ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

(ڤیدیۆ) لیڤه‌رپوڵ به‌ لێدانی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ به‌سه‌ر چێڵسیدا سه‌رکه‌وت و نازناوی سوپه‌ری ئه‌وروپای به‌ده‌ست هێنا

خه‌ڵک سپۆرت

ئه‌مشه‌و ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سوپه‌ری ئه‌وروپا له‌نێوان یانه‌ی لیڤه‌رپوڵی پاڵه‌وانی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌کان و چێڵسی پاڵه‌وانی جامی ئه‌وروپی ئه‌نجامدرا و سوره‌ زه‌به‌لاحه‌که‌ی لیڤه‌رپوڵ جامه‌که‌ی به‌رز کرده‌وه‌.

هه‌مووان چاوه‌ڕوان بوون سوپه‌ری ئه‌وروپا به‌ ئاسانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لیڤه‌رپوڵ کۆتایی بێت و چێڵسی نه‌توانێت ململانێی قورس بکات، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ تایمی یه‌که‌مدا ئه‌ستێره‌کانی بلوز به‌ پلانی تۆکمه‌ی فرانک لامپاردی ڕاهێنه‌ری نوێ توانیان کۆنترۆڵی ته‌واوی باره‌کانی پانی و درێژی یاریگا بکه‌ن و چه‌ندین هه‌لی مه‌ترسیداریان دروست کرد و پاڵه‌وان ئه‌دریانی گۆڵپارێزی لیڤه‌رپوڵ بوو که‌ زۆرینه‌ی هه‌له‌کانی ڕه‌ت کرده‌وه‌، هه‌ر له‌و تایمه‌دا و به‌ هێرشێکی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ ئۆلیڤه‌ر جیروی فه‌ره‌نسی له‌خوله‌کی ٣٦ گۆڵی یه‌که‌می بۆ “بلوزی له‌نده‌ن تۆمار کرد.

چاوه‌ڕوان ده‌کرا دوابه‌دوای ئه‌و گۆڵه‌ یاریزانانی لیڤه‌رپوڵ له‌ خه‌ونی قوڵیان به‌خه‌به‌ربێن و بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌مان ئاستی سه‌ره‌تاکانی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌که‌یان نیشاندا و ئه‌گه‌ر ئاست به‌رزی ئه‌دریانی گۆڵپاریزی یه‌ده‌گ و له‌هه‌ندێک حاڵه‌تدا چانس نه‌بوایه‌ ئه‌ستێره‌کانی لامپارد ده‌یانتوانی گۆڵی دووه‌م تۆمار بکه‌ن.

له‌ تایمی دووه‌مدا سه‌رکه‌وتنی پلانه‌کانی فرانک لامپارد کۆتایی پێنه‌هات، به‌ڵکو ته‌نها سنوردار کرا و به‌ به‌کارخستنی فێرمینیۆ له‌ هێڵی هێرشبه‌ر یۆرگن کلۆپ ڕێگه‌ی تۆماری گۆڵی گرته‌وه‌ و توانیان له‌خوله‌کی ٤٨ له‌ڕێگه‌ی سادیۆ مانێی سه‌نیگالیه‌وه‌ گۆڵی یه‌که‌م و یه‌کسانکردنه‌وه‌ی یارییه‌که‌ تۆمار بکه‌ن.

دوابه‌دوای گۆڵی یه‌کسانکردنه‌وه‌ لامپارد و کوڕانی بلوز خۆیان نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌ و هاوشێوه‌ی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مان یونایتد له‌ده‌ستپێکی “پریمه‌رلیگ” توشی ڕوخاندن نه‌هاتن، یارییه‌که‌یان هاوشێوه‌ی ململانێیه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ ئه‌نجامدا و هێرش به‌هێرش وه‌ڵامی باشترین یانه‌ی ئه‌وروپایان ده‌دایه‌وه‌ و چه‌ندین هه‌لیان له‌سه‌ر گۆڵی یه‌کتر دروست کرد، به‌ڵام سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌کان شکستیان هێنا و ڕووبه‌ڕوبونه‌وهکه‌‌ له‌ ٩٠ خوله‌کی یاساییدا به‌ یه‌کسانبوون کۆتایی هات (١ – ١).

یه‌کسانبوون هه‌ردوو یانه‌ی ناچارکرد په‌نا بۆ کاری زیادکراو ببه‌ن، له‌تایمی یه‌که‌می زیادکراو و خوله‌کی (٩٥) سادیۆ مانێ ئه‌ستێره‌ی یارییه‌که‌‌ گۆڵی دووه‌می بۆ لیڤه‌رپوڵ تۆمار کرد، له‌ خوله‌کی (١٠١) دووباره‌ چێڵسی گه‌ڕایه‌وه‌ و به‌ لێدانی سزا گۆڵی یه‌کسان کردنه‌وه‌یان تۆمار کرد و لێدانه‌که‌ش له‌لایه‌ن جۆرجینیۆی ئیتاڵیه‌وه‌ به‌سه‌رکه‌وتویی جێبه‌جێ کرا.

دوابه‌دوای ئه‌و دوو گۆڵه‌ ماندوبوونی یاریزانان وایکرد ڕیتمی یارییه‌که‌ خاوبونه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت و یه‌کسانبوون تا کۆتا ساتی کاتی زیادکراو باڵی به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌که‌دا کێشا، له‌و دوو تایمه‌شدا براوه‌ی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌که‌ یه‌کلایی نه‌کرایه‌وه‌و ناوبژیوانان‌ په‌نایان بۆ لێدانی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ برد.

سه‌رباری ئه‌وه‌ی چێڵسی ه‌لزۆرینه‌ی کاته‌کانی یارییدا له‌ڕووی تاکتیکی و هونه‌ریه‌وه‌ باڵاده‌ست بوو، به‌ڵام له‌کۆتاییدا و به‌ لێدانی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ ئه‌ستێره‌کانی کلۆپ “لیڤه‌رپوڵ” به‌ ئه‌نجامی (٥ – ٤) سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا و یه‌که‌مین نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌یان چنییه‌وه‌.

جیهانی

لیڤەرپوڵ لەسەرجەم یانەکانی خولی ئینگلتەرای بردۆتەوە تەنها یەک یانە نەبێت

خەڵک سپۆرت

لەم وەرزەدا یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی ئاستێکی ناوازەی پێشکەش کردووە و توانیویانە بەسەر سەرجەم یانە بەشدارەکانی خولی ئینگلتەرا سەرکەوتن تۆمار بکەن، تەنها یەک یانە نەبێت.

لەچوارچێوەی کێبڕکێکانی هەفتەی (٢٣)ی خولی ئینگلتەرا و لەکۆتا ڕووبەڕوبونەوەی یانەی لیڤەرپوڵ توانیان بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام سەرکەوتن بەسەر یانەی مانچستەر یونایتد بەدەستبهێنن، بەم سەرکەوتنەش توانیان باشترین دەستپێک تۆمار بکەن.

یانە سورە زەبەلاحەکەی شاری لیڤەرپوڵ لەم وەرزەدا لەکۆی ٢٢ ڕووبەڕوبونەوە توانیویانە ٢١ بردنەوە و یەک یەکسانبوون تۆمار بکەن و (٦٤) خاڵیان کۆکردۆتەوە، تاکە ڕووبەڕوبونەوەیان لە قۆناغی یەکەم بەرامبەر مانچستەر یونایتد بە یەکسانبوون (١ – ١) کۆتایی هاتووە و سەرجەم یارییەکانی تریان بردۆتەوە، ئەوەش بەهێزترین دەستپێکە لەمێژووی یانەکەدا تۆمارکراوە و بگرە باشترینە لەمێژووی خولی ئینگلتەرا  وسەرجەم خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا بەگشتی.

لیڤەرپوڵ لە وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ تەنها لە یەک یانەی خولی ئینگلتەرای نەبردۆتەوە کە ئەویش یانەی وێستهامە، بەوپێیەی یاریی نێوان دوو یانەکە بەهۆی بەشداریکردنی لیڤەرپوڵ لە جامی جیهانی یانەکان دواخراوە.

بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو لە ٢٩/١ لە یاریگای ئۆڵۆمپی لەشاری لەندەن یاریی نێوانیان ئەنجام بدرێت، ئەگەر لیڤەرپوڵ بردنەوە تۆمار بکات واتای ئەوەیە لەم وەرزەدا بەسەر سەرجەم یانەکانی خولی ئینگلتەرا سەرکەوتنیان تۆمار کردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

نایمار لەبارەی داهاتوویەوە بڕیارێکی پێچەوانە و چاوەڕوان نەکراو دەدات، ئەگەر…

خەڵک سپۆرت

نایمار دا سیلڤای بەرازیلی بڕیاریداوە بۆندەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانت جێرمان نوێ بکاتەوە، بەو مەرجەی یانەکەی نازناوێکی ئەوروپی بەدەست بهێنێت.

ڕۆژنامەی “لو پاریزیان”ی فەرەنسی لەزاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی پاریس سانت جێرمان و کەسانی نزیکی نایمارەوە ئاشکرای کردووە، لەئێستادا یاریزانەکە هەست بەو بێزارییە ناکات کە لەسەرەتای وەرزەوە هەیبووە، بەڵکو توانیویەتی باشتر لە پاریس خۆی بگونجێنێت و لەئێستادا وا هەست دەکات بەشێکی دانەبڕاوە لە یانەکەیی و شارە فەرەنسیەکە بەگشتی.

بەپێی سەرچاوەکە، بینی زاهاڤی لێپرسراوی کاروبارەکانی “نێی” تائێستاش پەیوەندیەکی توندوتۆڵی لەگەڵ لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە فەرەنسیەکە هەیە، بەڵکو لەماوەی ڕابردوودا چەندینجار دەربارەی یاریزانەکە و داهاتووی و ئۆفەرەکانی یانەی بەرشلۆنە گفتوگۆیان کردووە، بەڵام لەکۆتاییدا بۆچون و بیرکردنەوەی نایمار گۆڕانکاری پێچەوانەی دروست کردووە.

“لو پاریزیان” نوسیویەتی: نایمار نزیکە لە بڕیاری ڕۆیشتن و گەڕانەوە بۆ بەرشلۆنە پەشیمان ببێتەوە، بەڵکو زاهاڤی و لیۆناردۆی ئاگادارکردۆتەوە کە ئەگەر بێتو یانەی پاریس سانت جێرمان تا کۆتایی وەرز نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان بەدەستبهێنێت ئەوا لە پاریس بەردەوام دەبێت و بۆندەکەی نوێ دەکاتەوە، هەروەها مەرجی بەردەوامبوونی کیلیان مباپێی فەرەنسیشی بەهەمان شێوە بە نوێنەرانی یانەکە ڕاگەیاندووە.

ئایا پاریس لەجێبەجێکردنی ئەم دوو داواکارییە سەرکەوتوو دەبێت؟

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

“خامێس” لە ڕیاڵ مەدرید کۆتایی هاتووە و داهاتوویەکی نادیار چاوەڕێی دەکات !

خەڵک سپۆرت

جەیمس ڕۆدریگێزی کۆلۆمبی ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدرید، لەم وەرزەدا و دوای گەڕانەوەی بۆ مەدرید بە خراپترین ساتەکانی ژیانییدا تێپەڕی کردووە و پێناچیت لە مەدرید بەردەوام بێت.

ئەستێرە ناودارەکەی کۆڵۆمبیا لە کۆتایی وەرزی ڕابردوو وادەی خواستنی لە یانەی بایرن میونشنەوە کۆتایی هات و گەڕایەوە بۆ یانەی شاهانەی مەدرید، لەسەرەتای ئەم وەرزە لەپێکهاتەکانی زینەدین زێدان چانسی پێدرا، بەڵام بەخێرایی توشی پێکان هات و چوار یاریی دوورکەوتەوە، دوای گەڕانەوە دیسانەوە نزیکبوو پێگەیەک بۆخۆی مسۆگەر بکات و بەهۆی پێکانەوە ماوەی نۆ یاریی دوورکەوتەوە.

لەکۆتا ڕووبەڕوبونەوەکانی مێرەنگی بەرامبەر ڤالێنسیا لە جامی سوپەری ئیسپانیا جەیمس گەڕایەوە، بەڵام لەیاریی کۆتاییدا بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید بەشداری نەکرد، دوێنێ ستافی پزیشکی یانە مەدریدیەکە ئاشکرایان کرد کە بەهۆی ئازار و نەگونجاوی بارودۆخی جەستەییەوە نەیتوانیوە بەرامبەر یانەی سڤیلیە بەشداری بکات.

لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی “مارکا” ئاماژەی کردووە، داهاتوو جەیمس نادیارە و یانەی ڕیاڵ مەدرید بڕیارە لە گواستنەوەکانی زستانە و هاوینەی ٢٠٢٠ بەهەر ئۆفەرێک قایل بێت کە لەلایەن یانە داواکارەکانەوە پێیان دەگات، بەڵکو زێدان و ستافی هونەری و کارگێڕی هیچ هیوایەکیان بە کۆڵۆمبیەکە نەماوە و ئەوپەڕی تا هاوینی ٢٠٢٠ لە مەدرید بەردەوام بێت.

بەپێی سەرچاوەکە، ئەگەر لە گواستنەوەکانی زستانەدا نوێنەرانی ڕیاڵ سەرکەوتوو نەبن لە فرۆشتنی جەیمس ڕۆدریگێز، ئەوا لە گواستنەوەکانی هاوین بە یەکێک لە یانەکانی ئینتەرمیلان، پاریس سانت جێرمان یاخود هەر یانەیەکی تری دەفرۆشن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان