ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بەوێنە؛ ئەو دوو منداڵەی هەڕەشەی كوشتن و سووتاندنیان لەسەربوو ڕزگاركران

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر دوو منداڵ، كە لە لایەن باوك و باوەژنیان ئازار درابوون و چەندین جار دەركرابوون و دواجار هەڕەشەی كوشتن و سووتاندنیان لێكرابوو، ڕزگار كران.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ئەمڕۆ شەممە 10ی ئاب 2019 لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، لە سەر ڕاسپاردەی خاتوو كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر هەموو هەوڵێكمان خستەگەڕ بۆ ڕزگاركردنی ئەو دوو منداڵەی ژیانیان لە مەترسیدا بوو.

وتیشی، “خۆشبەختانە دوای دوو ڕۆژ هەوڵدان، توانیمان دوو منداڵەكە لەو دۆخە خراپەی تێكەوتبوون ڕزگاریان بكەین و بیانهێنینە خانەی نەوجەوانان لە هەولێر، دوای پشكنیكی پزیشكی و چارەسەری پێویست، ئێستا باری تەندروستیان جێگیرە”.

ڕاشیگەیاند، خانەی نەوجەوانانی هەولێر بە شێوەیەكی تایبەت دیزاینكراوە و بە شێوەیەكی مودێرن بەڕێوەدەبردرێت هەر ئەمەشە وای كردووە جگە لە منداڵانی پارێزگای هەولێر، زۆر جار منداڵانی پەرێزگاكانی دیكەش لە خۆ بگرێت.

کوردستان

“لەشاری كەركوك پێشێلكارییەكان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دایە”

خەڵك – بەشی هەواڵ

لیژنەی داكۆكی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەبەوەدەكات، لەشاری كەركوك پێشێلكارییەكان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دایە.

ڕاشیدەگەنێت، ئێمە لە لیژنەی داكۆكی لە ئازادی ڕۆژنامەگەری‌ و مافی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئەم پرسە بەپرسێكی هەستیار و نائاسایی‌ و مەترسیدار دەزانین، پێمان وایە ئیدارەی شارەكە و هێز و گروپە چەكدارەكانی كەركوك بە بەرنامە و بەمەبەست ئەو كارانە دژ بە ڕۆژنامەنووسان بەدیاریكراویش دژ بەڕۆژنامەنووسانی كورد دەكەن‌ و كەشێكی هێندە ترسناكیان دروستكردووە كە ڕۆژنامەنووسان ناتوانن كاری ئاسایی خۆیان ئەنجام بدەن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە..

بەیاننامەی لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان

بەبۆنەی خراپی بارودۆخی رۆژنامەنوسان لەشاری كەركوك

لەشاری كەركوك پێشێلكاریەكان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دایە

ئاشكرایە زۆر بوونی گرژی‌و ململانێ‌و نائارامی لەهەر شوێنكدا هەبێت، دەبێیتە سەرچاوەی هەواڵ‌و خوڵقێنەری‌و ڕووداواوەكان، بێگومان ئەمانە بابەتگەلێكن پێویستیان بەڕوماڵ‌و بەدواداچوونی رۆژنامەوانی زیاترە، لێرەشدا ئەركی رۆژنامەنووسانە، كەكار بۆ دەستكەوتنی زانیاری بكەن‌و بەدوای هۆكارو ئاسەواری كێشەكاندا بگەڕێن ‌و راستی بابەتەكە بە خەڵك بگەیەنن، هەر بۆیەشە لەو جۆرە دۆخانەدا ژینگەی كاری ڕۆژنامەگەری دەبێتە مەترسی بۆ ڕۆژنامەنوسان‌و كاری رۆژنامەنووسی.

ماوەیەكە پارێزگای كەركووك بەدۆخێكی سیاسی نائارام‌و پڕ كێشە تێدەپەڕێ، ڕێژەی پێشێلكاریەكان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لەبەرزبوونەوەدایە‌و گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، لەسەر سەندیكای ڕۆژنامەنووسان‌و حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان‌و چ بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانە كەهەڵوەستەی جدی لەسەر بكەن، زەمینەیەكی لەبارو ئارام بۆ رۆژنامەنووسان فەراهەم بكەن‌و مەترسی لەسەر ژیانیان نەهێلن، چونكە ڕۆژنامەنووسانی كەركوك سەرباری هەموو كێشەكانی دیكەیان، پشكی سەرەكی قوربانی‌و ناكۆكیە ڕەگەزی‌و حیزبی‌ و سیاسیەكانیان بەردەكەوێت.

ئێمە لە لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەگەری‌و مافی رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەم پرسە بەپرسێكی هەستیارو نائاسایی‌و مەترسیدار دەزانین، پێمان وایە ئیدارەی شارەكەو هێزو گروپە چەكدارەكانی كەركوك بەبەرنامەو بەمەبەست ئەو كارانە دژ بەڕۆژنامەنووسان بەدیاریكراویش دژ بەڕۆژنامەنووسانی كورد دەكەن‌و كەشێكی هێندە ترسناكیان دروستكردووە كە رۆژنامەنووسان ناتوانن كاری ئاسایی خۆیان ئەنجام بدەن.

لەوبارەوە چەندین جۆری پێشیلكاری لەهەڕەشەو سوكایەتی‌و ڕێگریكردن لەكارەكانیان‌و ئازاردانی ڕۆژنامەنووسان لە لای لیژنەی داكۆكی تۆمار كراون. بۆیە ئێمە لەلیژنەی داكۆكی لەسەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، داوا لەسەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق دەكەین بەئەركی پیشەییانەی خۆیان هەستن‌و داكۆكی لەرۆژنامەنووسانی شاری كەركوك بكەن، هەروەها داوا لە لایەنە بەرپرسەكانی شاری كەركوك دەكەین ئەو پێشیڵكارایانە رابگرن، لەهەمان كات داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و هەموولایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەش دەكەین كە لەخەمی ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای كەركووك بن‌و نەهێڵن چیتر ڕۆژنامەنووسان‌و ئازادی ڕۆژنامەگەری لەو شارە پێشێل بكرێت.

لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان

هەولێر ٨-١٢-٢٠١٩

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كەسوكاری شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە لەبارەی دابەشكردنی مووچەوە ئاگاداردەكرێنەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە كەسوكاری شەهیدان لە بارەی دابەشكردنی مووچەوە ئاگادار دەكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە ئاگاداری كەسوكاری شەھیدانی جینۆساید دەكات، ڕۆژی یەك شەممە مووچەی شەھیدانی جینۆساید لە بانكی ھەڵەبجە دابەشدەكرێت، نەك لە بانكی خانەنشینی.

بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشداوە، كەسوكاری شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان سەردانی بانكی ھەڵەبجە بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

شارەزایەكی یاسایی: پەڕلەمانی كوردستان ئەزموونی لەبواری یاساكاری وەزیفی نیە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم پڕۆژە یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی پەسەند كرد و ڕەوانەی پەڕلەمانی كوردستانی كرد بۆ دەنگدان لەسەری، شارەزایەكی یاساییش دەڵێت: “ئەگەر پەڕلەمان پەسەندی بكات حكومەت جێبەجێی دەكات، هەرچەندە پەڕلەمانی كوردستان ئەزموونی لەبواری یاساكاری وەزیفی نیە”.

عەبدولقادر ساڵح، شارەزای یاسایی بۆ (خەڵك) وتی، “ئەگەر ئەو یاسا چاكسازیە لە پەڕلەمان ببێ بە یاسا ئەوا حكومەت دەسەڵاتی هەموو شتێكی هەیە، چونكە لە هەرێم یاساكانی پەڕلەمانی كوردستان بەركارە بۆیە پەڕلەمان ئەوەی بیەوێت دەیكات و پەسەندی دەكات ئەوكاتەش هێزی یاسایی دەبێت و حكومەت ئەنجامی دەدات، بەڵام ئەگەر پەڕلەمان پەسەندی نەكات و حكومەت تەنها خۆی بڕیاری لەسەر بدات، ئەوا ناتوانێت”.

بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی عیراقی، دەرماڵە جێگیرەكان بریتین لە دەرماڵەی بڕوانامە و هاوسەرێتی و منداڵ، كە ناكرێت حكومەت دەستكارییان بكات.

سەبارەت بە دەسەڵاتی هەمواركردنی یاسای خزمەتی شارستانی عیراقی لە هەرێم ڕاشیگەیاند، لەبەر ئەوەی لە هەرێم پەڕلەمان هەیە، بۆیە جێبەجێ كردنی یاساكانی پەڕلەمانی كوردستان لەپێشترە و دەتوانێت هەر یاسا و مادەیەك هەبێت هەمواری بكاتەوە یان خۆی یاسای دیكە دەربكات.

جەختیشی كردەوە، كە پەڕلەمانی كوردستان دەتوانێت ئەو یاسایانەی تایبەتن بە مووچە و دەرماڵە پەسەندیان بكات و ئەوكات حكومەت جێبەجێیان دەكات، بەڵام ئەزموونی پەڕلەمانی كوردستان لەبواری یاساكاری وەزیفی نیە و ئەو یاسایانەشی لەو بوارەدا دەری كردوون لاوازن.

وتیشی، “ئەو یاسایەی بەناوی چاكسازی دەردەكرێت هەڵەیە، چونكە بە یەك یاسا ناتوانیت چارەسەری هەموو كێشەكان بكەیت، چونكە پێشینەی لەو بابەتە لە عیراقیش نەبوو، كە بە یەك یاسا دەست ببەیت بۆ یاسای مووچە و یاسای خانەنشینی و چەند یاسایەكی دیكە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان