ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

خۆ هه‌ڵخه‌ڵتاندن و درۆکردن له‌ ژێر ناوی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق

هه‌رێز جه‌مال

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌هۆی كرانه‌وه‌ی ده‌رگای پاڵه‌وانێتییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و به‌شداری هه‌ڵبژارده‌ جیاوازه‌كانی عێراق بۆ ئه‌و پاڵه‌وانێتییانه‌ كه‌ زۆربه‌ی زۆری خۆ هه‌ڵ خه‌ڵتاندن و دۆستانه‌ بووه‌ جار جار ناوی پێكهاته‌و شانده‌كه‌مان به‌ر گوێ ده‌كه‌وێت .

عێراق و كوردستان كه‌ نوقمی گه‌نده‌ڵیه‌كی زۆره‌و كایه‌ی وه‌رزشیش له‌و گه‌نده‌ڵیه‌ بێه‌به‌ری نییه‌ ساڵانه‌ یان مانگانه‌ چه‌ندین هه‌ڵبژارده‌ی به‌ ناوی پاڵه‌وانێتی وه‌همی و ئاستنزم به‌شداری ده‌ره‌كی ده‌كه‌ن، واز له‌مانه‌ ده‌هێنین به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌كرێت چه‌ندین ساڵه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ دیارده‌یه‌كی قێزه‌ون و ناشرینی هه‌ندێك یاریزانی ندی و بدی كورده‌ به‌ حساب خۆیان به‌ یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌ناسێن و لافی پاڵه‌وان بوون لێده‌ده‌ن له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ی شاره‌زای زۆریان بێت ده‌زانێت ئه‌و به‌ ناو پاڵه‌وانانه‌ زۆر كات سنووری گه‌ڕه‌كه‌ی خۆشیان نه‌به‌زاندووه‌ چی جای سنوری هه‌ڵبژارده‌.

چه‌ندین ساڵه‌ به‌ هۆی كاری رۆژنامه‌وانیمه‌وه‌ وردو درشتی پاڵه‌وانێتییه‌كان و یه‌كێتییه‌ وه‌رزشیه‌كان و هه‌ڵبژارده‌كان و خودی یاریزانه‌كانیش ده‌ناسم،چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ شانده‌ جیاوازه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق گه‌شتم كردووه‌ هه‌موویان له‌ ته‌رازوو بده‌م ده‌زانم چۆن و چی ده‌كه‌ن و نیه‌تیان له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كان چییه‌.
له‌ ده‌یه‌یه‌ی رابردوو تاك و ته‌ره‌ له‌ یارییه‌كانی گۆره‌پان و مه‌یدان و كاراتی و چه‌ند یارییه‌كی كه‌می به‌ كۆمه‌ڵ كه‌ تاوه‌كو ئێسته‌ش وه‌ك یاریزان و راهێنه‌ری جێگیر ماونه‌ته‌وه‌ یاریزانی كوردمان هه‌بووه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ماونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش به‌ ئاست و ئه‌نجام و سه‌ركێشی خۆیان بووه‌و به‌شداریان له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ كردووه‌و جێگه‌ ده‌ستیان دیار بووه‌.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێك یاریزان و راهێنه‌ری سۆشیال میدیای هه‌ڵتۆقیوون كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكیان كاریان به‌س چه‌واشه‌كاری بووه‌، له‌ ژێر دروشمی وه‌رزشكردن و یاریكردن، هه‌بووه‌ وه‌ك سپێری تایه‌ی سه‌یاره‌ له‌ بێ یاریزانی براوه‌ته‌ پاڵه‌وانێتییه‌كی ده‌ره‌كی دوو مانگ پێش ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ كه‌ڤه‌رو پرۆفایل و بیۆی فه‌یسبووكه‌كه‌ی كردووه‌ به‌ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، خۆشیه‌كه‌شی له‌وه‌دایه‌ به‌ عه‌ره‌بیه‌كی تێكلاو به‌ كوردی تێكسته‌كه‌ی نووسیوه‌ .

به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و ره‌وشته‌ی یاریزانان و راهێنه‌ران زۆر كات رۆژنامه‌نووس و میدیاكارانیشی پێ چه‌واشه‌ كراوه‌، زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شاشه‌ و زۆربه‌ی په‌یجه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایك و كۆمێنت هه‌واڵه‌ چه‌واشه‌كارییه‌كانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌سڵی بابه‌ته‌كان و ریسێچكردنێك بۆ راستی و دروستیان .

ئه‌و به‌ حساب پاڵه‌وانانه‌ سیحری به‌تاڵیان له‌وه‌دایه‌ زۆر زوو دیار نامێنن، زوو ده‌پوكێنه‌وه‌، زۆر كاتیش زۆر زووی به‌ درۆ ده‌خرێنه‌وه‌،كورد وته‌نی ده‌ڵێت په‌تی درۆ زۆر كورته‌ .

خۆنووساندن به‌ ناوی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه‌وه‌و خۆ به‌ زلكردن به‌ ناوی یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه‌وه‌ به‌ نامه‌ی ماسنجه‌ری فه‌یسبووك و پیاسه‌ی نێو یاریگه‌كان نابێت ، له‌ هه‌موو دنیادا یاریزان بانگهێشتكردن له‌ رێگه‌ی ئاست و تواناو ئه‌نجامه‌كانی ده‌بێت دواتریش به‌ نووسراوی فه‌رمی ، به‌شداریكردن له‌سه‌ر ئاستی پاڵه‌وانێتتیه‌كان به‌ گشتاندن و پۆلێنبه‌ندی ئاستی پاڵه‌وانێتییه‌كانیش ده‌بێت دیار بێت .

ئێسته‌ش یه‌كێتییه‌ وه‌رزشیه‌كان و هه‌ڵبژارده‌كانی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای شیعه‌و سونه‌ ململانێ ده‌كه‌ن ئیتر كورد چی بێت داخۆ له‌ هاوكێشه‌ی ئه‌وان؟ ده‌یان جار یاریزانی تاك و ته‌رای كورد له‌ لیستی سه‌ره‌تای هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بووه‌ بۆ تۆپی پێ و هه‌ر لیسته‌كه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ كردوێتی به‌ هه‌را چه‌ند كاتژمێرێكی نه‌بردووه‌ ناوی هه‌ر نه‌ماوه‌، واز له‌وه‌ بێنن تاوه‌كو ساڵی 2019 هه‌تا ئێسته‌ش هه‌ڵبژارده‌كانی عێراق ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كان به‌ هه‌ڵبژارده‌ی ( سه‌فه‌رو سیاحه‌ت) ناویان ده‌به‌ن..
یاخود جارێک هەر وەک سەرە پارچە یاریزانێک براوەتە پالەوانێتییە تاوەکو 1000 سالی تر وەک یاریزانی هەلبژاردە خۆی دەناسێنێت لە کاتێکا سروشتی هەر پالەوانێتییەک وایە کە کۆتایی هات پێکهاتەی هەلبژاردەکەش ئۆتۆماتیکی قابیلی گۆڕانە.

ئیتر پێویسته‌ یاریزان و راهێنه‌ری كورد له‌و وه‌همه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ رێگه‌ی سۆشیال میدیاو كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ تاكی كوردی چه‌واشه‌ بكات و خۆی بكات به‌ فس فس پاڵه‌وان ، باشه‌ ئه‌گه‌ر دواتر ناوی له‌ كوله‌كه‌ی ته‌ڕ نه‌بوو خۆی وته‌نی ئه‌م پاڵه‌وانه‌ هیچ ئه‌نجامێك و به‌رده‌وامیه‌كی نه‌بووه‌ چۆن زات ده‌كات سه‌ر له‌ ئاستی كه‌سه‌ نزیكه‌كان و هاورێكانی به‌رز بكاته‌وه‌ ، یاریزانی كورد پێویسته‌ ئه‌گه‌ر گه‌یشته‌ قۆناغێكی پێشه‌وه‌و بۆ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی به‌هێز یان یانه‌یه‌ك بانگهێشتكرا ، قۆناغی پۆستی قه‌یسبووك و ئینستگرام و سناپ چات بگوازێته‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌یه‌كی پرۆفیشناڵانه‌و پیشه‌گه‌رانه‌ .

وتار

یەکێتی تۆپی پێ بێڕێزی بەرامبەر هاندەری تۆپی پێ و ڕاهێنەران و یاریزانانی تازەپێگەیشتوان دەکات

دانەر ئەسڵان

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تا دێت ڕۆژ بە ڕۆژ گومان لە سەر خۆی زیاتر دەکات و سوکایەتی بە هەستی هەموان دەکات بۆ هەفتەی ٤ کۆبوونەوە لە کات و وادەی ڕەسمی خۆیدا ئەنجام نادات و هیچ بڵاو کراوەیەکیش لەو بارەیەوە ئاشکرا ناکات.

لیژنەی ئۆڵۆمپی بۆچی بێ دەنگە لەم سوکایەتییەی بە وەرزش و تۆپی پێ و تازەپێگەیشتوان دەکرێت؟

یەکێتی تۆپی پێی شارەکانی سلێمانی و هەولێر و زاخۆ و شارەکانی تر بۆچی سەری خۆتان دانەواندووە قسەیەک ناکەن هەر هیچ نەبێت ئەن لایکێک بکەن؟

یانەکانی کوردستان زاخۆ پێشمەرگەی سلێمانی جیهان هەولێر بۆچی قبوڵی دەکەن و هیچ ناڵێن؟

باشە بۆ هەمووان قوڕ و قەپتان لێ کردووە ئایا هەڵواسینی فۆتۆیەک لە یاریگایەکدا ئاوها دەکات هەموو لە ترسدا بێ دەنگ بن؟

کەواتە من پێشنیار دەکەم نازناوی تازەپێگەیشتوان بە یانەی هەولێر ببەخشریت وەک پاڵەوانێکی پاش و بێگەرد کە هەموو شتێکی خۆی کرد تا ببێتە پاڵەوان و پێویستی بە هاوکاری کەسیش نەبوو.

تێ بینی/ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان نە هیچ بەڵگەیەکتان لە لایە نە لیژنەکەشتان ڕاستگۆ بوو میسداقێت و ڕاستگۆیی خۆتانتان خستە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

مێسی لە نێوان سۆز و سەرسامبوون و ڕق و زانستدا

بەرھەم جــلال

باسـكردنی مێسی لە زۆر ڕوەوە دەچێتە خانەی دووبارەبون، چونكە لە دە وەرزی ڕابردوو زۆترین جاری ناوی مێسی ھێنراوە لەسەر شەقامی وەرزشی ئەمەش زۆر سروشتیە چونكە شیاوی ئەو باسكردنەیە، باسكردنەكەش یاری و نەیاری لیۆ دەگرێتەوە .

تۆپی پێ یەكێكە لەو كایانەی بەھەست و سۆز – ڕق و بوغز – دەمارگیری ناچێتە پێشەوە وەھیچ خزمەتێكیش ناكات بەم وەرزشــە ، مێسی و ھاوئاستەكانی كارێكی وەھانكردووە ھەر چوار چەمكی سۆز ، سەرسامبوون ، ڕق و زانست تێكەڵ بكرێن بەسەر یەكتردا بۆیە زۆر جار مێسی باشترین ئاست پێشكەش دەكات ڕقی تێكەڵ دەكرێت ؛ بە پێچەوانەوە خراپترین یاری دەكات سۆزی تێكەڵ دەكرێت ئەم تێكەڵیەش كارێكێكی ئاڵۆزە ھەر دوو بەرەی یار و نەیار بەڵگەیان بۆ سەلماندی ھاوكێشەكە پێیە .

ھەڵسەنگاندن بۆ لیۆ بەم ڕەگەزانە دەكرێت سۆز و سەرسامبوون و ڕق و زانست.

سۆز : واتا باوەڕی وایە مێسی بەھیچ جۆرێك و لە ژێر ھیچ دۆخێكدا خراپ نییە و نابێت .

سەرسامبوون، واتا داننان بە توانا و بەھرەی مێسی ئیدی یاری بیت یاخود نەیار ناتوانیت نكوڵی بكەیت لە نا سروشتی بوونی ئەم مرۆڤەی تایبەت دروسـت بووە بۆ تۆپی پێ .

ڕق، پێچەوانەوە سۆزە ھەمیشە قسەیەكت پێیە تا ئەوەی بڕوا نەكەیت مێسی نا ئاساییە زۆرجارن مێسی كارێكی باوەڕ پێنەكراو ئەنجام دەدات بەڵام ھۆكارێكی بۆ دێنێتەوە تا ئەوەی پێی سەرسام نەبێت لە كاتێكدا گوومانی نییە بیركردنەوەی ڕقە نەك شتی دیكە .

زانست، ئەم ڕەگەزە بەم دواییانە شۆڕ بۆتەوە بۆ ناوەڕۆكی تۆپی پێ بۆیە چەندین لێكۆلینەوە و توێژینەوە كراوە لەبارەی زۆر باس و بابەت لەم بابەتانە ھەڵسەنگاندنە بۆ یاریزانێك ، ڕاھێنەرێك ، تیمێك ، تاكتیكك … ھتد

زانست پێووەری بنەڕەتە تا ئەوەی ھەڵسەنگاندنەكە تێكەڵی سێ چەمكی پێشتر نەبێت .

ئێمە مێسی و ھاوئاستەكانی چۆن ببینین ..

ھەر كەسە و لە لایەن خۆیەوە جۆرێك دەڕوانێتە مێسی بەڵام نكوڵی لەوە ناكرێت ئاسـتی لیۆ یەكجار ناسروشتیە ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی خێرایە لە بڕیاردان ، زۆر بەسادەی یاری دەكات بەڵام سادەیەكەی زۆر ئاڵۆزە ، بەرنامەی خۆراكی زانستی پەیڕەو دەكات ، یەكجار پیشەگەرە بە بەڵگەی ئەوەی تا ئێستا نەبینراوە و نەبیسراوە لە جێیەكدا بڵێت من باشترینم ھەمیشە دەڵێت من یارمەتی كۆمەڵەكەم دەدەم ؛ بەگشتی بەكردار قسە دەكات نەك گوفتار .

سەرنج بدەن

مێسی لە جۆرە یاریەكدا دەستباڵایە كە زۆر تاكتكی بێت بۆیە زۆرینەی ڕاھێنەرە تاكتیكێكان سەرسامن بە مێسی ؛ مێسی زیاتر گۆڵی لەو یانەنانەكردوە لە تۆپی ئاستیاندا بوون بۆ نموونە

بایرنی گواردیۆلا، لیڤەری كلۆپ، ڕیاڵ مەدریدی زێدان، یۆفانتۆسی ئەلیگری،  ئینەری كۆنتی .

ئێوە سەرنجی مێسی بدەن زۆرترین جار بێ تۆپ كەم جوڵەیە ھەمیشە بۆ دواو پێشەوە ئاوڕ دەداتەوە بنكەیەكی یاریگا دیاری دەكات لەوێوە بڕیار بدات ! پێش گەشتنی تۆپ پێی بڕیاری داوە چی بكات !!

لە كۆتایدا ئەوەی ماوەتەوە باس بكرێت ئەوەیە ھەمووان كۆكن لەسەر نا ئاسایی بوونی لیۆ بەھەر یەكێك جۆرێك گوزارشتەكەی دەردەبڕێت بۆیە یان سۆزت ھەیە بۆی یان پێی سەرسامی یان ڕقت لێیە یان زانستیانە لێی دەڕوانیت

كورد دەڵێت ھەموو ڕێگایەك ئەچێتەووە بۆ بانە ، ھەموو ھەڵسەنگاندنێك سەرسامبوونە بە مێسی !!

تێبینی ١، یاریزانی دیكەش ھەن وێنای لیۆ بێت لەم چەمكانە بێت بەس وەك مێسی پڕاو پڕ نەیپێكاوە تا ئەوەی نوسینەكەی بۆ تەرخان بكەم …..

تێبینی ٢،  تۆش نوسینەكە وەك ئەوەی چۆن نوسراوە تێی بگە نەك بیركردنەوەی خۆت بسەپێنیت بەسەر بیردكردنەوەی مندا …..

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

به‌رشه‌لۆنه‌ بۆ نیمار ناگوازێته‌وه‌؟

هه‌وراز كاوه‌
به‌رشه‌لۆنه‌ش به‌ ئاسانی نیمار ناگوازێته‌وه‌ و خواسته‌كانی جێبه‌جێ‌ ناكات، له‌ كاتێكدا ئه‌و یاریزانه‌ له‌ ئه‌وجی یاریكردنیدا ڕوویكرده‌ یانه‌ پاریسییه‌كه‌ و ویستی له‌وێ‌ ببێته‌ جه‌مسه‌رێكی گرنگی تۆپی پێی جیهانی، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك لاوێك تووشی گرفتی كه‌م وێنه‌بوو، دواتر بڕیاریدا بێته‌وه‌ یانه‌ كۆنه‌كه‌ی و زووتر خۆی له‌ دۆزه‌خی ته‌نیایی و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئه‌زموونی سۆپه‌ر ستاره‌كان ڕزگار بكات، بۆیه‌ چوونی بۆ به‌رشه‌لۆنه‌ و قورسی له‌ بۆنده‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌م چه‌ند خاڵه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌ بزانێت، وه‌ك گه‌وره‌ یاریزانێك پێشوازی لێناكه‌نه‌وه‌.
1. پێكانی زۆر و به‌رده‌وام له‌ یانه‌ی پاریسانجێرمان.
2. له‌ تیپه‌ كۆنه‌كه‌ی یاریزانێكی فه‌ردی به‌ ئاست و ڕوشت به‌رزبوو، به‌ تایبه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگا كه‌مترین كێشه‌ی دروست ده‌كرد، به‌ڵام له‌ پاریس پێچه‌وانه‌ ده‌ركه‌وت.
3. دوای چوونی بۆ پاریس له‌ یاریگادا ڕكابه‌ری هاوڕێكانی ده‌كرد، ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ كاڤانی گرفتیان له‌سه‌ر جێبه‌جێ‌ كردنی لێدانێكی سزا هه‌بوو، به‌وه‌ش ده‌ركه‌وت ئه‌و توانای رابه‌ریه‌تیكردنی نییه‌.
4. له‌دوو وه‌رزی پێشووی ناوبراو له‌ هیچ بۆنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی یانه‌كه‌یدا گرنگی نه‌بووه‌، به‌ تایبه‌ت خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا و به‌رامبه‌ر به‌ مانچسته‌ر یوونایتد.
5. تۆمه‌ت باركردنی به‌ كاری سێكسی له‌گه‌ڵ ئافره‌تان، هه‌روه‌ها دوا كاری ئه‌وه‌بوو ده‌ستدرێژی كرده‌ سه‌ر هانده‌رێكی یانه‌كه‌ی له‌ یاریگای شازاده‌كان.
6. دوای ئه‌مانه‌ش قورسترین و دژوارترین بڕیاری دژی هانده‌رانی جێرمان ئه‌وه‌بوو، كه‌ ده‌یه‌وێت تیپه‌كه‌ی به‌جێبهێڵت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ناچار كردووه‌ له‌گه‌ڵ كۆنه‌ دۆسته‌كه‌ی گفتوگۆ بكاته‌وه‌، پێكانه‌كانی دیمبڵی و خراپی ئاستی تیپه‌كه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا و كه‌متر بوونی یاریزانی فه‌ردی و كه‌می گۆڵكردن له‌ ڕێزی به‌رشه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئیداری تیپه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێویستییه‌ی هه‌یانه‌، كه‌چی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌یان پێش چاو خستووه‌، كه‌ نیمار كوڕه‌كه‌ی (2013) نییه‌ و ده‌بێت بزانێت ئه‌و به‌و هه‌موو شكسته‌وه‌ قبوڵ ده‌كه‌ن و ناچاره‌ مه‌رجه‌كانیان قبوڵ بكات.

سه‌رچاوه‌
SPORT

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان