ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

“پارتی هەوڵ دەدات مەسعود بارزانی بكاتە مەڕجەع”

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی پێشووی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، پارتی ھەوڵ دەدات حیزبەكانی بەشدار لە حكومەت ڕازی بكات ئەنجوومەنی پارتە سیاسیەكان پێكبهێنن و یاسای بۆ دەربكرێت و بیكاتە ئەنجوومەنێكی فەرمی لە پاڵ سێ دەسەڵاتەكەی دیكە و بیكاتە مەڕجەعی بڕیاردان، دەشڵێت: “هەموو ئەوەش لە پێناو بەمەڕجەعكردنی مەسعود بارزانییە”.

لەتیف شێخ مستەفا، ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك لە نووسینێكدا ڕایگەیاندووە، “ئەم ئەنجوومەنە ئەگەر ئەنجوومەنێكی دەسەڵاتدار بێت و دەسەڵاتی بڕیاردانی ھەبێ ئەنجوومەنێكی نادەستوریە و لە سیستەمی دیموكراتی پەڕلەمانیدا جێگای نابێتەوە، بەڵكو جۆرێكە لەو ئەنجوومەنە نا ھەڵبژێردراوە نا دیموكراتیانەی لەسەدەی ڕابردوو لە وڵاتانی ناوچەكە و لە عیراقیش ھەبوون وەك مەجلیسی قیادەی سەورە”.

دەشڵێت: “پێش دروستبوونی حكومەت لە بەرامبەر گۆڕینی سیستەمی سیاسی بۆ پەڕلەمانی و داماڵینی دەسەڵات لە سەرۆكی ھەرێم و كردنی بەدەسەڵاتێكی پڕۆتۆكۆڵی دەبوو ئەنجوومەنێكی وا دابمەزرایە و مەسعود بارزانیش سەرۆكی بوایە ئەویش بە دوو مەرج یەكەمیان ئەنجوومەنەكە سیاسی بوایە نەك یاسایی، دووەم ئەنجوومەنێكی ڕاوێژكاری بێ دەسەڵات بوایە، لە بەرامبەر ئەوەی سیستەم بكرێتە پەڕلەمانی و سەرۆكی ھەرێم پڕۆتۆكۆڵی بوایە”.

دەقی نوسینەكەی :
ئەنجومەنی پارتە سیاسیەكان یان جاڕدانی دیكتاتۆریەت بە فەرمی
پارتی ھەوڵ ئەدات حیزبەكانی بەشدار لە حوكمەت ڕازی بكات ئەنجومەنی پارتە سیاسیەكان پێك بھێنێ و یاسای بۆ دەركات و بیكاتە ئەنجومەنێكی فەرمی لە پاڵ سێ دەسەڵاتەكەی تر و بەلكو باڵاتریشی بكات بەسەر سێ دەسەڵاتەكەی ترەوە و بیكاتە مەرجەعی بڕیار دان ،ھەموو ئەوەش لە پێناوی ئەوەی كە پارتی ھەوڵی بۆ ئەدات و بریتیە لە بەمڕجەع كردنی بەڕێز مەسعود بەرزانی ئەم ئەنجومەنە ئەگەر ئەنجومەنێكی دەسەڵاتدار بێت و دەسەڵاتی بڕیاردانی ھەبێ ئەنجومەنێكی نادەستوریەو لە سیستەمی دیموكراتی پەرلەمانیدا جێگای نابێتەوە، بەڵكو جۆرێكە لەو ئەنجومەنە نا ھەڵبژێردراوە نا دیموكراتیانەی لەسەدەی ڕابردوو لە وڵاتانی ناوچەكە و لە عێراقیش ھەبوون وەك مەجلیسی قیادەی سەورە،بۆیە نابێ حیزبەكانی تر و باڵی نێچیرڤان بارزانیش لەناو پارتیدا بە ھیچ شێوەیەك ئەوە قبوڵ بكەن
پێش دروست بونی حوكمەت لە بەرامبەر گۆڕینی سیستەمی سیاسی بۆ پەرلەمانی و داماڵینی دەسەڵات لە سەرۆكی ھەرێم و كردنی بەدەسەڵاتێكی پڕۆتۆكۆڵی دەشیا ئەنجومەنێكی وا دابمەزرایە و مەسعود بەرزانیش سەرۆكی بوایە ئەویش بە دوو مەرج یەكەمیان ئەنجومەنەكە سیاسی بوایە نەك یاسایی دوەم ئەنجومەنێكی ڕاوێژكاری بێ دەسەڵات بوایە ئەویش لە بەرامبەری ئەوەی سیستەم بكرێتە پەرلەمانی و سەرۆكی ھەرێم پڕۆتۆكۆلی بوایە و بدرایە بە یەكێتی یان گۆڕان ،بەڵام كە ئەوە نەكراوە سیستەمەكە لە ھەرێم نەبۆتە پەرلەمانی و پارتی ھەردوو دەسەڵاتی سەرۆكی ھەرێمی بەدەسەڵاتەوەو سەرۆكی حوكمەت و تەنانەت سەرۆكی پەرلەمانیشی لایە ،چونكە (ئەوەندەی تێبینیم كردوە میدیای پارتیش و پەرلەمانیش زاراوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەكار دێنێ بەمەبەست بۆ ئەوەی بڵێ سەرۆكایەتێ پەرلەمان دەستەیە نەك تاك لەم حاڵەشد سەرۆكایەتی پەرلەمان واتە ھی پارتیە چونكە لە سێ دەنگ دوانی ھەیە)
بۆیە لە حاڵەتێكی وادا ڕازی بوون بە ئەنجومەنێكی سیاسی دەسەڵاتدارو كردنی بەمەرجەع واتە جاڕادنی ئاشكرای دیكتاتۆریەتی تاكەكەسی و تەنانەت تەركیز كردنی دەسەڵاتەكان كە ھەموشیان بەدەست پارتیەوەن لەدەستی یەك كەسدا.
لە جیاتی ئەوە با لایەنەكانی غەیرە پارتی پێشنیازی ئەوە بكەن سیستەم ببێ بە پەرلەمانی كۆماری و ئەنجومەنەكەش ڕاوێژكاری بێت،یان تەنانەت ڕازیش بن «ھەرچەندە ئەمە دژی دەستوری عێراقیشە » سیستەم ببێ بە پەرلەمانی پاشایەتی دەستوری و مەسعود بەرزانی ببێتە پاشای دەستوری كوردستان بە مەرجێك سیستەمی پەرلەمانی مەلەكی بێت و دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ بگوازرێتەوە و پاشا دەسەڵاتی ڕاستەقینەی نەبێت و و پڕۆتۆكۆلی بێت و خزم و كوڕو نەوەی پاشا تا پلەی چوارەم بۆیان نەبێت ھیچ پۆستێكی ڕەسمی وەربگرن وەك ئەوەی لە ھەموو سیستەمە پەرلەمانیەكاندا ھەیە.

ئابوری

ڕۆژی 25 ئەیلول پارەكەی بەغدا دەگاتە هەرێم
دوای گەیشتنی 320 ملیارەكەی بەغدا دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە 25ی ئەیلول حكومەتی ناوەند ئەو بڕ پارەیە ڕەوانەی هەرێم بكات كە وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەسەری ڕێككەوتوون.

بەپێی زانیارییەكانی (تۆڕی میدیایی خەڵك)، بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو بەغدا مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران كە بڕەكەی 320 ملیار دینارە، ڕەوانەی هەرێم بكات، لە هەرێمیش ڕۆژی دوو شەممە دەست بەدابەشكردنی مووچە بكرێت.

هاوكات، هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكردووە،”هەفتەی داهاتوو حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی نوێی مووچە ڕادەگەیەنێت. حكومەت داهاتی ئامادەكردووە و ئەوەی عیراقیش دێت”.

سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشكردنی مووچە، هێڤیدار ئەحمەد، ڕایگەیاندووە “ئەوەی حكومەت ڕایگەیاندووە و ئەوەشی سەرۆكی حكومەت باسی كردووە بەپێی داهات مووچە دابەشدەكرێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق: هەرێمی كوردستان بووەتە سەرچاوەی بە قاچاغبردنی نەوت

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزیری دارایی عیراق، هەرێمی كوردستان بە “بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە” و “فرۆشتنی بە قاچاغ” تۆمەتبار دەكات و دەڵێت، ئەوە كێشەی بۆ عیراق لەنێو ڕێكخراوی ئۆپێك دروستكردووە. لەبەرامبەردا جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: لیژنەی نەزاهەی عیراق ئاگادارە كە “نەوت لە شوێنەكانی تری عیراقەوە بە قاچاغ دەبرێت، نەك لە هەرێمی كوردستان”.

عەلی عەلاوی جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق، كە هاوكات وەزیری داراییە بە ئاژانسی “S&P Global Platts”ی ڕاگەیاندووە، “هەرێمی كوردستان بووەتە سەرچاوەی بە قاچاغبردنی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە”، كە بە وتەی عەلاوی، ئەوەش وایكردووە عیراق كە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی نێو ڕێكخراوی ئۆپێكە، شكستبێنێت لە پابەندبوون بە ڕێككەوتنی ئۆپێك پڵەس لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

عەلاوی ئەوەشی ئاشكراكردووە، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 450 بۆ 470 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. دەشڵێت “بەڵام ئەو بڕە دیار نییە كە بە ڕێگەی قاچاغ دەفرۆشرێت، چونكە لە هەندێ كێڵگەی نەوت دزەپێكردنی نەوت هەیە، كە بە تانكەر بۆ هەندێ شوێن دەبرێت و بڕەكەی نازانین چەندە”.

لەبەرامبەر ئەو لێدوانەی وەزیری دارایی عیراقەوە، گوڵیزار ڕەشید جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە”هەرێمی كوردستان شوێنی بە قاچاغبردنی نەوت نییە، بەڵكو ئەوە لە شوێنەكانی تری عیراق نەوت بە قاچاغ دەبرێت و لیژنەی نەزاهەی عیراقیش سەلماندوویەتی”.

جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان دەشڵێت، هەرێمی كوردستان لە نەخشەی وزەی جیهانیدا متمانەی بۆ كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان دروستكردووە، وەك؛ كۆمپانیاكانی ئێكسۆن مۆبیل، گازپرۆم، شێڤرۆن و چەند كۆمپانیایەكی تر، “ئەگەر حكومەتی عیراق دەیەوێت ئامارەكان بزانێت، با سەیری ئامارەكانی كۆمپانیای دیلۆیت بكات كە داتا و زانیاری لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەردۆغان داوای هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەكات بۆ لەناوبردنی (پەكەكە)

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی توركیا داوای هەماهەنگییەكی “ڕاستگۆیانە” دەكات لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەپێناو لەناوبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە عیراق، كە بە وتەی ئەو:” دەكرێت “بە هەمان شێوەی داعش ڕیشەكێش بكرێت”.

ئەردۆغان لە نایەمەیەكی لەڕێی ڤیدیۆ بۆ كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە میانی كردنەوەی خولی 75، ئەو قسانەی كرد و ڕایگەیاند:”كۆمەڵی نێودەوڵەتی ناتوانێت چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ پرسی سوریا بدۆزێتەوە، تا یەك هەڵوێست نەبێت بەرانبەر بە هەموو ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان”.

ئەردۆغان دەڵێت:”توركیا ژمارەیەكی زۆری پەنابەری لەخۆگرتووە لەسەر ئاستی جیهان و بەرگری لە تەواوی شكۆی مرۆڤایەتی دەكات لەڕێی ئەو قوربانیانەی پێشكەشیان دەكات”.

لەلایەكی ترەوە سەرۆكی توركیا وتی:”ئەو وڵاتانەی خواستی خۆیان بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانە لە قودس دەربڕیوە، هاوبەش دەبن لە زیاتر ئاڵۆزكردنی كێشەكە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان