ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

عەبدولمەهدی و قەومیەت
بۆریس جۆنسن و جوتێ گۆرەوی!

هۆشیار عەبدوڵا

رۆژی ۷/۲٤ وەك فراكسێۆنی گۆڕان بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێك لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كۆبوینەوە ، گفتوگۆیەكی قوڵی سیاسیی و فكری لە نێوانماندا بەرێوەچو.

دەربارەی فكری قەومی و قەومیەت قسەیەكی كرد جێگەی سەرنج بوو.

وەك رەخنەیەك گوتی ((لە روی مێژوییەوە،ئیوەی كورد دوای هەمو نەتەوەكانی تری ناوچەكە دەستتاندایە مەسەلەی قەومیەت و رەنگە دوایی هەموانیش دەستی لێهەڵبگرن))

عادل عەبدولمەهدی گوتی؛ هەمو كەس شانازی بە نەتەوەكەیەوە دەكا ، ئینتیما بۆ نەتەوە وەك هەست وەك بەشێكی شوناسی مرۆڤ هەتا بەشەریەت بمێنێ هەر دەمێنی ، بەلام كاتێك قەومیەت وەك ئایدۆلۆژیایەكی داخراو دەبێتە تەرح و تێروانینی فكری و سیاسیی بۆ دروستكردنی دەوڵەتی قەومی و كیانی قەومی ئەوە مەسەلەیەكە گەلان دەمێكە جێیانهێشتوە و چەقین لەم پرسەدا سود بەنەتەوە ناگەیەنێت بەڵكو لاوازی دەكا.

ئەو گوتی : بە نامە بە رونی بۆ بەرپرسێكی باڵای كوردم ناردوە كە ئێوە لە نێوان گرفتی (جوگرافیا) و ( بەرژەوەندی) دا دەبێ بزانن سود و مەصلەحەتی خەلك و هەرێمەكەتان بەرەو كوێ ئاراستە دەكەن و گرنگە دور كەونەوە لە چوارچیوە تەسك و بچوكەكان وێنە گەورەكەی بەرژەوەندی خۆتان ببینن بە گویرەی ئەم قۆناغ و زەمەنەی كە پێیگەیشتوین.

ئەو پێی وابوو پرسی كورد ئێستا پرسێكی گەورەی جیهانییە داخستنی جوگرافیا و گیرخواردن لە گرێ مێژوییەكاندا پرسی كورد گەورەتر ناكا بەڵكو بچوكی دەكاتەوە.

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران نمونەی چەند نەتەوەیەكی لە مێژوی كۆن و نوێدا هێنایەوە كە كاتێك لە گرێكانی مێژوو و جوگرافیا نەجاتیان بوە چۆن پێشكەوتون و چونەتە ئاستیی باڵای خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن.

كە عەبدولمەهدی ئەو قسانەی كرد بیرم لەوە دەكردەوە فعلا ئایا كەی لەو بازرگانیە بەناوی قەومیەت رزگارمان دەبێت ؟!

لە ئەمریكا ئۆباما كە ئەصڵێ دەچێتە سەر عەرەب كەس نەیگوت نابێ ببێتە سەرۆكی ئەمریكا چونكە ئەصلی ئەمریكیی نیە ، بۆریس جۆنسن كە تازە بو بە سەرۆك وەزیرانی بریتانیا باپیرە گەورەی توركە كەس ناڵێ نابێ ، تازە بە تازە لای ئێمە دەڵێن نابێ ببێتە سەرۆك ؟! كەدەپرسی بۆ نابێ؟ دەڵێن ئاخر (جوتێ گۆرەوی) بۆ شۆرش نەناردوە!.

نزیكەی سەدەیەك خەبات بەناوی قەومیەتەوە (بەسەردەمە باش و خراپەكەیەوە، بەدیوە تاریك و رونەكەشیەوە) لە بارێكیدا نەتیجەكەی ئەمڕۆی باشوری كوردستانە،لە رۆژگاری ئەمڕۆدا (بەشێك) لە شۆرشگێرە بازرگانەكانی شاخ كە هەمان گوتار دەبەن بەرێوە خەمی خۆیانە نەك پرسی كورد ، چونكە سور دەزانن كێشەی كورد بە گوتارێكی داخراوی قەومی لەم رۆژگارەدا ناگاتە هیچ كوێ بەڵام دەستیپێوەدەگرن چونكە بۆتە بازرگانی لای بەشێكی زۆریان ، هەر بەو كاسبیەشەوە لە ۱۹۹۱ ەوە بێ هێچ بەهرەیەكی سیاسیی و ئیداری و زانستی توانیویانە لەسەر شانۆی دەسەڵاتی حزبی و حكومی بمێننەوە و هەرێم لە شكستێكەوە بدەنە دەست شكستێكی خراپتر.

گرنگ ئەوەیە ئەو بازرگانیە قەومیە بۆ ئەوان باشترین رێگەی مانەوە و ئاسانترین گوتاری سۆزداریشە بۆ راكێشانی هەستی خەلك و یاریپێكردنی، ئیدی بەرژەوەندیەكانی خەڵك و خاكی هەرێم و بەرەوپێشچون و بونی گوتارێكی ژیاندۆست و مرۆڤدۆست و كراوە بە روی مێژو و جوگرافیادا،بایەخێكی ئەوتۆی نیە.

كورت و پوخت قەت نایانەوێ كورد وەك نەتەوە شت بێت،چونكە ئەوكاتە خۆیان وەك ئێستا هەمو شت نابن.

وتار

ئینته‌رنێت و به‌رد، له‌ناو له‌پی ده‌ستی خۆپیشانده‌ردا

لوقمان غەفوور

 

سایمۆن هێل-ی نووسه‌ری ئه‌مریكی له‌ كتێبی شۆڕشی دیجیتالی، كاریگه‌ری له‌ سه‌رده‌می ئینته‌رنێت-دا، ده‌ڵێت: شۆڕشی دیجیتاڵی له‌ دنیای به‌هاری عه‌ره‌بی و خۆپیشاندانه‌كانی دوای خۆی، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی و بەردەوامیشە. ئه‌مریكا چه‌كێكی تری خسته‌ به‌رده‌ست گه‌لانی نێو رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كان، به‌ جۆرێكی تر هانیدان دژی رژێمه‌ داپڵۆسێنه‌ره‌كان كه‌ ئه‌ویش به‌كارهێنانی ئینته‌رنێته‌ بۆ ریسواكردنی دیكتاتۆره‌كان، لەکاتێکدا ھەر خودی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی دیجیتاڵی ئه‌مریكا سوودمه‌ندی یه‌كه‌من.

ئه‌م تێڕوانینه‌ی سایمۆن هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ راپرسییه‌كی ده‌زگای پیو-ی ئه‌مریكی له‌سه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی ئینته‌رنێت و ئه‌په‌كانی مۆبایل و سۆشیال میدیا له‌سه‌ر شۆڕشی 25 یه‌نایری 2011ی میسر. دەزگای پیو له‌راپرسییه‌كه‌یدا، ده‌ریخستووه‌ كاتێك شۆڕشی میسر رویدا، به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك 4ملیۆن و 200 هه‌زار كه‌س بووه‌، به‌ڵام له‌دوای شۆڕش رێژه‌ی به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك له‌ میسر هه‌ڵكشاوه‌ بۆ 21 ملیۆن و 123 هه‌زار كه‌س. 

ئێستا گه‌له‌ زوڵملێكراوه‌كان جگه‌ له‌ به‌رده‌كانی ناو له‌پی ده‌ستیان و بڵه‌ككردنی شه‌قامه‌كان به‌ سوتاندنی تایه‌ و به‌ربه‌سته‌كان، چه‌كێكی كاریگه‌ریشیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌توانن دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان له‌ كوشتن و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ئاگاداركه‌نه‌وه‌ و هه‌موو دنیاش بێننه‌ سه‌ر هێڵ بۆ پشتگیرییان. له‌هه‌مانكاتدا چالاكوانی خۆپیشاندانه‌كان ئاگایان له‌ جوڵه‌ی یه‌كتر بێت.

دنیای شۆڕشی دیجیتالی كه‌ دنیایه‌كی تا بڵێی خێرا و به‌بڕشته‌، جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندان كاری نێگه‌تیڤی هێنایه‌ ناو ژیانی مرۆڤه‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتدا كارێكی پۆزه‌تیڤی دروستكرد له‌سه‌ر هه‌پرونكردنی ژیانی رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ران و لانه‌ی دیكتاتۆره‌كانیشی بنكۆڵ و شه‌قكردووه‌. 

له‌ دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه‌ كاریگه‌ری شۆڕشی دیجیتالی ترسی گه‌وره‌ی دروستكردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ پریشكی هه‌ر ئاگرێكی خۆپیشانداندا یه‌كه‌م كاری حكومه‌ته‌كان به‌ر له‌ رێكخستنی هێزه‌ داپلۆسێنه‌ره‌كان و قه‌ناس به‌ ده‌سته‌كانیان، هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت ئه‌قرتێنن و شه‌تداونی گشتی ده‌كه‌ن. ئه‌م ترسه‌ نوێیه‌ پێش هه‌موو ئامرازه‌كانی تری راگه‌یاندن كه‌وتووه‌. 

خۆپیشانده‌ر ئامێری مۆبایله‌كه‌ی ده‌ستی چه‌پی و به‌رده‌كه‌ی ناوله‌پی ده‌سته‌ راستی، وه‌ك یه‌ك كاریگه‌رییان هه‌یه‌. له‌ناو روداوه‌كه‌وه‌، دوای راونانی هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كان به‌به‌رده‌كه‌ی ناوله‌پی ده‌ستی راستی، به‌ده‌ستی چه‌پی له‌رێگه‌ی مۆبایله‌كه‌یه‌وه‌، دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی تێده‌گه‌یه‌نێت. بۆ نموونه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێراندا رۆژانه‌ چه‌ندین گرته‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌من ده‌گه‌یشت، به‌ڵێ ئه‌مه‌ ئه‌و چه‌كه‌یه‌ له‌ئێستادا زۆربه‌ی رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كانی وه‌ك ئیران و عیراق و فنزوێلا و هۆنگكۆنگ-ی تۆقاندووه‌. 

به‌پێی راپرسییه‌كی سه‌نته‌ری پیو-ی ئه‌مریكی، سۆشیال میدیا به‌هێزترین رێگه‌ بووه‌ بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر چالاكی خۆپیشاندانه‌كانی میسر، به‌شێوه‌یه‌ك خه‌ڵك به‌ رێژه‌ی 10% توانیویه‌تی زانیاری خۆپیشاندانه‌كان له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ وه‌رگرن، كه‌چی له‌رێگه‌ی فه‌یسبووكه‌وه‌ 45% ی خه‌ڵك زانیارییان وه‌رگرتووه‌و یوتوب-یش به‌ رێژه‌ی 24% و پێگه‌ ئه‌له‌كترۆنییه‌كان و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كان 20%ی زانیاریان گواستۆته‌وه‌.

گرنگی شۆرشی دیجیتاڵی له‌وه‌دا كۆبۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌توانێت ئاستی هۆشیاریی و سۆزی خۆپیشانده‌ران و ئه‌وانه‌ی لینك-یان هه‌یه‌، به‌رزبكاته‌وه‌. یاخود ده‌توانێت لینكێك دروستكات له‌نێوان كه‌سه‌كانی نێو بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان. هه‌روه‌ها هاوسۆزییه‌كی گه‌شه‌كردوو دروستبكات به‌رامبه‌ر خۆپیشاندان. به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌نته‌ری ئه‌كادیمی واشنگتن بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، 31% ئه‌وانه‌ی فه‌یسبوكیان له‌كاتی خۆیشاندانه‌كانی سوریا به‌كارهێناوه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان بووه‌، 24% یش بۆ ئه‌وه‌ فه‌یسبوكیان به‌كارهێناوه‌ كه‌ بتوانن هه‌واڵ و زانیارییه‌كانی خۆپیشاندان به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ی سوریا بگه‌یه‌نن. 30% یش بۆ ته‌نسیقی نێوان چالاكوان و رێكخه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان بووه‌.

هه‌ر ئه‌م داتاو ئامارانه‌یه‌ وای له‌ عیراق و ئیران و كه‌شمیر و هۆنككۆنگ و فه‌نزویلا كردووه‌ كه‌ له‌چه‌ند مانگی رابردوودا هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت شه‌تداون بكه‌ن. به‌پێی نێتبلۆك كاربه‌ده‌ستانی فنزوێلا له‌سه‌عاته‌كانی به‌ره‌به‌یان تا ئێواره‌ هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت ئه‌برن له‌نێویشیاندا ئێران خراپترینیانه‌ و له‌ 17ی نۆڤێمبه‌ره‌وه‌ تا 21ی نۆڤێمبه‌ر ته‌نیا 4%ی ئینته‌رنێت هه‌یه‌.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

تونس‌و هەوای دوای هەڵبژاردن!

د. موئمین زەڵمی

نزیكەی دەیەیەكە یەكەم كڵپەی بەهاری عەرەبی لەتونسەوە سەریهەڵداوە‌و بەسەرنجدان لەبارودۆخی هەموو ئەو وڵاتانەشی شۆڕش‌و خۆپیشاندانەكانیان تیا بەڕێوەچوون دەبینین تونس تاقانەیە تونراوە دەسكەوتەكانی خۆپیشاندان بپارێزرێن.

ئێستا تونس لەقۆناغێكی نوێی گەشەی دیموكراسیدایە، بۆیەش وردتر چاو دەخەینە سەر بارودۆخی سیاسی ئێستای ئەو وڵاتە‌و ئاستەنگەكانی بەردەم بزووتنەوەی نەهزەی براوەی هەڵبژاردنەكان.

تونس یەكێكە لەو وڵاتانەی سیستەمی پەرلەمانی هەیە‌و براوەی هەڵبژاردن پێویستی بەتەوافوقاتە بۆ ئەوەی بتوانێت حكومەت پێكبهێنێت، سیستەمی پەرلەمانی ڕێگایەكی دیموكراسیە بۆ حوكمڕانی‌و هەندێك بەدیموكراسیترین ڕێگا وەسفی دەكەن، بەڵام یەكێك لەگەورەترین كەموكورتییەكانی ئەم سیستمە ئەوەیە كاتێ دەردەكەوێ حزبی براوە ناتوانێ پەنجا كۆ یەك بەدەستبهێنێت، ناچارە پەنا بۆ نەیارەكانی ببات بۆ تەوافوقات، وەك دەزانین لەزۆرێك لەوڵاتانەكاندا حزبەكان لەناكۆكی قووڵدان، بۆیەش زۆرجار رێگاكانی تەوافوقات زۆر درێژ دەبنەوە‌و هەندێجار پەنا بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەبرێت، لەهەندێ لەوڵاتان ئەم پرسە رێگای نادیموكراتی وردەگرێت، چونكە حزبی براوە ناچاری چۆكدادان بۆ حزبە بچوكەكان دەبێت‌و دواتریش تەوافوقاتی ناسەركەوتوو بەڕێوەدەچن جگە لەیارییەكی نادیموكراتی هیچی تر لێ سەوز نابێت.

ئیتالیا پاش شەڕی دووەمی جیهانی بۆ چەندین دەیە ئەم قەیرانەی هەبووە‌و چەندین تەوافوقات‌و هاوپەیمانیی ناسەركەوتووی بەخۆیەوە بینیوە، تەمەنی ئەم جۆرە رێككەوتنانەش ئاسایی كورتە، ئێستاش قەیرانی هاوشێوە بەرۆكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریقای گرتۆتەوە، ئەوەتا عێراق‌و لوبنانیش دوو نمونەی زۆر نزیكن، لای خۆشمان كابینەی پێشوو بەكشانەوەی گۆڕان‌ و كۆمەڵ‌ و یەكگرتوو هەمان كێشە رووبەرووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوویەوە، نزیكترین نمونەش لەئێستادا تونسە.

ماوەی ڕابردوو لەتونس دا دوایین پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، ئەو وڵاتە لەئێستادا‌و لەقۆناغی خۆڕێكخستنەوەدایە، لەگەڵ ئەوی سەرۆكێكی نوێ بەبێ پشتیوانی لایەنێكی سیاسی دەركەوتووەو وەك مامۆستایەكی زانكۆ گرەوی سەركەوتنی بردەوە ئەویش (قیس سەعید)ە‌و شەشەم سەرۆكی وڵاتەكەیە‌و بڕوانامەی باڵای هەیە لەیاسای دەستوریداو بەسەرۆكە ناحزبییەكە ناوبانگی دەركردووە.

لە هەڵبژاردنەكەدا بزووتنەوەی ڕاپەڕین (نەهزە) بەسەرۆكایەتی راشید غەنووشی لەكۆی (217) كورسی، توانی (52) كورسی بەدەستبهێنێت‌و بوویە یەكەم. دواتریش لیستی دڵی تونسی بە(38) كورسی بوویە دووەم‌و پاش ئەویش تەیاری دیموكراسی (22) كورسی، كەرامە (21) كورسی، حزبی ئازادی تونسی (17) كورسی، لیستی بژی تونس (14) كورسیان بەدەستهێناوە.

یەكێك لەو كێشانەی روبەرووی تونس بووەتەوە لەئێستادا تەوافوقاتی پێكهێنانی كابینەی نوێی وزارییە، چونكە حكومەتی نوێ پێویستی بەتەوافوقە‌و لەئێستاشدا یەكێك لەسەختییەكانە، چونكە حزبەكانی تونس دیدگای زۆر جیاوازیان هەیە لەیەكتر‌و روون نیە دواتر چ شتێك گەرەنتی پێكەوەمانەوەیان دەكات.

هەفتەی رابردوو كۆبوونەوەی پەرلەمانی تونس بەڕێوچوو پەرلەمان دەنگدانی بۆ سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامداو بەزۆرینەی دەنگی 123 پەرلەمانتار راشد غەنوشی كاندیدی نەهزەی تونسی وەك سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

ئەوەش دوای ڕێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی نەهزە‌و پارتی دڵی تونس هات یەكەمیان خاوەنی 52 كورسی پەرلەمانی‌و ئەوی دیكەشیان خاوەنی 38 كورسی پەرلەمانییە. هەروەها كوتلەی هاوپەیمانی كەرامە، خاوەنی 21 كورسی پەرلەمانییە‌و ئەویش هاوبەشی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكەیانە بۆ یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

لە ئێستادا یەكێك لەكێشە ماوەكان پرسی یەكلاكردنەوەی سەرۆك وەزیرانە دەنگێكی بەرز هەیە‌و داوا دەكرێت نەهزە كاندیدێكی سەربەخۆ بۆ سەرۆكی نوێی حكومەت بێنێتە پێشەوە نەك كاندیدی خۆی، چونكە ئەگەرچی لەئێستادا هاوپەیمانی كەرامە (21 كورسی) جۆرێك لەرەزامەندی دەربڕیوە كاندیدید نەهزە ببێتە سەرۆك وەزیران بەڵام هاوپەیمانییە لیبراڵ‌ و نەتەوەپەرستەكان بەهیچ شێوەیەك رازی نین بەكاندیدی نەهزە بۆ سەرۆك وەزیران، راستە لەئێستدا لیستی دڵی تونس بە(38 كورسی)‌و براوەی دووەمی هەڵبژاردن رازیە پشتیوانی نەهزە بكات بۆ هێنانە پێشەوە كاندیدی خۆی بۆ سەرۆك وەزیران‌و ئامادەشیان راگەیاندووە بەرامبەر بەچەند پۆستێكی سیادی دەنگی پێبدەن، بەڵام ئەمە یەكێكە لەكێشە گەورەكانی نەهزە، چونكە بزوتنەوەی نەهزە بەدروشمی دژە گەندەڵی بەشداری هەڵبژاردنی كرد بۆیەش ناتوانێت بەئاسانی لەگەڵ ئەم لیستە تەوافوق بكات‌و وەستانەوەیە دژی دروشمەكەی چونكە سەرۆكی دڵی تونسی (نەبیل قروی) تۆمەتبارە بەگەندەڵی مادیی‌و لەئێستادا كەیسەكەی لەدادگایە، بۆیەش چاوەڕێ كراوە نەهزە پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلایی بكاتەوە، هەروەك رۆژی هەینی رابردوو دیدارێك لەنێوان سەرۆك كۆمار‌و راشید غەنوشی سەرۆكی نەهزە بەڕێوەچوو‌و باس لەوەدەكرێت نەهزە ناوی كاندیدی نوێی سەرۆك وەزیرانی پێشكەشی سەرۆك كۆمار كردووە.

لەكۆتاییدا ئەوەی گرنگە پرسی سەركەوتنی دیموكراسییە لەتونسدا، چونكە هەم حزبی نەهزەی حاكم‌و هەم راشید غەنووشی وەك زانایەكی نوێگەری ئیسلامی جیهانی خەمی پەیڕەوی دیموكراسییان كردۆتە خەمی سەرەكی خۆیان‌و هەر جۆرە پێشێلكارییەك بەرامبەر بەپرۆسە دیموكراتییەكان بەشكستی خۆیان دەزانن، هەروەك چاوەڕێ دەكرێت بۆ رزگاربوون لەم سەرئێشە سیاسیانە نەهزە هەوڵی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی وڵاتەكەی بدات.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

کێن فاسۆلیا خۆرەکان!؟

لوقمان غەفوور

عەقڵ ئێرانییەکان لە کوردستانی باشور کەوتوونەتە چ شیکردنەوەیەکی شەیتانانە بۆ ئەوەی خەباتی خۆپیشاندانی کوردانی خۆرھەڵات کەم دیدە بگرن، ئەڵێن بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاوا شۆڕشە وەک کوردانی خۆرھەڵات نین بۆ بەنزین ھاتبنە سەر شەقامەکان. سوککردنی ئەم خەباتە مەدەنییە تەنیا و تەنیا نانەوەی ناکۆکیی و کەمکردنەوەی پشتیوانییە بۆ خەڵکی خۆرھەڵات لەلایەن باشورەوە.

ئەم دیدە، دیدێکی دوژمنکارانەیە، دیدێکە ھاوخەباتی نەتەوەیەک لێکدانی سفر دەکەیت  لەڕاستیدا نەزانیش ڕادە و پلەی خۆی ھەیە، لەبەرئەوەی خەلکێک لەڕووی سۆزەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەری خۆرئاوا باوەڕ بەم جۆرە لێکدانەوانە دەکەن، بێئەوەی، ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بوەستنەوە و پێی بڵێن مێژووی خەباتی چەکداری لە خۆرھەڵات و باکور و باشور و خۆرئاوا دیار و بەرچاوە، ھیچ پێویست بە کەس ناکات شیکردنەوەی بۆ بکات. نە پێویستیش بەوە دەکات کەسی تیا بکەینە پاڵەوان و کەسیشی تیا بکەینە ترسنۆک.

ھەر کەسیش حەزی بە خوێندنەوەی مێژووی شۆڕشی ئەم چوار پارچەیەیە ئەتوانێت بەدوایا بگەڕێت، کە من بۆ خۆم ھەر کوردێک لە ھەر شوێنێک تێکۆشابێت ڕێزی لێدەگرم نەک بە فاسۆلیاخۆر و تەمبەڵی لە قەڵەم بدەم، کە مەبەست حزبەکانی خۆرھەڵاتە، ئەویش ھۆکاری خۆی ھەبووە کە لە دوای ١٩٩٣ەوە بۆچی بێدەنگیان ھەڵبژارد.

ئەگەر مەسەلەکە قوربانیدان بێت ھیچ پارچەیەک بەقەد باشور خەباتگێڕ و قوربانیدەر نەبووە تەنیا ئەنفال بەسە بۆ ناسنامەی قوربانی باشوور  ئەگەر خەبات بێت ھیچ پارچەیەک بەقەد ڕۆژئاوا مێژووەکەی خاڵی نییە لە قوربانی، بەڵام کوردایەتی و قوربانی و خەباتکردن ئاوا ناپێورێت.

خەڵکی خۆرھەڵات لەمکاتەدا لەھەموو کات زیاتر پێویستی بە پاڵپشتییە، دەبوو خۆپیشاندانی گەورە لە باشور بۆ پشتیوانی بکرایە. کە ناکراوە و ناکرێت، گونجاو نییە سوکایەتی بەو خەباتەی ئێستا و ھێزە سیاسییەکانیان بکەین و بە فاسۆلیاخۆر و ترسنۆک یان بزانین.

بەداخەوە ئەو نیگەرانییەی من ھەمە ھی ئەوەیە خەڵک ڕۆژانە ئاگای لێ نییە چەند گەنج تەنیا لەسەر قسەکردن دەخرێنە زیندان و لەسێدارە دەدرێن. ھەندێک لە باشور بێئاگا لەوەی لە خۆرھەڵات چی ڕوودەدات شیکردنەوە بۆ ئەوە دەکات ئەمانە دژی زیادبوونی نرخی بەنزین ھاتوونەتە سەر شەقامەکان. کەواتە من بەو کەسانە دەڵێم ئێوەش بۆ پارە و مووچە ئەھاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانتان دژی حکومەتی ھەرێم دەکرد نەک بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی و شەفافیەت و سەروەری یاسا و ئازادی.

لەلایەکی ترەوە مرۆڤ کە نەیزانی جیاوازی شۆڕش و ڕاپەڕین و خۆپیشاندان چییە ئەکەوێتە ھەڵەوە. خەڵکی خۆرئاوا قۆناغی خەباتی ڕزگاری نیشتمانی و شۆڕش یان تێپەڕاندووە. ئەوان لەناو شارەکان خۆیان بەڕێوە دەبەن. سەرۆکایەتی شارەوانییەکان و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بەڕێوە دەبەن. ئەوەی ئەوان ئێستا ڕووبەڕووی بونەتەوە جەنگە دژی کۆلۆنیالیزم، کە ئەمە جەنگی دوای پارتیزان و شۆڕش و ڕاپەڕینە.

ویستم لە کۆتایدا بیری ئەو ئێرانیزمانە بێنمەوە کە ئەوەی شارەزایی ھەبێت لە ھەرەمەکەی زانای سایکۆلۆژی (ماسلۆ) دەزانێت یەکەم پێداویستی کە ئینسان ئەخاتە دۆخی ناڕازایی و تەنگانەوە پێداویستییە فیسیۆلۆژییەکانە، کە سەرچاوەی تەقینەوەی ناخی ئینسانە  پێداویستییەکانی وەک خۆراک و خواردنەوەو ھەوای پاک و بەرگ و پێداویستی کە نان نەبوو کەرامەتی ئینسان ئەکەوێتە ترسەوە بەدوای ئەودا ئینجا پێداویستیێەکانی ئاسایش و ئارامی دێت  بەدوای ئاسایش و ئارامی ئەوکات پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێزگرتنی خود و پێداویستی گەیشتن بە ئامانج دێت و ئینسان ئەتوانێ بژی.

کوردی خۆرھەڵات لە پێداویستی یەکەم پێبەشکراوە، ئیتر باسی پێداویستییەکانی تری چی لەگەڵ بکەین کەواتە ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی ھەبێت  ھەموو ئازارێک لە ئامەد یان لە سەقز و ھەولێر و قامیشلو ھەبێت ھەمان ئازارە لە دھۆک و سنە و کۆبانێ ئەگەر باوەڕیشمان بەوە بێت و دیدی خەبات وا ببینین تەنیا خەبات و قوربانی لای ئەوانەیە تەنیا ئاپۆ-یانە بیرئەکەنەوە ئەوە لای من ئەم دید و تێڕوانینە بەتەواوی ڕەتکراوەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان