ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

ڕاوێژكاری  مەسعود بارزانی بۆ خەڵك: كەركوك دەگەڕێتەوە باوەشی كوردستان

خەڵك-ئەحمەد مەحمود
ڕاوێژكاری ڕۆژنامەوانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هیوایەكی گەورەی هەیە بە گەڕانەوەی شاری كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ ئامێزی هەرێمی كوردستان، بەپێویستیشی دەزانێت حكومەتی فیدڕاڵ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات تا ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو ناوچانە بگڕێتەوە.

كیفاح مەحمود، ڕاوێژكاری  ڕۆژنامەوانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا بۆ (تۆڕی میدیایی خەڵك) ڕایگەیاند، “پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو ئەو ئیئتیلاف و هاوپەیمانییە عیراقیانەوە نزیكە، كە بەئاراستەی پاراستنی مافەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێم كوردستان كاردەكات و دەیەوێت پارێزگاریی لە دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بكات”.

خەڵك: بڕیارە بەم نزیكانە پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست دەستپێبكات، هەڵوێستی پارتی چییە؟
كیفاح مەحمود: پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی لە هەموو ئەو بڕیارانە دەكات، كە لەلایەن دادگای فیدراڵەوە لەو بارەیەوە دەردەكرێن و لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ هەموو ئەو هەنگاوانەدایە، كە متمانەی هاوڵاتی بە پرۆسەی هەڵبژاردن پتەو دەكات، بۆیە پارتی پشتیوانی لە هەموو ئەو ڕێوشوێنانە دەكات، كە بۆ ئەو مەبەستە دەگیرێنەبەر.

خەڵك: ئایا هۆكاری سەرهەڵدانەوەی داعش و تەقینەوەكانی ئەم دواییەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
كیفاح مەحمود: نەك تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵكو لای هەموو حزبە كوردستاییەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان ئەو ناوچانە، پێیان دەوترێت، ناوچە جێناكۆكەكان، بەو واتایەی، كە هێشتا یەكلایی نەكراونەتەوە و لە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوریدان، بۆیە چوونەدەرەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاسایش لەو ناوچانە، بووە مایەی دروستكردنی كەلێنێكی ئەمنی لەو ناوچانە و زیندووبونەوەی شانە نوستووەكانی داعش، لەم چەند مانگەی دوایشدا بینیمان، كە چۆنە ئەو شانە نوستوانە كەوتنەوە چاكی و دۆخی ئەمنی كەركوك و خانەقین و شنگال و ناوچەكانی تریان تێكدا.

خەڵك: هەڵوێستی پارتی لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك چییە؟
كیفاح مەحمود: بەگەڕكەوتنەوەی چەكدارە توندڕەوەكان لەدوای هاتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزە عیراقییەكان بوو بۆ ئەو ناوچانە، بۆیە بەبێ‌ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقییەكاندا كارنەكەن، ئاسایش و ئارامی فەراهەم نابێت، بەڵگەش بۆ ئەوە لە ساڵی 2003 و تا 17 ئۆكتۆبەر، ئەو ناوچانە ئاسایش و ئارامی تێیاندا بەرقەرار بوو، هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش توانیبویان پارێزگاریی لە ئاسایش و ئارامی و ئاشتی كۆمەڵایەتی ناوچەكان بكەن.
هەر حكومەتێك لە ئایندەدا پێكبهێنرێت و كار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 نەكات و چارەسەریی ڕیشەیی كێشەكانی ئەو ناوچانە نەكات، حكومەتێكی شكستخواردوو دەبێت.

خەڵك: ئایا كەركوك ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان؟
كیفاح مەحمود: ئەگەر حكومەتی بەغدا نیازی پاك بێت و بەشێوەیەكی ڕاستگۆیانە مامەڵە بكات، بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ كلتوری تەعریب و گۆڕانكاریی دیموگرافی لە ناوچەكە، كەركوك دەگەڕێتەوە باوەشی كوردستان و هاتنەدی ئەو هیوایەش نزیكە.

چاوپێکەوتن

عەدنانی حەمەی مینا: لیژنەیەكی هاوبەش لە یەكێتی و هاوپەیمانی دروستكراوە بۆ گەڕانەوەی كادیرەكانی هاوپەیمانی

خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵڵا

عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان یەكێتی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پێكهێندراوە بۆ گەڕانەوەی كادیرەكانیان بۆ نێو یەكێتی و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەكیان بگەڕێنەوە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) باسی كێشەكانی حزبەكەی كردووە و رونیكردۆتەوە، كە بەشێكیان چارەسەركراون و هەندێكی تریان ماونەتەوە.

سەبارەت بە كۆنگرەیش رەتیدەكاتەوە، هیچ كەسێك رێگری لە كۆنگرە كردبێت و دەڵێت”هەلومەرجی كوردستان و كێشەكانی یەكێتی رێگرن و ئومێد دەكەين یەكێتی لە داهاتوودا كۆنگرە بۆ بەهێزبونەوە و یەكگرتنەوە بكات، نەك بۆ پشتگوێخستن”.

خەڵك: بەگشتی دۆخی یەكێتی چۆنە، بەتایبەتی دوای بەدەستهێنانەوەی ژمارەیەكی زۆری كورسی، هەرچەندە بۆچونێكیش هەیە، كە یەكێتی هەروەكجارانە و گۆڕانكاری ئەوتۆی تێدا نيیە و سەركەوتنەكەی راستەقینە نيیە؟

عەدنانی حەمەی مینا: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رابردوویەكی گەش و پرشنگداری هەیە. ئێمە حزبێكی سیاسین و لە دەسەڵاتیشداین، لەوانەیە لە ماوەی رابردوودا كێشە و كەموكورتیمان هەبوبێت، یان بەهۆی هەندێك بارودۆخی نەخوازراوەوە، لە ئەنجامی هەندێك بیركردنەوەوە. ئەو بۆچونانەیشی جەنابت باسیان دەكەیت، بەهۆی هەڵكشان و بەخۆداچونەوەی یەكێتییەوە دروستبوون، یەكێتی بەرنامەیەكی تازەی هەیە و خۆی رێكخستۆتەوە، ئەو هۆكارانەیشی كە پێشتر گرفت و كێشەیان لای هەندێك لە هەڤاڵەكانمان دروستكردبوو، ئەگەر نەڵێم هەمووی، بەشێكیان چارەسەركراون و هەوڵیش دەدرێت بچینەسەر شارێگای خۆمان و تەنها و تەنها بەرژوەندییەكانی یەكێتی و گەل لەبەرچاو بگرین و پێموایە لە داهاتوودا یەكێتی باشتر باوەش بۆ تێكۆشەرەكانی دەكاتەوە.

خەڵك: پەیوەندیتان لەگەڵ حزبە سیاسییەكان و بەتایبەتی لەگەڵ پارتی لەچی ئاستێكدایە، بەتایبەتی لەماوەی رابردوودا جۆرێك لە گرژی دروستبوو؟

عەدنانی حەمەی مینا: دەكرێت بەجۆرێكی تر باسی ئەم بابەتە بكەین، پێگە و مەوقیعی حزبەكان لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە، هەموو ئەو حزبانەى كوردستان بوونیان هەیە و پێویستە بەپێی پێگەیان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت. پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی سیاسیە و ژمارەیە لە گۆڕەپانەكەدا و پێگەی هەیە، ناتوانرێت پێگەی پارتی لەبەرچاونەگیرێت، ئەگەر پارتیش نەبێت، هەر حزبێكی تریش بێت، تا ئاشتەوای و پێكەوەژیانیش هەبێت، لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە.

 پارتی حزبێكی سیاسيیە و ژمارەیە لە گۆڕەپانەكەدا و پێگەی هەیە، ناتوانرێت پێگەی  لەبەرچاونەگیرێت 

عەدنانی حەمەی مینا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

خەڵك: بەرهەم ساڵح چۆن و بۆچی گەڕایەوە بۆ نێو یەكێتی؟

عەدنانی حەمەی مینا: مێژوو و خەباتی د.بەرهەم، مێژووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، ئەگەر تێبینیت كردبێت لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، د.بەرهەم هیچی خراپی لەسەر یەكێتی نەوت، بەڵكو بەردەوام بە شانازییەوە باسی مێژووی یەكێتی دەكرد، بۆیە سروشتییە د. بەرهەم لەگەڵ یەكێتی گرفتی هەبوبێت و پاشان زەمینەیەك هاتووەتە پێشەوە و لەو گۆشەیەوە د. بەرهەم گەڕایەوە نێو یەكێتی، چونكە لە نێو یەكێتییدا ئاراستەیە هەبوو، لەچوارچێوەی یەكخستنی ماڵی یەكێتی.

خەڵك: بەڵام بۆچونێك هەیە بەپێچەوانەی ئەو قسانەی بەرێزتەوە، دەڵێت یەكێتی نەیتوانی كەسێكی شیاو بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات، ناچاربوون بە گەڕانەوە بەرهەم ساڵح؟

عەدنانی حەمەی مینا: ئەو بۆچونە زۆر ناتەواوە، چونكە پێش كاندیدكردنیشی گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان، ئەو بڕیارە زادەی 24 كاتژمێر نەبوو. د.بەرهەمیش كەسێكی شیاوە و یەكێتیش دوای گەڕانەوەی د.بەرهەم، ئەوی بەباشترین كاندید زانیووە.

 

خەڵك: پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ قەوارەی هاوپەیمانی لەچ ئاستێكدایە، دەوترێت هەوڵدەدەن بۆ گەڕانەوەی بەشێكی تر لە كادیرەكانیان كە پێشتر یەكێتی بوون؟

عەدنانی حەمەی مینا: لەوانەیە بەشێك لەو كادیرانە لەگەڵ د.بەرهەم بگەڕێنەوە، لە مەكتەبی رێكخستن و هاوپەیمانی لیژنەیەكی هاوبەش دروستكراوە، كار لەسەر ئەوەدەكەن، ئەوانەی كە پێشتر یەكێتی بوون، بگەڕێنەوە، هەروەها خەڵكیان هەیە یەكێتی نەبوون و دێنە نێو یەكێتی یان لەوانەیە خەڵكیشیان تێدایە نەیانەوێت ببن بە یەكێتی.

خەڵك: یەكێتی وەك حزب مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانی دەكات؟

عەدنانی حەمەی مینا: من ناتوانم ئەو قسەیە بكەم ئێستا، هاوپەیمانی قەبارەی چەندبێت بەو شێوەیە، هاوپەیمانی خۆی قەوارەیەكە و قەوارەكە هەیە، نە بەدەست یەكێتییە و نەبەدەست خەڵكی ترە، كە بمێنێت یان نەمێنێت، بچوك بێت یان گەورەبێت، ئەوە رۆژگار دەری دەخات.

خەڵك: زۆرجار باس لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی دەكرێت، ئەو كێشانە چارەسەركراون یان وەكخۆیان ماونەتەوە؟

عەدنانی حەمەی مینا: یەكێتی نەیشاردۆتەوە و یەكێتی بەردەوام كێشەكانی ئاشكرایە، حزبێكی شەفافە و كێشەی هەبووە، برادەرانی سەركردایەتی نەمانشاردۆتەوە و كێشەمان هەبووە، هەوڵدراوە ئەو هۆكارانەی بونەتەمایەی ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن.

خەڵك: هەوڵدراوە، یانى چارەسەرنەكراون؟

عەدنانی حەمەی مینا: هەوڵدراوە و بەشێكیان چارەسەركراون، بەشێكیشیان ماون و هەمووی بەخێرای و لە كون فەیەكونێكدا چارەسەرناكرێن.

 یەكێتی بەردەوام كێشەكانی ئاشكرایە، حزبێكی شەفافە و كێشەی هەبووە، برادەرانی سەركردایەتی نەمانشاردۆتەوە و كێشەمان هەبووە 

خەڵك: زۆرجار باسی كۆنگرە دەكەن، هەمووتان بەگرنگی دەزانن، بەڵام دوای چەند ساڵێك بەسەر تێپەڕبوون بەسەر كاتەكەیدا هێشتا نەكراوە، بۆچی كۆنگرە ناكرێت و لەمپەرەكانی چین؟

عەدنانی حەمەی مینا: كۆنگرە بۆ هەر حزبێكی سیاسی زەرورەتێكی حەیاتییە، دەبێت كۆنگرە ببەسترێت لەكات و ساتی خۆیدا. كۆنگرەش هەمیشە بۆ نوێبونەوەی حزبە، بۆ دانانی بەرنامەی گونجاوە لەگەڵ واقیعدا بگونجێت، بەشێكی كەمیشی تەرخان دەكرێت بۆ ئەوەی سەركردایەتییەكی تر هەڵبژێرێتەوە، جا سەركردایەتییە، كۆن بێت، كۆن و نوێ‌ بێت، یان هەمووی نوێ‌ بێت، بۆیە یەكێتیش بەهۆی ئەو كێشانەی جەنابت باستكرد كۆنگرەی نەبەستووە، چونكە كاری لەپێشینەی هەبووە، وەك شەڕی داعش، كێشەمان لەگەڵ عێراق، قەیرانی دارایی، كاریگەریان لەسەر یەكێتی هەبووە، ئومێد دەكەین لە داهاتوودا كۆنگرەیەكی گونجاو ببەستێت، بۆ پشتگوێخستن نەبێت، بەڵكو بۆ یەكێتی ناو یەكێتی بێت.

خەڵك: دەوترێت چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی رێگرن لە بەستنی كۆنگرە؟

عەدنانی حەمەی مینا: من ئەو بۆچونەم نیيە، بەڵكو واقیعی ناو یەكێتی وایخواستووە و بۆ ئەوەی رێگری لە گەورەبوونی كێشەكانی یەكێتی بكرێت، لەگەڵ ئەو هۆكارانەی كە پێشتر باسمكردن پێكەوە رێگری بەستنی كۆنگرەبوون، یەكێتی پێیوابووە ئەگەر كۆنگرە بەو شێوەیە بكرێت، لەوانەیە زیانی لێبكات. هەموو لایەنێكی سیاسیش بیر لە قازانج زیاتر دەكاتەوە، لەوانەیشە هەندێك شتی تایبەتیشی تێكەڵاو كرابێت، بەڵام لای زۆرینەی یەكێتی كۆنگرە بۆ بەهێزكردنە.

 بەشێكی كەمی كۆنگرە تەرخان دەكرێت بۆ ئەوەی سەركردایەتییەكی تر هەڵببژێرێتەوە، جا سەركردایەتییەكە، كۆن بێت، يان كۆن و نوێ‌ 

عەدنانی حەمەی مینا گفتووگۆ لەگەڵ ئەحمەد عەبدوڵڵا رۆژنامەنووسی (خەڵك)دا دەكات

خەڵك: بابەتی بەشداری یەكێتی لە حكومەتدا زۆر باس دەكرێت، چۆن لەو بابەتە دەڕوانن و هیواخوازن حكومەتی داهاتوو چۆن بێت؟

عەنانی حەمەی مینا: هیوادارم كابینەی خزمەتكردنی خەڵكی بێت و داهاتەكەی بۆ خزمەتی خەڵك بێت، هیوادارم ئەو داهاتەی هەیەتی بخاتەخزمەتی خەڵكەوە و دەرسمان لە هەڵەكان وەرگرتبێت و بە قەدەر بەڕەكەی خۆمان پێمان رابكێشین.

خەڵك: یەكێتی بەشداری حكومەتی داهاتوو دەكات و باستان لە وەرگرتنی هیچ پۆستێك كردووە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی؟
عەدنانی حەمەی مینا: یەكێتی بەفەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنی قبوڵ كردووە، حزبی دووەمە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان. چۆنیەتی بەشداریكردنی بەندە بەو گفتوگۆیانەی كە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێن.

خەڵك: لە ماوەی رابردوو بەرپرسی چەند مەڵبەندێك گۆڕان و دەوترێت پەیوەندی بە ململانێی نێو یەكێتییەوە هەبووە، بەرێزیشت یەكێك بوویت لەو بەرپرسانی لە پۆستەكەدا نەمایت یان خۆت وازت هێنا؟

عەدنانی حەمەی مینا: لە كۆبونەوەی سەركردایەتی لە هەولێر پێش ئەوە داوام كرد ناچمەوە بۆ ئەوێ‌ و برادەرێكی تر دابنێن. بەنسبەت گۆڕینی بەرپرسی مەڵبەندەكانی چەمچەماڵ و گەرمیانیشەوە، ململانێ نيیە، مەڵبەندی گەرمیان ئەندامێكی سەركردایەتیان بۆ ناردووە و بەرپرسەكەی پێشوویش تێكۆشەرێكە و كاری زۆری كردووە.

خەڵك: بەڵام لەوكاتەدا وابڵاوكرایەوە، كە بەرێزت ئامادەنەبویت تەقە لەخۆپیشاندەران بكەیت و دەستتلەكاركێشاوەتەوە، ئەو كاتەی خۆپیشاندەران لە رانیە ویستیان مەڵبەند بسوتێنن؟

عەدنانی حەمەی مینا: ئەو كاتە من نەخۆش بووم، كە من چووم رووداوەكە روویدابوو، ئێستایش هەمان شت دەڵێمەوە و خوێنی گەنجێك لای من گرنگترە لە بارەگایەك، ئەو شەوە بەیاننامەیەكم بڵاوكردەوە و یەكێتی بۆ ئەوە دروستبووە لەسەنگەری خەڵكدا بێت، نەك تەقە لە خەڵك بكات.

خەڵك: لە ماوەی رابردوودا لیژنە دروستكرا، بۆ چاكسازی لە نێو حزب و حكومەتدا، بەڵام لیژنەكان هیچیان پێنەكرا، بەرپرسێكی یەكێتی وتی مەكتەبی سیاسی رێگربوون؟

عەدنانی حەمەی مینا: ئەندامی لیژنەی گۆڕانكاری لە حكومەت بووم، بڕیارمان نەبووە دەموچاو بگۆڕین، بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی بووە، هەروەها ئەگەر بەبەڵگە بەرپرسێك شتی لەسەر سەلمێندرا، ئەوا كەسێكی شیاو دابنرێت، بەڵام هەندێكی نەكرا.

خەڵك: مەكتەبی سیاسی رێگر نەبوون؟

عەدنانی حەمەی مینا: نەمبیستووە.

خەڵك: لە ماوەی رابردوودا گلەيی زۆر لە چەند بەرپرسێكتان كرا، دەوترێت ناتوانرێت ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی بگۆڕدرێن؟

عەدنانی حەمەی مینا: نا وانيیە، ئەگەر حزبێك نەتوانێت چەند بەرپرسێك بگۆڕێت بۆچی حزبایەتی دەكات، بەڵام ناكرێت ئەگەر من كەسێكم پێ قبوڵ نەبوو، بڵێم بیگۆڕن و بگۆڕدرێت، پێشتر جەنابت پرسیارت كرد، كە گۆڕانكاری كراوە و ململانێ‌ بووە، ئێستا دەڵێت ناتوانێت چەند كەسێك بگۆڕێت، ئەگەر بیگۆڕە ململانێی و ئەگەر نەیگۆڕێت، ناتوانێت بیگۆڕێت!

خەڵك: بیستومە لە ناو گۆڕانكارییەكان لە هێز پێشمەرگەدا، لەوانەیە بەرێزت پۆستێكی باڵای سەربازی وەربگرێت؟

عەدنانی حەمەی مینا: نەمبیستووە، من كادیری یەكێتیم، چاوم لە پۆست و پلە نەبووە و یەكێتی لە هەر شوێنێك پێویستی بە من بێت لەوێ‌ دەبم.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

ئارام قادر: ئەوەی بەرامبەر هاوپەیمانی دەكرێت، سیناریۆی هەڵبژارنە‌و بۆ شەرعیەتدانە بە ساختەكاری

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

ئارام قادر ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە دیمانەیەكی تایبەتی (خەڵك) دا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان واقیعی سیاسی و جوگرافیای سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت، ئاشكراشیكرد، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان چاوەروان نەكراو دەبێت و خەڵك تووشی شۆك دەكات بەتایبەت لایەنە سیاسییەكان.

خەڵك: لە ئێستادا دەتانەوێ بەشێوازی پێشوو درێژە بە هاوپەیمانی بدەن یاخود بەشێوازێكیتر و گۆڕانكاری دروست بكەن؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی بریتییە لە پڕۆژەیەكی فیكری سیاسی، دیدگایەكی نوێیە لە كاری سیاسی، بریتییە لە كلتورێكی تازە لە نەریتی سیاسی، هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت هەرچەندە سەرۆكی هاوپەیمانی گەڕاوەتەوە نێو یەكێتی، بەڵام بەدڵنیاییەوە هاوپەیمانی لەبەر ئەوەی كۆمەڵێك خەڵكی پاشخانی جیاوازی تێدا بووە هەموو كۆبونەتەوە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە مەدەنییە كە لە چوارچێوەی بزاڤێكی كۆمەڵایەتی مەدەنیدا خۆی دەبینێتەوە، ئێمە درێژە دەدەین بە خەباتی سیاسی خۆمان لەو چوارچێوەیەدا و هیواو ئومێدمان وایە كە ئەم پڕۆژەیە فراوان بكەین و بەهێزتری بكەین لە داهاتوودا، چونكە ئێمە ئەم پرۆژەیە بە تاكە چارەسەر دادەنێین، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لەسایەی ئەو حزبانەی كە ئێستا لە هەرێمدا كار دەكەن هەمیشە هەوڵیان داوە ناكۆكیەكان قوڵ بكەنەوە، بەڵام گوتاری هاوپەیمانی دەیەوێت ناكۆكییەكان بگۆڕێت بە راجیایی ‌و را جیاجیاكانیش ببێتە ململانێی سیاسی، نەك ناكۆكی و قوڵكردنەوەی را جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان.


خەڵك: بەهەمان دیدگای پێشوو بەردەوام دەبن؟
ئارام قادر: بە هەمان دیدگا بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین ئەو دیدگایانەش دەوڵەمەندتر بكەین، چونكە پێشبینی دەكەین هەرێم بەرەو قەیرانی گەورەتر و قوڵتر دەڕوات، بەداخەوە ئەویش لەسایەی ئەو حوكمڕانییەی ئێستا هەرێم بەڕێوەی دەبات كە كۆمەڵیك قەیرانی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە لە رووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە كە ئەوەش دەخوازێت ئێمە بیر لە چارەسەرێكی جددی بكەینەوە، لەو بڕوایەداین ئەو دیدگاو بیروبۆچونەی هاوپەیمانی بە فاكتەری سەرەكی دادەنرێت بۆ سەقامگیری هەرێمی كوردستان.

خەڵك: پێتان وایە ئەوەی باسی دەكەیت بتوانن فراوانی بكەن، لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح گەڕاوەتەوە نێو یەكێتی، یان گەڕانەوەی ناوبراو كاریگەری لەسەر كەسایەتی مەعنەوی هاوپەیمانی دروست نەكردووە؟
ئارام قادر: هەر هاودیدێك لە هاوپەیمانی بڕواتە نێو لایەنێكی تر یاخود بێئومێد بێت لەكاری سیاسی و وازی لێبهێنێت ئێمە پێی نیگەرانین، بەدڵنیاییەوە زیانیشی دەبێت، بەڵام هاوپەیمانی توانای ئەوەی هەیە ئەو زیانە چارەسەر بكات و ئەو برینە ساڕێژ بكات، چونكە ئێمە بە ئومێدەوە دەڕوانینە داهاتوو وە بنەمای هاوپەیمانیش بریتییە لەو تێروانین و دیدگایە كە پەیوەست نییە بە كەسایەتی و گروپێكەوە، بەڵكو بریتییە لە دیدگایەكی رۆشنبیری فیكری كە خەڵك پێویستی بەو دیدگا نوێیە هەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانین هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی كوردستان رزگار بكەین لەو بارودۆخە ناهەموارەی كە ئێستا تێیكەوتووە.

خەڵك: دەسەڵاتدارانی هەرێم كار لەسەر بردنی هاودیدان دەكەن، ئەمە كاریگەری لەسەر دواخستنی كاری سیاسی ئێوە ناكات؟
ئارام قادر: وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد زیانی دەبێت، بەڵام ئەوەش بەدیاردەیەكی سروشتی دەزانم، چونكە حزبە سیاسیەكانی كوردستان لە هەرێم ململانێی یەكتری دەكەن، ململانێیی ئەوە دەكەن لە ساحەی هەرێمی كوردستان زۆرترین ئەندام و لایەنگریان هەبێت، هاوپەیمانیش كۆمەڵێك دەستەبژێری جوان و بەهێزی هەیە بەتایبەت لەناو توێژی گەنجەكاندا، حزبەكانی تر دەیانەوێ سود لەو توانا و وزانە وەربگرن، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم كاتەدا زیاتر بریتییە لە كۆمەڵێك سیناریۆ كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووش دوبارە بوەتەوە، ئێستاش ئەوە سیناریۆی هەڵمەتی هەڵبژارنە بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان و بۆ شەرعیەتدانیشە بە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان.

خەڵك: پەیوەندیتان چۆنە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كار لەسەر بردنی هاودیدەكانتان دەكەن؟
ئارام قادر: ئێمە لە هاوپەیمانی بڕوامان بە دیالۆگی نیشتمانی هەیە، ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت ئێمە رەخنە نەگرین یان رازی بین لە تێڕوانین و بۆچونیان، بەڵكو دەمانەوێ لەجیاتی ناكۆكی، ململانێی سیاسی دروست ببێت لە چوارچێوەی ململانێی سیاسیدا، بەشێویەك هەر لایەنێك هەوڵ بدات كار و خەباتی خۆی بكات ‌و سیاسەتی خۆی پیادە بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئێمە ئاگاداری ئەوە بین كوردستان پێویستی بە قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان نییە بەڵكو پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانی و گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بخەینە سەر رۆخی سەقامگیری و ئەم بارە ناهەموارەی كە هاتووە چارەسەری بكەین.

خەڵك: دوو كورسییەكەی هاوپەیمانی لای ئێوە ماونەتەوە؟
ئارام قادر: ئەو دوو كورسییە بریتییە لە دەنگی دەنگدەرانی هاوپەیمانی و وەكو فراكسیۆنی هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وە نوێنەری هاوپەیمانی دەبن لە بەغدا.

خەڵك: سەرپشككراون لەسەر ئەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەگەڕێنەوە یان نا؟
ئارام قادر: ئەگەر هەر كەسێك بچێتە نێو لایەنێكی تر، كەسێكی تر دەچێتە شوێنەكەی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

خەڵك: هاوپەیمانی تاكە حزبە كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كردووە، ئەوەی دەخوێندرێتەوە دەوترێت رێكەوتنی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەكان و هاوپەیمانییە، لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح بڕیارەكەی داوە؟
ئارام قادر: نەخێر، پێش ئەوەی باسی سەرۆك كۆمار بكرێت، ئەو بڕیارە دراوە كە ئێمە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەكەین، ئەویش لە سۆنگەی ئەو قەناعەتەمانەوە بوو كە ئەمجارە ساخەتەكارییەكی زۆر زۆر گەورە دەكرێت لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێك دەرئەنجامەكانی چاوەڕوان نەكراوە و دەبێت و خەڵك تووشی شۆك دەكات بەتایبەت لایەنە سیاسییەكان، داواشمان لە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووش كرد بایكۆت بكەن، چونكە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرئەنجامێكە واقیعی سیاسی و جوگرافیای سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت، لەبەرئەوە بەشدارینەكردنی ئێمە لە هەڵبژاردن هیچ پەیوەست نییە بە پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار.

خەڵك: ئەو لایەنانەی باست كرد ئاگاداری ئەو دۆخەن كە ساختەكاری گەورە دەكرێت؟
ئارام قادر: بەدڵنیاییەوە ئاگادارن، چونكە ئێمە دووجار لەگەڵ كۆمسیۆن كۆبووینەوە و نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووش ئامادەبوون، بەڵام ئەوان بڕیارێكی سیاسیاندا كە بەشدار دەبن، ئێمەش پێمان باش بوو بایكۆتی بكەین و داواشمان لەوان كرد، بەڵام بەداخەوە ئەوان رای پێچەوانەیان هەبوو.


خەڵك: هاوپەیمانی لە رووی دارایی پشت بە چ لایەنێك و بوارێك دەبەستێت؟
ئارام قادر: ئێمە پێشتر پشتگیری مادیمان لەسەر دۆخی ناوخۆمان بوو، چونكە هاوپەپەیمانی یەكێك لە سیاسەتەكانی ئەوەیە كە كەمترین موچە خۆری هەیەو نامانەوێ نەریت و سیستمی حزبەكانی تر دووبارە بكەینەوە، كە زۆرترین موچەخۆریان هەیەو زۆربەی هاودیدانی ئێمە لەسەر بنەمای خۆبەخشی كار دەكەن و چالاكی دەكەن، ئەوەی موچە خۆرە رێژەكەی زۆر كەمە، جگە لەوەش نەمانویستووە بنكەو بارەگای زۆر دابنێن ئەم دوو فاكتەرە وایكردووە ئێمە خەرجییەكانمان كەم بێت، كە دەتوانرێت لە رێگای دۆست و هاوڕێكانمانەوە لە هەرێمی كوردستان پشتیوان و هاوكارمان بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەرجییە.

خەڵك: واتە بودجەیەكی دیاریكراوتان نییە؟
ئارام قادر: نەخێر بودجەیەكی دیاریكراومان نییە و داهاتی دیاریكراویشمان نییە، بەڵكو ئێمە زیاتر لەسەر كۆمەك و پشتیوانی دۆستەكانی هاوپەیمانی كار دەكەین.

خەڵك: هاوپەیمانی دەزگای میدیایی هەبوو، ماڵپەری خەندانیش هاتە نێو هاوپەیمانی و تەلەفزیۆنی خەندانیش كرایەو دواتر داتانخست، هیچ نەخشەیەكتان هەیە لەو بوارەدا؟
ئارام قادر: خەندان پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە نییە، بەڵام لە داهاتوودا نەخشەو بڕیارمان هەیە سەبارەت بە میدیای هاوپەیمانی.

خەڵك: باس لەوە دەكرێت كە لە ئایندەدا كۆبونەوەیەكی بەرفراوان بكەن كاتەكەی كەیە؟
ئارام قادر: كاتەكە دیاری نەكراوەو بڕیارمان داوە كۆبونەوەیەكی گشتی ئەنجام بدەین دوای هەڵبژاردنەكان، دەستەی بەڕێوەبردن دیاری دەكرێتەوەو رێكخستنەكان كارا دەكەینەوە.

خەڵك: لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆك دیاری دەكەن؟
ئارام قادر: لە كۆبونەوەكەدا یەكلادەكرێتەوە بۆچونەكان جیاوازە، ئایا یەك كەس دەبێتە سەرۆك یاخود دەستەیەك هاوپەیمانی بەڕێوەدەبەن.
خەڵك: زۆرترین چاو لەسەر ئێوەیە كە ببنە سەرۆكی هاوپەیمانی ئەگەر داواتان لێبكرێت دەبنە سەرۆكی هاوپەیمانی؟
ئارام قادر: جارێ زووە، ئێمە لە كۆبونەوە گشتییەكان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەرك و بەرپرسیارێتی پڕۆژەی هاوپەیمانیمان هەڵگرتووە كە هیواخوازین ئەو پڕۆژەیە بگەیەنینە ئامانجی خۆی و بیكەینە میكانیزمێك بۆ بەختەوەری هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

خەڵك: هەندێك لە هاودیدان بانگەشە دەكەن بۆ لایەنێكی تری سیاسی ئەمە رێكەوتنی سیاسییە یان رای كەسییە؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی قەوارەیەكی سەربەخۆیە و هەر كەسێك ئەو كارە بكات ئەوە دەرچوونە لە سیاسەت و بەرنامەی هاوپەیمانی و ئەو هەڵوێستەی هیچ پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە نییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

سیروان كوێخا نەجم: مەكتەبی سیاسی رێگەی نەدا چاكسازی لە نێو حزب و حكومەتدا بكرێت

خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵڵا

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، كە لە ماوەی رابردوودا دوو لیژنە دروستكراون بۆ چاكسازی لە نێو حزب و حكومەتدا، بەڵام مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە رێگریان كردووە و نەیانهێشتووە، بەوەش پرۆژە و راپۆرتەكانیان جێبەجێ‌ نەكراون.

سیروان كوێخا نەجم، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) باسی لەوەشكردووە، كە كۆسرەت رەسوڵ و چەند بەرپرسێكی دیكەی یەكێتی، هێزی تایبەتی خۆیان هەیە و نەخراونەتە چوارچێوەی هێزی 70ی یەكێتییەوە و رەتیشی دەكاتەوە، كە هێزی پێشمەرگە ببێتە هێزێكی نیزامی “ئەگەر تەجنید نەبێت”، چونكە تائێستاش لیوا و فەوجەكان بەناوی فەرماندە و بەرپرسەكانیانەوە دەناسرێن.

ناوبراو هەر لە چاوپێكەوتنەكەدا ئەوەشی وتووە، كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هەموو ئۆرگانەكانی ئەو حزبە شەرعیەتیان نەماوە، چونكە ماوەیەكی زۆر بەسەر ماوەی دیاریكراوی كۆنگرەدا تێپەڕبووە.

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

خەڵك: پێش ئەوەی پرسیارەكان دەستپێبكەم، كە هاتم بۆ مەڵبەند بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرێزتان، خەڵكانێكی زۆر لە نێو بینای مەڵبەنددا بوون، ئەو خەڵكە زۆرە كێن و بۆچی هاتوون بۆ ئێرە؟

سیروان كوێخا نەجم: پەیوەندی بە دوو هۆكارەوە هەیە، یەكەم: سەركەوتنەكانی یەكێتی، بەتایبەتی دوای پەرلەمانی عێراق. دووەم: پەیوەندی بە خۆمەوە هەیە، چونكە من خەڵكی ئەم ناوچەیەم “چەمچەماڵ” و سەرەتای پێشمەرگایەتیم لێرەوە بووە، بەرپرسی تیپەكانی 25 و 21 بووم، كە زۆربەی پێشمەرگەكان خەڵكی ئێرە بوون، هەروەها من كوڕی بنەماڵەیەكی ناسراوی ئەم سنورەم و پێشتر بەرپرسیارەتیم هەبووە، بەرپرسی مەڵبەند بووم و ماوەیەكیش قائیمقام بووم و بەرگریشم لە ناوچەكە كردووە و خەڵكیش ئێستا دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی ئاشتبێتەوە، لەبەرئەوەی پێشتر خەڵكمان لێ توڕەبوو و ئێستا ئەركمانە خزمەتی خەڵك بكەین.

سیروان كوێخا نەجم لەكاتی پێشوازیكردنی لە چەند لایەنگرێكی یەكێتی

خەڵك: بەڵام دۆخی چەمچەماڵ و دەوروبەری خراپە، لەرووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، هەرچەندە ئێوە حزبی باڵادەستن و حكومەتیش هەر لای ئێوەیە؟

سیروان كوێخا نەجم: ئەوە راستە، كاك قوباد لەماوەی رابردوودا هاتە ئێرە، داواكارییەكانمان بۆ بەرزكردۆتەوە، بەردەوامیش دەبین لە چاودێریكردن بۆ ئەوەی جێبەجێ‌ بكرێت. بەنیسبەت ئەمنیشەوە، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی قسەمان كردووە، پێش ئەوەی بەرێزت بێیت، هەر ئەمڕۆ كاك خەسرەو گوڵ محەمەد، لێرە بوو و باسی دروستكردنی هێزێكی ئەمنی تۆكمەمان كرد بۆ ئەوەی لە چەمچەماڵ جێگیر بكرێت و بۆ ئەوەی ئەوانەی لە یاسا هەڵهاتوون دەستگیریان بكەن.

خەڵك: دەوترێت ئەو كەسانەی لەیاسا هەڵهاتوون، حزبەكان داڵدەیان داون؟

سیروان كوێخا نەجم: ئاگاداری ئەوەنیم، بەڵام ئەوانەی لەم سنورەن، یەكێتین، پارتی، گۆڕان یان ئیسلامین، بەڵام بەنسبەت داڵدەدانەوە نازانم كێ داڵدەی داون.

خەڵك: بەشێوەی گشتی دۆخی یەكێتی چۆنە، چونكە هەندێك دەڵێن یەكێتی بەهێز بوەتەوە، كەمیش نین ئەوانەی پێیانوایە یەكێتی دۆخی خراپە؟

سیروان كوێخا نەجم: جیاوازی زۆر هەیە لە یەكێتی لە نێوان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوای ئەوە، زۆر كەس چاوەڕوانی ئەوە بوو، كە یەكێتی دوولەت بێت و بچوك بێتەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا، لایەنگرانی یەكێتی، بەشی زۆری ئەنجومەنی سەركردایەتی، كە توانیان یەكێتی بەهێزبكەنەوە.

خەڵك: تەنها پەیوەندی بە دەنگەكانی یەكێتییەوە هەیە، یان بابەتی تریش هەن؟

سیروان كوێخا نەجم: داینەمۆیەكی بەهێز لە نێو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا هەیە، كە تەنها خەمیان بەهێزكردنەوەیە، خەڵك هەن بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە، بەڵام زۆربەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەركیان بەهێزكردنەوەی یەكێتییە.

ژمارەیەك هەواداری یەكێتی سەردانی سیروانی كوێخا نەجم دەكەن

 

 نەك ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵكو هەموو ئۆرگانەكان شەرعیەتیان نەماوە 

خەڵك: بەڵام زۆربەی بەرپرسانی یەكێتی و كادیرەكانتان دەڵێن، ئەنجومەنی سەركردایەتی شەرعیەتی نەماوە، هەروەها دەڵێن، ئەو بەرپرسانە هۆكاری شكستەكانی یەكێتی بوون لە رابردوودا، چۆن گۆڕان و ئێستا بوون بەوانەی كە یەكێتی بەهێز دەكەنەوە؟

سیروان كوێخا نەجم: راستە شەرعییەتیان نەماوە، چونكە كاتی كۆنگرە زۆری بەسەردا تێپەڕبووە، خۆمان وتمان ئەگەر كۆنگرە نەكرێت، ئۆرگانەكان شەرعیەتیان نامێنێت، ئێستاش نەماوە، نەك ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵكو هەموو ئۆرگانەكان شەرعیەتیان نەماوە، بەڵام ناشكرێت بچینەوە بۆ ماڵی خۆمان، پێویستە تا كۆنگرە سەركردایەتی بكرێت، پاشان كۆنگرەیەكی بێ‌ فرت و فیڵ بكرێت و زۆربەی كێشەكانی چارەسەر بكات.

خەڵك: هەمووتان تەئكید لە كۆنگرە دەكەنەوە، بەڵام ناتوانن كۆنگرە ببەستن، بۆچی؟

سیروان كوێخا نەجم: گروپێك هەن لە نێو یەكێتیدا نایانەوێت كۆنگرە بكرێت، كۆنگرە بە مەترسی دەزانن لەسەر خۆیان و نایەڵن كۆنگرە بكرێت و دەیانەوێت بەجۆرێك بێت، كە دورە لە مەفاهیمی حزبی.

خەڵك: ئەوانەی بەرپرسی باڵای یەكێتین؟

سیروان كوێخا نەجم: بەڵێ بەرپرسی باڵایان تێدایە و بەرپرسی خوارەوەش، ئەمانە لە خۆیان دەترسن دەرنەچنەوە لە كۆنگرەدا.

خەڵك: یەكێتی و پارتی بەهاوبەشی گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ بەغدا و لە كوردستانیش نزیكبونەتەوە، دەوترێت زۆربەی لایەنگرانی یەكێتی حەزناكەن حزبەكەیان نزیكبێت لە پارتییەوە، بۆچونی بەرێزت لەمبارەوە چیە؟

سیروان كوێخا نەجم: هیچ حزبێك ناتوانێت بەتەنها لە كوردستان بژی. لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، حزبەكانی سنوری ئێمە پەنجەی تاوانیان بۆ ئێمە درێژكرد و پەیوەندییە حزبییەكان تێكچوون. ئێمە لەگەڵ كاك شێخ لاهور و برایانی ترمان هەوڵێكی زۆرماندا بۆ نزیكبونەوە لەگەڵ گۆڕان و كاك بەرهەم و وەفدی هەردوولاشمان یەكتریان بینینی و ئێستاش پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان بەرەو ئاسایبونەوە دەچێت.

خەڵك: سەرچاوەی ئەو گفتوگۆیانە داوای لێبوردنەكەی یەكێتی بوو لە گۆڕان، وایە؟

سیروان كوێخا نەجم: ئێمە ستەممان لە گۆڕان كرد، لەگەڵ كاك كۆسرەت، كاك بەختیار و برادەرانی مەكتەبی سیاسی قسەمان كرد و وتمان ئەگەر بەداوای لێبوردنێك چارەسەر بكرێت، بۆچی نەیكەین و لەگەڵ گۆڕان ئاشتبینەوە، لەكاتێكدا ئێمە و ئەوان لە یەك دایك لەدایكبووین و لە یەك قوتابخانەی سیاسی پەروەردە بووین و لەیەك سنورین و كادیرەكانمان خزم و برادەری یەكترن، كاك لاهوریش رۆڵی بنەڕەتی هەبوو و پاشان لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان قسەمان كرد و دانیشتین و دۆخەكە خاوبوەتەوە.

خەڵك: هەمان بۆچونیشتان بۆ هاوپەیمانی دیموكراتی و دادپەروەری هەیە، مەبەستم دەتانەوێت لەوانیش نزیكببنەوە؟
سیروان كوێخا نەجم: بەڵێ‌، دەمانەوێت لەگەڵ ئەوانیش هاوپەیمان و دۆست بین.

خەڵك: دەوترێت هەوڵێك هەیە لە نێو یەكێتیدا بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح؟

سیروان كوێخا نەجم: بەفەرمی نییە، بەڵام لابەلا هەیە، پێمانخۆشە بێتەوە نێو یەكێتی و كاتی خۆشی هەوڵماندا یەكێتی جێنەهێڵێت.

خەڵك: ئەی بەنسبەت هەڵبژاردنەوە یەكێتی چ دەكات، بەتایبەتی دەوترێت یەكێتی حەزدەكات هەڵبژاردن نەكرێت؟

سیروان كوێخا نەجم: ئێمە ناترسین كە كورسی كەمبهێنین، یان خۆمان ئامادەنەكردووە، كۆمەڵێك هۆكاری دیكە هەن، لەوانە پێكنەهێنانی حكومەتی بەغدا و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ بەغدا، هەرچەندە ناتوانین ئەوەش بكەین، چونكە بەغدا گەرەنتی هیچ ناكات و پێویستە لایەنی سێهەم هەبێت بۆ جێبەجێ‌ كردنی داواكارییەكان. هەروەها لیستی دەنگدەران لیستێكی باش نییە، پڕە لە خەڵكی دەرەوەی هەرێم و مردوو، پاشان یاسای یەك بازنەی تەنها لەقازانجی یەك حزبە و پێویستە هەموویان بگۆڕدرێن. ئەمەش تەنها بۆچونی ئێمە نییە، بەڵكو هی هەموو حزبەكانی تریشە، بەڵام ئێمە بەدەنگی بەرز دەیڵێن.

خەڵك: نزیكەی ساڵێك تێپەڕبووە و هێشتا یەكێتی پارێزگاری كەركوكی دیارینەكردووە، لە نێوخۆدا رێكناكەون، یان هۆكاری دیكە هەیە؟

سیروان كوێخا نەجم: دوای رووداوەكانی ساڵی رابردوو، پارتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بردە هەولێر و دەستی بەسەرداگرتن و رێگری دەكات كە پارێزگارێكی نوێ‌ هەڵبژێرن. دكتۆر نەجمەدین فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، پارێزگار نەما، بەڵام پارتی رێگری كرد، ئێستاش ئێمە وەك سەركردایەتی كەركوك لە نێو یەكێتیدا، هەموو بەرپرسانی یەكێتیمان ئاگادار كردۆتەوە، كە حەق نییە هیچ رێكەوتنێك لەسەر بەغدا بكرێت، ئەگەر بابەتی كەركوك یەكلایی نەكرێتەوە.

 

پارتی حزبێكە بەردەوام بە سیاسەتی”بەشەكەی خۆم بۆ خۆم بەشەكەی تۆش دەخۆم” رەفتار دەكات 

خەڵك: باسلەوەكرا، كە پارتی داوای پۆستی پارێزگاری كەركوكی كردبێت بەرامبەر سەرۆك كۆماری بۆ یەكێتی، ئێوە چۆن لەو بابەتە دەڕوانن؟

سیروان كوێخا نەجم: پارتی حزبێكە بەردەوام بە سیاسەتی”بەشەكەی خۆم بۆ خۆم بەشەكەی تۆش دەخۆم” رفتار دەكات، ئەوە سروشتی ئەو حزبەیە، پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە بەغدا و كوردستانەوە نییە، بەڵكو بەپێی كورسییەكانی كەركوكە دابەش دەكرێت. سەرۆك كۆماریش، ئێمە بۆچونێكمان هەیە، كە سەرۆك كۆمار وەرنەگرینەوە و لەبری ئەوە چەند وەزارەتێك وەربگرین، چونكە لەدوای مام جەلال هیچ سودێكمان لە سەرۆك كۆمار نەبینیوە، نە كورد سودی بینیوە، نە یەكێتی.

خەڵك: ئەو بۆچونەیش هەیە كە دەوترێت خۆتان ناتوانن كەسێك كاندید بكەن؟

سیروان كوێخا نەجم: نا ئەوە دورە لە راستییەوە.

خەڵك: لە ماوەی رابردوودا مەلا بەختیار وتی” هێزی چەكدار لە نێو یەكێتیدا دروستكراوە” و پێویستە لە كۆنگرەدا چارەسەر بكرێت، هێزی چەكدار لە نێو یەكێتیدا دروستكراوە بۆ چەند بەرپرسێك؟

 

كاك كۆسرەت دوو لیوای هەیە، بەڵام رێكنەخراونەتەوە لە نێو هێزی 70 دا  

سیروان كوێخا نەجم: لە ماوەی رابردوودا، ئەو هەڤاڵانەی دەبونە سەرۆكی حكومەت، یان جێگر یان فەرماندەی پێشمەرگە هێزی خۆیان هەبوو، لیوا و فەوجیان هەبوو، كاك كۆسرەت دوو لیوای هەیە، بەڵام رێكنەخراونەتەوە لە نێو هێزی 70 دا.

خەڵك: باسلەوە دەكرێت، مەلا بەختیار خۆشی هێزی هەبێت؟

سیروان كوێخا نەجم: نەمبیستووە، تەنها پاسەوانەكانی خۆی دەبینم، بەڵام كاك كۆسرەت هێزی هەیە.

خەڵك: ئێوە باس لە دروستكردنی حكومەتی یاسا و دامەزراوەیی دەكەن و لە نێو حزبەكەشدا هێزی سەربازی هەیە، لە ئەنجومەنی سەركردایەتی باسی دروستكردنی هێزی نیزامیتان نەكردووە؟

سیروان كوێخا نەجم: لە نێو كورددا هێزی نیزامی دروستناكرێت، ئەگەر بە سەربازی نەكرێتە ناچاری “تجنید”، چونكە تائێستاش هێزەكان بەناوی فەرماندەكانیان و حزبەكانیانەوە دەناسرێن و ناشبن بە نیزامی.

خەڵك: لە ماوەی رابردوودا بەرپرسی چەند مەڵبەندێك گۆڕان، بەرێزت یەكێك بوویت لەوانە لە سۆرانەوە گەڕایتەوە، دەوترا بەهۆی بەهێزبوونی باڵی ئێوەوە بووە؟

سیروان كوێخا نەجم: لە نێو ئەنجومەنی سەركردایەتیدا دوو لیژنە دروستكران، بۆ چاكسازی لە حزب و حكومەت، لیژنەكەی حكومەت، حاكم قادر سەرۆكی بوو، منیش ئەندام بووم، راپۆرتی حزب پێشخرا، وتمان چاكسازی دەبێت لەسەرەوە بكرێت، مەكتەبی سیاسیمان هەڵوەشاندەوە، بەڵام نەیانهێشت مەكتەبی سیاسی تر هەڵبژێرینەوە، ئەوەیش یەكێتی توشی داڕزان و بێ‌ خاوەنیەك كرد، لە ناو حكومەت و حزبدا نەیانهێشت چاكسازی بكەین. ئەوان نەیانهێشت گۆڕانكاری بكەین، ئێمەش لەخوارەوە نەمان كرد و هەندێكی تر كران، ئەوەش گۆڕینی بەرپرسی چەند مەڵبەندێك بوو، گۆڕانكاری گەورە نەكرا و تەنها چەند گۆڕانكارییەكی دیاریكراو بوون، برادەرانی مەكتەبی سیاسی كە تێیاندایە لەوەتەی یەكێتی هەیە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییە رێگەیاننەداین، حزبیش هەبوو، رێگەیان نەدا ئەوان لابچن، چونكە مامەڵەی ئەوان خۆشترە لەگەڵیان.

خەڵك: ئەی بەنیازی چین، گۆڕانكاری و چاكسازی ناكەن، یان چاوەڕوانی كۆنگرەن؟

سیروان كوێخا نەجم: ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، كە ناكرێت لەكاتی خۆیدا، كۆنگرە دەكرێت و هیچ مەجال نەماوە، كۆنگرەش پێویستی بە رێكەوتن نییە. بۆچی لە كۆنگرە دەترسن و یان ناتوانن كاربكەن، خەڵك دەیەوێت گەنج هەڵبژێرێت و بە لیست نابێت دەنگ بدرێت، ئەگەر هەمان سەركردایەتی هەڵبژێرین، ئیتر بۆچی كۆنگرە ببەستین؟

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟
  • وه‌زارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو 92%, 12
    12 92%
    12 - 92% هەموو دەنگەکان
  • وه‌زارەتی دارایی و ئابووری 8%, 1 دەنگ دان
    1 دەنگ دان 8%
    1 دەنگ دان - 8% هەموو دەنگەکان
  • وه‌زارەتی بازرگانی و پیشه‌سازی 0%, 0
    0
    0 - 0% هەموو دەنگەکان

کوردستان

دوایین