ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ئەفسەرە عیراقیەكە داوای لێبوردنی كرد
“بڵاوكردنەوەی ڕووداوەكەی سەماوە مەرامی سیاسی لە پشتەوە بوو”

خەڵك-بەشی هەواڵ

ڕاوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عیراق ڕایدەگەیەنێت، هەڵە تێگەیشتنێك هەبوو لە ڕووداوەكەی سەماوە و كەناڵێكی ڕاگەیاندن بۆ مەبەستی سیاسی بە مەبەست بڵاویكردەوە.

ئەمڕۆ لەكاتی دەرهێنانی ڕوفاتی ژمارەیەك لە ئەنفالكراوانی گەرمیان، ئەفسەرێكی عیراق داوای لە كەسوكارێكی ئەنفالكراوان كرد ملپێچەكەی، كە ئاڵای كوردستان بوو لابەرێت، ئەمەش كاردانەوەی جیاوازی لە عیراق و هەرێمی كوردستان لێكەتەوە.

هاوژین عومەر، ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڵاوكردنەوەی ڕووداوەكە سووكایەتییەكی گەورە بوو بە قوربانیانی ئەنفال و كەسوكاریشیان.

وتیشی، “ئەو ڕووداوە بەو شێوەیە نەبووە، كە كەناڵەكان بڵاویانكردەوە، بەشێوەیەك ئەو كەناڵانە وایانكرد لە كارەساتەكەیان كەمكردەوە و وایكرد كەسوكاری ئەنفالكراوان هەست بە ئیهانە بكەن كاتێك بەتایبەت هەواڵەكەیان لە كەناڵێكی هەرێم بینی”.

ڕوونیشیكردەوە، شاندێكی سەرۆكایەتی كۆمار و كەسوكاری قوربانیان و چەند لیژنەیەك گەیشتینە سەماوە و لەوێشەوە ڕۆیشتینە ناوچەیەكی بیابان، كە تۆڕی مۆبایلی لێنەبوو هەروەها لایەنی ئەمنیشی بەهێز و پارێزراو نەبوو، لەوێ كۆمەڵێك ڕێنماییان دایە هەموولایەك، كە كەسوكاری ئەنفالكراوان نابێت بەهیچ شێوەیەك دەستیان بەر ڕوفاتەكان بكەوێت و نابێت جگەرە بكێشن لە نزیك ئەو گۆڕانە و چەندین ڕێنمایی ئەمنی و زانستی و تەندروستی دیكەشیان بە ئامادەبووان دا.

ئاشكراشیكرد، ئەو ئەفسەرە دەڵێت نابێت ئەو ئاڵایە بچەقێنرێت و ئێمەش ئاڵامان پێنەبوو، تەنها ئەو برادەرە ملپێچێكی لەملدا بووە، كە ئاڵای كوردستان بوو، دیارە ئەو ئەفسەرە بە نەزانی خۆی ئەو هەڵەیەی كرد و دواتر تێمانگەیاند و داوای لێبوردنیشی كرد و دوای ئەوەی گەڕاینەوە پارێزگا، پارێزگار و بەرپرسی ئەمنی پارێزگا داوای لێبوردنیان كرد و ئاشكرایان كرد ئەگەر ئەو ئەفسەرە هەڵەی كردبێت سزای دەدەن، دواتر ئەو ئەفسەرە لەژێر باری درك كردن بە هەڵەی خۆیدا بووە یەكێك لەو كەسانەی، كە خزمەتَێكی زۆر گەورەی بە كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال كرد.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەڵسوكەوتی نابەرپرسیارانەی ئەو كەسە بوو، كە لە یەكێك لە كەناڵەكانی حزبێكی سیاسی كوردستان، كە بۆ ئامانجێكی سیاسی ڕووداوكەی بڵاوكردەوە نەك بۆ خزمەتكردن بە كەسوكاری ئەنفال، بڵاوكردنەوەشی سوكایەتییەكی گەورە بوو بە كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال و زیانێكی زۆریشیدا لە پرسەكە و پێویستە ئەو كەناڵە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، دواتریش بەهیچ شێوەیەك ئاڵای كوردستان لە كەس نەسەندراوە و تا كۆتایی ئەو گەنجە ئاڵاكەی لە ملدا بوو.

لای خۆشیەوە، ئەڵماس فازڵ، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاند، لە دانیشتنی پەڕلەمانی عیراق، لەسەر داوای ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان، سەرۆكایەتی پەڕلەمان بڕیاریدا، كە داوا لەحكومەت بكات لێپرسینەوە لەو ئەفسەرە بكرێت، دواتر بە فەرمی ئەنجامی لێكوڵینەوەكە و سزاكەیمان بۆبخەنەڕوو، كە ئەمڕۆ لە سەماوە لە كاتی ھەڵدانەوە گۆرە بە كۆمەڵەكانی ئازیزانی ئەنفالكراو بە پێچەوانەی دەستور و یاساوە پێشێلكاری كرد و ویستی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەسەر شانی یەكێك لە كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان لابدات.

 

کوردستان

تەندروستی سلێمانی؛ 2 تۆن خۆراكی خراپ و ماوە سەرچوو دەستی بەسەرداگیرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
لیژنەكانی چاودێری تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ، بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و رێگریكردن لەخۆراكی نا تەندروست و ماوە بەسەرچوو، لەلایەن لیژنەكانمانەوە دەستگیرا بە سەر نزیكەی 2 تۆن خۆراكی خراپ و ماوە بەسەرچوودا.

لیژنەكانی چاودێری تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) ناردووە ڕایگەیاندووە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستگیراوە بە سەر نزیكەی (۲) تۆن خۆراكی خراپ و ماوە سەرچوودا.

دەشڵێت،”تیمەكانی چاودێری تەندروستی دەستیان گرتووە بە سەر 1 تۆن و ۷۰۰كگم، تیمەكانی مەڵبەندی تەندروستی شەهید عومەر تاڵەبانی ۲۰۰كگم، هەروەها تیمەكانی مەڵبەندی تەندروستی شەهید سەردار-یش 100كگم خۆراكی خراپ و ماوە بەسەرچوودا”.

ڕاشیگەیاندووە، لێپێچینەوەی یاسای لە گەڵ خاوەنەكانیان گیراوەتەبەر و سەرجەمیان خۆراكەكانیش لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە بە شێوەیەكی تەندروست لە ناوبران، داواش لە هاووڵاتیان دەكەن لەكاتی بینینی هەر خواردن و خواردنەوەیەكی نا تەندروست لیژنەكانی لێ ئاگادار بكەنەوە .

وێنەی ‏Sulaymaniyah Healthcare چاودێری ت. سلێمانی‏.

وێنەی ‏Sulaymaniyah Healthcare چاودێری ت. سلێمانی‏.وێنەی ‏Sulaymaniyah Healthcare چاودێری ت. سلێمانی‏.وێنەی ‏Sulaymaniyah Healthcare چاودێری ت. سلێمانی‏.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
پارەكەی بەغدا گەیشتە هەرێمی كوردستان

خەڵك- بەشی هەواڵ
بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمی كوردستان دەينێرێت، ڕادەگەیەنێت .

ماڵپەڕی ڕووداو لە زاری عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە “پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەمە 22-8-2019) پارەكە گەیشتە هەرێمی كوردستان، بەگەیشتنی ئەو پارەیەش دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان خێراتر دەبێت”.

وەزارەتی دارایی هەرێمی كورستان پێش پشووەكانی جەژنی قوربان لە داهاتی ناوخۆ، دەستیكردووە بە دابەشكردنی مووچە، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنی پارەی مووچە لە بەغداوە، لە چەند رۆژی رابردوودا پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بەخاوی بەڕێوەچوو، ئەمەش كەشێكی بێئومێدی لەنێو توێژی فەرمانبەراندا دروست كرد، بەو هۆیەی كە هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی موچە تەنیا پشت بە گەیشتنی پارەی بەغدا دەبەستێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە 881 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی، لەو بڕەش 453 ملیار دیناری حكومەتی عیراق ‌و 378 ملیار دیناری وەزارەتی سامانە سرووشییەكانی هەرێمی كوردستان دابینی دەكەن، ئەوەی تریش لە داهاتی ناوخۆ دابیندەكرێت، بەڵام لە دوای جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پرۆسەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران بەشێوەیەكی نائاسایی دواكەوت، ئەمەش وایكرد كەشێكی بێئومێدی لەنێو خەڵكدا دروست ببێت، بەو هۆیەی كە هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی، بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە حكومەتی فیدراڵ دەبەستێت، نەك بەو داهاتەی كە لەڕێی فرۆشتنی نەوتی ناوخۆ و داهاتە ناوخۆییەكانی ترەوە دەستەبەری دەكات.

لەبارەی دواكەوتن و خاوبوونەوەی پرۆسەی دابەشكردنی مووچەش بەسەر فەرماندبەرانی هەرێمی كوردستان، پێشتر هەڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاندبوو، هۆكارەكە پەیوەندی بە نەگەیشتنی پارەی بەغداوە هەیە، لەگەڵ گەیشتنی پارە لە بەغداوە، پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا دەستپێدەكاتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

چەكێكی زۆر دەستی بەسەرداگیراوە
باندێكی مەترسیدار لە پشدەر دەستگیردەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

هێزەكانی باندێكی مەترسیدار لە پشدەر دەستگیردەكەن كە تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە و هەوڵیانداوە ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان لەو ناوچەیەدا تێكبدەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی پۆلیسی ڕاپەڕین”پاش بەدواداچون بەدەستهێنانی زانیاری هێزەكانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر بە هاوكاری بنكەی پۆلیسی فریاكەوتنی پشدەر و بنكەی پۆلیسی راپەڕین باندێكیان دەستگیر كرد كە پێكهاتوون لە دوو كەس و پێشینەیان هەیە لە تاوانكاری و پێشتریش فەرمانی دەستگیر كردنیان هەبووە بە ماددەكانی 14 لە یاسایی ماددە هۆشبەرەكان و 405 لە یاسایی سزادانی عیراقی.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لە كاتی دەستگیركردنی باندەكاندا دەستگیراوە بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆف و دوو دەمانچە و چەند ماددەیەكی هۆشبەر لە جۆرەكانی (حەشیش و كریستاڵ و هێرۆین) و دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەك كەلوپەلی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و چەندین كەلوپەلی تر، باندەكەش لە ماڵی یەكێك لە تۆمەتبارەكان دەستگیر كراون”.

پۆلیسی راپەڕین دەڵێت”پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا باندەكە دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا و بە وتەی خۆیان پێشتر تەقەیان لە خەڵك و ماڵان كردووە، لە ئێستاشدا باندەكە بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی 405 لە یاسایی سزادانی عیراقی راگیر كراون و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە”.

پۆلیسی راپەڕین دواجار دەڵێت: “هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزەكانمان بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشی دان بەمەبەستی پاراستنی سەر و ماڵیان و بەرقەراركردنی ئەمن و ئاسایش تا هەموان لەو پێناوەدا ژیانی ڕۆژانەیان دوور لە ترس و دڵەڕاوكێ بەڕێبكەن”.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان