“حكومەتی هەرێم دەبێت پابەندی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بێت بۆ یاسای خانەنشینی”



ئەندامێكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم پابەندە بەوەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ‌ بكات و قابیلی تانەلێدان نیە، دەشڵێت: “ئێمە لە پەڕلەمان لۆبی بۆ دەكەین بۆ ئەوەی ئەو مافە بۆ خانەنشینان بگەڕێتەوە”.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پاڵپشتی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی دەكەین بە پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەجێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق.

ڕاشیگەیاند، ئێمە لە پەڕلەمانی كوردستان لۆبی بۆ دەكەین بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم كاری جدی لەسەر بڕیارەكە بكات و ئەو مافە بۆ خانەنشینانی سەربازی و شارستانی بگەڕێنێتەوە، كە ساڵانێك خزمەتی دامودەزگاكانی حكومەت و كاروباری گشتییان كردووە.

ئەمڕۆ چوار شەممە 23/11/2022 دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێكی لە بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم دەركرد و تیایدا حكومەتی هەرێمی كوردستانی پابەندكرد بە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، كە لە ساڵی 2014 دەرچووە و كەمترین مووچەی خانەنشینی بە 500 هەزار دیاری كردووە لەگەڵ چەندین ماف و ئیمتیازی دیكە بۆ خانەنشینان.

ژمارەیەكی زۆر گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران
پێشت ژمارەیەكی زۆر گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێكی دەركرد
دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێكی دەركرد