ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

11 ساڵە سەرەداوێك لەسەر تاوانبارانی شەهیدكردنی سۆرانی مامە حەمە ئاشكرانەكراوە

سلێمانی ـ نزار جەزا

ئەمڕۆ 21\7\2019 یانزە ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ڕۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمە تێدەپەڕێت، كە تاكوئێستا هیچ سەرەداوێك لەسەر تاوانبارانی ئەم كەیسە ئاشكرانەكراوە.

یانزە ساڵ لەمەوبەر سۆران مامە حەمە ڕۆژنامەنوس و بەرپرسی نوسینگەی كەركوكی گۆڤاری لڤین ، لەناو ماڵەكەی خۆیدا بەدەستڕێژی گولـلە شەهید كرا، بەڵام تاكو ئێستا هیچ سەرەداوێك لەسەر كەیسەكەی ئاشكرانەكراوە.

ساڵانە لە یادی ئەم ڕۆژەدا خەڵاتی شەهیدی قەڵەم سۆران مامە حەمە بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری بە سێ كەس دەبەخشرێت، ئەمساڵیش بەخشرا بە پەرلەمانتاری هەدەپە لەتوركیا لەیلا گوڤەن و ژنە نوسەر چۆمان هەردی و فۆتۆگرافەر فەریق هەڵەبجەیی.

لەمەڕاسیمی تایبەت بە بەخشینی خەڵاتەكاندا، سوارە نەجمەدین وتاری كەسوكاری سۆرانی مامە حەمەی خوێندەوە، كە تێیدا ڕایگەیاند، ئەمساڵیش هیچ سەرەداوێك لەسەر شەهیدبوونی سۆران دیارنییە، و تەنها سوپاسی ئەو كەسانە دەكەن كە ئەم یادەیان لە بیرە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هیچ ئومێدێكیان بەدەسەڵات و دادگا نەماوە، كە سەرەداوێكیان بۆ ئاشكرابكات، بەڵام دەزانن هیچ تیرۆریستێك تەمەنی زۆر دریژنابێت، بەڵكو ڕۆژێك دێت دادگای گەل یان دادگای مێژوو پەردە لەسەر ڕوویان هەڵبدات.

لەماوەی حوكمڕانی كوردیدا، تەنها سۆران مامە حەمە شەهید نەبووە، بەڵكو سەردەشت عوسمان لەهەولێر و كاوە گەرمیانی لە گەرمیان و وەدات حسێن لەبادینان و عەبدولستار شەریف لە كەركوك شەهیدكراون و تاكو ئێستا هیچ بەرەوپێشوچونێك لەكەیسەكانیان بەدینەكراوە.

گۆڤاری لڤین، كە سۆران تێیدا ڕۆژنامەنوس بووە، بەم جۆرەی خوارەوە باسی لەچۆنیەتی شەهیدبوونی سۆرانی مامەحەمە كردووە:
كورێكی باڵا بەرزو گەنجی شاری كەركوك پاش دەستبەكاربونی لە بواری رۆژنامەنوسیدا و كاركردنی بۆ گۆڤاری لڤین وەك بەرپرسی نوسینگەی گۆڤارەكە لە كەركوك، لە پاش بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێك، كە تێیدا تۆڕێكی لەشفرۆشی ئاشكرا كرد، كە چەندین بەرپرسی ئاسایش و پۆلیسی تێوە گلاون، لە نێو ماڵەكەی خۆیدا لە گەڕەكی رەشید ئاوا شەهید دەكرێت.

سۆران مامە حەمە لەدایكبووی ساڵی 1987، لە نێو هاوڕێكانیدا بە كوڕێكی روح سوك و ڕاستگۆ ناسراوەو جگە لە كاركردنی وەك رۆژنامەنوس لە گۆڤاری لڤین، خوێندكاری قۆتاغی چوارەمی بەشی مۆسیقا بووە لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك، لەو كاتەشدا هەرچەندە دایكی داوای ئەوەی لە كوڕەكەی كردووە ژنی بۆ بهێنێت، سۆران بەردەوام وتویەتی”با جارێ‌ خوێندنەكەم تەواو بكەم”

پاش بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەكەی، لە ڕێگەی مۆبایلەوە هەڕەشە لە سۆرانی مامە حەمە دەكرێت، بەڵام پاش ماوەیەك و لە شەوی 21-7-2008، پاش ئەوەی ئێوارەكەی سۆرانی مامە حەمە لە گەڵ فەرمانی برایدا برنج و فاسۆلیایان دەخوارد، كە خۆشترین خواردنی سۆران بوە،لە كاتژمێر 8ی شەودا، هەواڵ بە فەرمان مامە حەمە برای سۆران دەدرێت كە ناسیاوێكیان لە تەقینەوەیەكی كەركوكدا گیانی لەدەستداوەو ئێستا لە مەیتخانەی كەركوكە، بۆیە براكەی سۆران لەگەڵ ئامۆزاكەیدا بەرەو نەخۆشخانە بەڕێدەكەون، لەو شەوەشدا (شازادە حسین) دایكی سۆران لە نەخۆشخانەی كەركوك بەدیار كچێكیەوە ماوەتەوە كە بەهۆی نەخۆشییەوە لە نهۆمی سەرەوەی هەمان نەخۆشخانەدایە.

بەهۆی ڕۆشتنی فەرمان و لە ماڵ نەبونی دایكیشیانەوە، تەنها گەردەخانی خوشكی سۆران و دوو براژنی سۆران لە ماڵەكەدا دەبن، پاش ئەوەی لە دەرگا دەدرێت و سۆرانی مامە حەمە بە پێ‌ پەتی بۆ كردنەوەی دەرگاكە دەچێتە دەرەوە، لەگەڵ كردنەوی دەرگاكەدا ڕاستەوخۆ سۆرانی مامە حەمە دەدەنە بەر دەستڕێژی گولـلە و 7 فیشەكی پێوە دەنێن، بەهۆی پاڵەپەستۆی فیشەكە یەك لە دوای یەكەكانیشەوە سۆران بەرەو دواوەو و بۆناو باخچەكەی خۆیان دەگەڕێتەوە دواوە و دەكەوێتە سەر زەوی، لەو كاتەشدا ئەوانەی لە ژورەوەن تەنها هاواری “ئای مردم” ی سۆران دەبیستن، هەرچەندە لەو كاتەدا گەردە خانی خوشكی سۆران چەكێك هەڵدەگرێت و دەچێتە دەرەوە بەڵام بكوژەكان خێرا ناوچەكە چۆڵدەكەن.

بۆیە ئەو خوشكەی سۆران بە گریانەوە تەلەفۆن بۆ فەرمانی برای سۆران دەكات و پێیدەڵێت”فریامان كەوە سۆرانیان كوشت”.
بەهۆی دەنگی تەقەكان و شەهیدكرنی كوڕێكی گەنجی گەڕەكەكەیان، سەرجەم دراوسێكان دەگەنە ماڵی سۆڕان و دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، تا گەیشتنی سۆرانی مامە حەمە بە نەخۆشخانە بۆ ماوەیەكیش گیانی تێدا دەمێنێت، بەڵام لەسەر كۆشی خوشكەكەی و لە نێو ئۆتۆمبێلەكەدا و بەر لە گەیشتنی بە نەخۆشخانە بە یەكجاری دڵی لە لێدان دەكەوێت.

كاتێك سۆرانی مامە حەمە دەبەنە ناو نەخۆشخانەكەوە، دایكی سۆران كە لە نهۆمی دووەمی نەخۆشخانەكە بەدیار كچەكەیەوە دانیشتووە، تەرمەكە دەبینێت و بە كچەكەی دەڵێت”ئەبێ‌ چ گەنجێكی داماوی دیكە بێت كوشتویانەو جەرگی دایكیان سوتاندوە” پاش 10 دەقەیەك دراوسێیەكیان دەچێتە سەرەو هەواڵی ئەوە بە شازادەخانی دایكی سۆران دەدات كە “تەرمی ئەو كوڕەی هێناویانە، سۆرانی كوڕیەتی”.

پلانی شەهیدكردنەكەش بە شێوەیەك داڕێژراوە كە پێشتر بە وردی چاودێری ماڵی سۆرانی مامە حەمە كراوەو پیكابێكی سور بەردەوام بە كۆڵانەكەیاندا هاتوچۆی كردووە، بۆ شەوەكەی كاتژمێر 9، ئۆتۆمبێلێكی جۆری بی ئێم دەبلیوی ڕەش كە سێ‌ چەكداری تێدایە، دەچنە بەردەم ماڵەكەی و شەهیدی دەكەن.

 

جیهان

سعودیە: ئەمریكا نەك ناكشێتەوە بەڵكو پێگەی خۆی بەهێزتر دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕەتیكردەوە ئەمریكا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بكشێتەوە.

عادل جوبەیر لە پانێڵێك لە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە سویسرا ڕایگەیاند:”كاتێك سەرۆك ترەمپ ڕایگەیاند ئەمریكا لە سوریا دەكشێتەوە لەھەمانكاتدا پاڵپشتی ئاسمانی دەدایە كورد و چەند سەربازێكی وڵاتەكەی بۆ پاراستنی بیرە نەوتەكان ھێشتەوە”.

وەزیری دەرەوەی سعودیە وتیشی:”ئەمەش بۆ ئەوەبوو ڕژێمی ئەسەد دەستی پێیان نەگاتەوە. كەواتە ھەموو ھەنگاوەكانی واشنتۆن ئەوە دەسەلمێنن كە ئەمریكا شوێنپێی خۆی لە ناوچەكە قایمتر دەكات نەك بە پێچەوانەوە”.

عادل جوبەیر دووپاتیشكردەوە:”ھەموو كەس دەیوت ئەمریكا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەكشێتەوە و ئێمە دوای ئەمریكا چی دەكەین، بەڵام سەرۆك ترەمپ نزیكەی 5 ھەزار سەربازی نارد بۆ سعودیە”.

وەزیری دەرەوەی سعودیە ئاماژەی بەوەشدا:”ئەمریكا ژمارەی ھێزەكانی دوو ھێندە زیادكردووە، كەشتی جەنگیشی ناردووەتە كەنداو و سیستمی دژە مووشەكی بالیستیشی لە سعودیە جێگیر كردووە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

قائیمقامییەتی قەزای پشدەر ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی كارەبای نیشتمانییەوە بڵاودەكاتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

قائیمقامییەتی قەزای پشدەر لەبارەی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیانی قەڵادزێ ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر بەڕۆژ كارەبا دابەش بكرێت ئەوا پڕۆژەی ئاوی خاس كارناكات و دانیشتووان بێ ئاو دەبن.

ئاماژە بەوەشدەدات، ئەگەر ڤۆڵتییەی وێستگەكانی قەڵادزێ بەرز بكرێتەوە ئەوە بە ناچاری دەبێت سەرەی فیدەر و سەرەی محاویلە زیاد بكرێت بەمەش نیوەی قەڵادزێ بێ كارەبا دەبێت.

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە قائممقامیەتی قەزای پشدەرەوە بۆ سەرجەم دانیشتیوانی بەرێزی ناو شاری قەڵادزێ.

دانیشتیوانی ناو شاری قەڵادزێی بەرێز خۆتان لە نزیكەوە ئاگادارن كە چەند رۆژێكە بەرنامەی پێدانی كارەبای نیشتیمانی بۆ ناو شار گۆراوەو بەرنامەی پێشو كاری پێناكرێت، هەرچەندە فەرمانگەی كارەبای قەڵادزێ و قائممقامیەتی پشدەر باش دەیانزانی كە بەرنامەی رۆژانە لە قەڵادزێ سودی لێ نابینرێت لەبەر ئەم هۆیانە:

۱- ئەگەر بەرۆژ كارەبا هەبێت پرۆژەی ئاوی خاس كارناكات لەبەر دابەزینی ڤۆڵتیە، بەمەش قەڵادزێ بێ ئاو دەبێت.

۲- كێشە بۆ ئامێرەكانی گەرم كردنی نەخۆشخانەی قەڵادزێ دروست دەبێت.

۳- گرفت بۆ بەشێك لە ئامێرەكانی ناوچەی پیشەسازی دروست دەبێت.

٤- لەكاتی پێدانی كارەبای ناو شار دەبێت بە ناچاری فیدەرێك یان چەند فیدەرێك بكوژێنرێتەوە، بەمەش هەموو ئەو ماڵانەی لەسە فیدەرە كۆژاوەكانن بێ كارەبا دەمێنەوە و دەبێت مۆلیدەی ئەهلییان بۆ پێ بكرێت، بەمەش بەشێكی زۆری ئەو ماڵانەی لەنزیك فیدەرە كۆژاوەكانن دوو كارەبایان دەبێت لە یەك كاتدا واتا كارەبای نیشتیمانی و كارەبای مۆلیدە، كە ئەمەش تێچویەكی زۆر دەخاتە سەر هاوڵاتیان.

٥- ئەگەر ڤۆڵتییەی وێستگەكانی قەڵادزێ بەرز بكرێتەوە ئەوە بە ناچاری دەبێت سەرەی فیدەرو سەرەی محاویلە زیاد بكرێت بەمەش نیوەی قەڵادزێ بێ كارەبا دەبێت.

بەڵام سەرەرای هەموو ئەو وردەكاریانە هەندێ كەس بێ ئاگان لەو وردەكاریانەو هەندێ كەس بە ئەنقەست كەوتنە دژایەتی بەرنامەیكارەبای شەوانەو لە پەیج و تۆرە كۆمەڵایەتییەكان دەستیان كرد بە قسەو كۆمێنتی نەشیاو بە فەرمانگەی كارەبای قەڵادزێ و قائممقامیەت و دروست كردنی كەمپینی نارەوا، دواتریش دەركەوت كە بەشی هەرەزۆری دانیشتیوانی بەرێزی ناو شار لەگەڵ بەرنامەی پێدانی كارەبای شەوانەن بۆیە ئێمەش لەگەڵ فەرمانگەی كارەبای قەڵادزێ و بەرێوەبەرایەتی كارەبای راپەرین و بەرێزان لە ئیدارەی راپەرین و بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی و كۆنترۆڵی مەركەزی سلێمانی لە پەیوەندی بەردەوامداین و بەڵێنی گێرانەوەی بەرنامەی كارەبای شەوانەمان وەرگرتووە بۆ ئاگاداری هەموو لایەك.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هەولێر؛دەست بەسەر جۆرە هێلكەیەكدا گیرا 9 مانگ بەرواری بەسەرچوونیەتی

خەڵك – بەشی هەواڵ
قایمقامیەتی ناوەندیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت ، دەست بەسەر جۆرە هێلكەیەكدا گیراوە، كە بەرواری بەسەرچوونی 9 مانگ بووە، كە نابێت لە 30 ڕۆژ زیاتر بێت ، دەشڵێت ،”كاردانەوەی یاسایی بەرامبەر خاوەنەكەی دەكرێت”.

قایمقامیەتی ناوەندیی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، لەلایەن بازگەی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی (سەلاحەددین-كۆڕێ) دەست بەسەر 3.5 تەن هێلكەی قاچاخدا گیرا، كە ئەم جۆرە هێلكەیە بە نایاسایی داخڵكراون، ڕێكەوتی نۆ مانگی لێدراوە و بەشێك لەم هێلكەیە هیچ ڕێكەوتێكی لەسەر نەبووە.

ڕاشیگەیاندووە، گوێرەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ نابێت هێلكە ڕێكەوتی دەرچوون و بەسەرچوونی زیاتر لە 30 ڕۆژی لێ بدرێت ، بۆیە كاردانەوەی یاسایی بەرامبەر خاوەنەكەی دەكرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، تەندروستی خەڵك لەو بازرگانانە گرنگترن و هەر جۆرە هێلكەیەك بە نایاسایی بهێنرێتە هەولێردەستی بەسەردا دەگیرێت، بۆیە بەئامادەبوونی نوێنەری قایمقامیەتی هەولێر بڕیاردرا بە گواستنەوەی بۆ زبلخانەی كانی قڕژاڵە و بەشێوەیەكی زانستی و ژینگەیی لەناو برا.

وێنەی ‏قایمقامیەتى قەزای ناوەنديى هەولێر‏.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان