ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

تائێستا پارەی بەغدا نەنێراوە
هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی موچە بەردەوام دەبێت؟

خەڵك- بەشی هەواڵ

خشتەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران وەك مانگەكانی پێشوو دانراوە، بەڵام وەك مانگەكانی پێشوو پارەكەی بەغدا لەكاتی خۆیدا نەنێراوە، ئەوەش ئەو گومانەی دروستكردووە، كە ئایا هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی موچە بەردەوام دەبێت، یان نا؟.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەگەر پارەكەی بەغدا بگات لەكاتی خۆیدا دەستبەدابەشكردنی موچە دەكرێت و ڕۆژی 23ی مانگ دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان تەواو دەبێت.

سەرچاوەكە كە نەیوست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، وتیشی”خشتە وەك مانگەكانی پێشوو دانراوە و ئەگەری زۆرە وەك مانگەكانی پێشوو موچە دابەش بكرێت، ئەوەشی دەربارەی دواكەوتنی پارەكە دەوترێت، ئەگەرێكی بێهێزە، لەبەرئەوەی یاسا و جێبەجێ‌ كراوە لە مانگەكانی پێشوودا و ئەم مانگەش وەك پێشوو دەبێت”.

مانگەكانی دیكە زیاتر لە ناوەڕاستی مانگدا پارەكەی بەغدا دەنێرا، كە بڕەكەی 453 ملیار دینار و موچەی بەشێكی فەرمانبەرانی پێدەدرێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە 881 ملیار دینار هەیە بۆ دابەشكردنی موچەی مانگانە و بەشێكی پارەی موچە لەلایەن بەغداوە دابین دەكرێت.

ئابوری

مامەڵە كردن بۆ تاپۆكردنی زەوی و خانووە بێ‌ تاپۆكان دەستی پێكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەستپێكردنی مامەڵەی تاپۆكردنی زەوی و خانووە بێ‌ تاپۆكان ڕادەگەیەنێت و داواش لە هاووڵاتیان دەكات بە مەبەستی مامەڵە ڕوو لە قائیمقامیەتی كەلار بكەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ (29ی كانوونی دووەم) بە مەبەستی جێبەجێكردنی یاسای تایبەت بە تاپۆكردنی زەوی و خانووە بێ تاپۆكان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ قائیمقامی كەلار و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای گەرمیان و بەڕێوەبەری تاپۆی گەرمیان و سەرۆكی شارەوانی كەلار و لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبووەوە.

سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، یاسای ژمارە (3)ی 2019ی تایبەت بە تاپۆكردنی خانوو و زەوییە بێ تاپۆكان، كە لەلایەن پەڕلەمانی كوردستانەوە دەرچووە خستەڕوو، داواشیكرد لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێكارە یاساییەكان بگرنەبەر و لە چوارچێوەی ئەو ڕێكارانە كار ئاسانی بكەن بۆ ئەو هاووڵاتیانەی خانوو یان زەوییان هەیە و مامەڵەی تاپۆكردنیان بۆ دەكەن.

بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان باسیان لە وردەكاری یاساكە كرد و لە كۆتاییشدا بڕیاردرا، ئەو هاووڵاتیانەی خانوو یان زەوی بێ تاپۆیان هەیە بە مەبەستی مامەڵەی تاپۆكردن سەردانی قائیمقامیەتی كەلار بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخ و كاتی پێدانی كارەبا چی بەسەردێت؟
لە سلێمانی 61 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبا بەستراوە

سلێمانی – نزار جەزا
تاكو ئێستا 61 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبا لەشاری سلێمانی بەستراوە و بڕیارە لەماوەی ساڵ و نیوێكدا پڕۆژەكە تەواو بكرێت.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا 9% بۆ 10%ی هەموو شاری سلێمانی پێوەری زیرەكی بۆ بەستراوە و پڕۆسەكە زۆر بەخێرایی و بەباشی ڕۆژانە بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەو ماوەیەی لیژنەكان لەشاری سلێمانی كاریان كردووە 61 هەزار پێوەری زیرەكیان بەستووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو پلانەی داندراوە لەماوەی ساڵ و نیوێكدا هەموو شاری سلێمانی پێوەری زیرەكی بۆ دەبەسترێت.

باسی لەئەوەشكرد، هێشتا وردەكاری و بڕی بەكارهێنانی كارەبا لەڕێگەی ئەو پێوەرەوە دیاری نەكراوە، بەڵكو جارێ تەنها پێوەرەكان دەبەسترێن، دواتر كە پڕۆسەكە هەمووی تەواوبوو وردەكارییەكان دیاری دەكرێن.

ئاشكراشی كرد، بەمەبەستی ئاگاداربوونی لەچۆنیەتی بەڕیوەچوونی ئیشوكارەكان، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای تۆڕی زیرەكی كارەبا لە وەزارەتی كارەبا سەردانی پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەكی كرد، پاشان لە بەڕێوەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لەگەڵ ستافی لیژنەكانی سەرپەرشیاری و وەرگرتنی كۆتایی پڕۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبا كۆبوونەوە.

پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەك یەكێكە لەپڕۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ڕەوشی كارەبا و لەكۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە دەستكراوە بەجێبەجێكردنی و بەسەرپەرشتی لیژنەی تۆڕی زیرەك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، كە لەلایەن كۆمپانیای (شاندز)ەوە جێبەجێ دەكرێت

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

لە سلێمانی 4 دوكانی غاز بەهۆی گرانفرۆشییەوە داخران

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی شاردنەوە و گرانفرۆشی غازی ماڵان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی چوار دوكان دادەخەن.

ئازاد نەبی، سەرۆكی لیژنەی یەكی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاندووە، لەئەنجامی بەدواداچوونی لیژنە هاوبەشەكان بۆ ئەو دوكان و شوێنانەی غازی ماڵان دەشارنەوە یاخود بەگران دەیفرۆشن، لە شەقامی مامەڕیشە چوار دوكانی غاز فرۆشتن داخران.

وتی، “پێشتر، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە كارگەكانی غازی ماڵان و تاك فرۆشەكان ئاگادار كراونەتەوە، لە شاری سلێمانی لەڕووی كەمییەتی و نرخەوە كێشە بۆ غاز دروست نەبووە، هەرشوێنێك غاز بشارێتەوە یاخود بە گرانتر لە نرخی ئاسایی خۆی بیفرۆشێت ڕووبەڕووی داخستن دەبێتەوە”.

ڕاشیگەیاند، ئەو غازەی لەلایەن دوكاندارەكان شاردرابوونەوە بە نرخی ئاسایی، كە 7 هەزار و 500 دینارە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش كراوە و هاووڵاتیانیش دەستخۆشیان لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی یەك-ەوە شوێنەكان دادەخرێن و خاوەنەكانیشیان ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان