ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ژینگە

ڕێگە زانستییەكانی ئاودێری

خەڵك – بەشی هەواڵ

مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی ڕێگا جیاوازەكانی ئاودێری كشتوكاڵ بەتایبەت ڕێگای پرشاندن و دڵۆپاندن بە وردی شیدەكاتەوە.
گۆران عومەر مامۆستا لەبەشی ئاودێری كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی لە شیكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ (تۆڕی میدیایی خەڵك) ناردووە، بە وردی ڕێگا جیاوازەكانی ئاودێری كشتوكاڵ بەتایبەت ڕێگای پرشاندن و دڵۆپاندنی خستووەتەڕوو كە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:

پرۆسەی ئاودێری بریتییە لە گەیاندنی ئاو بەزەوی كشتوكاڵی لەكاتی گەشەسەندنی سروشتی بەروبومێكی كشتوكاڵیدا و لەئەنجامی نەبوونی ئاوی بارانی پێویست بۆ ئەو گەشەسەندنە بەیارمەتی پێكهاتەی ئەندازیاری وەك (بەنداو، ئەستێڵ، حەوزی ئاو، كەناڵی ئاو، ڕێكخەری ئاستی ئاو لەكەناڵدا….هتد).

مرۆڤ لەدێر زەمانەوە ئەم پرۆسەیە بەكاردێنن لەبەرهەمهێنانی بەروبوومی كشتوكاڵیدا كەوا لەسەرەتادا میصرییە كۆنەكان و دەوڵەتانی میزۆپۆتامیا كەوا عێراقی ئێستا بەشێكی سەرەكییەتی بەكارییان هێناوە، وەڕۆمانییەكان لە چوار سەدەی پێش میلاد كەناڵی ئاوییان دروستكردووە.

– پرۆسەی ئاودێری لەڕوی سەرچاوەی ئاودێرانەوە لەدوو بەشی سەرەكی پێك دێت كەوا ئەوانیش بریتین لە
یەكەم ئاودێری لێشاوە بەوئاودێرییە دەوترێت كەوا بەبەكارهێنانی سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی وەك ڕوبار و كانیاوەكان ئاو دەگەیەنرێت بەزەوییە كشتوكاڵییەكان.

دووەم ئاودێری بەڕێگای بەرزكەرەوە، بەو ئاودێرییە دەوترێت كەوا بە بەكارهێنانی سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی وەك بیر یان ئاوی سەر زەوی بەڵام لەئاستێكی نزمدا كەوا بەهۆی(پەمپ، یان بەدەستی مرۆڤ یان بەهێزی ئاژەڵ) بەرزدەكرێتەوە.
پرۆسەی ئاودێری بە چەند شێوازێك ئەنجامدەدرێت.

۱-ڕێگەی ئاودێرانی سەرزەوی: لەم ڕێگەیەدا بە بەكارهێنانی شێوازەكانی (گۆل، حەوز، جەماوەی بەرزایی) زەوییە كشتوكاڵییەكە ئاودێری دەكرێت بەڵام لەم ڕێكەیەدا بەفیڕۆجونی ئاو لەئاستێكی بەرزدایە، بەشێكی زۆری زەوییە كشتوكاڵییەكان تا ئێستاش هەربەم ڕێگەیە ئاودێری دەكرێن.

۲-ئاودێران بەڕەشاندن: ئەمەیان ڕێكایەكی تاڕادەیەك نوێیە كەوالەم ڕێگەیەدا بە بەكارهێنانی (پەمپ، بۆری سەرەكی، بۆری لاوەكی، بەرزكەرەوە، ئامێری پرشاندن) شێوازێك لەبارانی دەستكرد دروستدەكرێت.

ئەم ڕێگایە كاتێك بەكاردێت ئەگەر هاتوو:

۱.ئاودێران بەڕێگەی سەرزەوی كاریگەر نەبوو.

۲.لێژی زەوییە كشتوكاڵییەكە زۆر بوو، وە تۆبۆگرافی زەوییەكە ناڕێك بوو.

۳.جۆری خۆڵەكە بۆ داخوران لاوازبوو.

٤.خۆڵەكە ئاو نەگرێتە خۆی یاخود بەپێچەوانەوە.

٥.قوڵی چینی خۆلەكە كەمبێت لەسەر چینێكی بەردین بێت.

ئەم ڕێگایە تا ڕادەیەك نرخی تێچوونی بەرزە وە ڕێژەی ئاو بەفیڕۆچوون لەم ڕێگایەدا (۱۵٪ تا ۲٥٪).

سودەكانی بەكارهێنانی ڕێگای ئاودێری بە پرشاندن بریتییە لە:

۱. بەشێوەیەكی چونییەك و یەكسان ئاودێریمان بۆ دەكات، وەناهێڵێت خاكەكەی توشی داخوران ببێت.

۲.دەتوانین كۆنتڕۆڵی ڕێژەی كەمی و زۆری ئاودانەكە بكەین بەپێی تەمەنی گەشەسەندنی بەروبومەكەمان.

۳.(ڕەنۆف) ئاوی زیادە لەسەر زەوییەكە دروست نابێت.

٤.دەستی كاری كەمی پێویستە.

٥.پێویست ناكات زەوییەكە بكەین بە گۆل، بەمەش ڕووبەرێكی زیاترمان دەبێت بۆ جاندن.

٦.مەترسی بەستنی ئاو لەبەرهەمەكە دوور دەخاتەوە.

۷.دەتوانرت بەكاربهێنرێت تەنانەت ئەكەر ئاستی ئاوی و ژێر زەوی بەرزیش بێت.

٨.ئەم سیستەمە زۆرگونجاوە بۆ ئەو بەوبومانەی كەوا ڕەگیان كورتە و ئاودێری زۆرییان پێویستە.

۹.بڕی ئەو ئاوەی كەوادەدرێت بەخاكەكە لەوبڕە كەمترە كەوا بەنێویدا بڕواتە خوارەوە.

۱۰.دەتوانێت پەینی كیمیایی بەیەكسانی و جونییەك دابەشبكات.

وێڕای ئەو سودانەی كەواباسمانكرد بەڵام لەكاتی بەكارهێنانی ئەم سیستەمەدا دەبێت ڕچاوی ئەم خاڵانەی لای خووارەوە بكەین.

۱.دەبێت بزانین كەوا با ی بەهێز ئاوەكەی پەرش و بڵاو دەكاتەوە.

۲.دەبێت سەرچاوەی ئاوەكەی پاك بێت و خڵتەی تێدا نەبێت.

۳.نابێت لەخاكێكدا بەكاربێت كەوا درەنگ ئاو وەربگرێت، ئەمە وادەكات چوستی سیستەمەكە كەمتربێت.

٤.ئەگەرهاتوو لەشوێنی گەرمدا بەكاربێت، ئەوا ڕێژەی بەهەڵمبوون زۆردەبێت.

٥.بۆ بەرووبومێك بەكارنایەت كەوا ئاودێری خیرا و لەسەریەك و قوڵی بویت.

٦.وزەی زۆری پێویستە بۆ بەگەڕخستنی.

۳. ئاودێران بەڕێگەی دڵۆپاندن: پاش ئەوەی بۆماندەركەوت كەوا ڕێگەی پرشاندن بەهۆی كایگەری پلەی گەرمای بەرز و ڕادەی شێی نزم و بای بەهێزەوە چوستییەكەی كەم دەكات بەهۆی زۆری ڕێژەی بەهەڵمبونەوە، بۆیە ڕێگەی دڵۆپاندن تەنها ڕێگەیە كەوا تاڕادەیەكی زۆر لەم گرفتە بەدوماندەگرێت. ئەم ڕێگەیە بۆ یەكەمین جار لەووڵاتی ئیسرائیل داهێنرا پاشان بەهۆی كاریگەرییەكەیەوە بەخێرایی بەجیهاندا بڵاو بویەوە، لەم ڕێگەیەدا ئاو بەناو بۆرییەكدا بەڕێدەكرێت و ڕێگەدەدات بەشێوەی دڵۆپاندن لەبنی هەر ڕووەكێكدا یاخود بەرووبومێكی كشتوكاڵیدا ئاودێری ئەنجامبدات.

شێوازی دانانی سیستەمەكە بەشێوەیەكی گشتی دوو جۆرە:

۱.دانانی بۆرییەكە لەسەر ڕووی زەوی، كەوا ئاو لە هەر كونێكەوە بەڕێژەی (٥لیتر/كاتژمێر) وەبە پەستانێكی نزم دێتە دەرەوە.

۲.دانانی بۆرییەكە لەژێر خاكدا، كەوا لەم ڕێگەیەدا ئاوەكە لەژێر خاكەكەوە ئاودێری ئەنجامدەدات.

سودەكانی ئەم ڕێگەیە بریتییە لە:

۱.دەتوانرێت تائاستێكی زۆر بەرز كۆنتڕۆڵی ڕێژەی ئاو بەكارهێنان بكرێت كەوا ئەمەش وادەكات كەمترین بەفیڕۆچونی ئاو هەبێت.

۲.بەهەڵمبوون بەڕێژەیەكی زۆر كەم ڕوودەدات.

۳.ڕۆچونی ئاو بەقوڵایی زەویدا بەتەواوی ناهێڵێت.

٤.ڕێگەیەكی زۆر گونجاوە بۆ گەیاندنی پەیینی كیمیایی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەڕەگی بەروبومە چێنراوەكە.

٥.دیاردەی شۆرەكات بەڕێژەی بەرز ڕوونادات.

٦.هەرچەندە تێچوی دامەزراندنی سیستەمەكە بەرزە، بەڵام دواتر تێچوی بەگەڕخستن و چاككردنەوەی كەمە.

۷.باشترین سیستەمە بۆگێڕانەوە و چاكردنەوەی زەوی بەبیابانبوو بۆ زەوی كشتوكاڵی.

٨. كاریگەری بای لەسەرنییە و خاكیش توشی داخوران ناكات.

۹.زەوییەكە كەمترین گژوگیای(بژار) ی زیادەی تێدا سەوزدەبێت.

۱۰.بۆ زەوییەك كەوا تۆبۆگرافییەكی ناباویشی هەبێت بەكاردێت.

۱۱.لەبەرئەوەی سیستەمەكە كەمترین خاكی پێویستە ئەمەش وادەكات زۆرترین مەجالی چاندنمان هەبێت.

۱۲.دەتوانرێت كۆنتڕۆڵی ڕێژەی بەكارهێنانی ئاوەكەی بكرێت بەپێی تەمەنە جیاوازەكانی گەشەسەندنی بەرووبومەكە.

۱۳.ئەگەر دیزاینێكی ووردی بۆبكرێت بۆ پەیوەندی نێوان (خاك، ئاو، بەرهەمی كشتوكاڵی) ئەوابەرزترین ڕێژەی بەرهەممان دەستدەكەوێت.

زیانەكانی بەكارهێنانی بریتیین لەم خاڵانەی خوارەوە:

۱.بۆ پەینی كیمایی نەتواوە ناتوانرێت بەكاربهێنرێت.

۲.لەكاتی ئاودێران بەم ڕێگەیە خوێیەك لەقەراخی كۆتای ئاودێرانەكەدا كۆدەبێتەوە بەهۆی بارانەوە ئەم خوێیە دەگەڕێتەوە بنی بەروبوومەكەو پێدەچێت توشی زیانی بكات.

۳.زۆر جار گیرانی كونی دڵۆپەكان ڕوودەدات بەهۆی دەنكۆڵەی خۆڵەوە، هەرچەندە قەبارەی كونەكان لەنێوان ۰٫٥ بۆ ۲ ملم دایە.

٤.لەم ڕێگەیەدا لەبەر ئەوەی ئاودێران بۆ قوڵییەكی كەم بەكاردێت دەبێتە هۆی ئەوەی كەوا ڕەگی ئەو بەروبوومە لەو قوڵییە كەمەدا مەوادی خۆراكی لەخۆڵەوە وەربگرێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كەوا ئەو چینەی سەرەوە بەهۆی كاریگەری با زووتر دابخورێت، وەمەوادی خۆراكییەكەی زووتر كەمدەبێتەوە.

٥.بەهۆی ئەوەی نرخی تێچوی سەرەتایی بەرزە جوتیار بەشێوەیەكی ئاسای خۆی لەبەكارهێنانی ئەم ڕێگەیە لادەدات.

٦.تەنها بۆ ئەو بەرووبومانە بەكاردێت كەوا نزیك لەیەكترییەوە دەچێنرێن.

۷.بۆئەو جۆرە خاكانە بەكارنایەت كەوا ئاو ناگرێتەخۆی (پێرمێبیڵیتی) بەرزە.

٨.ئەو بۆرییە پلاستیكییەی كەوا لەم ڕێگەدا بەكار دێت تەمەنی كورتە بۆیە پێویستی بەگۆڕینی زوو زوو هەیە.

ئەوەی لەسەرەوە باسكرا بریتیبوو لەڕێگە جیاوازەكانی ئاودێریكردن بەشێوەیەكی گشتی باس لەسوودو زیانەكانی هەریەك لەو ڕێگایانە كراوە. بەڵام ئەوەی لەكوردستاندا تێبینی دەكرێت ماوەی چەند ساڵێكە ئاودێری بەڕێگەی دڵۆپاندن بەشێوەیەكی بەرفراوان بەكاردێت بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو زەوییانەی كەوا ئەم ڕێگەیەی بۆ بەكاردێت لەسەر بناغەیەكی زانستی نییە واتا كاتێك كەبڕیار دەدرێت ڕێگەی دڵۆپاندن بەكاربێت دەبێت كۆمەڵێك داتا هەیە كەوا بۆ دیزاینی هەرزەوییەكی كشتوكاڵی بەكاردێت وەربگیرێت وەك (پلەی گەرمی، ڕادەی شێ، جۆری خاك، جۆری بەروو بوومی چێنراو، جۆری سەرچاوەی ئاوەكەی دووری و نزیكی لەزەوییەكەوە، ڕێژەی پێویستی ئەو زەوییە بۆ ئاو، تۆبۆگرافی خاكەكە، ڕووبەری زەوی كێڵراو بەو بەروبوومە،…..هتد) بەڵام بەداخەوە لەكوردستاندا لەبەرئەوەی تاوەكو ئێستا لەزۆربەی زۆری زەوییە كشتوكاڵییەكاندا شێوەیەكی زانستی ئەم ڕێگەیە بەكارنەهێنراوە بۆیە دەبینین ڕێژەی بەروبوومی كشتوكاڵیمان تا ئێستاش لەئاستێكی نزمدایە، وەلێرەدا بەپێویستی دەزانم ڕووی گوتەكانم ئاڕاستەی تێبینییەرایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بكەم كەوا بەشێوەیەكی زانستی هەوڵبدەن جوتیارەكانمان هانبدەن لەڕوی ماددی و مەعنەوییەوە بۆئەوەی بەدیراسەی زانستی ووردەوە بڕیار لەجۆری ئاودێری زەوییەكانیان بدەن بۆ ئەوەی زۆرترین ڕێژەی بەرهەممان دەستبكەوێت.

گۆران عومەر، مامۆستا لەبەشی ئاودێری كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی

ژینگە

لە ڕۆژانی جەژندا بۆشایی ئەمنی لە چەند ناوچەیەكی گەشتیارییدا دروستبوو

خەڵك- بەشی هەواڵ

بەپێی دواین بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا دەریكردووە، هەر سێ‌ وەزارەتەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار، تەندروستی و ناوخۆ پێویستە ئاسایش و تەندروستی و سەلامەتی گەشتیاران و هاووڵاتیان بپارێزن، بەڵام بەپێی زانیارییەكان لە چەند شوێنێكی گەشتیاری هەرێمی كوردستاندا بۆشایی ئەمنی دروستبووە، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش دەڵێت”یەكە ئیدارییەكانی سنوری ناوچە گەشتیارییەكان بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایشی شوێنە گەشتیارییەكان و گەشتیاران”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی (خەڵك) لە چەند گەشتیارێكەوە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بە دەستی گەیشتووە، لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا، لە چەند شوێنێكی گەشتیاری هەرێمی كوردستان بۆشایی ئەمنی و شەڕ و تەقە دروستبووە و هێزە ئەمنییەكان بونێكی كاریگەریان نەبووە، ئەوەش گەشتیارانی نیگەران كردووە.

ئەو گەشتیارانە باسیان لەوەكرد، لە چەند شوێنێك تەقەكراوە و تەنانەت هەندێك لە شوێنە گەشتیارییەكان پاسەوانیشیان نەبووە”پاسەوانی ئەهلی و حكومی”.

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پاراستنی ئاسایشی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ و لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانیشدا بە ئاشكرا باسكراوە، بۆیە هەر یەكەیەكی ئیداری بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی گەشتیاران و هاووڵاتیانی سنورەكە.

وتیشی”ئێمە هێزمان نییە ئاسایشی گەشتیاران بپارێزین، ئەوە ئیشی وەزارەتی ناوخۆیە، بۆیە ئەگەر كەموكورتییەك هەبێت لای ئێمە نییە”.

بەپێی ئامارە نافەڕمییەكان لە پشووی جەژنی قورباندا زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار لە ناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عیراق و چەند شوێنێكی دیكەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

گۆڕانكاری بەسەر پلەی گەرمادا دێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
دەزگای كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق، پێشبینی دەكات پلەی گەرما لە عیراق، لەمڕۆوە دەست بە دابەزین بكات، و لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە سەرلەنوێ‌ بەرزببێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی دەزگای كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق”بەرزترین پلەی گەرما لە بەغدا لەمڕۆ هەینی 43 پلەی سەدی دەبێت و لە پارێزگاكانی میسان و زیقار 47 پلەی سەدی دەبێت، تەواوی ناوچەكانی وڵاتیش خۆرهەتاو دەبێت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”سبەینێ‌ شەممە، پلەی گەرما هەندێًك دادەبەزێت، جگە لە ناوچەكانی باشوور”.

سەبارەت بە تەواوی ناوچەكانی عیراقیش، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەی دەزگای كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق ئاماژەی پێكراوە”پلەی گەرما لە باكوور و باشوور دادەبەزێت، بەڵام لە ناوەڕاستی وڵات بەرزدەبێتەوە”.

“لە ڕۆژی دوو شەممەی داهاتوو، پلەی گەرما لە ناوەڕاست و باشوور بەرزدەبێتەوە، و لە ناوچەكانی باكووریش هیچ گۆڕانكارییەك بەخۆوە نابینێت”.

دەزگای كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق پێشبینی دەكات، لە سێ‌ شەممەی داهاتوودا كەشوهەوای تەواوی ناوچەكانی وڵات گەرم بێت و گەرما چەند پلەیەكی سەدی بەرزببێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

كەشناسی هەرێم؛ پلەكانی گەرما لەچاو دوێنێ دابەزیوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پلەكانی گەرما لە چاو دوێنێ نزیكەی 4 پلە ڕووی لە دابەزین كردووە، دەشڵێت،”گەرمترین پلەی گەرما لە پارێزگای كەركوك و شارۆچكەی خانەقین و خورماتوو 48 پلەی سیلیزیی تۆماركردووە”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان خشتەی پلەكانی گەرمای شارەكانی بڵاوكردەوە و لە پارێزگای كەركوك و شارۆچكەی خانەقین وخورماتوو 48 پلەی سیلیزیی تۆماركردووە، كە لەچاو دوێنێ، كە لە خانەقین 52 پلە تۆماركرا، 4 پلە ڕووی لە دابەزین كردووە.

ڕاشیگەیاندووە، پلەی گەرما لە شارۆچكەی كەلار و خەبات و 47 پلە و لە پارێزگای هەولێر وشارۆچكەی قەڵادزێ 46 پلە تۆماركراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، پارێزگای هەڵەبجە و دهۆك 45 پلە و سلێمانی 43 پلە تۆماركراو و نزمترین پلەی گەرماش لە ئەمڕۆدا لە حاجی ئۆمەران 33 پلە تۆماركراوە.

وێنەی ‏بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان‏.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان