ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

عیراق مووچەی مانگی 7ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانەكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی دارایی عیراق مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكات، بەڵام لە هەرێم مووچەی مانگی نیسان (4) دابەش دەكرێت.

بەپێی نووسراوی وەزارەتی دارایی عیراق، كە دەست (خەڵك) كەوتووە و بە ژمارە (16350) لە 23ی تەمموز بە واژۆی د. ئەحمەد جەواد الدهلكی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ژمێریاری بە وەكالەت دەرچووە، بڕیار دراوە بە ناردنی بڕی (453) ملیار دینار بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم لە بانكی ناوەندی عیراق لە هەولێر.

ڕاشیگەیاندووە، كە ئەو پارەیە بۆ مووچەی مانگی تەمموز (7)ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لەگەڵ گەیشتنی ئەو پارەیە لە بەغداوە، حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی نیسان (4)ی فەرمانبەرانی خەرج كرد و تا ئێستا چارەنووسی 3 مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەران نادیارە.

دەقی نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی عیراق:

ئابوری

نرخی مریشك بەرز بووەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە هۆكاری گرانبوونی نرخی مریشك ئاشكرادەكات و كۆمەڵێك داواكاری ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی نێو حكومەت دەكات.

نازم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە، باس لەوەكراوە، ھۆكاری گرانبونی نرخی مریشك پەیوەستە بە نەبوونی بەرھەم لە ناو كێڵگە پەلەوەرییەكان بەھۆی بەردەوامی زیانی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان كە وازیان ھێناوە لە بەرھەمھێنان.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، ٪‏٤٥ی ھۆڵی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەلایەن خاوەنەكانیان داخراوە، ئەمەش بەھۆكاری ئەو زیانە زۆرەی بەریان كەوتووە و حكومەت پشتیوانیان نەبووە، و لە ٪‏٢٥ خاوەن ھۆڵەكان جوچكیان دەست ناكەوێت، تا بیخەنە ناو ھۆڵەكان، و خاوەن مەفقەسەكان دەڵێن تا ٢٥ ڕۆژ ناتوانن جوچك بۆ خاوەن ھۆڵەكان دابین بكەن، و نرخی جوچك بۆ ١٥ سەنت بەرز بۆتەوە.

لەو بەیاننامەیەدا خاوەن كێلگە پەلەوەرییەكان بەم چەند خاڵەی خوارەوە داواكاری خۆیان خستۆتەڕوو:

١- دیاریكردنی نرخ ، حكومەتی ھەرێم لیژنەیەك دروستبكات بڕو تێچوی مریشك دیاریبكات لەبەرھەم ھێناندا پاشان نوسینگەی تایبەت دروستبكرێت و حكومەت خۆی مریشكەكە بكڕێتەوە و دواتر بە فرۆشیارانی بازاڕی بدات و یەك نرخ دیاریبكرێت كە ئەمە باشترین ھاندانە بۆ خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان و ھاووڵاتیان.

٢- قەدەغەكردنی مریشكی بەستوو

٣- ھەرزانكردنی عەلەف و ئازادكردنی ھاوردەكردنی لەووڵاتانەوە بۆئەوەی تێچوی مریشك ھەرزانتربكەوێت لەسەر خاوەن كێڵگەكان و بەھەرزانیش بگات بەدەست ھاووڵاتیان.

٤- دانانی لیژنەی چاودێری لەسەر ھاوردەكارانی عەلەف و دەرمان.

٥- پشتیوانیكردن و بازاركردنەوە بۆ بەرھەمی ناوخۆی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

“٣٣ هەزار كۆمپانیا و پڕۆژەی دەستەبەركراو لە هەرێم هەن”

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەری گشتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، نزیكەی ٨٠ هەزار كرێكاریان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆماركردووە و ساڵی رابردووش بڕی ١٠ ملیار دیناریان بۆ پاداشتی كۆتایی خزمەت خەرجكردووە.

عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە ئانادۆڵی ڕاگەیاند، تاكو سەرەتای ساڵی ٢٠١٩، ٣٣ هەزار كۆمپانیا و پڕۆژەی دەستەبەركراومان هەیە كە ژمارەی كۆی ئەو كرێكارانەی دەستەبەری كۆمەڵاتییان هەیە بریتین لە نزیكەی 80 هەزار كرێكار، لەو ژمارەیەش نۆ هەزاریان كرێكاری بیانین كە ئەوانیش هاوشێوەی كرێكارانی خۆماڵی مافی دەستەبەری كۆمەڵایەتییان هەیە.

وتیشی”سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی پێكدێت لە بەشدارییەكان، سزای دواكەوتن، كرێی موڵكەكان و بودجەی هەر سێ فەرمانگەی دەستەبەری كۆمەڵایەتیش دەچێتە ناو سندوقەكەوە بۆیە بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە، بەڵام ساڵانە ٦٠ تا ٧٠ ملیار دینار هەیە و دواتر خەرجییەكانی لێدەردەهێندرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ەوە نزیكەی ٤٠٠ ملیار دینار لە سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتیدا هەیە و ئەگەر كرێكارەكە داوا نەكات ئەوا كەی خزمەتەكەی گەیشتە ٢٠ ساڵی خزمەت دەتوانێت خانەنشین بێت.
ڕوونیشیكردەوە، تا ئێستا نزیكەی ٧١٥ خانەنشینمان هەیە و ساڵانەش نزیكەی ١٠ ملیار دینار بۆ پاداشتی خزمەت دەڕوات، ساڵانە نزیكەی ٨ هەزار كرێكاری خۆماڵی و بیانی دێن داوای پاداشتی كۆتایی دەكەن كە بەداخەوە زۆربەی كرێكاران كە گرێبەستیان تەواو دەبێت ئەوكات دێن داوای پاداشت دەكەن و پاداشتەكە یەكجارە و ئەگەر وەریبگرێت ئەوا مافی خانەنشینی نامێنێت و لە ئەگەری ئەوەی دوای وەرگرتنی پاداشت بچێتە شوێنێكی دیكە و پاداشتیشی وەرگرتبێت ئەوا خزمەتی بۆ هەژمار ناكرێت و لە دەستپێكی كارەكەی لە كۆمپانیای دووەمەوە خزمەتی بۆ هەژمار دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەكردنی تەماتەی قەدەغەكرد

خەڵك –بەشی هەواڵ

وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی تەماتەی لە دەرەوە قەدەغەكرد.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی تەماتەیان لە دەرەوە داوە بۆ ڕێخۆشكردن بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ.

ئەو بڕیارە لە دوای فڕێدانی بەرهەمی تەماتە هات لەلایەن هەندێك لە جوتیارانی دەڤەری بادینان و پێنجوێنەوە بەهۆی ساغنەبوونەوەی لە بازاڕەكانی هەرێمدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان