ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

بەرزبوونەوەی بەهای تمەن، گەشتیارانی هەرێم بۆ ئێران ڕاناگرێت


خەڵك – بەشی هەواڵ

بەهای تمەن لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە ڕووی لەبەرزبوونەوە كردووە، بەڵام گەشتیاران بەردەوامن لەگەشتەكانیان بۆ وڵاتی ئێران بەجۆرێك لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار ڕوویان لەو وڵاتە كردووە.

محەمەد سابیر گەنجێكی تەمەن 27 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئەو لەگەڵ هاوڕێكانیدا لەهەفتەی ڕابردووەوە لەگەڵ دوو هاوڕێیدا بەمەبەستی گەشتیاری ڕوویان لەوڵاتی ئێران كردووە.

ئەو گەنجە لەبارەی گەشتەكەیەوە بۆ (خەڵك)ی ڕوونكردەوە، ئێستا لەباكووری ئێرانن و هەوڵدەدەن تاكو كۆتایی جەژن لەوێ بمێننەوە، چونكە دەیانەوێت كەمێك لەجەنجاڵییەكانی كوردستان و ئیش و كار و كێشەكان دووربكەونەوە و كەمێك ئارامی بەمێشكیان بدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕاستە كەمێك بەهای تمەن بەرزبۆتەوە، بەڵام هێشتا جیاوازییەكی وەهای نییە، كە زۆر پێیانەوە دیاربێت، بۆیە وەك پێشتر گەشتیار لەناو خاكی ئێران دەبینن.

بەپێی بەدواداچوونەكانی (خەڵك)، كە بەراوردكاری بۆ بەهای تمەن بەرامبەر دیناری عیراقی كردووە لەماوەی ساڵی 2019دا بۆی دەركەوت، لەسەرەتای ساڵەوە بەهای تمەن بەرامبەر دیناری عیراقی لە 12 هەزار دینارەوە ڕووی لەدابەزین كرد تاكو مانگی پێنج كە گەیشتە 8 هەزار دینار، بەڵام ئەم دابەزینە بەردەوام نەبوو، بەڵكو دواتر وردە وردە ڕووی لەبەرزبوونەوە كرد تا ئەمڕۆ بەهای تمەن بەرامبەر دینار گەیشتە 10 هەزار و500 دینار.

پەیوەند عومەر گەشتیارێكی دیكەی باشووری كوردستانە لەخاكی ئێرانەوە بە(خەڵك)ی وت:”چەند ڕۆژێكە بەخێزانی هاتووین بۆ ئێران و دەمانەوێت پشووی جەژنی قوربان لێرە بەڕێبكەین، چونكە فرسەتی لەو جۆرە نایەتە پێشەوە نزیكی هەفتەیەك پشووبین، بەهۆی ئەوەی بەهای تمەنیش بەرامبەر دیناری عیراقی نزمە تێچووی گەشتەكەیان كەمە”.

بەپێی ئامارێكی ڕێكخراوی گەشتیاری ئێران، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 3 ملیۆن گەشتیاری بیانی چونەتە خاكی ئێران و تەنها لە عیراقەوە ملیۆنێك و 263 هەزار گەشتیار چونەتە خاكی ئێران.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی ئەو ئامارەی لەخاڵی سنووری باشماخ دەست (خەڵك) كەوتووە، تەنها دوێنی حەوت هەزار كەس لەمەرزەكەیانەوە لەباشووری كوردستانەوە چوونەتە خاكی ئێران.

ڕۆشتنی هاوڵاتیانی هەرێم وەك گەشتیار بۆ دەرەوەی هەرێم بەردەوام ڕووی لەزیادبوون دەكات، بە ئەمەش داهاتێكی زۆری ناوخۆی هەرێم دەچیتە وڵاتانی دەوربەر، كە لەبەرامبەردا پێویستبوو زیاتر گرنگی بە هاموشۆی گەشتیار لەناوخۆی هەرێم بدرێت.

لەو بارەیەوە نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، یەكێك لەپلانەكانیان گرنگیدانە بەگەشتیاری ناوخۆیی، بۆئەمەش كاری زۆریان كردووە و چەندین پێشانگایان كردۆتەوە، بەمەبەستی برەودان بەگەشتی ناوخۆیی، لەئێستاشدا كۆمەڵێك پەڕە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاگاداری بۆ گەشتی ناوخۆیی بڵاودەكەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تێبینی ئەوەیان كردووە كە گەشتیاری ناوخۆیی لەشوێنە گەشتیارییەكانی ناو هەرێم دەبینرێن، هاوكات گەشتیارانی دیكەش لەدەرەوەی هەرێمەوە دێن و لە شوێنە گەشتیارییەكان لەگەڵ گەشتیارانی ناوخۆیی تێكەڵدەبن، بەڵام ئەوەی وەك ئامار بڵاویدەكەنەوە زیاتر گەشتیارانی دەرەوەن كە دێنە ناو هەرێمەوە.

باسی لەئەوەشكرد، بەشێكی زۆری گەشتیاران لەشوێنە گەشتیارییەكان لە ژێر كەپرەكان دەمێننەوە و ناچنە هۆتێلەكان، یاخود سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن و دەگەڕێنەوە، بۆیە تاكو ئێستا ئاماری ئەم گەشتیارانە وەرنەگیراوە.

بەپێی بنەما ئابوورییەكان زۆربوونی ڕێژەی گەشتكردن لە هەر وڵاتێكدا نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی داهاتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەیە، بەڵام ئەم بنەمایە بۆ هەرێمی كوردستان و گەشتكردن بۆ وڵاتی ئێران ڕاست نییە، چونكە بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دیناری عیراقی زۆر دابەزیوە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم زیاتر گرنگی بەڕاكێشانی گەشتیار بۆ ناوخۆی هەرێم بدات و ناوچە گەشتیارییەكان زیاتر ئاوەدان بكاتەوە.

ریکلام

راپۆرت

99% كاریگەریی هەیە
چارەسەری كۆرۆنا دۆزرایەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
توێژەرانی چینی ئاهێكیان بەبەر جیهاندا هێنایەوە، دوای ئەوەی ڕایانگەیاند “بەڕێژەی 99% دڵنیان لەو ڤاكسینەی كاریی لەسەر دەكەن و پەرەی پێدەدەن كە كاریگەریی دەبێت بۆ نەهێشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ ” كە تائێستا زیاتر لە 6 ملیۆن حاڵەتی توشبوونی لە جیهاندا تۆماركردووە و بۆتە مایەی گیانلەدەستدانی سەدان هەزار كەس، وێڕای لەگەڕخستنی ژیان لە شوێنە جیاجیاكانی گێتی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن ڕۆژنامەی (سەن)ی بەریتانیاوە بڵاوكراوەتەوە”كۆمپانیای (سينو ڤاك)ی چینی پسپۆڕ لە توێژینەوە تەكنەلۆژییە ژیارییەكان، چۆتە قۆناغی دووەمی ئەزموونەكانی تایبەت بەو ڤاكسینەی كار لەسەر پەرەپێدانی دەكەن لەپێناو قەڵاچۆكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەو قۆناغەشدا زیاتر لە هەزار خۆشبەخش بەشداریی دەكات، ئەمەش لە نێوەندی گەشبینییەكی گەورەی توێژەران بەوەی كە بەمزوانە ڤاكسینێكی گونجاو دەدۆزنەوە و دەبێتە مایەی لەناوبردنی ڤایرۆسەكە”.

كۆمپانیاكە دەڵێت:دەستیكردووە بە وتوێژی سەرەتایی لەپێناو چوونە نێو قۆناغی دووەمی تاقیكردنەوەكان كە لەنێو بەریتانیادا ئەنجام دەدرێت،  ئەو قۆناغەش دوایین قۆناغە لە بواری ئەو توێژینەوانەی كە ئێستا ئەەنجام دەدرێن، ئەمەش لەلایەن “سەن”-ەوە ئاماژەی پێكراوە.

لیۆ بیشان، توێژەر لە كۆمپانیا چینییەكە لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئایا ئەو تاقیكردنەوانەی تائێستا ئەنجامدراون، سەركەوتوو بوون یان نا، ڕایگەیاندووە”بەڵێ‌ بەڵێ‌..زۆر بە دڵنیاییەوە سەركەوتوون.. من بەڕێژەی 99% دڵنیام لە سەركەوتنی چارەسەرەكە”.

كۆمپانیای (سینۆ ڤاك) لە كۆتایی مانگی ڕابردوو، ئەنجامی ئەو توێژینەوە پزیشكیانەی لە گۆڤارێكی زانسیتدا بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڤاكسینەی ناوی “كۆرۆنا ڤاك”ی لێناوە، سەركەوتوو بووە لە پاراستنی مەیمونەكان لە توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌.

كۆمپانیاكە لەو دەمەدا ڕایگەیاندبوو، هیواخوازە تاقیكردنەوەی پراكتیكی بۆ ئەو ڤاكسينە بكات لەسەر سێ‌ ئاست لە دەرەوەی چین، ئەمەش بەهۆی دابەزینی ئاستی توشبوون بە نەخۆشییەكە لە چین، بەجۆرێك كە ئەنجامدانی ئەو تاقیكردنەوانە بونەتە كارێكی قورس.

هیلین یانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێكار بۆ پەیوەندییەكانی وەبەرهێنەران لە كۆمپانیاكە دەڵێت:”ئێمە لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا قسەمان كردووە، لەو بڕوایەشدام وتوێژی باشمان لەگەڵ بەریتانیا ئەنجامداوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تائێستا لە قۆناغی سەرەتایی ئەو وتوێژانەداین”.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئایا بەتەنیا نوێژی جەژن دەكرێت؟
نوێژی جەژن چۆن و كەی دەكرێت و چەند ڕكاتە؟


خەڵك- بەشی هەواڵ
سبەینێ‌ یەك شەممە 24ی ئایار هاوكاتە لەگەڵ 1ی شەوال-ی كۆچی و یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و مامۆستایەكی ئایینی شێوازی ئەنجامدانی نوێژی سوننەتی جەژن ڕووندەكاتەوە و دەڵێت: “دوو ڕكاتە و 12 جار زیكرەكە دەخوێندرێت”، هاوكات ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان فەتوایەك لەسەر ئەنجامدانی نوێژەكە لە ماڵەوە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ و بوونی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەردەكات.

مامۆستا موسلیم مەلا صالح فریزی، مامۆستای ئایینی لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، نوێژی جەژن دوو ڕكاتە و وەك نوێژی بەیانیه، بەڵام جیاوازە لە وتنی زیكركردنی (الله أكبر) لە نوێژەكەدا، بۆیە نیەت دەهێنیت و دڵ ئامادە دەكەیت، كە نیازت وایە نوێژی جەژن بكەیت.

چۆنیەتی وتنی تەكبیرە و زیكرەكانی نوێژی جەژن
مامۆستا موسلیم ڕوونی كردەوە، دوای ئەوەی دەستت بە نوێژەكەت كرد، لە ڕكاتی یەكەمدا حەوت جار دەڵێی (الله أكبر) و لە نێوان (الله أكبر)ەكان دەڵێیت: (سبحان الله والحمد لله و لا اله الا الله و الله أكبر) پاشان سورەتی (الفاتحە) دەخوێنیت و پاشان سورەتێكی تری بەدوادا دەخوێنی و پاشان ڕكوع و سوجدە دەبەیت وەك نوێژی ئاسایی و پاشان هەڵدەسیتەوە بۆ ڕكاتی دووەم.

مەلا موسلیم دەشڵێت: “لە ڕكاتی دووەمیش وەك ڕكاتی یەكەمە تەنها جیاوازە لە ژماری وتنی (الله أكبر)ەكان و زیكرەكانی نێوانی، چونكە لە ڕكاتی دووەم پێنج جار دەیخوێنی”.

ئایا دەست بەرزكردنەوە هەیە لەنوێژدا؟
سەبارەت بە دەست بەرزكردنەوە لەكاتی (الله أكبر)ەكان، ئاماژەی بەوەكرد، زانایان فەرمویانە، كە پێغەمبەری خوا (د.خ) لەنێوان تەكبیرەكان زیكری نەخوێندووە و دەستی بەرزنەكردۆتەوە، بەڵام عەبدوڵڵای كوڕی عومەر (ڕ. خ) دەستی بەرزكردۆتە و زیكر خوێندنیش لەوەوە هاتووە.

لە خاتوو عائیشەوە (خوای لێ‌ ڕازی بێت) كە پێغەمبەر (د. خ) لەنوێژی جەژنی ڕەمەزان و قوربان حەوت (تەكبیرە)ی كردووە لە ڕكاتی یەكەم و لە ڕكاتی دووەمدا پێنچ (توكبیرە)ی دەكرد جگە لە (تەكبیرە)كانی تر.

مەلا موسلیم وتیشی، “وتن و نەوتنی زیكر و دەست بەرزكردنە و نەكردنەوەی كێشە نیە و هەمووی دروستە”.

كەی نوێژی جەژن دەكرێت؟ ئەی ئەگەر فریای جەماعەت نەكەوتیت؟
سەبارەت بەوانەی فریای نوێژی جەژن ناكەون، ئەو مامۆستا ئایینیە دەڵێت: “هەر كەسێك فریای نوێژی جەژن نەكەوت بە جەماعەت ئەوا بە تەنیا دەتوانێت بیكات”.

سەبارەت بە كاتی ئەنجامدانی نوێژی جەژن ئاشكرای كرد، كاتی ئەنجامدانی نوێژی جەژن نزیكەی 10 خولەك دوای خۆرهەڵاتن دەكرێت بەئەندازەی ڕمێك خۆر دیاربێت.

ئایا بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە دەكرێت بەتەنیا لەماڵەوە نوێژەكە بكرێت؟
بەپێی بڕیارێكی حكومەتی هەرێم، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتییەوە لە سەرتاسەری هەرێم، دەرگای مزگەوتەكانیش دادەخرێن و نوێژی جەژن-یش ئەنجام نادرێت، بۆیە موسڵمانان دەپرسن چۆن نوێژی جەژن ئەنجام بدەن؟ ئایا لە ماڵەوە و بەتەنیا ئەو نوێژە دەكرێت؟

لەو بارەیەوە، پ. د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە فەتوایەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نوێژی هەردوو جەژنەكە لە سروت و پەرستشە گەورەكانی ئیسلامن، هەمووان پیاوان و ئافرەتان بەشداردەبن، تەنانەت ئەو ئافرەتانەش كە لە حاڵەتی سوڕی مانگانەدان بۆیان هەیە بەشداری بكەن تیایدا و لەدوای هەڵاتنی خۆرە لە ڕۆژی جەژن و بەرزبوونەی بەڕادەی (ڕم)ێك، یان دوو (ڕم)، واتە دوای 15 خولەك لە هەڵاتنی خۆر، كاتی تەواوبوونی ماوەكەشی بە 20 خولەكە لەپێش كاتی نوێژی نیوەڕۆ.

ڕوونیشی كردۆتەوە، دەكرێ‌ لە حاڵەتی بوونی ئەم بەڵایەدا نوێژی جەژن لەناو ماڵەكاندا ئەنجامبدرێ‌، باشتر وایە و ڕاستتر ە دروستترە كە بە كۆمەڵ بكرێ‌، ئەو كات لەنێو ئەو نوێژخوێنانەدا كامیان قورئانخوێندنی باشترە ببێتە پێشنوێژ و نوێژی جەژنیان بۆ بكات.

هەر بەپێی فەتواكە، “لە كتێبی پوختەی (اڵام) ی مەدەنی فیقهناس كە لە پێشەوا شافیعییەوە دەیگوێزێتەوە هاتووە دەڵێ‌: (نوێژی هەردوو جەژنەكە بە شێوەی تاك لە ماڵەكەیدا دەكات، رێبوار و ئافرەتیش هەروەها…..)، فیقهناسانی مالیكی و حەنبەلیش بەهەمانشێوەیە، كە ئەگەر هاتوو نوێژی جەژنی لەگەڵ ئیمامەكەدا لەدەستچوو ئەوا بۆی هەیە بە كۆمەڵ یان بە تەنها خۆی ئەنجامی بدات، ئیبن قودامە لە كتێبی (المغنی)دا دەڵێ‌: (ئەو خۆی سەرپشكە و ئازادە دەتوانێ‌ بە تەنیا بیكات، دەشتوانێ‌ بە كۆمەڵ نوێژەكە بكات)”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

كۆرۆنا رەونەقی زێر زیاتر دەكات


خەڵك – بەشی هەواڵ

یەكەمین ڕاپۆرتی ھاوبەشی ئینستیوتی ئابووری بەژمارە بۆ شیكردنەوەی ئابووری و كۆمپانیای(INGOT BROKER)ی نێوەندگیری داراییە كەرەستەكانی وەبەرهێنان لە بازاڕە داراییەكان تایبەت بە كاریگەرییەكانی كڕۆنا لەسەر بەھای زێر لە بۆرسەی جیھانی.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری نەرێنی بەهێزی لەسەر ئابووری دروستكرد، بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی لەمانگی نیساندا حكومەتی وڵاتان بڕیاریان لەداخستنی سەرجەم سێكتەرەكانی ئابووریدا و زیاتر لە 3 ملیار و 600 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان كەرەنتینكرا،ئەمەش بووە هۆكارێكی سەرەكی كە ترسی وەبەرهینەران و بازرگانان روو لە زیادبوون بكات و بەشێكی سامانەكانیان بكەن بە زێر بەمەبەستی خۆپاراستن لەهەر دۆخێكی مەترسیدار كە رووبەڕووی ئابووری جیهان بێتەوە.

لەمانگی نیسانی رابردووەوە نرخی یەك ئۆنسە زێر بەرزبوویەوە بۆ سەروو ئاستی 1600$ ، زیادبوونی ریژەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری لە جیهاندا بووە هۆكاری سەرەكی بۆ بەرزبوونەوەی خێرای نرخی زێر، بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی گەورەترین داكشان لەكەرتی كاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تۆماركرا لە ساڵی 2010ەوە.

ناجێگیربوونی بازاڕە داراییەكان هانی بازرگانانیدا كە خواست لەسەر كڕینی زێڕ زیاتربكەن، ئەم هەنگاوەی بازرگانان هاوكاتبوو لەگەڵ ئەوەی بانكی فیدراڵی ئەمریكا بڕیاری پەیڕەوكردنی سیاسەتی پاڵپشتی نەختی بدات.

پەیڕەوكردنی سیاسەتی پاڵپشتی نەختی لەلایەن بانكی فیدراڵییەوە ، پاڵپشتی كۆمپانیاكان دەكات بۆ ئەوەی لەرێگەی پێدانی قەرزەوە بتوانن پەرە بە كارەكانیان بدەن و هەلیكاری نوێ دەستەبەر بكەن ، بەم شێوەیەش تارادەیەك لە كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووری كەمدەبێتەوە.

بانكی فیدراڵی بڕیاریدا كە بە بڕی 2.3 تریلیۆن دۆلار پاڵپشتی ئابووری بكات ، ئەمەش ئەگەرەكانی روودانی داكشانی ئابووری زیاتركرد، هەربۆیە بازرگانان و بانكەكان و بەشێك لە سندوقەكانی وەبەرهێنان خواستیان لەسەر كڕینی زێڕ زیاتركرد.

بەرنامەكەی بانكی فیدراڵی بووە هۆكاری كەمبوونی خواست لەسەر دۆلاری ئەمریكی و قەواڵەكانی ئەمریكا لەلایەن بازرگانانەوە، ئەوكات بەشێك لەشارەزایانی بازاڕە داراییەكان پێیان وابوو كە ئەگەری هەیە نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بگاتە ئاستەكانی 1900$ تا 2000$ ، بەڵام هەر زۆری نەخایاند، لە ناوەراستی مانگی نیسان بۆ سەرەتای مانگی ئایار جارێكی دیكە خواست لەسەر دۆلاری ئەمریكی زیادبووەوە بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، لە ناوەراستی مانگی ئایاردا بەشێوەیەكی پلەبەندی ئابووری دەكەنەوە و رێگە بە كۆمپانیاكان دەدەن دەستبەكارەكانیان بكەنەوە و كەرەنتین دەشكێندرێت چونكە ئابووری لەوەزیاتر بەرگەی راگرتن ناگرێت.

ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی لەسەرەتای مانگی ئایاردا نرخی زێڕ هێزی بەرزبوونەوەی كەمبێتەوە.

لەدوای بڕیارەكەی سەركی ئەمریكا ، بانكی فیدراڵی رایدەگەیەنێت كە ئەوان بەشێوەیەكی رۆژانە بەردەوامدەبن لە كڕینەوەی ئەسپاردەكان ، لەگەڵ بەرێوەچوونی پرۆسەكەش چاودیری بازاڕدەكەن ، هەموو ئەمانە بوونە هۆكاری ئەوەی ئارستەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لاوازبێت، بەڵام زۆر ناخایەنێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری و دابەزینی خەرجی بەكاربەر و نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا ، كێشە لە نێوان ئەمریكا و چین دروست دەبێتەوە ، سەرۆكی ئەمریكا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی زۆر خێرا بەجیهاندا دەخاتە ئەستۆی وڵاتی چین كە ئامارە راستەقینەكانی لە جیهان شاردۆتەوەوە رێژەی مەترسییەكەی وەك خۆی نەگەیاندووە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای قەرەبووكردنەوەی لە چین دەكات.

سەرهەڵدانەوەی كێشەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بووە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخی زێر كارا بێتەوە و نرخی یەك ئۆنسە زێر بگاتە 1750$.

بەشێك لە شارەزایانی بازڕە داراییەكان پێیان وایە كە داكشانی ئابووری و مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووری ، ئەگەری هەیە نرخی زێڕ بگەیەنێتە ئاستەكانی 1810$ – 1945$.

بەڵام بەشێكیش لەشارەزایان پێیان وایە كە كاتێك نرخی زێڕ دەگاتە ئاستەكانی 1780$ -1810$ ئەگەری هەیە بەشێك لە بانكەكان بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارەی بەردەستی نەختی بەشێك لە یەدەگەكانی زێڕیان بفرۆشنەوە ، ئەمەش ببێتە هۆكاری دابەزینی نرخی زێڕ.

بەشێوەیەكی تەكنیكی لە 2/10/2019 گەشتی بەرزبوونەوەی نرخی زێر لە ئاستەكانی 1030$ دەستی پێكرد، لەدوای گەیشتنی بە 1920$ لەساڵی 2011دا ، رووبەڕووی گەورەترین جوڵەی خۆراستكردنەوەی ساڵانە بوویەوە كە جارێكی دیكە نرخ بۆ ئاستەكانی 1062$ دابەزیەوە.

ئەگەر سەرنجی ناوچەی دابەزینی نرخی زێر بدەین دەبینین كە ئاستەكانی 1750$ ئەو ناوچەیەبوو كە نرخی زێڕ پاڵپشتی دابەزینی لێوەرگرت.

بەشێوەیەكی تەكنیكی جوڵەكانی نرخی زێڕ ئەوەمان پێدەڵێت ، كە دوو وێستگەی گرنگ هەیە بازرگانان بە وردی چاودێری دەكەن.
وێستگەی پێش شكاندنی ئاستی 1920$ بۆ هەر ئۆنسێك ، ئەگەر هاتوو ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخ ، نرخی زێڕ بگەیەنێتە 1795$ بە بێ ئەوەی بتوانێت ئاستی ئاماژەپێكراوو بشكێنێت ، ئەوا ئەگەری هەیە دووبارە لە 1795$ دابەزین تۆمار بكاتەوە بۆ ئاستەكانی 1659$ ، بەر لەوەی جارێكی دیكە بەرزبێتەوە.

وێستگەی دووەم وێستگەی دوای شكاندنی 1920$ دەبێت، كە لەئەگەری شكاندنی ئاستی ئاماژەپێكراوو بۆ سەرەوە، ئەوا چەندین نرخی نوێ بۆ زێر دروست دەبێت كە 2090$ – 2225$ – 2445$ دەبێت.

داخستنی مانگانەی نرخی زێر ، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی قەبارەی جوڵەی خۆراستكردنەوەكەی دەربكەوێت كە لە چ ئاستێكدا مامەڵە دەكات.

لە رووی مێژووییەوە كە ئەگەر سەرنجی نرخی زێر بدەین ئەوا سەرجەم جوڵە خۆراستكردنەوەكان دووبارە بوونەتەوە:

• كاتێك نرخی یەك ئۆنسە زێر دەگاتە 180$ ، بەرێژەی 50٪ خۆراستكردنەوەی تۆماردەكات و نرخ دادەبەزێنێتەوە بۆ 100$.

• كاتێك نرخ لە 100$ جارێكی دیكە بەرزدەبێتەوە بۆ 870$، بەرێژەی 70٪ خۆراستكردنەوە دەكات و نرخ دادەبەزێت بۆ 250$.

• كاتێك نرخ لە 250$ بۆ 1030$ بەرزدەبێتەوە ، ئەوا بە نزیكەی 65٪ خۆراستكردنەوە دەكاتەوە و نرخی دادەبەزێتەوە بۆ ئاستەكانی 680$.

• كاتێك نرخ لە 680$ بۆ 1920$ بەرزدەبێتەوە، ئەوا بۆ 1030$ دادەبەزێتەوە.

بەم شێوەیەش دەبێت چاودێری ئاستی 1920$ بكەین، لەئەگەری شكاندنی بۆ سەرەوە ئەوا ئاراستەی زێر بەرەو 2445$ دەبێت، بەڵام لەئەگەری نەشكاندنی ئەوا ئاراستەی خۆراستكردنەوە دەستپیدەكاتەوە كە بنەماكان و رووداوەكانی ئەوكاتە، دەستنیشانی دەكات كە خۆراستكردنەوەكە تا چ ئاستێك دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان