ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

کۆنتی: ئینتەرمیلان دەبێتە موفاجەئەی وەرز و دەبێت ڕکابەرە ئەورپیەکان لێمان بترسن

خەڵک سپۆرت – بی بی تی ڤی

لەم وەرزەدا هەمووان لە ماڵی ئینتەرمیلانەوە چاویان لەسەر ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەری نوێی یانەکەیە، بەهیوان ئەم ڕاهێنەرە ئەزموندارە بتوانێت پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو جێبەجێ بکات و وەرزی نوێ بیانگەڕێنێتەوە نێو گەورەکانی ئەوروپا، لەم بارەیەوە کەناڵی “بی بی تی ڤی” چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجام دەدەن و ڕاهێنەرەکە بە ڕاشکاوی وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

چاوەڕێ دەکەیت لە وەرزی نوێدا چ یانەیەک ببێتە موفاجەئەی ئیتاڵیا؟

هیوادارم ئەو موفاجەئەیەی باسی دەکەن یانەی ئینتەرمیلان بێت، چونکە یاریزانەکانم بەوپەڕی تواناوە کار لەسەر مەشقە ئامادەکارییەکان دەکەن و گڕوتینیان تێدایە، بەپرۆشن بۆ دەستپێکی وەرزی نوێ، بەو شێوەیەش دەکرێت بڵێم شایستەی نازناوەکانن.

لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئامانجتان چییە؟

خولی یانە پاڵەوانەکان بابەتێکی جیاوازە و تیایدا ڕووبەرووی بەهێزترینەکانی کیشوەری ئەوروپا دەبینەوە، لەبەرامبەر گەورەیی ئەو یانانەدا ئێمە هەرگیز نابینە قوربانی، بەڵکو هەر یانەیەک بکەوێتە کۆمەڵەکەمانەوە پێویستە لێمان بترسێت، چونکە ئێمە ئینتەرین، ئامانجمان ئەوەیە لە وەرزی نوێدا هەیبەتی یانەکەمان بگێڕینەوە.

 

“لە پۆستی ڕاهێنه‌ری ئیتاڵیا هەست بە بابەتگەلێک دەکەیت کە لەهیچ پێگە و شوێنێکی تر هەستی پێناکرێت”

 

هێشتا سوریت لەسەر ئەوەی بە پلانی سێ بەرگریکار یاریی بکەیت؟

لەسەرەتای ئامادەکاریەکان بەو پلانە دەستمان پێکردووە و وای دەبینم لەسەری بەردەوام دەبین، ڕاهێنەران بەپێی توانا و ئیمکانیەتی یاریزانەکانیان پلان و تاکتیک دادەرێژن، لەڕاستیشدا پلان و تاکتیک لەچاو ڕوحیەتی جەنگاوەری و کۆڵنەدان گرنگیەکی ئەوتۆی نییە.

ڕات چۆنە دەربارەی ستیفن زهانگی سەرۆکی یانە؟

خاوەندارێتی یانەکەمان پێیان وابووە وەبەرهێنان لەیانەی ئینتەرمیلان باشترین ڕێگەیە و دەیانەوێت بۆچون و بیرۆکەکانیان لەپێناو گەڕانەوەدا جێبەجێ بکەن، نەک لەسەر ئاستی ئەوروپا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان، کاتێک زهانگی سەرۆک لەنزیک خۆمەوە دەبینم، دەبینم گەنجێک بە ورەی پۆڵاین و خەونی گەورەوە دەیەوێت ئینتەر بگەڕێنێتەوە سەر ڕێڕەوی سەرکەوتنەکان.

بۆ وەرزی نوێ، چوار لە یانە گەورەکانی خولی ئیتاڵیا ڕاهێنەریان گۆڕیوە، چۆن لێکدانەوە بۆ ئەم بابەتە دەکەیت؟

هاتنی ڕاهێنەری نوێ واتا جێبەجێکردنی فەلسەفە و بیرۆکەی نوێ، بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەو ڕاهێنەرە نوێیانە دەکەم بۆ ئەوەی بزانم چییان پێیە بۆ یانەکانیان، گرنگترین ئەرکی ئەو ڕاهێنەرانە بریتیە لە دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ گەیاندنی بۆچونەکانیان بە یاریزانان و پاشان جێبەجێکردنیان بەشێوەی پلان بۆداڕێژراو، لەبەرئەوەیە پێموایە وەرزی داهاتوو چێژبەخش دەبێت.

 

“ئێمە لێرە کارمان ئەوەیە یاریدەدەری یاریزانه‌ ئیتاڵیه‌کان بین بۆ بەدیهێنانی خه‌ونی یاریکردن له‌ پێکهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا”

 

لە ئەرکی ڕاهێنانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و چێڵسی چ سودێکت وەرگرت؟

دوو تاقیکردنەوەی ناوازە بوون لە ژیانمدا، بونم بەڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا باشترین و گرنگترین جوڵەبوو کردم، چونکە لەو پۆستەدا هەست بە بابەتگەلێک دەکەیت کە لەهیچ پێگە و شوێنێکی تر هەستی پێناکرێت، هەروەها تاقیکاری چێڵسی لەڕووی ئەزمونەوە باشتری کردم، ئێستا هەست دەکەم لە پێشوو باشترم.

ڕات چییە دەربارەی ئەو یاریزانە ئیتاڵیانەی لەپێکهاتەکەدا یاریی دەکەن؟

ئەوەی ڕاستی بێت ئێمە لە ئینتەرمیلان خاوەنی چەند یاریزانێکی ئیتاڵی بەتواناین کە دەکرێت سودی گەورەمان پێبگەیەنن، پێشموایە شایستەی ئەوەن لەپێکهاتەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەشداریان پێبکرێت، ئێمە لێرە کارمان ئەوەیە یاریدەدەریان بین بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە.

چاوپێکەوتن

نایمار: پێکانەکان منیان کوشت و لە پاریس سانت جێرمان بەردەوام دەبم

خەڵک سپۆرت

نایمار دا سیلڤای بەرازیلی ئەستێرەی یانەی پاریس سانت جێرمان لەچاوپێکەوتنێکدا چەندین زانیاری نەبیستراو دەربارەی داهاتووی لە خولی فەرەنسا و ئامانجەکانی ئەم وەرزەی ئاشکرا دەکات.

لەگواستنەوەکانی هاوینەی ڕابردودا نایماری ئەستێرەی بەرازیلی نزیکبوو لە یانەی پاریس سانت جێرمانەوە ڕوو لە بەرشلۆنە بکات، بەڵام گفتوگۆکان بۆ گواستنەوەی بەهۆی پێداگری ئیدارەی پاریسەوە شکستیان هێنا، دواتریش بەهۆی پێکانەوە ماوەیەکی دوور و درێژ دوورکەوتەوە و هاندەرانی یانە زەبەلاحەکەی پاریس لەدوای گەڕانەوە ئامادەنەبوون پێشوازی لێبکەن و تا ئەم ساتە پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و ئەڵتراسی پاریس ئاسایی نەبۆتەوە.

ئەستێرەکەی سیلیساو چاوپێکەوتنێک لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتباڵ ئەنجام دەدات، ڕەنگە بەهۆی لێدوانەکانیەوە بەیانی ئاشتەواییەکی درێژخایەن لەگەڵ هاندەرانی یانەکەیدا بکات، ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

پێکانەکان

“پێکانەکان لەم وەرزەدا منیان کوشت، بەهۆی دوورکەوتنەوەمەوە زۆر لەئاستم دابەزی، ئامانجم ئەوەیە توانا جەستەییەکانم بگێڕمەوە و نازناوە بەکۆمەڵەکان بۆ پاریس بەدەست بهێنم”.

پەیوەندی لەگەڵ مێسی

“مێسی کەسێکی نزیکمە و هاوڕێیەکی خۆشەویستە، هەمیشە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە”.

مباپێ و هاورێیەتی

” مباپێ خاوەن کەسایەتیەکی ناوازەیە و نزیکترین هاوڕێمە، لەشێوازی یاریکردنیدا خەسڵەتێکی ناوازە و تایبەت هەیە لەیاریزانەکانی تردا نییە”.

بەپرسیارێتی لەنێو یاریگا

” هیچ شتێک تێروتەسەل وبێهەڵە نییە تەنها خودا نەبێت، هەموو کەسێک کەموکەرتی هەیە، سەرکردەی ڕاستەقینە لەنێو یاریگادا ئەو یاریزانەیە کە یاریدەدەری سەرکەوتنی یانەکەی دەبێت، دەکرێت ئەو کەسە کاپتنی پێکهاتە بێت یان گۆڵکار و هەر یاریزانێکی تر، هەر یاریزانێکیش خاوەنی خەسڵەت و کەسایەتی تایبەت بەخۆیەتی”.

دەبێتە یاریزانی ژمارە یەک؟

نامەوێت ببمە ئەستێرەی یەکەم، بەڵکو دەمەوێت یاریی تۆپی پێ بکەم لەبەرئەوەی بوارەکەم خۆشدەوێت، هەتا لەنێو یاریگادا بم بەختەوەر دەبم، لەهەموو یارییەکیشدا لەسەدا سەدی تواناکانم بەگەڕ دەخەم”.

نایماری ڕاستەقینە

“کەمێکن ئەوانەی نایماری ڕاستەقینە دەناسن و ئەوانەش هاوڕێ و خێزانەکەمن، ئەوەی هاندەر دەیبینێت شتێکی جیاوازە و ڕەنگە کەمێک بێت لە کەسایەتی من، لەڕاستیدا من کەسایەتیەکی ئاشتیخوازم وحەزم بە بەسەربردنی کاتی خۆشە لەگەڵ هاوڕێیان و خێزانەکەم”.

بۆچی هاوینی ڕابردوو دەیویست لە پاریس بڕوات؟

(بەپێکەنینەوە) “هێشتا دوو وەرز لە بۆندەکەمدا ماوە و یانەکە زیاتر بەرەوپێش دەچێت، پێویستە ئەوپەڕی تەرکز بکەین بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی ئەم وەرزەمان، پێویستە زۆرترین نازناوەکان بەدەست بهێنین و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئامانجی سەرەکیمانە”.

لە پاریس بەردەوام دەبێت

“پێشەنگی بۆ یانەی پاریس سانت جێرمانە و چەندین ئامانجی گەورەمان هەیە، ئامانجی سەرەکیش هەمیشە بردنەوەی یارییەکانە و دەبێت هەموو هێزی خۆمان لەپێناو یانەکەماندا بەگەڕ بخەین، لەنێو یاریگادا گیانم لەپێناو سەرکەوتنی یانەکەم فیدا دەکەم و تا کۆتایی بۆندەکەشم پابەند دەم”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

لوکاس هێرناندێز: زێدان باشترینی فەرەنسایە و خۆم بە قەرزاری سیمیۆنی دەزانم

خەڵک سپۆرت – سپۆکس سپۆرت

لوکاس هێرناندێزی فەرەنسی بەرگریکاری یانەی بایرن میونشن، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ تۆڕی “سپۆکس سپۆرت” ئەنجام دەدات و بەم شێوەیە وڵامی پرسیارەکان دەداتەوە:

هەواڵی پێکانەکەیی و ئامانجی گەڕانەوەی

ئێستا زۆر باشم و هێشتا ١٠ ڕۆژم لەبەردەمدا ماوە بۆ گەڕانەوە، پەرۆشم بۆ گەڕانەوە و یاریدەدانی یانەکەم، ئامانجم گەیشتنە بەوپەڕی تواناکانم لەنیوەی دووەمی وەرزدا.

دوورخستنەوەی نیکۆ کۆڤاچ

کۆڤاچ ڕاهێنەرێکی نایابە و لە کارەکانی داهاتوویدا هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، بەڵام کیمیای ڕاهێنەرەکە لەگەڵ یاریزانان و پێکهاتەی یانەکە نەگونجا و دوورخرایەوە.

ئەگەری بەردەوامبوونی هانز فلیک

بۆچی بەردەوام نەبێت؟! کارێکی باش دەکات و ئاستی پێکهاتەکە بە چاودێری ئەم ڕاهێنەرە بەرزبووەتەوە، ئەگەر بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت لەو باوەريدام تا کۆتایی وەرز بەردەوامی پێدەدرێت.

گواستنەوە بە (٨٠) ملیۆن کاریگەرییەکانی ئەو نرخە بەرزە

بڕی ئەو پارەیەی پێمدراوە نابێتە بارگرانی لەسەرم، بەڵام بێگومان دەمەوێت بیسەلمێنم کە شایەنی ئەو پارە زۆرە بووم و متمانەی یانەی بایرن میونشن بەدەست دەهێنم، زۆر پەرۆشم بۆ گەڕانەوەو سەلماندنی تواناکانم.

کاریگەری ڕەخنەکانی ڕۆمەنیگە و ئۆلی هۆنێس

هۆنێس و ڕۆمەنیگە دوو کەسایەتی گەورەن و مافی خۆیانە ڕەخنە بگرن کاتێک پێکهاتەکەمان شایەنی ڕەخنەبێت، بۆ نمونە کاتێک بە فرانکفۆرت دۆڕاین.

لە ڕووبەروبونەوەی فرانکفۆرت چی ڕوویدا؟

نازانم، چونکە لوێ نەبووم، بەڵام کاتێک لەوێ بووم لەوە تێگەیشتم کە ڕەخنەکان ڕووەو سەرکەوتن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان ئاڕاستەمان دەکەن، نەک ڕوخاندنمان.

بۆچی پەیوەندی بە بایرنەوە کرد؟

کاتێک ساڵحەمیدزیچ پەیوەندی پێوەکردم دووجار بیرم نەکردەوە و یەکسەر ڕازی بووم، پێویستی نەکرد کەس قەناعەتم پێبکات، هەمیشە حەزم بەوەبوو بۆ یەکێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا یاریی بکەم و بایرنیش یەکێکە لە گەورەکان، خۆشحاڵم ئەو بڕیارەمدا و هەست بە باشتربوون دەکەم.

جیاوازی نێوان بایرن و ئەتلەتیکۆ مەدرید

لە ئەتلەتیکۆ ئەو لایەنە هونەریە بەهێزەمان نەبوو کە لە بایرن بوونی هەیە، لەوێ زیاتر پشتمان بە لایەنە ئابوریەکان دەبەست و گرنگی بە تەکنەلۆجیا دەدرا لەبری توانستە جەستەییەکان.

خەونی گریزمانە

ئەو یاریزانەی حەزدەکەم لە بایرن یاریی لەگەڵ بکەم ئەنتوان گریزمانە، چەندین ساڵ هاوڕێی نزیکی یەکتری بووین و هیوادەخوازم ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیوەندیمان پێوە بکات.

ئەو یاریزانەی لەتەمەنی لاوێتیدا سەرسامی کردووە

دوو یاریزان سەرسامیان کردبووم، لیزارازۆ لەبەرئەوەی لەهەمان پێگەی ئێستای مندا یاریی دەکرد، هەروەها زینەدین زێدان کە باشترین یاریزانی فەرەنسیە لەمێژوودا.

باشترین ڕاهێنەر

دیێگۆ سیمیۆنی، تەمەنم ١٦ ساڵ بوو چاوم پێیکەوت، لەو کاتەوە لەگەڵمدا بووە تائێستا و خۆم بە قەرزاری دەزانم.

بەهێزترهن بەرگریکاری جیهان

ڤێرجیل ڤان دایک، لەئێستادا هیچ بەرگریکارێک لە ڤان دایک باشتر نییە و لەگەڵ لیڤەرپوڵ وەرزێکی بەهێزی بەڕێکرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

ڤاڵڤێردی: گریزمان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ یاریی دەکات و دیمبیلی خەمباری کردین

خەڵک سپۆرت – بارسا تی ڤی

ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی بارسا ئەنجام دەدات و ئاماژە بە چەندین بابەتی گرنگی ڕۆژ دەدات، ئەمەش کوورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

لەبارەی پێکانی عوسمان دیمبیلیەوە چی دەڵێیت؟

ئەوەی بەسەر دیمبیلی هاتووە خەمباری کردوین، بەر لەوەی توشی پێکان بێت زۆر بەباشی مەشقەکانی ئەنجام دەدا، دڵنیاتان دەکەینەوە کە بە وریاییەوە ئاگاداری دەبین.

هۆکاری پێکانەکانی چییە؟

نازانم پێکانەکەی هەمان پێکانی ماسولکەیی پێشووە یان نا، بەڵام یەکەم جار نییە توشی پێکان دەبێت و چەند جارێک دووبارە بۆتەوە، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە دەمانەوێت گرنگی زیاتری پێبدەین و زیاتر ئاگاداری دۆزی جەستەیی بین.

مێسی و سوارێز هاوسەنگی و خۆگونجاندنیان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمە کاری کێیە؟

مێسی و سوارێز ماوەیەکی زۆرە بەیەکەوە یاریی دەکەن، لەنێو یاریگادا کە هاوسەنگی بەدەست دەهێنن هەموو هەلێکیان بە گۆڵ کۆتایی دێت.

گرنگ بوو بەرامبەر دۆرتمۆند سەرکەوتن بۆ قۆناغی (١٦)ی چامپیۆنز لیگ مسۆگەر بکەن؟

بەڵێ، سات بەساتی یارییەکە لەکاتی خۆیدا ژیاین، ئامانجمان ئەوەبوو بەخێرایی سەرکەوتن مسۆگەر بکەین.

لەڕووی دەرونیەوە بوژانەوە؟

بێگومان، کەمێک لەڕووی دەرونیەوە بوژاینەوە، خۆشحاڵین کە توانیمان بە پلەی یەکەمی گروپە بەهێزەکەمان سەرکەوین، ئێمە پاڵێوراوی سەرەکی بووین و پێویست بوو ئەو ڕاستیە بسەلمێنین.

گریزمان وردە وردە خۆی دەگونجێنێت…

گریزمان لەنێو یاریگادا وزەیەکی زیاترمان پێدەدات، پێویستە لەوەش زیاترمان پێشکەش بکات و لەگەڵ مێسی وسوارێز باشتر خۆی بگونجێنێت، چونکە یاریزانێکی گەورەیە.

پێتوایە لە داهاتوودا دووانەی مێسی و گریزمان سەرکەوتو دەبن؟

ئەوان دوو یاریزانی ناوازەن، یاریزانە گەورەکان زۆر بەباشی لەیەکتری تێدەگەن، بۆ مێسی و گریزمان پێموایە کاتی زیاتریان پێویستە.

ئومتیتی گەڕاوەتەوە سەر ئاستە بەرزەکەی، پێتوایە گەڕاوەتەوە؟

بەڵێ، ئومتیتی یاریزانێکە لە ئاستی باڵادایە و خۆشحاڵین بەگەڕانەوەی، هیوادارین لەسەر هەمان ئاست بەردەوام بێت.

گریزمان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ یاریی دەکات؟

گریزمان بۆ ڕووبەروبونەوەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ئامادەیە، بەڵی بەشداری دەکات.

بەرشلۆنە لە قەیرانەکان دەرباز بووە؟

هەمیشە باس لەوە دەکەن گوایە ئێمە لە قەیرانداین و پاشان باس لە دەربازبوونمان دەکەن، ئەوە بابەتێکی زیندوو و بەردەوامە، بەڵام ئێمە ئامانجمان بردنەوەی سەرجەم ڕووبەڕوبونەوەکانە و هەست ناکەین لەو باردۆخانەدا بین، لە قورسترین کۆمەڵەی خولی یانە پاڵەوانەکان ململانێمان کرد، ماندوبووین و سەرکەوتین، ئەوەش بۆ ئێمە واتای سەرکەوتنی هەیە و دەریدەخات هەمیشە لەسەر ڕێگەی ڕاست بووین.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان