ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

بڕیارێكیان تایبەتە بە مووچە
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێكی دەركرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆتایی هات و بڕیاریدا مووچەی ئەو 13 هەزار كەمئەندامەی ڕاگیرابوو خەرج بكرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، بڕیار درا سیستمی باج ڕێكبخرێتەوە و دادپەروەری لە باجداندا هەبێت و ئاستی بژێوی و داهاتی تاك لە بەرچاو بگیرێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
ئەمڕۆ چوار شەممە 2019/8/7 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبووەوە.

سەرەتا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (71/2009) لە 28/7/2019 تایبەت بە راڤەكردنی ماددەی(140)ـی دەستوور كرد، كە تێیدا بڕیاردرا بە زیندوومانەوەی ماددەی ئاماژەپێكراو. لەو بارەیەوە بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیران درا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ بەدواداچوون و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا بۆ دانانی رێكارەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بە پێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.

پاشان كۆبوونەوەكە گفتوگۆی لە بارەی داڕشتنی میكانیزمێكی پێویست كرد بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی هەشتەم لە بەشی چاكسازی لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە چاكسازی لە سیستەمی باج، بە جۆرێك دادپەروەری لە وەرگرتنی باج هەبێت، هەروەها گرتنەبەری هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕی بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە سەر گرنگی باجدان كردەوە، كە پێویستە هەموو ئەو لایەن و كەس و كۆمپانیایانەی قەرزداری حكوومەتن و ئەو باجانەی لەسەریانە بە شێوەیەكی یاسایی بدەن. هەروەها پێویستە باجەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە رووی یاسایی و كارگێڕییەوە رێكبخرێنەوە بە شێوەیەك دادپەروەری لە باجداندا هەبێت و ئاستی بژێوی و داهاتی تاك لە بەرچاو بگیرێت. هەروەها رێگە بگیرێت لە خۆدزینەوە لە دانی باج و ئەو یاسایانەش هەموار بكرێنەوە، كە لەوبارەیەوە رێگرن.

بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكه، گفتوگۆكردن بوو دەربارەی پێداچوونەوە بە لیستی ئەو كەسانەی بە ناوی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت تۆماركراون و سوودمەندبوون لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی. لەمبارەیەوە كۆبوونەوەكە بڕیاری دا هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە، بڕیاری گەڕاندنەوەی مووچەی زیاتر لە 13 هەزار كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتی دا.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە كاروباری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە تاوتوێ كران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی ناوخۆ و شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی دیكەی راسپارد، كە پێشوازی گەرم و ئاسانكاری پێویست بۆ گەشتیاران بكەن، كە بە بۆنەی جەژنەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

ئابوری

زۆربەی لە كرماشانەوە بووە
لە ساڵێكدا ئێران بە بەهای 9 ملیار دۆلار كاڵای بۆ عیراق هەناردە كردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی ژووری بازرگانی لە پارێزگەی كرماشان (خۆرئاوای ئێران)، بڕی هەناردەی ئێران بۆ عیراق ئاشكرا دەكات و دەڵێت لە ساڵێكدا بڕی هەناردەی ئێرانی بۆ عیراق گەیشتووەتە 9 ملیار دۆلار.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئاژانسی دەنگوباسی (فارس)ی ئێرانی، لە زاری كەیوان كاشفی سەرۆكی ژووری بازرگانی لە پارێزگەی كرماشان بڵاویكردەوە”لەساڵی ڕابردوودا بڕی هەناردەی ئێران بۆ عیراق، بۆ یەكەمجار گەیشتە نزیكەی 9 ملیار دۆلار كە بڕی 3 ملیار دۆلاری تەنیا لە پارێزگەی كرماشانەوە بووە”.

بە وتەی كاشفی”پارێزگاریكردن لەم بڕی هەناردەكردنە، پێویستی بە هەوڵ و كۆشش و پشتگیری هەردوولایە، وەبەرهێنانی هاوبەش و هەناردەی ماددەی خاو و دامەزراندنی كارگەكان بۆ لێكدانی هەندێك كاڵای ئێرانیش لە عیراق، لە چوارچێوەی ستراتیژی ئێرانە بۆ گەشەپێدانی هەناردەكردنەكانی بۆ عیراق”، بەپێویستیشی زانیوە زۆرترین سود لەو سنورە هاوبەشانە وەربگیرێت كە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەن.

بە وتەی ئەو بەرپرسە كە ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی ژووری بازرگانی ئێرانە:”لە دوایین سەردانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران بۆ عیراق، ڕێككەوتن لەسەر دامەزراندنی 3 سەنتەری بازرگانی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا كرا كە یەكێكیان لە كراماشانە”.

كەیوان كاشفی دەڵێت”بڕی ترانزێت لەنێوان ئێران و عیراق دەكرێت بۆ پێنج هێندە زیاتر بكرێت”، هیواشی خواستووە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزە لەنێوان هەردوو وڵاتدا ببێتە مایەی زیاتربوونی مامەڵًەكان و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخی مریشك بەرز بووەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە هۆكاری گرانبوونی نرخی مریشك ئاشكرادەكات و كۆمەڵێك داواكاری ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی نێو حكومەت دەكات.

نازم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە، باس لەوەكراوە، ھۆكاری گرانبونی نرخی مریشك پەیوەستە بە نەبوونی بەرھەم لە ناو كێڵگە پەلەوەرییەكان بەھۆی بەردەوامی زیانی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان كە وازیان ھێناوە لە بەرھەمھێنان.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، ٪‏٤٥ی ھۆڵی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەلایەن خاوەنەكانیان داخراوە، ئەمەش بەھۆكاری ئەو زیانە زۆرەی بەریان كەوتووە و حكومەت پشتیوانیان نەبووە، و لە ٪‏٢٥ خاوەن ھۆڵەكان جوچكیان دەست ناكەوێت، تا بیخەنە ناو ھۆڵەكان، و خاوەن مەفقەسەكان دەڵێن تا ٢٥ ڕۆژ ناتوانن جوچك بۆ خاوەن ھۆڵەكان دابین بكەن، و نرخی جوچك بۆ ١٥ سەنت بەرز بۆتەوە.

لەو بەیاننامەیەدا خاوەن كێلگە پەلەوەرییەكان بەم چەند خاڵەی خوارەوە داواكاری خۆیان خستۆتەڕوو:

١- دیاریكردنی نرخ ، حكومەتی ھەرێم لیژنەیەك دروستبكات بڕو تێچوی مریشك دیاریبكات لەبەرھەم ھێناندا پاشان نوسینگەی تایبەت دروستبكرێت و حكومەت خۆی مریشكەكە بكڕێتەوە و دواتر بە فرۆشیارانی بازاڕی بدات و یەك نرخ دیاریبكرێت كە ئەمە باشترین ھاندانە بۆ خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان و ھاووڵاتیان.

٢- قەدەغەكردنی مریشكی بەستوو

٣- ھەرزانكردنی عەلەف و ئازادكردنی ھاوردەكردنی لەووڵاتانەوە بۆئەوەی تێچوی مریشك ھەرزانتربكەوێت لەسەر خاوەن كێڵگەكان و بەھەرزانیش بگات بەدەست ھاووڵاتیان.

٤- دانانی لیژنەی چاودێری لەسەر ھاوردەكارانی عەلەف و دەرمان.

٥- پشتیوانیكردن و بازاركردنەوە بۆ بەرھەمی ناوخۆی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

“٣٣ هەزار كۆمپانیا و پڕۆژەی دەستەبەركراو لە هەرێم هەن”

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەری گشتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، نزیكەی ٨٠ هەزار كرێكاریان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆماركردووە و ساڵی رابردووش بڕی ١٠ ملیار دیناریان بۆ پاداشتی كۆتایی خزمەت خەرجكردووە.

عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە ئانادۆڵی ڕاگەیاند، تاكو سەرەتای ساڵی ٢٠١٩، ٣٣ هەزار كۆمپانیا و پڕۆژەی دەستەبەركراومان هەیە كە ژمارەی كۆی ئەو كرێكارانەی دەستەبەری كۆمەڵاتییان هەیە بریتین لە نزیكەی 80 هەزار كرێكار، لەو ژمارەیەش نۆ هەزاریان كرێكاری بیانین كە ئەوانیش هاوشێوەی كرێكارانی خۆماڵی مافی دەستەبەری كۆمەڵایەتییان هەیە.

وتیشی”سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی پێكدێت لە بەشدارییەكان، سزای دواكەوتن، كرێی موڵكەكان و بودجەی هەر سێ فەرمانگەی دەستەبەری كۆمەڵایەتیش دەچێتە ناو سندوقەكەوە بۆیە بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە، بەڵام ساڵانە ٦٠ تا ٧٠ ملیار دینار هەیە و دواتر خەرجییەكانی لێدەردەهێندرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ەوە نزیكەی ٤٠٠ ملیار دینار لە سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتیدا هەیە و ئەگەر كرێكارەكە داوا نەكات ئەوا كەی خزمەتەكەی گەیشتە ٢٠ ساڵی خزمەت دەتوانێت خانەنشین بێت.
ڕوونیشیكردەوە، تا ئێستا نزیكەی ٧١٥ خانەنشینمان هەیە و ساڵانەش نزیكەی ١٠ ملیار دینار بۆ پاداشتی خزمەت دەڕوات، ساڵانە نزیكەی ٨ هەزار كرێكاری خۆماڵی و بیانی دێن داوای پاداشتی كۆتایی دەكەن كە بەداخەوە زۆربەی كرێكاران كە گرێبەستیان تەواو دەبێت ئەوكات دێن داوای پاداشت دەكەن و پاداشتەكە یەكجارە و ئەگەر وەریبگرێت ئەوا مافی خانەنشینی نامێنێت و لە ئەگەری ئەوەی دوای وەرگرتنی پاداشت بچێتە شوێنێكی دیكە و پاداشتیشی وەرگرتبێت ئەوا خزمەتی بۆ هەژمار ناكرێت و لە دەستپێكی كارەكەی لە كۆمپانیای دووەمەوە خزمەتی بۆ هەژمار دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان