“بڕیارەكەی بانكی ناوەندی بۆ بازرگانانە و فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتیان ناگرێتەوە”



بانکی ناوەندی بڕیاریدا دۆلار بەکاش نەخرێتە بازاڕەوە و لەڕێگەی پێگەی ئەلیکترۆنیەوە بەبانک و کۆمپانیان دۆلار بفرۆشێت، نرخی دۆلاری کەمێک بەرزکردەوە و۱۰۰ دۆلاری گەیاندە ۱٥۳ هه زار و۷٥۰ دینار، بەڵام ئەو دۆخە کاتیە و پسپۆڕێكی ئابووری دەڵێت: “بڕیارەكەی بانكی ناوەندی بۆ فرۆشتنی دۆلارە بە بازرگانەکان، بەڵام هاووڵاتیان ناگرێتەوە”.

بانكی ناوەندی عێراق بە گشتاندنێك بڕیاریدا هەموو بانک و کۆمپانیاكان پابەندی پێگەی ئەلیکترونی بن، بەپێچەوانەوە بێ بەش دەبن لە بەشە هەفتانەی کڕینی دۆلار و بەوەش بازاڕی ڕەش نامێنێت و فرۆشتنی دۆلار تەنها لەڕێگەی سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە دەبێت.

بڕیارەکە وادەکات هه فتانە ٥۰ بانک بڕێکی زۆری دۆلاریان دەستبکەوێت و دواتر بەشێوەی فاتۆرە و بەنرخی فەرمی بفرۆشرێتە هاووڵاتیان، كە ئەمەش لێكدانەوەی هەڵەی لای فرۆشیارانی دۆلار بۆ كرا و وای كرد ئەمڕۆ نرخی دۆلار بەرزببێتەوە.

بڕیارەكە فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتیان ناگرێتەوە
ئومێد قەرەداغی، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانكۆ بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بریتی نییە لە نەفرۆشتنی دۆلاری نەقدی یان کەمکردنەوەی وەک هەندێک کەس دەڵێن، بەڵکو بریتیە لە فرۆشتنی دۆلار بەشێوەی نەقدی لە ڕێگای پلاتفۆرم (سەكۆی) ئەلکترۆنییەوە، ئەم هەنگاوە تەواوکەری هەنگاوی پێشووی بانكەكەیە، کە فرۆشتنی دۆلاری بە حەواڵەی خارجی لەڕێگای پلاتفۆرمە ئەلکترۆنیەکەوە ئەنجامدا، ئێستا فرۆشتنی نەقدیشی والێکردوە، لەمەولا بانکەکان و دامەزراوە داراییەکان، کە دۆلار وەرئەگرن دەبێت لە ڕێگای ئەم پلاتفۆرمەوە داواکاری پێشکەش بکەن و دۆلار بکڕن.

وتیشی، “ئامانجی ئەم بڕیارە ڕێگریکردنە لە چوونە دەرەوەی دۆلار، بەم بڕیارە بانکی ناوەندی ئەتوانێت باشتر چاودێری جوڵەی دۆلار بکات، ئەتوانێت دڵنیا بێت دۆلاریان بۆچی ئەوێ و چی لێدەکەن”.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە پێی وایە، ” ئەم بڕیارە ئەگەری ئەوەی تێدایە بە شێوەیەکی کاتی دۆلار بەرزبکاتەوە، بەڵام کاتی دەبێت و دواتر بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کۆنتڕۆڵی نرخی دۆلار لە ئاستی فەرمیدا ئەکەن، چونكە بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق لەوە تێگەیشتوون سەقامگیری نرخی دۆلار و ڕەزامەندی ئەمریکا پەیوەستە بە ڕێگریکردن لە چوونە دەرەوەی دۆلار، بۆیە ئەم شێوازی فرۆشتنی دۆلار بە نەقدی و حەواڵەیان کرد بە ئەلکترۆنی”.

جەختیشی كردەوە، ئەم بڕیارە بۆ فرۆشتنی دۆلارە بە بازرگانەکان و فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتیان ناگرێتەوە.

“بڕیارەكەی بانكی ناوەندی لە بەرژەوەندی دینارە و بەرزبوونەوەی دۆلار كاتییە”
جەبار گۆڕان، وتەبێژی بازاری دۆلارەكەی سلێمانی بڵاویكردەوە، كە هۆكاری ئەو تۆزە بەرزبونەوەیەی دۆلار نووسراوەكەی بانكی ناوەندی بوو، كە لە ڕۆژی دوو شەممەوە (20ی شوبات) لە رێگای سەكۆی ئەلكترۆنی دۆلار بە بانكەكان و كۆمپانیاكانی دراو دەفرۆشێت، زۆرێك لێكدانەوەی هەڵەیان بۆ بابەتەكە كرد و كەمێك دۆلار بەرزبووەوە.

ڕاشیگەیاندووە، خۆی لە راستیدا ئەمە لە بەرژەوندی بەهای دینارە، چونكە لە رێگای ئەم سەكۆی ئەلكترۆنیەوە بانكی ناوەندی چاودێری بانكەكان و كۆمپانیاكانی دراو دەكات و ناتوانن دۆلار بە نرخی زیاد بفرشن .

بانكی ناوەندی: نرخی دۆلار سەقامگیر دەبێت
بانكی ناوەندی لە گشتاندنێكدا بۆ سەرجەم بانكەكان، كە ڕۆژی یەك شەممە ١٩ی شوبات بە ژمارە ٥-١١-١٠٨٣ دەریكردووە، بە ٥ لاپەڕە ژمارەیەك بڕیاری دەربارەی حەواڵەكردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات دەركردووە.

وەك لە گشتاندنەكەدا ئامانجی بڕیارەكان ڕوونكراوەتەوە، “بەهێز كردنی ڕۆڵی دامەزراوە بانكی و داراییەكانە بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی دراوی بیانی (دۆلار) بە دەست هاووڵاتیان و ئەوانەی سوودمەند دەبن، كە دەبێتە هۆی سەقامگیری ئەو دراوە لەلایەك و هەروەها پابەند بوون بە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر لە لایەكی دیكەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو ڕێكارانە بۆ خۆگونجاندنە لەگەڵ چاكسازی لە كەرتی بانكی و گەشەكردنی كاروباری بانكی بەپێی پرنسیپە نێودەوڵەتییەكان.

 

كڵوب: سبەینێ‌ دەمانبینن
پێشت كڵوب: سبەینێ‌ دەمانبینن
تەندروستی هەرێم هەلی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان ڕادەگەیەنێت
دواتر تەندروستی هەرێم هەلی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان ڕادەگەیەنێت
ەیوەندیدار