ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

هونەری هەفتەیی و نەبوونی مەعریفەی هونەری 

سەروەت تۆفیق

هونەری هەفتەیی؛ هەمووی نا؛ بەڵکو چەند دەنگ خۆشێک پێشکەشی دەکەن؛ کە رەنگدانەوەو هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەیە؛ ئەو کۆمەڵگەیەی کە ستایشی نەزانانە بۆ نەزانین و بێ بایەخکردنی هەموو ئەو مەعریفانە دەکات؛ کە خەڵکانێکی زۆر بە ماندبوون پێیگەیشتوون؛ نەک بە گەورەکردنێکی فشەڵ ئاساو راکێشانی خەڵکی بە ئامڕازێکی گۆڕدراوی بێوەفایی وەک (لایک)کردن؛ ئەمڕۆ لەگەڵتە سبەی لەگەڵت نییە؛ سپۆنسەرکردن و تەرویجدان و خەرجکردنێکی زۆر بۆ (لایک)کردن. چونکە هەر شتێک فکرو فەلسەفەو زانین و ماندبوونی لەگەڵدا نەبوو؛ بەردەوامبوونی هەر هەفتەیەک و سیانە. واتە کارێک نابێ بمێنێتەوەو زوو بازاڕی بەسەر دەچێ. چونکە راستە زۆرجارو لە زۆر بواردا شانس و ناوچەوان کەسەکان گەورە دەکەن. بەڵام هەرگیز لە هونەرو مەسەلە رۆشنبیریەکان وانییە؛ چونکە ئەوەی ماندبوونەبووبێ و بە دڵ کارێک نەکات؛ ناگاتەجێ.

هونەری هەفتەیی؛ داماڵڕاوە لە جوانی و مەعریفەو پەیامی هونەری؛ چونکە گەر بڕیاربێ هونەر بکرێ؛ دەبێ پەیامێکی هەبێ؛ کە کۆمەڵگە ئاڕاستەی پێشکەوتنەکانی جیهان و دەستخەستنە سەر دواکەوتووییە کولتورییەکانی کۆمەڵگەو سەرجەم بابەتەکانی نێو ژیانی کۆمەڵگە بکات. واتە هونەر ئاوێنەی هۆش و بیری گەلە؛ بە هەموو جوانی و ناشرینییەکانییەوە .
هونەری هەفتەیی؛ بێ بایەخکردنی وەسف و وشە پڕماناکانە؛ بەکارهێنانی نزمترین ئاستی دەربڕینە؛ رێک ئەمە ئەو دەردەیە کە کۆمەڵگە پێوەی دەناڵێنێ؛ کە نەخوێندەواریە لەسەرجەم کایەکاندا؛ جا راستە هەموو کەس بۆ مستەوایی خۆی کار دەکات و وشە دەربڕینی هەیە؛ بەڵام دەبێ ئەوە تێبگەین دەرمان لە تاقیگەدا تاقی دەکرێتەوە؛ نەک لەنێو کۆمەڵگەدا.

هونەری هەفتەیی؛ پڕ خەرجترین هونەرە لە مێژووی هونەری کوردیدا؛ بەڵام کەمترین بەرهەم بۆ مێژوو جێدەهێڵێ. چونکە نە عەشق بۆ هونەر هەیە؛ نە ماندبوون دەبینرێ؛ نە وشەی نوێمان لە ئاوازە وەرگیراوەکانەوە پێ دەگات. بەڵکو زۆرجار وا دەبیندرێ بۆ هەندێک لە کەسەکان(هونەری گۆرانی وتن) بووە بە نەخۆشی دەرکەوتن؛ بەڵام دەرکەوتنێکی لاوازی بێزانین و کەم مەعریفەیی. کە ئەمەش پێچەوانەی هونەری رابردووە؛ گەر هەندێک ئاواز ئەرمەنی و ئازەری و تورکی و فارسی و عەرەبیش بوونایە؛ بەڵام وشەی نوێت گوێ لێدەبوو. نامۆبوو گەر میلۆدییەک بارگاوی کوردیانە نەبوایە. واتە من ناڵێم هونەری کۆن سەرتاپای جوانی و داهێنانبووە؛ بەڵام بەراورد بە هونەری گۆرانی وتنی ئێستا ناکرێت.

هونەری هەفتەیی؛ بێ بەرپرسیارێتیترین هونەرە؛ چونکە بەرهەمهێنانی نەوەیەکە کە سەرسام دەبێ؛ بە کەسایەتییەکی دەنگ خۆش؛ کە (مافی خۆیەتی) بەڵام ئارەزووی دەرکەوتن وایلێکردوو؛ کە نەیتوانییوە هونەر پێشکەش بکات؛ چونکە زۆرجار دەکرێ ئاوازێک؛ یان وشەیەک بۆ ئەوانەی لەرێگەی بیستنەوە فێردەبن سەرتاپای ژیانیان بگۆڕێت؛ نەک وشەگەلێکی وەها کە مەودای بیرکردنەوە نەهێڵێ؛ چونکە بڕوام نییە هیچ میللەتێک هێندەی ئێمە پێویستی بە بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ هەبێ؛ پێویستی بە ئاشتکردنەوەو گەڕاندنەوەی پێناسەیەکی نوێ هەیە بۆ(جوانی؛ عەشق؛ نیشتمان؛ وەسفی جوانی یار؛ وەسفی سروشت؛ … هتد) .

هونەری هەفتەیی؛ ناتوانێ بانگەشەی ئەوە بکات؛ کە سەردەمی گڵۆباڵ و جیهانگیری و کاڵبوونەوەی کلتوورییەکانە. چونکە گەر لەونێوەندەدا هێزی مانەوەت نەبێ؛ نوێکارییەکان وانەبێ توانایان هەبێ؛ ئەوا بازنەکەی تەنها زۆر لۆکاڵیانە دەبێ. بەو لاوازییەشەوە دەکرێت لە پاڵ هونەری هەفتەیی؛ پێناس و ناسنامەی هونەر هەرزەکارانە وەربگرێ. واتە هونەری ئەوانەیە کە تێگەیشتن و پێگەیشتنیان ماویەتی بۆ کامڵبوون و ژیانکردن؛ کە ئەم ناساندن و پێناسەکردنە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ؛ کە ئەم هونەرە تواناو هێزی پەلکێشکردنی نەوەکانی تری نییە. تا گوێگرو هەواداری بن.

هونەرمەند (دیاری قەراغی) لە دیمانەیەکدا دەڵێ: “هونەری ئێستا گەر بەردەوام کارنەکەن؛ نەبینرێن. ئەوا خۆیان دەزانن ون دەبن”. واتە بەو مانایەی دەبێ بەردەوام کار بکەن تا لەبەردەم چاودابن؛ نەک لەبەردەم دڵ و هەست.

ئەوانەی ئەو هونەرە پێشکەش دەکەن؛ نزیک دەبێتەوە لە مانایی رێکلامکردن. تا بەرهەمەکە بەکاربێندرێت و گوێی لێبگیرێ.
واتە رێکلامیش زوو زوو دێتە سەرشاشەو وشەو جوڵەی وای تێدایە؛ کە زۆرینەی پەیام وەرگرەکان لەبەری دەکەن و دەیڵێنەوە؛ کە زۆرجار مانایەکیشی نییە؛ بە نموونە (دەخولێتەوە؛ دەخولێتەوە؛ دەخولێتەوە). وەک (خاڵخاڵۆکە ماڵی خاڵم لە کوێیە …).

هونەری هەفتەیی هیچی لەو هونەرە زیاتر نییە؛ کە لە پێشتردا بۆ هەرزەکاران دەدرا بە گوێی کۆمەڵگەدا؛ (ئەمڕۆ رۆژی پێنج شەمەیە دەزانین حەماممان هەیە)؛ واتە ئێستا هەموومان پێدەکەنین بە ئاوازو هۆنراوەیەوە ە زۆرینەمان لەبەرمانەو دەیڵێینەوە؛ بەڵام چیان فێری کۆمەڵگە کرد؛ فێریان دەکردین کە لە هەفتەیەکدا یەک رۆژ خۆمان بشۆین؛ ئاخر ئەوە دواکەوتووی و جەهلی نەبووبێ چی بووە…؟ بێ پەیامی نەبێ چییە. جا دەڵێی پەیامی تێدابووە؛ ئەدی پەیامەکە باشەبووە؛ یان پەیامەکە نیشانەی دواکەتوویی و نەزانی ئێمە بووە. کە ئەسڵەن هەفتەی جارێک یەکێک حەمامی بکردایە ئەوپەڕی پاکی بووە. بۆیە بەنمونەیەکی وا باس دەکەم تا وەرگری هەرزەکارانە لە جیاوازەکان تێبگەن.

پێشنیار دەکەم بۆ ئەو کەسانەی کە کاری هونەری؛ یان هەر کارێکی تر دەکەن و ئارەزووی دەرکەوتن دەکەن (کە مافی هەموو کەسێکە)؛ کارێکی ئاساییە گەر بە پارەش بێ؛ یەک دوو راوێژکارێکی بەتواناو دڵسۆز لەچوار دەوری خۆیان کۆبکەنەوە؛ چونکە مرۆڤ سنوری تواناکانی دیاریکراوەو هەموو شتێک نازانێ و بیرکردنەوەی دوو کەس لەیەک کەس باشترە. بۆیە گەر پرس و راوێژ لەکارکردندا ببێ؛ ئەوا ئەو وزەو ئێنەرجییەی کەلە کەسێکدا هەیە؛ بە باشترین بەرهەمەکان و ئاڕاستەیەکی تەندروستدا دەڕوات؛ تا کۆمەڵگەو سودی لێوەربگرێت.

 

وتار

گەڕان بە دوای وەهمی سەرکەوتن

مەجید ساڵح

هەر جارێک تووشی تەنگوچەڵەمەیەکی سیاسی یان سەربازی دەبێتەوە، ئەردۆگان بۆ پاراستنی ئابڕووی سیاسی خۆی دەستێک لە کورد دەوەشێنێت. بەو نیازەی دڵی هەوادارانی خۆی و هاوپەیمانە فاشیستەکانی لە ئەرگەنەکۆن و MHP خۆش کات.

دوای شکستە گەورەکەی لە هەلبژاردنی شارەوانی باکوری کوردستان و دۆڕانی لە ئەستەمبوڵ و کەوتنی یەڵدرمی پیاوی یەکەمی دەستە راستی، کێچ کەوتە کەوڵی، بە مەرامی داگیر کردنی قەندیل بە هەموو هێزێکیەوە کەوتە پەلاماردانی قەندیل و باشوری کوردستان، بەڵام بۆی نەچوە سەر کە هاوڕێکانی دوێنێی مەسەلەی دامەزراندنی حزبێکی نوێیان لە تورکیا کرد بە عەمەلی و هەنگاوەکانیان دەست پێکرد، بۆ مەشغول کردنی رای گشتی تورکیا هێزێکی زۆری لە رۆژئاوای کوردستان کۆکردەوە و ویستی پەلاماری بدات و ئەزمونی عەفرین لە کۆبانی و قامشلی و سەری کانی دووبارە بکاتەوە، بەڵام پیلانەکەی لە گەڵ پلانەکەی ئەمریکا یەکی نەدەگرتەوە و بە چاوسور کردنەوەیەک رازی بوو بە رێکەوتنێک کە لە بەرژەوەندیدا نەبوو، بۆیە هەڕەشەو گورەشەکانی خاو کردەوە.


ئەردۆگان بە هۆی لاواز بوونی پێگەی جەماوەری خۆی و نەمانی پێگەی جارانی حزبەکەی ، بە تەواوەتی بە گروپە فاشیستەکانی تورک دەورە دراوە و تەسلیمی ئیرادەی ئەوان بووە. بۆیە رێگەی بۆ باڵی فاشیستی ناو حکومەتەکەی خۆش کردوە، پەلاماری HDP و سەرۆکی شارەوانیەکانی دەستی ئەو حزبە بدەن ، بۆ چوار مەرام:


١. لاواز کردنەوەی رۆڵی کورد لە هاوکێشە ناو خۆیی و ئیقلیمیەکان، بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەدا دەرکەوت کورد پارسەنگ و یەکلاکەرەوەی هیزە لە نێوان فاشیزم لایەنگرانی دیموکراسی.


٢. لێدان لە پەیکەریHDP و دابەشکردنیان بۆ دوو بەرەی شاخ و زیندان. لە ئۆپراسیۆنی ٢٠١٦ بەشی زۆری کادیرانی رادیکالی HDP یان گرت و خستنیە زیندانەوە و هێشتا زۆریان هەر لە زیندانن، بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردودا HDP، بە تایبەت کادیرەکانی لایەنگری شاخ خۆیان رێکخستەوەو توانیان سەرکەوتنێکی چاوەڕوان نەکراو بەدەست بهێنن، ئەم ئۆپراسیۆنە بە زۆری ئەو کادیرانە دەگرێتەوە.


٣. لە ریگەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە دەیەوێت بە یار و نەیارەکانی بڵێ هێشتا من پیاوە بەهێزەکەی وڵاتم و هەوساری (جڵەو) دەسەڵات لەدەستی مندایە.


٤. لەبەرامبەر شکستی لەشکرکێشیەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان و قەندیل، هەر هیچ نەبێ لە ریگەی گرتن و لێسەندنەوە شارەوانیەکانی دەستی کورد سەرکەوتنێکی کاتی بەدەست بهینیت.

ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن تازە دێوەکە لە شوشەکە دەرچوە و گەڕانەوەی بۆ ناوەوە موستەحیلە، بە مانایەکی دیکە کێشەی کورد لە باکور تازە بووەتە ئەمری واقع و بەم کوتە فاشیتانە و بە زەبری چەک چارەسەر نابێ. ئەردۆگانیش لەو لەحزەیەی کە خەونی سوڵتانیزم دای لە کەلەی و دەستی لە گەڵ فاشیستەکانی ناو تورکیا تێکەڵ کرد، گڵۆڵەی خۆی و حزبەکەی کەوتە لێژی و بەرەو داڕمان چوو.


نە ئۆپراسیۆنی سەربازی و نە ئینقلاب کردن بەسەر دیموکراسیدا، نابنە هۆی راوەستانی ئەو گڵۆڵەیەی کە رۆژ لە دوای رۆژ لە کەمی دەدا، سەرکەوتنێکی وای لێ ناکەویتەوە پێکەنینەکانی جاران بگەڕێنیتەوە بۆ سەر روخسارە زەرد هەلگەڕاوەکەی ئەردۆگان، چونکە ئیرادەیەکی گەورەی سەرکەوتن لە ناو کوردی باکوردا دروست بووە، هەلومەرجی ناو خۆیی تورکیا و گۆڕانکارییە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیەکانیش وەک جاران لەگەڵ بەرژەوەندی هەڵگرانی بیری فاشیزم و ئایدۆلۆژیای ئیخوانیدا یەک ناگرنەوە

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ھەوڵەكانی لەباربردنی ئەزموونی ھەرێم، لە شكستەوە بۆ شكست

محەمەد عەلی

 

لە دوای كۆڕەوەكەی ساڵی ١٩٩١ و پاشان دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین و قەوارەیەكی نیمچە سەربەخۆ بۆ باشووری كوردستان، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی دەیان پیلان بۆتەوە لەلایەن نەیاران و دوژمنە دەرەكی و ناوخۆییەكانەوە بە شێوەیەكی چڕ و یەك لە دوای یەك، كە تا ئێستاش بەردەوامی ھەیە.

 

سەرەتای ھەوڵەكان لە رێی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بوو، لەگەڵ لەدایكبوونی كیانێك بە ناوی ھەرێمی كوردستان، شەڕێكی نەخوازراو بەسەر ئەم ھەرێمە ساوایەدا سەپێندرا، سەرباری كێشە ناوخۆیی و گەمارۆكانی سەر ھەرێم و كشانەوەی گشت دام و دەزگا میرییەكان و نەبوونی سەرچاوەی داھاتی پێویست بۆ حكومەتی ھەرێم، ناچار كرا بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە، قوربانییەكی زۆری گیانی و ماددی بدات و لەبری ئەوەی سەرقاڵی بنیاتنانی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی بێت، ناچار كرا شەڕی براكانی بكات، كە لە ھەموو ئاستەكاندا زیانی زۆری بە كوردستان گەیاند.

 

دواتر لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق نووری مالیكی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی دیجلە پێك ھات و ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر ھەرێم و گەڕانەوەی كوردی دەكرد بۆ ھێڵی ٣٦ و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕی بۆ ھاندانی فەرمانبەران دژی حكومەت و گشت مافە دەستوورییەكانی كوردی رەت كردەوە، ھەوڵی بەردەوامیشی دەدا بۆ  تێكدانی یەكڕیزیی ھێزە سیاسییە كوردییەكان، بە دروستكردنی حەشدی عەشائیرییش، ھەوڵی زیندووكردنەووەی جاشایەتیی دەدا لە ھەرێم، بەڵام لەكۆتاییدا ئیرادەی گەل سەركەوت و نووری مالیكیش بوو بە ڕابردوو.

 

ھاتنی داعش بۆ عێراق و خۆبەدەستەوەدانی سێ فیرقەی سەربازیی سوپای عێراق لە مووسڵ بە گشت پێداویستییە سەربازییەكانەوە، لە كاتێكدا بوو كە پاشماوەی ئەم ھێزانە گشت سەنگەرەكانیان چۆڵ كرد، ئەوەی ڕوونە، دەكرێ ئەم ھەنگاوە بە ئامادەكارییەك ھەژمار بكرێت بۆ ھێرشكردنە سەر ھەرێم بەو ھۆكارەی كوردستانیان كردە دراوسێی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە ھێزێكی مەزن  لە رووی ژمارە و بوونی چەكی پێشكەوتوو، بەڵام لە كۆتاییدا بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتیی برا پێشمەرگەكان و خۆڕاگریی ئەم میلـلەتە، نەك ئەم دەوڵەتە تێك شكێنرا، بەڵكوو لەوەش زیاتر توانیمان گشت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم كۆنترۆڵ بكەین و ڕیفراندۆم بۆ سەلماندنی كوردستانیبوونی ئەم ناوچانە ئەنجام بدەین.

 

لە دوای ڕێككەوتننامەی جەزائیر و نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ١٦ی ئۆكتۆبەر بە گەورەترین گەلەكۆمەی ھەرێمی و ناوخۆیی دادەنرێت بۆ كۆتاییھێنان بە ھەژموونی حكومەتی ھەرێم، ھێزە عێراقییەكان بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند سەركردەیەكی سەربازی و سیاسیی ھەرێم، ھێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر ھێزەكانی پێشمەرگە لە كەركووك و مەخموور و شنگال، كە پاشان گەمارۆیەكی توندی ئابووری و سیاسی خرایە سەر ھەرێم، ئەمەش ھاوكات بوو لەگەڵ ھەوڵەكانی ھەندێ ھێزی سیاسیی كوردستانی بۆ دروستكردنی حكومەتی رزگاریی نیشتیمانی و دابەشكردنەوەی ھەرێم لەسەر بنەمای فیدڕاڵیی پارێزگاكان، ئەمەش ڕێك بە مانای لەباربردنی ھەرێمی كوردستان بوو، بەڵام ئەم هەوڵەش نەزۆك بوو و شكستی خوارد.

 

لە ماوەی ڕابردوودا بە درێژایی پرۆسەی پێكھێنانی حكومەت، ھەموو ھەوڵێك درا بۆ پەكخستنی ئەم پرۆسەیە، لە ئێستاشدا ھەوڵەكان بەردەوامییان ھەیە و ئەم جارە دووبارە پەكەكە ھەمان ڕۆڵ دەبینێت و ھەوڵی تێوەگلانی ھەرێم دەدات لە شەڕێكی نەخوازراو لەگەڵ توركیای دراوسێدا، رووداوی تیرۆركردنی دیپلۆماتە توركییەكە و گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاكی ھەرێم، ئەم بۆ چوونە پشتڕاست دەكاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە لە شنگال خزمەت بە سیاسەتەكانی بەغدا دەكەن دژی كوردانی ئێزدی و حكومەتی ھەرێم.

 

دواجار پێویستە بگوترێت، سەرباری هەموو ئەو هەوڵانە بۆ لەباربردنی ئەزموونی ھەرێم، هەرێمی كوردستان لە سەرجەم قۆناغەكاندا بەسەر لەمپەر و ئاریشەكاندا زاڵ بووە و وێڕای تێپەڕاندنی قەیرانەكان، بەوپەڕی ئیرادەوە كەوتووەتەوە سەر پێی خۆی و هەوڵی نەیاران و دوژمنانی كوردستانی، لە شكستەوە بۆ شكستی حەتمیتر پەلكێش كردووە و سەنگ و پێگەی خۆیشی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، لە جاران كاریگەرتر و بەهێزتر كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

خۆ ئەوەمان لەدەست دێت!

عومەر گوڵپی

 

ناکرێت لە حکومەت کارمەند، پزیشک، مامۆستا، ئەندازیار بیت، بەرپرس و بەرێوەبەرو بەرێوەبەرى گشتى و وەزیر بیت، لە هەمان کاتیشدا لە کەرتى تایبەت بە هەمان ناونیشان یان ناونیشانى تر خەریکى کەسابەت بیت، هیچ دەرفەتى تێدا نییە، لێرەدا قوربانییەکە کەرتى گشتى و هاووڵاتیانن.

کارکردن لە هەردوو بوارى حکومەت و بازاڕیش، کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت بووەتە هۆى ئەوەى خەڵکێک زیاتر لە ئیشێکیان هەبێت و زیاتر لە سەرچاوەیەکى داهاتیان هەبێت، خەڵکێکیش هیچ ئیشێکى دەست نەکەوێت و بێکار بمێنێتەوە، ئەوە بێجگە لەوەى کوالێتى کار لە کەرتى گشتى وێران دەکات.

من لێرەدا ئەوە ڕەچاو دەکەم کە کەسانێک بە ٣٠٠ تا ٤٠٠ هەزارەوە لە کەرتى گشتى ناتوانن بژێوى ژیان پەیدا بکەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە زۆرێک لە وانەشى مووچەیەکمان هەیە زیاتر لە ٧٥٠ هەزار، کەچى وەک پێویست ماف بە کارى هاووڵاتیان و بەرژەوەندى گشتى نادەین و ڕاکە ڕاکمانە بەدواى کارە تایبەت و بازاڕەکەى خۆمانەوە.

بەندە واى دەبینم، لەسەر ئاستى گشتى، نەوەک تاک، نانى ئەو هەزاران بێکارە لە ئەستۆى ئەو کەسانەدایە کە دوو کارو زیاتر دەکەن لەسەر حسابى بەرژەوەندى هاووڵاتیان و بەرژەوەندى گشتى، جەخت دەکەمەوە تەنها لەو کاتانەى کە مافى کارەکەمان نادەین لە کەرتى گشتى و دامەزراوەى حکومەت، چ وەک دەوام چ وەک کوالێتى کار، نەوەک لەسەر حسابى پشوو و جەستەى خۆمان.

تۆى خوێنەر کە ئەم چەند دێڕە دەخوێنیتەوە دەزانم دەڵێیت ئەوەش خەتاى حکومەتە، بەڵام لە ڕاستیدا حکومەتیش یەک کەس و دوان لێى بەرپرس نین و لاشەیەکى گەورەیەو هەموومان لێى بەرپرسین، حکومەتى باش خاوەنى هەزاران وەزیرو بەرپرس و بەڕێوەبەرو کارمەندى باشە، حکومەتى خراپیش خاوەنى هەزاران وەزیرو بەڕێوەبەرو بەرپرس و کارمەندى خراپە.

ئێمە تەنها لە پارێزگاى سلێمانى ساڵى ٢٠١٨ بڕیارێکى بچوکماندا کە توێژەرى دامەزراو لە کەرتى گشتى مافى نییە وەک توێژەرو بەڕێوەبەرو کارمەند لە دایەنگەى ناحکومیش کار بکات، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٥٠ هەلى کار ڕەخسا بۆ گەنجانى دەرچووى زانکۆ، لە ڕەگەزى کچ، ئەى ئەگەر لە هەموو ئاستەکان و لە هەموو بوارەکان بە جدى لەم بوارەدا کار بکرێت؟ بێگومان بە هەزاران هەلى کار دەڕەخسێت، ئەوە بێجگە لە هەلى کار دەیان خاڵى ترى ئەرێنى دەرئەنجامى ئەو جیاکارییەیە لەنێوان کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت، هەموومان چووینەتە نەخۆشخانەکان و لە هەمان کاتدا نۆڕینگە تایبەتەکانیش! دەى لە هەموو بوارەکاندا حاڵەکە بەوجۆرەیە ئەوە تەنها بوارى تەندروستیە زۆرتر زەق دەبێتەوە.

تکایە بابەتەکە مەبەستەرەوە بە باشى و خراپى و گەندەڵى و نەوت و هەزار کێشەى ترەوە، ئێستە هەزاران گەنج بە دەرچووانى زانکۆشەوە هیچ کارێکیان دەست ناکەوێت و بێکارن، من و تۆش لە کەرتى گشتى مانگانە زیاتر لە یەک ملیۆن دینارمان هەیەو هەر بیرمان لاى ئەوەیە چۆن زووتر لە فەرمانگەو دەوام بچینە دەرەوەو بازاڕو کەسابەتەکەمان گەرم بکەین! یان خەوێکى خۆش و پشوویەکى باش بدەین لە دواى تەنها (٤ تا ٥) سەعات کار!

من و تۆ بەو بڕە پارەیە ناژین کە حکومەت دەمانداتێ؟ ڕاستەو لەگەڵ ئەوەدام کە کارمەند لە کەرتى گشتى بڕە پارەیەک وەرگرێت لانى کەمى بژێوى ژیانى دابین بکات، بەڵام هەزاران گەنجى تر ئەوەشیان نییە! ئایا ئەوانیش مافى ژیانێکى سادەیان نییە؟ من و تۆ خێزانین و بە نزیکەى ملیۆنێک دینار ناژین! ئەى کێ و چى وەڵامى گەنجێک بداتەوە کە خۆى و هاوژینەکەشى دەرچووى زانکۆن و هیچ ئیش و سەرچاوەى بژێویان نییە؟ من واى دەبینم لەم بوارەدا بەرپرسیارێتیەکى گەورە هەم لەسەر هاووڵاتى و هەم لەسەر حکومەت هەیەو بێکارى و هەژارى گەنجان ئەگەر چارە نەکرێت هەموومان لێى زیاد مەندین.

تۆى بەڕێز بپرسە بەرپرسیارێتى من لە کەرتى گشتى چییە لەم بوارەدا؟ با من وەڵامت بدەمەوە:
ئەزیزم، من وتۆ مانگانە نزیکەى یەک ملیۆن دینار وەردەگرین، نەخێر مانگانە بە ڕێک و پێکى وەریناگرین یاخود بڕەکەى ئەوەندە نییە، بەڵام خۆ بە درێژایى ساڵەکە زیاتر لە هەشت ملیۆن دنیار وەردەگرین، بەرپرسیارێتیەکەمان ئەوەیە کە تا ئەو هاوکێشانە ساغ دەبنەوەەو بە سیستم داهاتى وڵات دادگەرانەتر دابەش دەکرێتەوە بەسەر هاووڵاتیاندا (کە ئێستە حکومەت و پەرلەمان سەرقاڵى ئەوەن و ئومێدەوارم سەرکەوتووبن تیایدا) با من و تۆى بەرێز مافى کارەکەمان لە کەرتى گشتى بدەین!، بیرمان لاى هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانیان بێت، لەگەڵ ئەوپەڕى ڕێزمدا بۆ تۆى خوێنەر با بە فرت و فێڵ و لەسەر حسابى بەرژەوەندى گشتى سەرقاڵى بازاڕو نۆڕینگەو سەنتەرو کەسابەتەکەمان نەبین، خۆ ئەوەمان لەدەست دێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان