ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ڕۆژئاوای كوردستان داوایەكی ئەمریكا بۆ ناوچەی ئارام ڕەتدەكاتەوە

 

خەڵك – بەشی هەواڵ

 

ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، ئاماژە بەوە دەكەن، لەگەڵ ئەمریكا نەگەیشتوینەتە ڕێككەوتن لەبارەی دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سوریا.

بە پێی ڕاگەیەنراوەكەی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان، رازی نابن ناوچەی ئارام لە پێنج كیلۆ مەتر زیاتر بێت و دەبێت ئەو پێنج كیلۆمەترەش لەژێر چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت.

توركیا داوا دەكات ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سوریا بە قوڵایی ٣٢ كیلۆ مەتر دروست بكرێت و خۆشی سەرپەرشتی ئەو ناوچە ئارامە بكات، بەڵام ئیدارەی رۆژئاوا و ئەمریكاش بەو مەرجانەی توركیا رازی نیین.

بڕیارە، دوو شەممەی ئەم هەفتەیە شاندێكی ئەمریكاو توركیا لەسەر سنوری توركیاو سوریا لەبارەی ناوچەی ئارام كۆببنەوە و تیایدا گفتوگۆ لەسەر ئەو ناوچەیە بكەن كە توركیا پێداگری دەكات لە سەر دروستكردنی.

هاوكات، جەیمس جیفری نێردەی ئەمەریكی بۆ كاروباری سوریا لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە، گفتوگۆكانی وڵاتەكەی لەگەڵ توركیا بەردەوامن لەسەر درووستكردنی “ناوچەی ئارام” لەرۆژئاوای كوردستان، كە قووڵایی گونجاو بۆ ئەو ناوچەیە لەنێوان ٥ بۆ ١٥ كیلۆمەتر دەبێت.

کوردستان

هەرێم.. سزای لە سێدارەدان بۆ بكوژی پێنج ئەندامی خێزانێك دەركرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

دادگای تاوانەكان لە شاری هەولێر، سزای لەسێدارەدانی بۆ بكوژی خێزانە كوردە پێنج كەسییەكەی ڕۆژئاوای كوردستان دەركرد.

برزۆ سەعید پارێزەری دۆسیەكە ڕایگەیاند، لە دادگای تاوانەكانی هەولێر، فەرمانی لەسێدارەدان بۆ تاوانباری سەرەكیی دۆسیەی كوشتنی خێزانەكەی گوندی (پیرڕەش)ی ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر دەركراوە.

برزۆ سەعید ڕوونیشیكردەوە، بڕیارەكە لە ماوەی 10 ڕۆژدا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی بۆ تەمیزكردنەوەی، ڕەوانەی دادگای تەمیزی هەرێمی كوردستان دەكرێت و ئەگەر لەوێوە پەسەند بكرێت، بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانەكە.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 3/10/2019 خێزانێكی پێنج كەسیی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان، لە گوندی (پیرڕەش)ی ڕۆژهەڵاتی هەولێر تەرمەكانیان دۆزرایەوە كە دایك و باوك و سێ منداڵی بچوك بوون، دواتر هێزەكانی ئاسایشی هەولێر تاوانباری ڕووداوەكەیان دەستگیركرد كە ناوی (ف. ك. ڕ.)ە، دانی نا بە تاوانەكەیدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تۆمەتبارێك لە هەولێر هەڵات و لە سلێمانی دەستگیر كرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەو تۆمەتبارە دەستگیركرا، كە لەلایەن پۆلیسی‌ هەولێرەوە داواكراو بووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ بەردەقارەمان تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە لەلایەن دادگای‌ تاوانەكانی‌ هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ هەولێرەوە داواكراو بووە.

ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتبار ناوی‌ (ع، ع، ف) بەڕەگەز كوردە و لەلایەن دادگای‌ تاوانەكانی‌ هەولێرەوە بەپێی‌ ماددەی‌ ٤٤٣ لەیاسای‌ سزادانی‌ عیراقی‌ داواكراو بووە.

پۆلیسی سلێمانی جەختیشی كردۆتەوە، پاش گرتنەبەری‌ ڕێكارە یاساییەكان، تۆمەتبار ڕەوانەی‌ پۆلیسی‌ هەولێر دەكرێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كچێك دوای ددان كێشان گیانی لەدەستدا

خەڵك- ئارام سەردار
ئەمڕۆ چوارشەممە ۱۱ی كانوونی یەكەمی ۲۰۱۹ كچێك دوای ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەی سۆران دەكات بەمەبەستی ددان كێشان، بەڵام دوای دەرهێنانی ددانەكەی بەماوەیەك گیان لەدەست دەدات.

شەمال دێواری حامد، وتەبێژی پۆلیسی سۆران  بۆ (خەڵك) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ كاتژمێر ۳:۳۰ خولەك ئاگادار كراینەوە بەبوونی ڕووداوێك، كەوا كچێك بەناوی (س.ع.ح ) دوای ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەی سۆران دەكات بەمەبەستی ددان كێشان، بەڵام دوای دەرهێنانی ددانەكەی و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لەماڵەوە باری تەندروستی تێك دەچێت.

دەشڵێت: “دوای تێكچوونی دۆخی تەندروستی هێناویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەداخەوە لەڕێگا گیانی لەدەست داوە”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، كچەكە خەڵكی ناحیەی سیدەكانە و لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠٤ە.

جەختیشی كردەوە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە تەرمەكە ڕەوانەی پزیشكی دادی سۆران كراوە و لێكۆڵێنەوە دەستی پێ كردوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان