ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

مەلا یاسین: ئابووری هەرێم چۆتە قۆناغێكی نوێوە و دەستی بەگەشە كردۆتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئابووری هەرێم پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە و دەستی بە گەشەكردن كردۆتەوە، دەشڵێت: “لە حەوت مانگی ئەمساڵدا لە 15 بۆ 20% گەشەی ئابووری لە هەرێم جوڵانەوەی بەخۆیەوە بینیوە”.

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئابووری هەرێمی كوردستان پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە و بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری دەستی پێكردووە، بەتایبەت دوای ڕاگەیاندنی كارنامەی حكومەتی نوێ و دوو كۆبوونەوەی كابینەی نۆیەم بە تایبەت ئەو بڕیارانەی دەركراوە.

وتیشی، “ئێمە دەمانەوێت ئەوەی لەكارنامەكەدا هاتووە بخرێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و جومگە سەرەكیەكانی كەرتی ئابووری هەرێم، كە فاكتەری یەكەمی كەرتی تایبەتە و لە كارنامەكەیدا هاتووە بەرجەستە بكرێت، بۆیە هیواش هێواش بەهۆی ئەو دۆخەی ناوچەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت هەرێم ئارامیەكی باشی تێدا بەرقەرار بووە، چەند سەرمایەدارێكی دونیا ئاوڕیان داوەتەوە و گەڕاونەتەوە هەرێم”.

ڕاشیگەیاند، ئێمە چاوەڕێین پلانەكانی حكومەت لە ڕێگەی وەزارەتەكانیەوە ئاشكرابن، تا لە ڕێگەی ئەو پلانانەوە ژێرخانی ئابووری هەرێم زیاتر ببوژێتەوە، ئێمە ئاگامان لێیە لەمانگی حەوتی پارەوە تا مانگی حەوتی ئەمساڵ گوزەرانی خەڵكی كوردستان و ئابووری كوردستان و پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت باشتر دەبن.

ئاشكراشیكرد، لە حەوت مانگی ئەمساڵدا چ لە هەلی كار و چ لە دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانی بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان 15 بۆ 20% جوڵانەوەی بەخۆوە بینیوە و بەپێی ئەو بەرنامانە بێت بە ئێمە دەگات و ئەوەی لە وەزیرەكان بیستومانە لەم نزیكانەدا لە ڕووی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان هەرێمی كوردستان گەشەیەكی باش دەكات.

ئابوری

ئەمڕۆ مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

بەپێی خشتەیەك كە لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە بەشێوەیەكی فەڕمی بڵاوكراوەتەوە، ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی چەند وەزارەت و دەزگا و بەڕێوەبەرایەتییەك دابەش دەكرێت.

بەپێی خشتەكە ئەمڕۆ مووچەی هەریەك لە وەزارەتی داد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامە، لیوای نەوت و گاز، هێزەكانی زێرەڤانی، پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتن، دەزگای ئاسایش، ئەنجومەنی ئاسایش دابەش دەكرێت.

دابەشكردنی مووچەی ئەو شوێنانە دوای ئەوەدێت، كە چارەنوسی سێ‌ مووچەی ئەمساڵ بە نادیاری ماوەتەوە و نازانرێت دابەشكردنی مووچە لە ساڵی داهاتوودا بەردەوام دەبێت یان پاشەكەوتی مووچە دەستپێدەكاتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

حكومەت بۆ وەرگرتنی پارە لەسەر بەستنی پێوەر و نرخی كارەبا بڕیارێكی ئاشكراكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە نرخی بەستنی پێوەری زیرەك و پارەی كارەبا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و دەڵێت: “دەتوانرێت 20 كاتژمێر كارەبا بدرێتە هاووڵاتیان”.

كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، دانانی پێوەری زیرەك بێ بەرامبەر دەبێت و نرخی كارەباش زیاد ناكرێت.

وتیشی، “دانانی پێوەری زیرەك بۆ 1 ملیۆن و 562 هەزار و 515 هاوبەشی كارەبا كارێكی ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئەو پڕۆژەیە زۆر جدیین و جێبەجێی دەكەین”.

ڕاشیگەیاند، “ئێستا 3 هەزار و 400 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنرێت و خواست لەسەر كارەبا بۆ 4 هەزار مێگاوات بەرزبۆتەوە، بۆیە بەو بڕە كارەبایە بەتێكڕا دەتوانرێت 20 كاتژمێر كارەبا بدرێت بە هاوبەشانی كارەبا”.

وەزیری كارەبا دەشڵێت: “350 مێگاوات كارەبا دەدرێتە مووسڵ، بۆ كەركوك-یش 100 مێگاوات، بۆ كارگەكانیش 350 مێگاوات كارەبا دابین كراوە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بە وێنە؛ پێگەیشتنی هەنار لە دەڤەری باڵەكایەتی

خەڵك-
لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز بەروبوومی هەنار پێدەگات، كە میوەیەكە چەندین سوودی پزیشكی و بەهای خۆراكی هەیە و هاووڵاتیانیش بە تامەزرۆییەوە دەیكڕن.

بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆییەوە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بڕیاریداوە هاوردەكردنی ئەو میوەیە لە دەرەوە ڕابگرێت تاوەكو بەرهەمی جوتیاران بفرۆشرێت و ڕەنجیان بەفیڕۆ نەچێت و داهاتێكی باشیان دەست بكەوێت.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) لە ئێستادا لە بازاڕەكانی هەرێم كیلۆیەك هەنار بەپێی جوانی و خۆشی تامەكەی لەنێوان 500 دینار تا 1500 دیناردایە.

وێنەكان: شارەدێی قەسرێ لە شارۆچكەی چۆمان

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان