ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

“كێشەی كەمئەندامان چارەسەر دەكرێت و مووچەكەیان دابەش دەكرێت”

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی كار و كاروباری‌ كۆمەڵایەتی‌‌ حكومەتی هەرێم بڕیاریدا كێشەی‌ ئەو كەمئەندامانە چارەسەر بكات كە مووچەكانیان ڕاگیرابوو.

كوێستان محەمەد وەزیری‌ كار و كاروباری‌ كۆمەڵایەتی‌ حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ 21/7/2019 لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتەكەی، تیشكی‌ خستە سەر بەرنامەی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران لە بواری‌ چاكسازی‌ و باشتركردنی‌ خزمەتگوزارییەكان و گەڕاندنەوەی‌ ئومێد بۆ هاووڵاتیان بە خزمەتكردنیان‌ و جێبەجێكردنی‌ یاسا.

سەبارەت بە هاوكاری‌ كەمئەندامان و ڕاگیرانی‌ مووچەی‌ ئەو هاووڵاتییە خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی‌ كە پاش تانە لێدان نزیكەی‌ چوار مانگە چاوەڕێی‌ مووچە دەكەن، كۆبوونەوەكە بڕیاریدا لە كۆتایی‌ ئەم هەفتەیەدا سەرجەم ئەو لیستانە ئاڕاستەی‌ وەزارەتی‌ دارایی‌ بكرێن بۆ ئەوەی‌ مووچەكانیان بۆ خەرج بكرێت، ئەوەش پاش گەیشتنی‌ لیستی‌ ناوەكان لە هەردوو پارێزگای‌ هەولێر و دهۆكەوە تا ڕۆژی‌ سێشەممە.

سەبارەت بەو كەمئەندامانەشی‌ كە لە ساڵی‌ 2013ەوە مووچەیان بۆ نەكراوە بەهۆی‌ ڕاگیرانی‌ تەرخانكردنی‌ مووچەوە، كۆبوونەوەكە بڕیاریدا نووسراوێك ئاڕاستەی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران بكرێت بۆ وەرگرتنی‌ ڕەزامەندی‌، پاشان بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكانی‌ چاودێری ‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كاری‌ پێویست ئەنجام بدەن بۆ مامەڵەی‌ هاووڵاتیان.

سەبارەت بە مووچەی‌ چاودێری‌ خێزان ‌و هەژارەكان، كۆبوونەكە بڕیاریدا كاتێكی‌ تایبەت تەرخان بكات بە كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆی‌ مووچەی‌ ئەو توێژانە و تیایدا میكانیزمی‌ گونجاو بۆ گەڕاندنەوە و خەرجكردنەوەی‌ ئەو مووچەیە بۆ كەسانی‌ شایستە.

ئابوری

وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەنگاوی ڕێكخستنەوەی میلاكاتی دەستپێكرد

خەڵك-بەشی هەواڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا هەنگاوی دووەم بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكاتی وەزارەتەكە ئەنجام دەدات.

لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمڕۆ 15-12-2019، بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە بەشداری یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكان بۆ كاروباری كارگێڕی لەگەڵ لیژنەی تایبەتمەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا د.خەتاب مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و دارایی وەزارەت وردەكاری پەیكەری وەزارەت و زانكۆكانی بۆ لیژنەی تایبەتمەند لەچوارچێوەی یاسا و لەسەر بنەمای زانستی بەش و كۆلێژ و زانكۆكان و دیوانی وەزارەت ڕوونكردەوە.

وتیشی، “بۆ ئامادەكردنی ئەو ڕاپۆرتە كار لەسەر پەیكەری زانكۆكان دەكەین، ئەمەش لەئەنجامی گفتوگۆیەكی درێژ لەگەڵ وەزارەتی دارایی پەیكەریی وەزارەت و زانكۆكان پەسەند كراون”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەنگاوی دووەم ڕێكخستنەوەی میلاكاتی وەزارەتەكانە، ئەمەش ماوەیەكی درێژی پێویستە بۆ ڕێكخستنەوەیان، وەزارەتی خوێندنی باڵا وەك میلاكی وەزارەتەكانی دیكەش نییە، چونكە پسپۆڕییەكان زیاتر زانستین.

لەبارەی ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكە، ناوبراو ڕوونیكردەوە، تا ڕۆژی پێنج شەممە پەیكەریەی وەزارەتەكەمان بەزانكۆكانیشەوە پێشكەشی لیژنە دەكەین، ئەمەش دوای پەسەندكردنی لەئەنجوومەنی وەزارەت.

لای خۆشیانەوە، ئەندامانی لیژنەی ئەنجوومەنی وەزیران، كە بۆ مەبەستی پێداچوونەوە بەپێكهاتەی وەزارەتەكان پێكهێنراوە، ئەرك و كاری لیژنەیەكەیان ڕوون كردەوە و هاوكات داوایان لە دیوانی وەزارەت و زانكۆكان كرد، تا ڕۆژی پێنج شەممە پێكهاتەكانیان بۆ لیژنەكە بنێرن، ئەمەش لەچوارچێوەی یاسای كارپێكراوەكان، كە كۆمەڵیك ئامانج هەن بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پڕۆژەیاسای چاكسازی كێشەی مووچەی پلەباڵاكانی ئاڵۆزتر كردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ

سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، تێبینییان لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی هەیە و گفتووگۆی لەسەر دەكەن.

زیاد جەبار، كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، چاكسازی نابێت تەنها لە كەمكردنەوەی خەرجییدا بێت، بەڵكو دەبێت بۆ زیادكردنی داهات و شەفافیەت و ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی داهاتیش بێت.

ناوبراو هەر لە قسەكانیدا ڕونیكردەوە، پڕۆژەكە لە پەرلەمان گفتووگۆی لەسەر دەكرێت و هەر پەرلەمانتارێك سەرنج و ڕەخنە و تێبینییەكی لەسەر پڕۆژەكە هەبێت دەتوانێت بیخاتەڕوو.

پڕۆژەیاسای چاكسازی ڕۆژی 12ی ئەم مانگە لەلایەن حكومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان كرا و بڕیارە سبەینێ‌ دووشەممە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.

بەپێی پڕۆژەیاساكە دەستكارییەكی ئەوتۆی مووچە و خانەنشینی پلەباڵاكان نەكراوە و ئەوەش نیگەرانی زۆری دروستكردووە.

سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری وتیشی”مووچە و خانەنشینی پلەباڵاكان بە یاسا ڕێكخراوە و یاساش قابیلی دەستكاریكردنە، پێویستە مووچەی پلەباڵاكان كەمبكرێتەوە”.

بەپێی پڕۆژەیاساكە پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی دیكە دەتوانن لە تەمەنی 45 ساڵدا و دوای 15 ساڵی خزمەت خانەنشین ببن، كە تێكڕای مووچەی خانەنشینییەكەیان دەگاتە نزیكەی 5 ملیۆن و 250 هەزار دینار.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی ڕاگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، خشتەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی بڵاوكردەووە.

بەپێی خشتەكە سەرجەم وەزارەتەكان بەم شێوەیە مووچە وەردەگرن:

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی١٢ی٢٠١٩:
– وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی
– ئەنجومەنی دادوەری
– مووچەی مانگی ٣ی٢٠١٩ی كەمئەندامان
– وەزارەتی داد

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی١٢ی٢٠١٩:
– وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان
– وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی
– وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی١٢ی٢٠١٩:
– وەزارەتی ناوخۆ
– ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش
– هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی پێشمەرگەی بەرگری و فریاكەوتن
– مووچەی مانگی ١٠ی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەو پاسپۆرت و نشینگەی هەرێم
– مووچەی مانگی ٩ی لیوای١و٢ی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگاكانی نەوت وگاز

ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی١٢ی٢٠١٩:
– وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
– وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن
– وەزارەتی كارەبا
– وەزارەتی پلاندانان
– وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
– دەستەی مافی مرۆڤ
– دەستەی دەسپاكی
– دەستەی وەبەرهێنان
– دەستەی ژینگە
– دەزگای مین
– دەستەی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم
– دیوانی چاودێریی دارایی
– كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی.

ڕۆژی یەكشەممە ٢٢ی١٢ی٢٠١٩:
– وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن
– وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
– وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
– سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
– سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران
– سەرۆكایەتیی پەرلەمان
– مووچەی مانگی ١٢ی٢٠١٨ی خانەنشینی پێشمەرگە

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی١٢ی٢٠١٩:
– مووچەی مانگی ١٢ی٢٠١٨یخانەنشینی شارستانی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان