ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

عيراق و هەرێم دوو بازاڕی گەرمی بڕوانامەی ساختەن

پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

بروانامەی ساختە دیاردەیەکە هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، بێگوومان عێراق و هەرێمی کوردستانیش نەک هەر بێبەری نین لەو دیاردەیە بەڵکو تجاوزی دیاردەکەشیان کردووە،هۆکارەکەشی دەگەرێتەوە بۆ خراپی و نالەباری بارودۆخی جەنگ یان پشێوی نغرۆی گەندەلی و بێ یاسایی تیایە بەرقەرارە.

سەرەتا… بەپێی بەدواداچوونی میدیا عێراقییەکان، بازاڕی ساختەکاری و گرنگەکانی کاری ساختەکاری دادەنرێ، لەو بازاڕەدا هەموو مامەڵە فەرمییەکانی وەک پاسپۆرت و ناسنامەی کەسی و مۆر و نووسراوی فەرمانگەکان و بڕوانامەی زانکۆکان، نەک تەنیا زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بڕوانامەی زانکۆکانی لوبنان و ئێران و تورکیا و یۆنان و میسڕ و تونس و زۆر وڵاتی تری تێدا ساختە دەکرێ، هەموو ئەمانەیش لە ڕێی ئامێر و کەلوپەلی دەزگەی هەواڵگریی پێشووی عێراق و دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق لە سەردەمی سەدام حوسێن، دێنە دروستکردن، چونکە لە کاتی شەڕی ڕووخاندنی بەعس، خەڵک چوونە ناو بارەگای ئەو دوو دەزگەیەیەوە و ئەو ئامێرانەیان تێدا بردووە و ئێستەیش بەنهێنی کاری ساختەکاریی پێ دەکەن، هەندێک لەو ئامێرانەیش لەلایەن گرووپە مافیایییەکانەوە بە هەزاران دۆلارئەو ئامێرانەیان کڕیویانەتەوە و کاری ساختەکاری پێ ئەنجام دەدەن.

عێراق… بەپێی زانیاری و داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، کە دەست (میدیا)کان کەوتوون، لە دامودەزگاکانی عێراق بە هەزاران بڕوانامەی ساختە ئاشکرا کراون،تەنیا لە 8 مانگی ساڵی 2018دا، لیژنە تایبەتەکانی وەزارەتی پەروەردە لە دامودەزگاکانی حکوومەت، هه‌زار بڕوانامەی ساختەیان ئاشکرا کردبوو.پێشووتر بڕیار بوو پێداچوونەوە بە هەموو ئەو بڕوانامانەدا بکرێتەوە، کە لەدوای ساڵی 2003 بەدەست هاتوون، بەڵام بەهۆی رێگرییەکان ئەو کارە نەکراوە.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق، دوای لێکۆڵینەوە لە ساڵی 2015دا، 3 هەزار و 142 بڕوانامەی ساختەی ئاشکرا کردووە، لە ساڵی 2016دا 2 هەزار و 500 بڕوانامەی ساختەی تری ئاشکرا کردووە.پەرلەمانی عێراقیش لێژنەیەکی تایبەتیان سەبارەت بەو کاری ساختەکاریە پێکهێنا و راو بۆ چونی خۆیان خستەروو.

+ڕای لێژنە…سەفا غانم، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕوانامەی ساختە لە عێراق بەربڵاوە، گوتی: “ساڵانە بە هەزاران بڕوانامەی ساختە ئاشکرا دەکرێت، تەنانەت بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش ساختە کراون”.جەختی کردەوە، دامودەزگاکان وەکوو پێویست رێکاریان بەرامبەر ئەو کەسانە نەگرتووەتە بەر کە بڕوانامەی ساختەیان لێ ئاشکرا بووە، گوتیشی: “زۆربەی بڕوانامە ساختەکان بە پارەی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوە کڕدراون و لە هەندێک شوێن خەڵکی باڵا لەپشتییانەوە”. هەروەها گوتی: “لەدوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا دەستەی دەستپاکی لە عێراق، بەدواداچوونی کرد بۆ ئەو دۆسێیە و توانرا نزیکەی شەش هەزار هاووڵاتی دیار بکرێن، کە بڕوانامەی ساختەیان دروست کردووە و 250 کەس لەوانە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتە جیاوازەکاندا دامەزرابوون”

+بەدوادا چوون…بەپێی زانیارییەکان، لە بەدواداچوونێکی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و دیوانی چاودێریی دارایی ئەوە ئاشکرا بوو کە زیاتر لە هەزار بڕوانامەی ساختە لە بەڕێوەبەرایەتییەکی وەزارەتی پەروەردەدا هەبوو، دواتر بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ 3 هەزار و 329 کەس لەوانە دەرچوو، بەڵام نەتواندرا وەک پێویست لێپرسینەوە یاساییەکان توند بکرێنەوە و هەموو ئەوانەی ئەو کارانەیان ئەنجام داوە رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.
+سزای یاسایی… بەپێی ماددە 291ی یاسای سزای عێراقی، ساختەکردنی بڕوانامە تاوانە و خاوەنەکەی دەبێ تاوەکوو 5 ساڵ بگیرێت و ئەگەر فەرمانبەر بێت دەبێ لە پۆستەکەی لابدرێت و ئەو پارانەی لێ وەربگیرێتەوە کە بەهۆی ئەو بڕوانامەیە بەدەستی خستووە.

هەرچەندە لە خولی پێشووی پەرلەمان، ئەوانەی تۆمەتبار بوون بە هەبوونی بڕوانامەی ساختە، 46 ئەندامی پەرلەمان بوون، لەگەڵ ئەوەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دابوو بەدواداچوون بۆ بڕوانامەکانیان بکات و دوای دەرکەوتنی راستیی بابەتەکە، پارێزبەندیی پەرلەمانتارییان لێ بسەندرێتەوە، بەڵام نەتوانرا هیچ شتێک لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت”.بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی عێراق لێژنەیەکی پشکێنەری پێکهێناو کاری جدی لەسەر کرد.

+کاری پشکێنەرەکان…لە 7ی 11ی 2018دا پشکێنەری وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند، لە ساڵی 2011ـەوە تا 2018، فەرمانگەی پشکنینی وەزارەت وردبینیی بۆ بڕوانامەی 127 هەزار و 317 ئەفسەر، کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتەکە کردووە. هەروەک ئەو فەرمانگەیە رای گەیاندووە، لەو ژمارەی تا ئێستا وردبینیی بۆ کراوە، بڕوانامەی ساختەی حەوت هەزار و 200 ئەفسەر، کارمەندی ئەمنی و فەرمانبەر ئاشکرا بووە.لێکۆڵینەوەش لە بڕوانامەی 103 ھەزار کارمەند و ئەفسەری تریش دەکرێت، سەرجەم ئەو کەسانەش کە بڕوانامەی ساختەیان بەکار ھێناوە، رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.

+هەرێمی کوردستان… لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 240 بڕوانامەی ساختەی ئاشكرا كردووە، لەو چوارچێوەیەدا و، دوای ئەنجامدانی ڕاست و دروستی (صحە صدور) بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەو بڕوانامانەی پێشکەش بە وەزارەت و زانکۆکان کرابوون، دەرکەوت ژمارەیەک لە بڕوانامەکان ساختەو (تەزویر)ن. هەندێك لەوانەشی بڕوانامەیان ساختە كردووە، مامۆستای زانكۆن و فەسڵ كراون، خاوەن بڕوانامە ساختەكانیش لەڕێگەی لیژنەیەكەوە دەدرێنە دادگا.

+وتە بێژی خوێندنی باڵا…بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، زۆربەی ئەو بڕوانامە ساختانەی ئاشكرابوون لە زانكۆ ئەهلییەكان بوون. د.جەمال كەمال، سەرپەرشتیاری گشتی زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا له‌لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: “ئێمە بەدواداچوون بۆ بڕوانامەی ئامادەیی خوێندكارەكە دەكەین، دوای دەرچوونیش دووبارە بەدواداچوونیان بۆ دەكەین. من كە چوار ساڵە سەرپەرشتیاری زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكانم، تا ئێستا 130 بڕوانامەی ساختەمان ئاشكرا كردووە كە زۆربەیان لە دوو ساڵی رابردوودا بووە”.

هەروەها دەڵێت: “لە بڕوانامەی سێ مامۆستای زانكۆمان لە زانكۆیەكی ئەهلی لە هەولێر كۆڵیوەتەوە، دەركەوت ساختەن. یەكێكیان نەك هەر وانەی گوتووەتەوە، بەڵكو بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری زانكۆكەش بووە و بەرپرس بووە لە دڵنیابوون لە راست و دروستیی بڕوانامەی مامۆستاكان و هەڵسەنگاندنیشی بۆ وانەگوتنەوەی مامۆستاكان كردووە”.

+ئامارەکان…ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتەكە بڕوانامە ساختەكان بریتییە لە 106 بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی كە لە زانكۆی سەڵاحەددین/هەولێر 26 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی سلێمانی 48 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆ هەڵەبجە 12 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی گەرمیان پێنج بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی دهۆك چوار بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی زاخۆ سێ‌ بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی هەولێری پزیشكی دوو بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك دوو بڕوانامەی ساختە.هەروەك ئاشكرا كراوە كە لە زانكۆی كۆیە یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی سۆران یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی ڕاپەڕینیش یەك بڕوانامە هەیە.

لە كۆتایشدا هاتووە، ئێستە فەرمانی زانكۆیی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا و وەرگرتنی نازناوی زانستی ئەو بڕوانامانە هەڵوەشاوەتەوە و ڕێوشوێنی یاسایی و كارگێڕی بەرانبەریان گیراوەتەبەر. هەر كەسێك بڕوانامەی ساختەی لێ ئاشكرا ببێ‌، چەند ئیجرائاتێكی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

+ڕێوشوێنی یاسایی…. بەپێی ماددە 291ی یاسای سزای عێراقی، ساختەکردنی بڕوانامە تاوانە و خاوەنەکەی دەبێ تاوەکوو 5 ساڵ بگیرێت و ئەگەر فەرمانبەر بێت دەبێ لە پۆستەکەی لابدرێت و ئەو پارانەی لێ وەربگیرێتەوە کە بەهۆی ئەو بڕوانامەیە بەدەستی خستووە، لێسەندنەوەی بڕوانامەكەی و دوورخستنەوەی لە كارەكەی، پاشان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ‌ و دەدرێتە دادگا، ئەگەر ئاشكرا بوو بڕوانامەكەی ساختەیە، سزا دەدرێ‌ وەک ئاماژەمان پێکرد كە رەنگە سزاكەی هەتا پێنج ساڵ بەندكردن بڕوات. دوای ئاشكرابوونی بڕوانامە ساختەكانیان داوا لە زانكۆكانیان دەكرێت بڕیاری فەسڵكردنیان بدەن.

+لێپرسینەوەی ئیداری…بەشێك لەوانەی ماستەر و دكتۆرایان لە زانكۆ حكومیەكان خوێندووە، بڕوانامەكانیان ساختە بووە، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: “زیاتر لە 100 حاڵەتی ساختەكردنی بڕوانامەمان لە ماستەر و دكتۆرا هەیە. دوای ئاشكرابوونیان فەسڵ كراون، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی دەستپێكردنی خوێندن ئەوەیە كە بڕوانامەی هەبێت، بەڵام ئەوان بڕوانامەی ساختەیان هێناوە. دوای فەسڵكردنیشیان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیان لە زانكۆ لەسەر پێكهێنراوە كە لەلایەن زانكۆكان و داواكاری گشتییەوە بەداواداچوون بۆ دۆسیەكانیان دەكرێت”.

لە کۆتایی دا….لەگەڵ راو بۆ چوونەکەی بەڕێز دکتۆر سالار باسیرەدام کە بۆ ڕێگرتن لەو دیاردەیە و بەرگریکردن لەمافی گشتی هەرچی زووە دەبیێت داواکاری گشتی بێتە سەرخەت بۆ ئەوەی ئەمان رێکارە یاساییەکە بگرنەبەر و کۆتایی بەم دیاردە قێزەوونە بهێنرێت.

وتار

چەکەکانی ئەردۆغان 

هونەر تۆفیق 

هەر دەوڵەتێک چەند جۆرێک چەکی پێویستە . چەکە سەربازیەکانی پێوستە بۆ بەرگری ناوخۆیی و چەکی ئابووری و سیاسی و تەکنەلۆجیشی دەوێت بۆ هێرش بردنە دەرەکیەکان . ناشیرینترین و خراپترین چەک لەو هێرشە دەرەکیانەدا بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی سیاسی ناوخۆ ، چەکی بەکارهێنانی مرۆڤە .

ئەردۆغان بەهۆی لاوازی سیاسی دەرەکیەوە ، ئەو چەکە قێزەونە بەکاردێنێت لەدژی دەوڵەتانی تر . بۆ هەر دەوڵەتێک جۆرە چەکێکی لە دەوڵەتێکی ترەوە قەرزکردووە تا شەڕەکانی خۆی پێبکات .

ئەردۆغان لەبەرانبەر ئەمریکادا ، ڕوسیا بەکاردێنێت ، یاخود بە ڕوسیا هەرەشە لەئەمریکا دەکات . لەئەنجامی ئەم شەڕە قێزەونەشەوە گەلانی سوریا باجەکەی ئەدەن و ئاسایشی ناوچەکەشی خستۆتە ژێر مەترسیەوە .

لەبەرانبەر سعودیە و میسردا ، ئەردۆغان ئێرانی شیعی و ئیخوانی سونی بەکاردێنێت ، لەم بەکارهێنانەشدا ئاژاوەیەکی گەورەی عەقائیدی بەرپاکردووە . جارێکی تر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ خستۆتە ژێر مەترسیەوە .

لەبەرانبەر ئەوروپادا ، پەناهەندەکانی ناو تورکیا بەکاردێنێت . بەکردنەوەی دەرگای کۆچ بەرەو خۆرئاوا ، ئەردۆغان هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات . جۆرێک لە ڕق و کینەی لەنێوان ئیسلام و ئەوروپیە مەسیحیەکاندا چاندووە کە ئاسایشی ئەوروپای توشی شڵەژان کردووە . 

ئەرۆغان لەبەرانبەر کورد و دەوڵەتانی عێراق و سوریادا ، داعش بەکاردێنێت ، کوشتار و وێرانەیەکی بێ وێنەی لەو ناوچانەدا دروستکردووە . بەو هەموو خوێنەوە خەمساردانە پشتیوانی جەبهەی نوسرە و داعش دەکات ، بۆ ئەوەی هەڕەشەی ئەو گەلانەی دراوسێ ی تورکیای پێ بکات و سڵ لە مەترسیەکانی ئەردۆغان بکەنەوە .

ئەردۆغان لەبەرانبەر ئیسرائیل ، ئیسلام بەکاردێنێت و لەبەرانبەر ئیسلامیشدا ئیسرائیل دەپارێزێت بۆ ئەوەی لەناو ئەو ناکۆکیانەدا بەردەوامی بە هەیمەنەی سیاسەتی تورکیا بدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا .

ئەم چەکە قێزەونانەی ئەردۆغان کە گێژاوێکی ترسناکی بەجیهاندا بڵاوکردۆتەوە ، تەنیا یەک ئەنجامی هەیە ، ئەویش بنەبڕکردنی توانای گەیشتنی ئەردۆغانە بەو چەکانە و دواتر زیانەکانی دەگاتەوە بەناوخۆی تورکیا و کەسی ئەردۆغان کە کۆتایی هاتنە بە و کۆمارە خوێناویەی لەسەر ئەو کوشتارانە بنیادی ناوە .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

بڕیاری گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ھەنگاوێكی ئاشتیخوازانەی كورد

محەمەد عەلی

 

لە مێژووی سەد ساڵەی دروستبوونی عێراق، دوای خستنەسەری كوردستانی باشوور بۆ سەر عێراق بە بێ ویستی خۆی، ھەمیشە كورد شۆڕشی كردووە بۆ بەدەستھێنانی مافەكانی، ئەوەی كورد بەردەوام جەحتی لێ كردووەتەوە، كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بووە لەگەڵ حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بۆ چارەسەركردنی گشت كێشەكانی لە رێگەی دیالۆگەوە، ھەر لە سەردەمی شێخ ئەحمەد و شۆڕشەكانی یەكەم و دووەمی بارزانەوە، ھیچ كاتێك سەركردایەتیی شۆڕشی كوردستان دەستپێشخەرییەكانی گفتوگۆی رەت نەكردۆتەوە، بگرە لە ساتەوەختەكانی سەركەوتنیش ھەمیشە دەرگای بۆ گفتوگۆ و گەنگەشەكردن كراوە بووە.

 

لە دوای كودەتای تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن (عەبدولكەریم  قاسم)، ویستی چارەسەری كێشەی كوردی ھەبوو لە عێراق و ڕێك پاش كودەتا داوای گەڕانەوەی بارزانی كرد لە سۆڤیەت، بێ دوودڵی بارزانیی باوك بەدەم داواكەیەوە ھات و گەڕایەوە عێراق، هەروەها ھەموو ھەنگاوێكی پۆزەتیڤانەی نا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق، بەڵام لە كۆتاییدا نیەتی ڕاستەقینەیان دەركەوت، كە نایەوێت چارەسەری كێشەكان بكات، بۆیە لە ساڵی ١٩٦١ بەغدای بەجێھێشت و سەركردایەتیی گەورەترین شۆڕشی لە مێژووی كوردستانی باشوور كرد و تۆسقاڵێك سازشی لەسەر داوا ڕەواكانی میللەتەكەی نەكرد.

 

لە سەروبەندی كودەتای یەكەمی بەعس لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣ و كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەلایەن بەعسییەكانەوە، گفتوگۆ دەستی پێكردەوە و، بەڵێنی دابینكردنی گشت مافەكانی گەلی كورد بە سەركردایەتیی شۆرشی ئەیلوول درا، وەلێ زۆری نەخایاند لە كۆتاییەكانی ساڵی ١٩٦٣ (عەبدولسەلام عارف÷ كودەتای كرد و لە ساڵی ١٩٦٤ حكومەتی عێراقی ئامادەیی پیشاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بارزانیی باوكیش پێشوازیی لەو بڕیارە كرد و دەست كرا بە گفتوگۆ، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ھیچ ھەنگاوێكی پێویست نەنرا، بۆیە بێ ھیچ دوودڵییەك ئامادەسازیی تەواو كرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشەكانی حكومەتی عێراقی، كە لە ساڵی ١٩٦٥ شەڕ دەستی پێكردەوە، دوای مردنی لەناكاوی سەرۆككۆمار و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن عەبدولڕەحمانی برا بچووك، دووبارە لە ساڵی ١٩٦٦ گفتوگۆكان دەستیان پێكردەوە، بەڵام زۆری نەخایاند و كودەتای دووەمی بەعس دەستی پێكرد.

 

پاش كودەتای دووەمی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ و كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەلایەن (ئەحمەد حەسن بەكر) و جێگرەكەی (سەدام حوسێن)، ئامادەیی چارەسەركردنی كێشەی كوردیان ھەبوو، بۆیە سەركردایەتیی شۆڕش دووبارە بەدەم ئەو بانگەوازە ئاشتیخوازانەوە چوو، ئەوە بوو ڕێككەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ی لێ كەوتەووە، بەڵام كاتێك دەسەڵاتدارانی بەغدا تاكلایەنانە یاسای ئۆتۆنۆمیی ساڵی ١٩٧٤ی ڕاگەیاند و مافەكانی گەلی كوردی پشتگوێ خستبوو، سەركردایەتیی شۆڕش دووبارە ئامادەسازیی بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش كرد.

 

لە دوای ٢٠٠٣ و رووخاندنی رژێمی بەعس، دووبارە سەركردایەتیی كورد بە ھەموو ھێزێكەوە ڕووی كردەوە بەغدا و ھەموو ھەوڵێكی خستە كار بۆ بنیاتنانەوەی عێراقێكی نوێی دیموكراسی و، بەشداری كرد لە ئەكتیڤكردنەوی دامەزراوە یاساییەكانی عێراق و پاراستنی ئارامیی ناوچە گەرمەكانی شەڕ، لە بەرامبەر بەدەستھێنانی فیدڕاڵی بۆ كوردستان و جێكردنەوەی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان لە دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا، بەڵام كاتێك بینی كە عێراقییەكان خەریكین پاشەكشە لە بەڵێنەكانیان دەكەن، بە تایبەتی لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٣ حكومەتی عێراقی بودجە و مووچەی ھەرێمی بڕی و ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر ھەرێمی دەكرد، كوردستان زۆر بە ھێزەوە بەرامبەر ئەم ھەڕەشانە وەستایەوە و بڕیاری فرۆشتنی نەوتی دا بە شێوەی سەربەخۆ، دواتر بەرەنگاری ھاتنی داعش و ھێرشەكانی حەشدی شەعبی بووەوە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر.

 

لە ئێستاشدا ھەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، گرینگترین خاڵ لە بەرنامەی كاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمدا، بڕیاری گفتوگۆكردن بوو لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی گشت كێشەكان، لە كۆتا كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەتیش لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەوەی دووپات كردەوە، كە بە ھیچ شێوەیەك سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان ناكەین، بۆیە بڕیاری حكومەتی ھەرێم بە دەسپێكردنەوەی گەڕێكی تری گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی گشت كێشە ھەڵواسراوەكانی نێوانیان، ھەرگیز بە مانای تەسلیمبوون نییە، بگرە نیازپاكیی كورد دەردەخات بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی جیددی لە پێناو چارەسەركردنی تێكڕای گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

بۆڵتن، ڕەنجی فەرهادی کێشا، بەڵام شکستی هێنا

لوقمان غەفوور

بۆڵتن ره‌نجی فه‌رهادی كێشا، كه‌ نه‌خشه‌ی ئه‌مریكا له‌جه‌نگدا بێت، به‌ڵام بۆ به‌دبه‌ختی شكستی هێنا. ئه‌م شكستهێنانه‌ی له‌ ناوه‌نده‌ میدیاییه‌كانی ئه‌مریكادا قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر ئه‌كرێت. چه‌ند جارێك ویستی ئه‌مریكا بخاته‌ جه‌نگه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌ یه‌كه‌م گرژی نێوان ئێران و ئه‌مریكاوه‌ تێبینی من له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ و له‌ زۆر چاوپێكه‌وتن و وتاریشدا وتوومه‌، سه‌رۆك تره‌مپ له‌م قۆناغه‌ شه‌ڕ ناكات! كاتێك كه‌ ئه‌مریكییه‌كان ئه‌دوێنێ به‌وردی، قسه‌ی ناو دڵی تره‌مپ ئه‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ی تری له‌ میدیای عه‌ره‌بی و خۆرهه‌ڵات چی ئه‌وترێت و چ باسئه‌كرێت ئه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خولیا و خه‌یاڵی تره‌مپ و خه‌ڵكی ئه‌مریكایه‌.
سه‌رۆك تره‌مپ رۆژی 10ی سێپتێمبه‌ر ئه‌و هێڵه‌ی بچڕاند له‌نێوان خۆی و جان بۆلتن راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌ویش دوای 17 مانگ له‌ هه‌وڵدان بۆ بڵاوه‌پێكردنی هێزی سه‌ربازی زیاتر له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. كه‌ وای پیشانده‌دا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ هێزی سه‌ربازری دژی حكومه‌تی فێنزویلا ده‌وه‌ستێت و ئه‌مریكا ده‌چێته‌ ناو شه‌ڕی ئیرانه‌وه‌، به‌ڵام دواجار ئه‌میش ئه‌وه‌ك ئه‌و ژماره‌ كه‌سه‌ی تر وازیان هێنا له‌ پۆسته‌كانیان.
به‌ر له‌وه‌ی بێمه‌ سه‌ر راڤه‌ی ناكۆكی تره‌مپ و بۆڵتن، بۆئه‌وه‌ی له‌ دنیای تره‌مپ بگه‌یت ئه‌بێت به‌شێكی زۆر له‌و كتێبانه‌ بخوێنیته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ری چاپكراون. ئه‌وه‌ی من دیقه‌تم داوه‌ تره‌مپ له‌ ئێستادا ده‌یه‌وێت ئه‌و نووخبه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌ كۆنه‌ی هه‌یه‌ و له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌ن ورده‌ ورده‌ دوریانخاته‌وه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ به‌شێك له‌ نوخبه‌ی نوێ دێنێته‌ پێشه‌وه‌ و به‌شێكی زۆری راوێژكاره‌كانی خه‌ڵكی نوێن.
له‌ مانگی مه‌ی 2018، ته‌نیا دوای دوو مانگ له‌ دامه‌زراندنی بۆڵتن له‌لایه‌ن سه‌رۆك تره‌مپ-ه‌وه‌، بۆڵتن به‌شێك بوو له‌ هه‌ڵمه‌تی ئیداره‌ی تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ له‌ رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران. به‌پێی راپۆرتێكی نیویۆركه‌ر، بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ ئه‌وه‌ی پاشه‌كشه‌ له‌و رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ بكات، ئه‌ونده‌ گرنگ بوو به‌لای بۆلتن-ه‌وه‌ كه‌ كۆپییه‌كی له‌ چوارچێوه‌گرتبوو، له‌ نووسینگه‌كه‌یدا هه‌ڵیواسیبوو.
وێرای ته‌سلیمبوونی دوژمنه‌كانی ئه‌مریكا له‌و ماوه‌ كورته‌ی كه‌ بۆڵتن راوێژكاربوو، به‌ڵام كاره‌ ستراتیژییه‌كانی سنوودار بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌پێی راپۆرتێكی نهێنی سی ئای ئه‌ی كاره‌ دیپلۆماتییه‌كانی ئه‌مریكای تووشی گۆشه‌گیری كردووه‌، هه‌روه‌ها ریتچارد كۆهن له‌ نوسینێكدا له‌ واشنگتۆن پۆست ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه‌ كه‌ له‌ دوای لوتكه‌ی جی 20-ه‌وه‌ له‌ مانگی جون، سه‌رۆك تره‌مپ هیچ راوێژێكی به‌ بۆڵتن نه‌كردووه‌.
به‌ده‌ست بۆڵتن بوایه‌ له‌ مانگی دیسێمبه‌ری 2018-ه‌وه‌ ئێران بۆمباران كرابایه‌، كاتێك دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ بۆ عیراق، هه‌واڵگری ئه‌مریكا ئاشكرای كرد هه‌وڵێك هه‌بووه‌ بۆ تیرۆركردنی تره‌مپ له‌لایه‌ن میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئیران-ه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ده‌شێت كه‌مێك زیاده‌ڕۆیی تێدا بێت كاتێك میدیا لیبرالییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێن به‌هۆی ئه‌و هه‌مووی فشاره‌ی ئه‌مریكاوه‌ بۆ سه‌ر ئیران، ئه‌و وڵاته‌ی خستۆته‌ سه‌ر لێواری مه‌رگ كه‌ سڵ له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ بۆمبی ئه‌تۆمی دروستكات و به‌كاریشی بهێنێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ره‌خنه‌ی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر بۆڵتن، هه‌ڵوێستی به‌رده‌وامی بووه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی فێنزوێلا. هه‌میشه‌ هیوای خواستووه‌ ئیداره‌ی تره‌مپ كه‌ رژێمه‌كه‌ی نیكۆلا مادۆر له‌ سه‌ر حوكم لابه‌رێت و ته‌سلیمی خوان گوادادۆ-ی ئۆپۆزسیۆن بكات. چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ی له‌لایه‌ن تره‌مپ-ه‌وه‌ سه‌رزه‌نشتكراوه‌ كه‌ وتویه‌تی: سوپای ئه‌مریكا پێویست بكات ئاماده‌یه‌ بچێت بۆ فنزوێللا له‌كاتێكدا له‌ روانینی تره‌مپ-دا فێنزوێللا له‌ پاشكۆی بابه‌ته‌كاندایه‌.
كۆمپانیای ئه‌كسیۆس كه‌ پێگه‌یه‌كی هه‌واڵی و زانیاریی ئه‌مریكییه‌، له‌ مانگی جون ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه‌ تره‌مپ به‌ راوێژكاره‌كانی وتووه‌ كه‌ شه‌ڕانگێزییه‌كه‌ی بۆڵتن-ه‌وه‌ وایكردووه‌ كه‌ له‌ پێگه‌ و پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌. كه‌واته‌ به‌پێی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ بێت ده‌شێت په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2019 ه‌وه‌ بچێته‌ قۆناغێكی نوێ-ه‌وه‌.
هه‌میشه‌ سه‌رۆك تره‌مپ و بۆڵتن روانینی جودای سیاسیان هه‌بووه‌ ده‌رباره‌ی ئیران و ئه‌فگانستان و كۆریای باكور. هه‌ر بۆیه‌ چه‌ند جارێك له‌ تویته‌كانیدا تره‌مپ نوسیویه‌تی: “له‌گه‌ڵ زۆر له‌ پێشنیاره‌كانی نیم”. دۆناڵد تره‌مپ له‌ دانیشتنێكدا له‌گه‌ڵ مایكل بۆمبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌پێكه‌نینه‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌ بۆمبیۆ وتووه‌:”نازانم بۆڵتن بۆ ئه‌وه‌نده‌ حه‌زی له‌شه‌ڕه‌!”.
كاتێك له‌مانگی جون ئیران فرۆكه‌یه‌كی بێ فرۆكه‌وانی ئه‌مریكی خسته‌خواره‌وه‌، بۆڵتۆن ئامۆژگاری تره‌مپ-ی كرد كه‌ بۆمبارانكردنی ئێران پێویسته‌. به‌ڵام تره‌مپ په‌رچه‌كرداری نه‌بوو بۆ قسه‌كه‌ی. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارێزه‌رێكی تر ئاگری شه‌ڕه‌كه‌ی كوژانده‌وه‌، جه‌نه‌راڵی فه‌یله‌قی پیاده‌ی ده‌ریایی جۆزیف دانفۆر رێگری له‌وه‌كرد كه‌ هێرشی ئاسمانی بكرێته‌ سه‌ر ئیران و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كۆنگرێس و ته‌واوی كۆشكی سپی-دا كرد كه‌ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌.
چیرۆكی ئه‌و رۆژه‌ش كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ له‌ هانوی پایته‌ختی ڤێتنام كۆبووه‌وه‌ زۆر دورودرێژه‌ كه‌ به‌ سەدان مایل، بۆڵتن له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دووركه‌وتبۆوه‌. به‌كورتی: تاكر كارلسۆن میدیاكارێكی به‌توانیایه‌، پێشینه‌یه‌كی زۆری له‌سیاسه‌تدا نییه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م پیاوه‌ راوێژكارێكی ناڕه‌سمی تره‌مپ-ه‌، كاتێك پێشنیاری ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆریای باكور هێوركاته‌وه‌، هاوڕێیه‌تی تره‌مپ ده‌كات بۆ كۆریای باكور، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و شه‌وه‌ بۆلتۆن ته‌واو توڕه‌ ئه‌بێت رووه‌ وڵاتی مه‌نگۆلیا ئه‌ڕوات. ته‌نیا مایكل بۆمبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌ وه‌فده‌كه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌.
به‌ڵام وه‌ك بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك كاتێك ساڵی 2005، بۆڵتن بووه‌ سه‌فیری ئه‌مریكا له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ سه‌رده‌می جۆرج ده‌بلیو بۆش-دا هه‌مان رۆڵی خراپی گێڕا. هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ بوو له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پیرانه‌وه‌ ساڵی 2007 كۆتایی به‌ كاره‌كه‌ی هێنرا. ئه‌و به‌ ئاشكرا دژی هه‌موو كارێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌، قسه‌ی رون و ئاشكرای و بێ په‌رده‌یه‌ ده‌رباره‌ی ئابروبردنی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و یاسای نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌. له‌كاتی پێشكه‌شكردنی وتاری 2018ی كۆمه‌ڵه‌ی فیدرالی بۆ توێژینه‌وه‌ی یاسایی و سیاسه‌تی گشتی، به‌ئاماده‌بوانی وت: ئامانجێكی نائاشكرامان هه‌یه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر، به‌ڵام به‌گشتی مه‌ركه‌زییه‌، دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌میشه‌ رێگری دروستده‌كات بۆ ئه‌مریكا. هه‌روه‌ها به‌ڵێنیدا كه‌ له‌ماوه‌ی كاركردنی له‌ ئیداره‌ی تره‌مپ-دا ئه‌مریكا هه‌نگاوی ناوازه‌ بنێت بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی. وتیشی، پاشه‌كشێمان كرد له‌ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان. ئیداره‌ی تره‌مپ به‌رده‌وامیش ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مویل و هاوكارییه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.
كاتێك دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئه‌پرلی 2019 رایگه‌یاند كه‌ ره‌تیانكردۆته‌وه‌ داوای داواكاری گشتی ده‌رباره‌ی تاوانه‌كانی جه‌نگی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فگانستان. بۆڵتۆن له‌ خۆشیدا شاگه‌شكه‌گرتی و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا وتی: ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی پاڵپشتیكردنی سه‌رۆكه‌ بۆ سه‌روه‌ری ئه‌مریكا و ره‌تكردنه‌وه‌ی لێپێچینه‌وه‌ له‌ هاوڵاتی ئه‌مریكی له‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی تری جیا له‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كانی ئه‌مریكا.
له‌دوای له‌سه‌ركارلابردنی جۆن بۆڵتن، ئیداره‌ی تره‌مپ ئاشكرای كرد كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی چارلس كۆبرمان جێگری راوێژكاری سه‌رۆك تره‌مپ بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كاره‌كان به‌رێوه‌ ده‌بات، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌ ستیڤن بیگان، نوێنه‌ری ئه‌مریكا له‌ كۆریای باشور كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی ناكۆكی توندی هه‌بوو له‌گه‌ڵ بۆڵتن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كۆریای باكور. یاخود برایان هۆك كه‌ راوێژكاری پێشووی مایكل بۆمبیۆ و ئێستا نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران. به‌هه‌مان شێوه‌ ناكۆكی توندی هه‌بوو له‌گه‌ڵ بۆڵتن. ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بچنه‌ شوێنی بۆڵتن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان