ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

خوێندنی باڵا پێشنیازی دامەزراندنی سندوقی قەرزی خوێندكاران دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ زانكۆ تایبەتەكانی كوردستان، وەك بەشێك لە كارنامەی كاركردن پێشنیازی دامەزراندنی سندوقی قەرزی خوێندكاران/ قوتابیانی ڕاگەیاند، ئامانج لە دامەزراندنی ئەم سندوقە، هاوكاری و پشتیوانی خوێندكاران و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆیان.

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ دوو شەممە (٢٩/٧/٢٠١٩) لەگەڵ سەرۆكی زانكۆ تایبەتەكانی كوردستان، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕا و پێشنیازی زانكۆ تایبەتەكان بۆ ئامادەكردنی پلانی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەت كۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) د. ئارام ڕایگەیاند، زانكۆ تایبەتەكان هاوبەشێكی گرنگی گەشەپێدانی خوێندنی باڵا و كۆمەڵگەی ئەكادیمی كوردستانن، بەشداری دەكەن لەپەرەپێدانی توانا و پێگەیاندنی نەوەی تازە لە هەرێمەكەمان و بەشدارن لە ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن بۆ ڕۆڵەكانی ئەم وڵاتەمان، بۆیە دەبێت لە ئاست چاوەڕوانی خەڵكی كوردستاندابن.

كەرتی تایبەت لە بواری خوێندنی باڵا ڕۆڵی زیاتری دەبێت
د. ئارام ئاماژەی بەگرنگی كەرتی تایبەت كرد و وتی، “باوەڕمان وایە، كە وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت لەبواری خوێندنی باڵا دەبێت ڕۆڵ و پێگەی زیاتری هەبێت و پشتیوانی باشتر بكرێت، بۆ ئەمەش وەك وەزارەتەكەمان زەمینەی هاوكاری و هەماهەنگیتان بۆ دەڕەخسێنین، چونكە ئامانجی سەرەكیمان خزمەتكردنە بەكەرتی خوێندنی باڵا لە كوردستان”،

وەزیری خوێندنی باڵا داوای لە زانكۆ تایبەتەكان كرد، لەچوارچێوەی یاسا و بڕیارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گرنگی زیاتر بە كوالێتی خوێندن و پێشخستنی ئاستی زانستی و ئەكادیمی زانكۆكانیان بدەن و ئەو سیستم و پڕۆگرامە نێودەوڵەتیانەی لە زانكۆكان كار بۆ جێبەجێ كردنیان كراوە پەرەی زیاتری پێبدرێت، بەتایبەت جێبەجێكردنی بۆڵۆنیا پڕۆسێس و بەجیهانی كردنی زانكۆكان و ببنە مۆدێلێكی نوێی سیستمی خوێندنی باڵا لە هەرێمەكەمان.

پێشنیازی دامەزراندنی سندوقی قەرزی خوێندكاران دەكرێت
لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا لەگەڵ سەرۆك زانكۆ تایبەتەكان، د. ئارام وەك بەشێك لە كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشنیازی دامەزراندنی سندوقی قەرزی خوێندكاران/ قوتابیانی ڕاگەیاند.

وتیشی، “ئامانج لە دامەزراندنی ئەم سندوقە، هاوكاری و پشتیوانیكردنی خوێندكاران و قوتابیانە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆیان”.

ڕوونیشی كردەوە، كە ئەم سندوقە بەبەشداری حكومەت و كەرتی تایبەت لەنێویشیاندا زانكۆ تایبەتەكان و هەموو ئەو كەس و لایەنانەی هاوكار دەبن پێكدێت و لەڕێگەی ئەنجوومەنێكەوە كارەكانی ڕایی دەكرێت و لە داهاتودا ئالیەتی گونجاو بۆ كارەكانی ئەم سندوقە لەڕووی كارگێڕی و دارایی ئامادەدەكرێت، كە لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی تەواو شەفاف و زەماناتی حكومییەوە كارەكانی بەڕێوەدەبردرێن.

بۆ كۆكردنەوەی پێشنیازی زانكۆ تایبەتەكان لێژنەیەك پێكهێنرا
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ئامادەكردنی كارنامەی چوار ساڵی كاركردن ئاماژەی بەوەكرد، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەكانی ڕاسپاردوە بەرنامەی كارەكانی وەزارەت دابڕێژن و پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بكەین بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە،

وتیشی، “بەمەبەستی دانانی پلانی ستراتیژی و درێژخایەن و پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكان لەڕوی كوالێتی و گەشەكردنی توێژینەوەی زانستی، خەون و ئومێدی زۆرمان هەیە، بەڵام دەبێت توانا مادی و مرۆییەكانی وڵاتەكەمان لەبەرچاو بێت و ئەو پڕۆژە و پلانانە جێبەجێ بكەین، كە گرنگ و هەنوكەین و پێداویستیەكانی بازاڕی كاری كوردستان پڕدەكەنەوە.

جەختیشی كردەوە، دەمانەوێت زۆرترین دەرفەت و هەل بڕەخسێنین بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان زانكۆ و بازاڕی كار بچێتە قۆناخێكی دیكە و بەشەكانمان بەپێی پێداویستی بازاڕی كاری كوردستان بێت.

لەبارەی درافتی كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. ئارام ڕایگەیاند، ئەم دڕافتەی ئامادەكراوە بە بیر و بۆچوون و تێبینی زانكۆ تایبەتەكان زیاتر دەوڵەمەند دەكرێت، بۆ ئەمەش لێژنەیەك لە زانكۆ تایبەتەكان پێكدێت بۆ ئەوەی پێشنیاز و بیرو بۆچونی زانكۆكان كۆبكاتەوەو لەناو دڕافتەكەی وەزارەت جێگەی بۆ بكرێتەوە.

كارنامەی چوار ساڵی كاكردن گفتوگۆی لەبارەوەكرا
لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا هەریەك ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و سەرۆك زانكۆ تایبەتەكان، ڕاو پێشنیازی خۆیان لەبارەی خاڵە سەرەكییەكانی دڕافتی كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشكەشكرد.

راپۆرت

ڤیدیۆ؛ لە بازاڕی سەیدسادق ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە کۆرۆنا دادەنرێت

خەڵك – یەحیا حبیب
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق، قایمقامیەتی شارۆچکەکە لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییان و به‌ هاوکاری دوو گه‌نجی خۆبه‌خش، ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆسیان لە نێو بازاڕی سەیدسادق دانا.

عەلی تەپەڕەشی، خاوەن بیرۆکە و دروستکەری ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ (خەڵک) وتی، “بەهۆی بەرزبوونەی ژمارەی مردنی هاووڵاتییانی شارۆچكەکەمان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بیرم لە دروستکردنی ئامێرێک کردەوە کە هەستوەر (حاسە) بێت و هاووڵاتییان و دوکاندارانی ناو قەزاکە سودی لێوەرگرن و بەدوور بن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

وتیشی: “هەر بۆیە لەسەر کاغەز وێنەی ئامێرەکەم دروستکرد و کاغەزەکەم برد بۆ لای یەکێک لە دوکانەکان بە ئەلەمنیۆم دروستی بکات بۆم بەو شیوەیەی خۆم دەمەوێت و ئامادەکاریم بۆی کردووە”.

عەلی تەپەڕەشی دەڵێت: “بەهۆی ئەو شارەزاییەی هەمە لە بواری کۆمپیوتەر و ئۆتۆمبێلدا،هەستام بە دروستکردنی ئامێرێکی بەرنامەکراو، کاتێک هاووڵاتییەك بە ئامێرەکەدا تێپەر ببێت دەرمانی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕشێنێت و ئەو هاووڵاتییە تەعقیم بکات کە پێیدا تێپەڕ دەبێت. لە تواناشیدا هەیە کە نزیکی 2000 کەس لە کاتژمێرێکدا دەرمانڕشێن بکات”.

ڕونیشیکردەوە، “دروستکردنی ئەم ئامێرانە بە یەک کەس قورسە و ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تا یەک ئامێر دروست بکەیت”، وتیشی: “ئەگەر حکومەت پشتیوانیمان بکات تیمێکی چەند کەسی دیاری بکات بۆمان دەتوانین ڕۆژانە چەند دانەیەک بەرهەم بهێنین بۆ زیاتر خزمەتی خەڵک و تەندروستی خەڵکی کوردستان”.

سوهەیب محەمەد، چالاکوانێکی شارۆچكەی سەیدسادقە و بۆ (خەڵک) وتی، “دانانی ئەم ئامێرە لە لایەن گەنجێکی خۆبەخشی شارەکەمانەوە هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

وتیشی، “لە مێژەوە وتراوە خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر، هەر بۆیە دەبێت خەڵکیش هۆشیار بێت و خۆی بپارێزێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

لای خۆشیەوە قایمقامیەتی شارۆچکەی سەیدسادق ڕایگەیاند ئامانج لە دانانی ئامێرەكە كەمكردنەوە و ڕێگریكردنە لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و “له‌ کاتی هاتن و ڕۆشتنی هاووڵاتییان بۆ بازار و ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سەیدسادق دێنه‌ ناو شارۆچكەکه‌ تەعقیم بکرێن”.

ئاشکراشی دەکات، له‌ به‌رنامه‌یاندا هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا له‌ چه‌ند شوێنێکی تری شارۆچكەكەدا ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە کۆرۆنا دابنرێت، ئەویش لە پێناو پاراستن هاووڵاتییان و کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەكە.

قایمقامیەتی سەیدسادق داواشی کرد،‌ “هاووڵاتیان له‌ کاتی سه‌ردانی کردنیان بۆ بازاڕ، لانیکه‌م له‌ کاتی چوون و هاتنیاندا، به‌ناو ئه‌و ئامێرەدا بڕۆن بۆ سه‌لامه‌تی خۆیان و خێزانیان و شاره‌که‌مان”.

تا ئێستا 13 هاووڵاتی بە هۆی تووشبوونیان بە كۆرۆنا لە شارۆچكەی سەیدسادق گیانیان لە دەست داوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

یۆنسێف: 4.5 ملیۆن منداڵی عیراقى ڕووبەڕووی هەژاریی دەبنەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕێكخراوی (یونسێف)ی سەر بە نەتەوە یەگگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت، منداڵانی عیراقی كە زۆرینەن لەنێوان نزیكەی 4.5 ملیۆن عیراقی، هەڕەشەی هەژاریی و نەدارییان لەسەرە بەهۆی كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەپێی هەڵسەنگاندێك كە لەم ماوەیەی دواییدا لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراق بە پاڵپشتی (یونسێف) و بانكی نێودەوڵەتی و دەستپێشخەریی (ئۆكسفۆرد) بۆ هەژاریی و گەشەی مرۆیی بڵاوكرایەوە” 4.5 ملیۆنی تری عیراقییەكان (واتا نزیكەی 11%)، ڕووبەڕووی مەترسی كەوتنە خوار هێڵی هەژارییان لەسەرە، بەهۆی كاریگەریی كۆمەڵایەتی ئابوری پەتای كۆرۆنا”.

هەر لە هەڵسەنگاندنەكەدا هاتووە”ئەم بەرزبوونەوە زۆرە دەبێتە مایەی هەڵكشانی ڕێژەی هەژاریی نیشتمانی لە 20% لە ساڵی 2018 بۆ 31.7%، و زۆربوونی گۆی گشتی هەژاریی بۆ 11.4 ملیۆن”.

(یۆنسێف) پێیوایە”منداڵان و تازەپێگەیشتوان بەشێوەیەكی زیاتر ئاستی هەژارییان هەڵكشاوە”.

هەروەها دەڵێت”بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناش، یەكێك لەنێوان هەر پێنج كەسێكدا لەنێو منداڵان و تازەپێگەیشتوان هەژاربوون، بەڵام ئەمە بۆ زیاتر

لە 2 كەس لەنێوان 5 كەسدا زیادی كرد، كە 37.9%ی كۆی گشتی ژمارەی منداڵان دەكات”.

بە بۆچوونی ئەو ڕێكخراوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان”42%ی دانیشتوان لەو توێژە فشەڵەن كە ڕووبەڕووی بەرزترین ئاستی مەترسی دەبنەوە، بەو پێیەی لە چەندان ڕووەوە بەدەست نەدارییەوە دەناڵێن، بە تایبەتیش لەڕووی، فێركاریی، تەندروستی، گوزەرانی ژیان، ئاسایشی دارایی”.

سەبارەت بە منداڵانیش، “هەر منداڵێك لەنێوان دواندا (واتا 48.8%) زیاتر ڕووبەڕووی نەداریی دەبنەوە لەزیاتر لە یەكێك لەو چوار ڕووە”.

نەداریی و بێبەشبوون لە پەیوەندیكردن بە خوێندنگەكان، و دەستبەركردنی سەرچاوەی ئاوی شیاو، لەو فاكتەرە سەرەكیانەن كە بونەتە مایەی فشەڵبوونی خێزان و ئاستی گوزەرانی منداڵ.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

مێژووی بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی تەماتە

خەڵک ـ عەبدول محەمەد

تەماتە ئەو سەوزەیەی یان وەک هەندێک دەڵێن ئەو میوەیەی کە بەشێوەیەکی نمیچە ڕۆژانە دەبێت لە هەموو ماڵێکدا بوونی هەبێت، هەر کە باسی لێنانی هەر چێشتێکی شلە دەکرێت، دەبێت تەماتەش بوونی هەبێت.

تەماتە لە خێزانی بەروبومە باینجانییەکانە بە زۆری لە ناوچە مامناوەندی و گەرمەکان دەڕوێت و گەشە دەکات، ناوە زانستیەکەی Solanum lycopersicum، ناونانی تەماتە لە زمانی گەلی “ئیزتیک”ی مەکسیکەوە هاتووە، کە بەو بەربومەیان وتووە تۆماتۆل (tomatl)، لە هەندێک وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە تەماتە دەوترێت بەنەدۆرە، کە لە زمانی ئیتالیاوە وەرگیراوە.

نابێت ئەوەشت لە یاد بچێت کە تەماتە یەکێکە لەو بەرهەمە رووەکیانەی کە بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کانزا و ڤیتامینەکان و خوێ کانزانییەکان و کاربۆهێدرات و رەنگە سروشتییەکان دادەنرێت بۆ جەستەی مرۆڤ.

توێژینەوە پزیشکییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن تەماتە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە و پارێزگاریکردن لە فشاری خوێن و خوێنبەرەکان و بەربەرەکانێی نەخۆشیە جیاجیاکان شێرپەنجە، بەهێزکردنی دەزگای هەرس و پارێزگاریکردن لە چاوەکان.

نیشتیمانی یەکەمی تەماتە بەرزاییەکانی خۆرئاوای ئەمریکای لاتینە، کە ئێستا بە وڵاتانی پیرۆ و ئیکوادۆر ناسراوە، بە دیاریکراویش ٢٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر شوێنی ئەم ڕووەکەی تیا دۆزراوەتەوە.

ئەم بەرهەمە کشتوکاڵیە لەسەردەستی هیندیە سورەکان گواستراوەتەوە بۆ وڵاتی مەکسیک، تۆی تەماتەی ناوچەکانی ئەمریکای ناوەڕاست بە سەرچاوەی هەموو جۆرە تەماتەکانی ئەمڕۆ دادەنرێت، کە لە سەرانسەری جیهاندا بەشێوە و قەبارەی جیاواز هەیە.

زۆرێک لە میژوونووسان کۆکن لەسەر ئەوەی دوای داگیرکردنی شاری ئەزتیک شوێنی مەکسیکۆ سیتی پایتەختی ئێستای مەکسیک لە ساڵی ١٥٢١، “کورتس” گەریدەی ئیسپانی یەکەم کەس بووە تۆی تەماتەی گواستووەتە بۆ ئەوروپا، هەندێکیش دەڵێن کریستۆفەر کۆلۆمیس ئەو کەسەی بۆ یەکەمجار کیشوەری ئەمریکای ئاشکراکرد، یەکەم ئەوروپی بووە لە ساڵی ١٤٩٣ تۆی تەماتەی گواستووەتەوە بۆ ئەوروپا
مانیۆلی مێژوونووسی ئیتالی یەکەم کەس لە ساڵی ١٥٤٤ باسی لە بوونی تەماتە کردووە لە ئەوروپا.

بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە بەسەر ڕەنگی بەرهەمی تەماتەدا دێت تا پێ دەگات لەسەرەتاوە خەڵک ترساوە لەوەی کە ڕوەکێکی ژەهراوی بێت.

تەماتە لە تورکیا و ناوچەی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست کە کوردستانیش بەشێکە لێی، تا سەردەمی داگیرکارییەکانی بەریتانیا لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان بوونی نەبووە، دواتر لە ساڵی ١٩١٧ بەدواوە جوتیارەکان لەدەشتاییەکانی تورکیا و ئوردن و پارێزگای دیالەی عێراق لە شارەکانی بەعقوبە و مەندەلی چاندوویانە.

کاتێک بەرهەمەکەی چووەتە بازاڕەکانی بەغدا خەڵک لێی ترساون بە بەرهەمێکی ژەهراویان زانیووە و دواتر ناونراوە بە “پرتەقاڵی ئینگلیزی”، بەڵام دوای ئەوەی خەڵک لێی شارەزا بووە، بووەتە پێکهاتەکی سەرەکی چێشتخانەی عێراقی.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 185 هەزار تۆن تەماتەیە، توانای بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی ناوخۆش هیچ ساڵێك نەگەیشتووەتە نیوەی ئەم بڕە، بۆیە ناچارە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی تەماتە هاوردە بکرێت.

ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە فاو، لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٩ی خۆیدا ڕیزبەندی کردووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین بەرهەمی تەماتەیان هەیە ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان کە ئەمانەی خوارەوەن:

چین لە پلەی یەكەمدایە و ساڵانە بڕی 56 ملیۆن ە 423 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنێت.

هیندستان بە پلەی دووەم دێت و ١٨ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تۆن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ١٣ ملیۆن و ٣٨ هەزار تۆن.

تورکیا ١٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن.

میسر ٧ ملیۆن و ٩٤٣هەزار تۆن.

ئیتالیا ٦ ملیۆن و ٤٣٧ هەزار تۆن.

ئێران ٦ ملیۆن و ٣٧٢ هەزار تۆن.

ئیسپانیا ٤ ملیۆن و ٦٧١ هەزار تۆن.

بەرازیل ٤ ملیۆن و ١٦٧ هەزار تۆن.

مەکسیک ٤ ملیۆن و ٤٧ هەزار تۆن.

ڕوسیا ٣ ملیۆن تۆن.

ئۆزبەگستان ٢ ملیۆن و ٦٤٨ هەزار تۆن.

نەیجیریا ٢ ملیۆن و ٢٤٣ هەزار تۆن.

ئۆکرانیا ٢ ملیۆن و ٢٢٩ هەزار تۆن.

پرتوگال ١ ملیۆن و ٦٩٣ هەزار تۆن.

تونس ١ ملیۆن و ٣٠٣ هەزار تۆن.

جەزائیر ١ ملیۆن و ٢٨٠ هەزار تۆن.

مەغریب ١ ملیۆن و ٢٣ هەزار تۆن.

کامیرۆن ١ملیۆن و ١٨ هەزار تۆن.

یۆنان ١ ملیۆن و ٤ هەزار تۆن.

ئەوەی جێی سەرنجە لەم ڕاپۆرتەدا ئەوە، هەرچەندە سەرەتای سەرهەڵدانی چاندنی ڕووەکی تەماتە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی مەکسیک، بەڵام ناوی لە ناوەڕاستی لیستەکەدا و بە نۆهەمین وڵات دێت لە بەرهەمی تەماتەدا، جگە لەوەش عێراق بە یەکێک لە وڵاتە پێشینەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت کە بۆ یەکەمجار تەماتەی تیا بەرهەم هاتووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناوی لەناو لیستەکەدا نەهاتووە و ساڵانە ناچارە بە سەدان تۆن تەماتە لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکەوە هاوردە بکات، ئەویش بەهۆی پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵەوە بەرهەمی ناوخۆیی توانای پڕکردنەوەی داوای بازاڕەکانی خۆی نییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان