ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

مەرزى كێلێ بە فەرمی كرایەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
نوێنەرێكی سەردەشت و پیرانشار لە پەڕلەمانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی بە پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕازی بووە بەوەی لە مەودوا شتومەكی بازرگانی لە دەروازەی كێلێ بە فەرمی ئاڵوگۆڕ بكرێت.

ئاژانسی فەرمی (ئیرنا)ی ئێران لە زاری ڕەسووڵ خزری، نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە پەڕلەمانی ئێران بڵاویكردووە، دەروازەی بازرگانی كێلێ، كە سەردەشتی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە قەڵادزێی باشووری كوردستان گرێ دەدات بە فەرمی كرایەوە و بە فەرمیكردنی ئەو دەروازەیە دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری لە ناوچەكە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش زیاد دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، هەریەك لە مەرزەكانی شووشمێ، سۆمار، شێخ سلە لە پارێزگای كرماشان و چیلات لە پارێزگای ئیلام ڕێیان پێ درا ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا بكرێت، هەرچەندە گومركی كێلێ-ی سەردەشت پێشتر ڕێی ئاڵوگۆڕی كاڵای پێ درابوو، بەڵام بە فەرمی نەكرابووەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، مەرزەكە 20 كیلۆمەتر لە قەڵادزێ دوورە و لە دیوی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش ڕاستەوخۆ بە سەردەشت-ەوە بەستراوەتەوە، كە ژمارەی دانیشتووانی 120 هەزار كەس دەبێت.

 

ئابوری

یاسین مەحمود: داواكارین بە كەم سەیری پڕۆژەیاسای چاكسازی نەكرێت و لە گەورەیی و بایەخی كەم نەكرێتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژە یاسای چاكسازی پڕۆژەیەكی گرنگ و پڕ بایەخە، ئەگەر حكومەت بتوانێت لە داهاتوودا جێبەجێی بكات.

یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕایگەیاند، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە دوای ئەوەی ئاڕاستەی پەڕلەمان كراوە لەوێ جارێكی تر پێداچوونەوەی تێدابكرێت و چاكسازی لە خودی پڕۆژەكەدا بكرێت بەو ئاڕاستەیەی خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان كەمبكاتەوە و ببێتە فاكتەری بەرزبوونەوەی داهاتی هەرێم، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا سوودی گەورە لەو پڕۆژەیە دەبینین.

وتیشی”لەماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستاندا ئیش بۆ ئەوە كراوە كە فەرمانبەران لە كەرتی گشتیدا دابمەزرێنرێن و ببێتە هۆی ئەوەی ئەو كەرتە زۆرترین مووچەخۆر و فەرمانبەر لەخۆی بگرێت، ئەمەش زیانی گەورەی لە كەرتی تایبەتداوە، هیوادارین لەدوای ئەو پڕۆژە چاكسازییەی بڕیارە پەڕلەمان خوێندنەوەی بۆ بكات و چاكسازی تر لەو پڕۆژەكەدا بكرێت، جارێكی تر پڕۆژەیەكی چاكسازی تر بۆ كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بێتە كایەوە، بۆ ئەوەی ڕێگا خۆش بكات تا هەزاران هەلی كار لە كەرتی تایبەتدا دروست ببێت، چونكە ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە لەمەولا چۆن هەوڵ بدەین پڕۆژە چاكسازییەكان لەدوای ئەم پڕۆژەیە هێواش هێواش بێنە كایەوە، ئەگەر ئەم پڕۆژە چاكسازییەی ئێستا سەربگرێت بەدڵنیاییەوە مشتێك دەبێت لەو پڕۆژە چاكسازییانەی تر كە دەبێت هەرێم جێبەجێیان بكات، بەتایبەتی لەبواری بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری كوردستاندا”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، وەك یەكێتی وەبەرهێنەران داواكارین بە كەم سەیری ئەم پڕۆژەیە نەكرێت و لە گەورەیی و بایەخی كەم نەكرێتەوە، گرنگ ئەوەیە ئەم پڕۆژەیە ئەگەر بە ڕێژەی 50%یش ئامانجەكانی بپێكێت ئەوا كارێكی گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە یەكەمجارە هەرێمی كوردستان بیر لەوە بكاتەوە بە واقعیی چاكسازی لە كەرتی گشتیدا بكات.
ناوبراو ئاشكراشیكرد، دوای ناردنی ئەم پڕۆژەیە بۆ پەڕلەمان، هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت كە پەڕلەمان بە وەرگرتنی ئەم پڕۆژەیە تووشی بەرپرسیارییەتییەكی مێژوویی گەورە دەبێتەوە، هیوادارین پەڕلەمانتارە بەڕێزەكان ئەم پڕۆژەی چاكسازییە بۆ بەرژەوەندی گشتی و دوور لە بیركردنەوەی تایبەتی حزبی بە ئاڕاستەیەكی باشدا ببەن، چونكە ئەم پڕۆژەیە هەموو ئەو خاڵانەی پەیوەستە بە چاكسازی لە دەرماڵە و مووچەی كەرتی گشتیدا و بە خۆشیانەوە كە پەڕلەمانتارن وایلێبكەن كە هاوشێوەی ئەو وڵاتانە بێت كە پێشكەوتنی گەورەیان بەخۆوە بینیوە.


یاسن مەحمود ڕاشیگەیاند، چەند ڕۆژێكە ئەو پڕۆژەیە دەخوێنمەوە و بۆم دەركەوتووە كە هەڵقوڵاوی یەكێك لە پڕۆژە چاكسازییەكانی وڵاتانی كەنداوە كە ئەویش (قەتەڕ)ە، ئەگەر پەڕلەمان ئەو پڕۆژەیە بەو واتایەی باسمان كردووە خوێندنەوەی بۆ بكات و بیكاتە پڕۆژە یاسایەكی واقعی و چاكسازی ڕاستەقینەی تێدابێت، دواجار لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە پەسەند كرا، بەدڵنیاییەوە كە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان موجازەفەیەكی گەورە دەبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەگەر حكومەت بتوانێت ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكات دەبێتە مێژوویەكی پڕ سەروەریی و مێژووییەكی سپی بۆ ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

جەخت لەوەش دەكاتەوە، وەك وەبەرهێنەران خاڵە گرنگەكانی ئەم پڕۆژەیە كە دركمان پێكردووە ئەوەیە كە لەمەولا هەموو كەسێك خواستی نابێت بڕوات لەكەرتی گشتیدا كار بكات، خاڵیكی تریش جێگای دڵخۆشییە، ئەوەیە ئەگەر وەزارەتی كار و دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هەندێك لە وەزارەتەكان پێداچوونەوە بە یاسای كار و دەستەبەركردنی كاردا بكەن و یاسایەكی باش بهێننە كایەوە، كارمەند و كرێكار و كەسانی تریش ئەگەر بیانەوێت لە كەرتی تایبەتدا كاربكەن گرەنتییان بكرێت، ئەوكاتە ئەو پڕۆژەیە شانبەشانی پڕۆژەیەكی تر وادەكات كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی گەورە بە خۆیەوە ببینێت.

              “جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی موجازەفەیەكی گەورە دەبێت بۆ حكومەتی هەرێم”

ڕوونیشیكردەوە، خاڵیكی تری گرنگ ئەوەیە، لەمەولا لە هەرێمی كوردستان دەتوانین لەدوای ئەم پڕۆژەیەوە چەندین پڕۆژەی چاكسازی تر بهێنینە كایەوە و ئەم ترسە دەشكێت كە پێشتر هەبووە و نەماندەوێرا دەست بۆ پڕۆژەكانی چاكسازی ببەین، بەتایبەت لە سێكتەرەكانی گەشەكردنی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی پڕۆژەكانمان لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا دەرچووێنراون یان دەیان كرچ و كاڵیان تێدایە و بووەتە هۆی بوونی گەندەڵی لە بواری ئابووریدا، ئەمەش وایكردووە ئابووری هەرێمی كوردستان نەچێتە پێشەوە.

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەشڵێت”پێشتر لە ترسی ڕازینەكردنی لایەنە سیاسییەكان نەماندەتوانی پڕۆژە یاسای لەو شێوەیەیە تێبپەڕێنین، بەڵام لە ئێستادا ئەگەر حكومەت و لایەنە سیاسییەكان و پەڕلەمان هاودەنگبن لەسەر ئەوەی پڕۆژە یاسای چاكسازی تێبپەڕێت، ئەوكاتە دەتوانین چەندین پڕۆژەی تر هەیە كە لەترسی وڵاتانی دراوسێ ناتوانین جێبەجێی بكەین كە تایبەتە بە ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پڕۆژە یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان، پڕۆژە یاساكانی بەكاربەر و پڕۆژە یاساكانی ئیستهلاك و پڕۆژە یاسای فلێزی و لا فلێزی و چەندینی تر هەیە كە ئێمە گومانمان نییە كە لەسەر داواكاری وڵاتانی درواسێ و ئەو وڵاتانەی هەرێمیان كردووەتە پێگەیەكی ئابووری بەهێز بۆ خۆیان، ئەم پڕۆژانە دەرنەچوون، لەدوای ئەم پڕۆژە یاسایەوە دەتوانین ئەو پڕۆژە یاسایانە هەمووی بهێنینە كایەوە، بۆ ئەوەی هەرێم سەرەڕای كەرتی گشتی دەست بۆ كەرتی تایبەتیش بەرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

كۆنفڕانسێك لەبارەی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

سلێمانی ـ نزار جەزا

ئەمڕۆ شەممە یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان كۆنفڕانسێكی لەبارەی بەرهەمە خۆماڵییەكان لەشاری سلێمانی ئەنجام دەدات و لە كۆنفڕانسەكەدا بەئامادەبوونی پسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆ لەبارەی پێشنیارە یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان دەكرێت.

شێخ عەتا محەمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشنیازە یاسای بەرهەمە خۆماڵییەكان زۆر گرنگە، بۆیە ئەمڕۆ بەئامادەبوونی سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان و كۆمەڵێك كەسی شارەزا و لایەنی پەیوەندیدار ئەم كۆنفڕانسەیان سازدا و هەوڵدەدەن یاسایەك دەربچوێنن.

ئاماژەی بەئەوەشدا، پێشتر بەرهەم خۆماڵییەكان كەمتربوو لەوەی بینێرنە دەرەوە، بەڵام ئێستا كە ڕێژەكە زیادیكردووە و دەتوانرێت بنێردرێتە دەرەوە، پێویستە یاسایەكی بۆ دەربچوێندرێت لە پەڕلەمانی كوردستان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بە بەروارد بە ناوەڕاست و باشووری عیراق، هەناردەی ئێران بۆ هەرێم زیادی كردووە

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەمینداری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی عیراقەوە هەناردەی ئێران كەمی كردووە.

میدیای ئێرانی بڵاویكرەوە، حەمید حوسێنی ئەمینداری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عیراق ڕایگەیاند، لە هەشت مانگی ڕابردوودا، كۆی گشتی هەناردەی ئێران بۆ عیراق 5 ملیار و 710 ملیۆن دۆلار بووە.
وتیشی”مانگانە بەشێوەیەكی گشتی هەناردەی كاڵای ئێرانی لە ئێرانەوە بۆ عیراق 750 ملیۆن دۆلار بووە،‌ بەڵام لە مانگی ڕابردوو بە هۆی ئاڵۆزییەكانی عیراقەوە گەیشتووەتە 540 ملیۆن دۆلار كە بڕی 210 ملیۆن دۆلار كەمی كردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان لەگەڵ عیراق بەردەوامە، بەڵام لەگەڵ ناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە كەمیكردووە و لە بەرانبەردا لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیادی كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان