردنەوەیان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوای کڕینەوەی بەرھەمە کشتوکاڵیکان دەکات لەلایەن بازرگانانەوە وەک ھاوکاریەک و پاڵپشتیەک بۆ جوتیاران.

 

سیروان محەمەد، سەۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەلێدوانێکی نوسراودا بە(خەڵک)ی ڕایگەیاند” لەکۆبونەوەماندا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای وەرزیی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی بڕیارماندا وەک پشتیوانییەک لەبەرھەمی ناوخۆی جوتیاران ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەڵدەستێت بەکڕینەوەی ١٢٥ تۆن بەرھەمی پەتاتە”.

 

راشیگەیاند”داوا لەتەواوی بازرگانان و سەرمایەداران و کەسانی خەمخۆری شاری سلێمانی دەکەین ھەرکەسەو لای خۆیەوە ھەستێت بەکڕینەوەی جۆرێکی بەرھەمی کشتوکاڵی ناوخۆی”.

 

ئاماژەی بەوەشدا کڕینەوەی ئەو بەرھەمانە دوو ئامانجی ھەیە یەکەمیان پشتیوانیەکی گەورەی جوتیارانە دووەم ھاوڵاتیانی کەم دەرامەت سودی لێوەردەگرن و دابەش دەکرێتەوە بەسەر ئەو خێزانانەی توانای کڕینی ئەو بەروبومانەیان نییە.

 

ئەم پێشنیارەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پاش ئەوەدێت کە جوتیاران نیگەرانی خۆیان پیشاندا بەساغ نەبونەوەی بەرھەمەکانیان و نەبونی پشتیوانی پێویست لە بەرو بومەکانیان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان