ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ئومێد خۆشناو: پارتیش بێ كەموكورتی نیە


خەڵك – بەشی هەواڵ
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كادیر و سەركردە و كاربەدەستانی پارتی بەدروستی تەرجەمەی ڕێبازی بارزانی و سیاسەت و ڕوانگای بارزانی بكەن هێز و گەورەیی پارتی ئەوەی ئێستا هەیەتی چەند بەرامبەر دەبێ و باشتر و بەگوڕوتینتر و بەهێزتر دەبێ، دەشڵێت: “با ئەو ١٦ی ئابە بكەینە ١٦ی ئابی بەخۆداچوونەوە و كەمكردنەوەی كەموكوڕیەكان و زیادكردنی كار و گوفتاری باش و باشتر”.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان لە وتارێكدا بەبۆنەی یادی 16ی ئاب و ڕۆژی دامەزراندنی حزبەكەی لەهەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، بۆ ناسینی ئارمانج و ناسنامەی هەر حزب و گروپێكی سیاسی، زۆر جار دەربڕین و هەڵسوكەوت و كار و كردارەكانی تاك و كۆی كارەكتەرەكانی ئەو حزبە دەبنە هێمای ناسینەوە.

دەشڵێت: “هەر بەرپرسێك یان كاربەدەستێكت بینی كەم قسەی كرد و زۆر كاری كرد، باش بزانە ئەو كەسە دەروێشێكی حەقیقی و شوێنكەوتووی ڕێبازی بارزانی یە”.

ڕاشیگەیاندووە، خاسیەتەكانی خەڵكی پارتی زۆرن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە، كە پارتی بێ كەم و كوڕیش بێت، چوونكە ئەگەر كادیر و سەركردە و كاربەدەستانی پارتی بەدروستی تەرجەمەی ڕێبازی بارزانی و سیاسەت و ڕوانگای بارزانی بكەن، هێز و گەورەیی پارتی ئەوەی ئێستا هەیەتی چەند بەرامبەر دەبێ و باشتر و بەگوڕوتینتر و بەهێزتر دەبێت.

جیاوازتر قسان ‌دەكەم…. پارتیەكان بەچی دەناسرێنەوە؟
بۆ ناسینی ئارمانج و ناسنامەی هەر حزب و گروپێكی سیاسی، زۆر جار دەربڕین و هەڵسوكەوت و كارو كردارەكانی تاك و كۆی كارەكتەرەكانی ئەو حزبە دەبنە هێمای ناسینەوە.

بۆیه لە هەر گردبوونەوەیەكی جەماوەری و كوڕۆ كۆبونەوەكان، ئاڵای كوردستان زێتر بوو لە ئاڵای حزب، ئەوا بێ یەك و دوو دەزانی ئەو گردبوونەوەیە پارتیەكانن.
لەهەر شوێنێك گوێبیسـتی ووشەكانی سەربەخۆیی و هەنگاو و ئاراستەی بیری سەربەخۆیی بووی، یەك ڕاست دەزانی ئەوەی قسان دەكات پارتیە.

هەركاتێك بینیت لەسەر پیرۆزی ئاڵاو نیشتمان و خەڵك و خاكی كوردستان و پرسەنەتەوییەكان، كەسێك بەجواب هات، بزانە ئەو كەسە پارتیە.

لەهەر مەجلیسێك بینیت كەسێك بەرگری لە كەسێكی سیاسی یان سەركردەیەكی لایەنێكی سیاسی بكات، باش دەزانی ئەو كەسەی قسان دەكات پارتیەو ئەو كەسەی بەرگرییشی لێدەكرێ، قسەی بە ئاراستەی نیشتمانی و نەتەوەیی كردوە.

پارتیەكان توڕە دەبن دڵیان دەڕەنجێ بەڵام باوەڕیان بەڕێ و ڕێبازی بارزانی ناگۆڕێ و حەز بەسەنگەر گواستنەوه ناكەن و سەنگەری خۆیان لا پیرۆزە.

پارتیەكان لە شەڕوو وەستانەوە بەرامبەر بە دووژمن و نەیار خۆنەچەمێنن، بەرامبەر بەگەل و خاك ویستانیش ملكەچ و دەست لەسەرسینگن.

پارتیەكان لەسەر تا خوار لە ڕێبەر تا كاركەر، یەك باوەڕو یەك ئامانجیان هەیەو یەك تیم و تێفكرینن، بۆیە زۆرجار نەیارەكانیان قەڵس دەبن بەو یەك ئاوازی خوێندنە.

پارتیەكان لەسەركەوتن غروورنابن لە شكستیش نا ئومێدنابن، لەوپەڕی ناخۆشیەوە بەهیواو ئاواتن و دواجار هەر پێدەكەنن.

پارتیەكان ئەگەر بڕیاریان داوە سەبری ئەیبویان هەبێ، بڕیاریشیان داوە تەمەنی نوحیان هەبێ و حزبی هەموو كوردستان بن نەك ناوچەیەك و جوگرافیایەك.

لەهەر دانیشتنێك كەسێك دژی كەسێك قسان دەكات و بەكەسێكی شۆڤینی و دژە كوردی وەسف دەكات، باش دەزانی ئەوەی قسە دەكات پارتیەو ئەوەی دژیشی قسە دەكرێ دژە سەربەخۆیە.

لەهەر جێگایەك كەسێكت بینی بەگەشبینی و مۆڕاڵ و وورەی بەرزو ئایندەی باش و بەپیرۆزی باسی سەنگەرو مەتەرێز قسەی كردن باش دەزانی ئەوەی قسان دەكات پارتیە.

لەهەر شوێنێك كەسێكت بینی ئاخی بۆ خیانەتكارانی ناوخۆیی هەڵكێشا، باش بزانە ئەوەی ئاخ هەڵدەكێشێ پارتیەكی كەم بەركەوتووی ماندووی ناسوودمەندە،
لەهەر دانیشتنێك كەباسی ١٦ی ئۆكتۆبەر كراو كەسێك غەم و پەژارە دایگرت، بزانە ئەوە پارتیێكی هیلاكە لە شۆڕش و خەونی سەربەخۆی زڕاوە و تا ئێستا لەدوای ئەو كارەسات و خیانەتە، هەر لە پرسەی نیشتمانە.

لە هەر مەجلیس و كۆڕێك ژنێك یان پیاوێكت بینی لەگەڵ باسكردنی كەم و كوڕی، باسی دەسكەوت و بەرهەمەكانیشی كرد، باش بزانە ئەوە ویژدانی زیندووی پارتیەكەو دەجوڵێ.

لەهەر شوێنێك كەسێكت بینی زۆر بەرگری لە دەسكەوت و باوەڕو كوردستان كرد، باش بزانە ئەوە پارتیەكی ڕەخنە گرەو لە شوێنی پێویست و كوڕو كۆبونەوەی حزبی پەنجە لەسەر كەم و كوڕیەكان دادەنێت و زۆر ئازایانە قسان دەكات.

لەهەر مەجلیسێكی سیاسی یان كۆمەڵایەتی، ناوەكانی پێشمەرگە، شەهید، زیندانی سیاسی، كوردستان، شاخ و چیا، ئەشكەوت و مێژوو، خەبات و بەردەوامی، بەڕێزو تەقدیرەوە هاتن باش بزانە ئەوەی قسان دەكات پارتیەكی بەباوەڕە.

هەر بەرپرسێك یان كاربەدەستێكت بینی كەم قسەی كردو زۆر كاری كرد، باش بزانە ئەو كەسە دەروێشێكی حەقیقی و شوێنكەوتووی ڕێبازی بارزانی نەمرە.

لەهەر جێگایەك بینیت ڕەخنە مانا دروستەكەی خۆی لەدەست نەدابوو، ڕەخنە نەببوو بەجوێن هەر ڕەخنە بوو، بزانە ڕەخنەگر پارتیە.

ئیتر ئەوانە و سەدان دەربڕین و كاریتر خاسیەتەكانی خەڵكی پارتین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە كە، پارتی بێ كەم و كوڕیش بێت، چوونكە ئەگەر كادیرو سەركردەو كاربەدەستانی پارتی بەدروستی تەرجەمەی ڕێبازی بارزانی نەمرو سیاسەت و ڕوانگای سەرۆك بارزانی بكەن، هێزو گەورەیی پارتی ئەوەی ئێستا هەیەتی چەند بەرامبەر دەبێ و باشتر و بەگوڕوتین ترو بەهێزتر دەبێ.

دەبا ئەو ١٦ی ئابە بكەینە ١٦ی ئابی بەخۆ داچوونەوە و كەمكردنەوەی كەم و كوڕیەكان و زیادكردنی كارو گوفتاری باش و باشتر.
پیرۆزبێت ١٦ی ئاب ڕۆژی هەڵاتنی خۆری كوردستان….
(ئومێد خۆشناو)

کوردستان

تەندروستی هەرێم: 33 تووشبووی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دهۆك دەستنیشان كران


خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، 33 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە دهۆك دەستنیشانكرا.

تەندروستی هەرێم ڕوونیشیكردووەتەوە: تووشبووەكان دوازدە پیاو و پازدە ئافرەت و شەش منداڵن و ھەموویان بەركەوتووی تووشبوێكی پێشوون لە بەشداربوونیان لە داوەتێكی نان خواردن و دانیشتووی ناو شاری دهۆكن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

دەرەنجامی نوێ …

لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، سی و سێ تووشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای دهۆك دەستنیشانكران، دوازدە پیاو و پازدە ئافرەت و شەش منداڵ.
ھەموویان بەركەوتووی تووشبوێكی پێشوون لە بەشداربوونیان لە داوەتێكی نان خواردن و دانیشتووی ناو شاری دهۆكن.

وەزارەتی تەندروستی
٣ حوزەیران ٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هەرێم.. وادەی دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمانبەران ئاشكرا كرا


خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا 6/6/2020ی مانگ دەوامی فەڕمییان ڕادەگیرێت و لە 7/6/2020 دەوامیان دەستپێدەكاتەوە.

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەندروستی هەرێم: 5 تووشبووی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەولێر دەستنیشان كرا


خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، 5 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەولێر دەستنیشانكرا.

تەندروستی هەرێم ڕوونیشیكردووەتەوە: تووشبووەكان دوو پیاو تەمەن ٥٠ و ٢١ ساڵ و كچێكی تەمەن ١٨ ساڵ و دوو منداڵ تەمەن ١٣ و ٩ ساڵ، ھەموویان بەركەوتەی تووشبوێكی پێشوون، دانیشتووی گەڕەكی ئەندازیارانی شاری ھەولێرن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

دەرەنجامی نوێ …

لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، پێنج تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای ھەولێر دەستنیشانكرا، دوو پیاو تەمەن ٥٠ و ٢١ ساڵ و كچێكی تەمەن ١٨ ساڵ و دوو منداڵ تەمەن ١٣ و ٩ ساڵ، ھەموویان بەركەوتەی تووشبوێكی پێشوون، دانیشتووی گەڕەكی ئەندازیارانی شاری ھەولێرن.

وەزارەتی تەندروستی
٢ حوزەیران ٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان