ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

پسووڵەی خۆراكی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان دەبڕدرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دوا وادە بۆ وەرگرتنەوەی فۆڕمی خۆراك لە لایەن هاووڵاتیانەوە تەنها 15 ڕۆژە و بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراك لە سلێمانیش دەڵێت: “لە كۆی 3 هەزار و 200 بریكار، تەنها 200 بریكار بەراییەكانی پسوڵەی خۆراكی گێڕاوەتەوە”.

یاسین مەحمود حەمە، بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوڵەی خۆراك لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای چەندین جار بانگەواز كردن بۆ هاووڵاتیان سەبارەت بە گێڕانەوەی بەراییەكان بۆ بریكارەكان لەكاتی وەرگرتنی فۆڕمی خۆراك، هێشتا وەك پێویست هاووڵاتیان بەدەم بانگەوازەكەوە نەچوون.

وتیشی، “لە كۆی 3 هەزار و 200 بریكار لە سنوری كاری ئێمە تەنها 200 بریكاریان بەراییەكانی فۆڕمی خۆراكیان بۆ ئێمە گێڕاوەتەوە، كە ڕێژەكەی تەواو كەمە و لە سەرەوەی خۆشمان داوای بەراییەكان دەكەن”.

ڕاشگەیاند، لە دوای جەژنەوە تەنها 15 ڕۆژ دیاریكراوە، كە هاووڵاتیان فۆڕمەكانیان وەربگرنەوە و بەراییەكان ڕادەستی بریكارەكانیان بكەن، هەروەها ئەوانەشی فۆڕمەكەیان وەرگرتووە و بەراییەكانیان نەداوە لەو ماوەیەدا پێویستە ئەوانیش بەراییەكان بدەنە بریكارەكانی خۆیان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەوانەی فۆڕمیان وەرنەگرتووە، لە دوای ئەو وادەیەوە، كە دیاریكراوە فۆڕمەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و كاری لای ئێمە نامێنێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم ئاگاداری گشت ئەو هاووڵاتیانە دەكات، كە تا ئێستا پسووڵەی خۆراكیان وەرنەگرتووە لەماوەی یەك هەفتەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پسووڵەی خۆراكی پارێزگاكان بكەن، بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیارن.

ئابوری

عیراق، حكومەت 8 ترلیۆن دینار لە بانكی ناوەندی قەرز دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، حكومەتی عیراق 8 ترلیۆن دینار قەرز لە بانكی ناوەندی دەكات.

ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاند”حكومەت بڕی 8 ترلیۆن دیناری بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، لە بانكی ناوەندی قەرزكردووە”.

بە وتەی سەفار”ڕازیبوونی پەرلەمان لەسەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی، كاریگەریی هەبوو لەڕووی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لەم مانگەدا، ئەم قەرزەش تەنیا بەشی سێ‌ مانگی دابەشكردنی مووچە دەكات”.

ئابوری عیراق كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەداهاتی نەوتی دەبەستێت، بەپێی ئاماری كۆتایی وەزارەتی نەوت، كۆی داهاتی نەوتى هەناردەكراو لە مانگی ئابی ڕابردوودا گەیشتۆتە (3) ملیار و (492) ملیۆن و (164) هەزار دۆلار ، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كە نرخی بەرمیلێك نەوت لە سەرو 60 دۆلارەوە بوو، بۆ نیو هێندە كەمی كردووە، بۆیە حكومەت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی دەبات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

عیراق، ئاماری كۆتایی هەناردە و داهاتی نەوتى مانگی ڕابردوو ئاشكرادەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی نەوتی عیراق، بڕی هەناردە و داهاتی بەدەستهاتووی مانگی تەمموزی ڕابردوو رادەگەیەنێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئاماری  كۆتایی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ).

ئەمڕۆ پێنج شەممە، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند”لە مانگی بابی رابردوودا، لە كێڵگە نەوتییەكانی باشووری عیراق، بڕی (77) ملیۆن و (505) هەزار (136) بەرمیل نەوت هەنارەكراوە، لە كیڵگە نەوتییەكانی كەركوكیش بەرەو بەندەری جەیهان، (2) ملیۆن و (989) هەزار و (400) بەرمیل نەوت هەناردە كراوە”.

بە وتەی عاسم جیهاد”كۆی گشتی هەناردەی نەوت لە مانگی ئابی ڕابردوو گەیشتووەتە (80) ملیۆن و (492) هەزار (536) بەرمیل”.

هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتدا هاتووە”تێكڕای نرخی بەرمیلێكی فرۆشراو بە (43.384) دۆلار بووە، كۆی داهاتی نەوتە هەناردەكراوەكەش (3) ملیار و (492) ملیۆن و (164) هەزار دۆلار بووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

لێبڕینی موچە كەمدەكرێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووری گەنجینەكانی راسپاردووە لیستی موچە بۆ مانگی نیسان ئامادە بكەن.

بەپێی نوسراوەكە كە لە میدیاكاندا بڵاوكراوەتەوە، وەزارەتی دارایی داوای كردووە لێبڕینی موچە لە 21%وە بكەن بە 18%.

بەهۆی دواكەوتنی موچەوە ئەمڕۆ پێنج شەممە سەرلەبەیانی پزیشكانی سنوری سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان مانیان گرت و ناوەندە تەندروستییەكانیان چۆڵكردووە.

لەبەیانی ئەمڕۆوە ناوەندە تەندروستی و نەخۆشخانەكان لەلایەن پزیشكەكانەوە كە ژمارەیان 500 پزیشكە چۆڵكراوە و پێشوازی لە نەخۆشەكان ناكەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێت مانگانە و 30 رۆژ جارێك موچە دابەشبكات، سەرباری لێبڕینەكەشی و لە ماوەی ئەمساڵدا تەنها موچەی مانگەكانی 1 و 2 و 3 دراوە و ئێستا چاوەڕوانی موچەی مانگی 4 دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان