ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران: كابینەی نوێ ژێرخانێكی ئابوری بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان دروستدەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ

كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوازێكی جیاواز دەستدەكات بە جێبەجێ‌ كردنی پڕۆژە ستراتیژییەكان و تەنها پشت بە وەبەرهێنان نابەستێت، بەڵكو پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكان ڕاستەوخۆ دەكرێت بە كەرتی تایبەت و بە قەرزی درێژخایەت جێبەجێ‌ دەكرێن.

یاسین مەحمود ڕەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕایگەیاند، كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لە ڕووی ئابورییەوە پەیڕەوی بەرنامەیەكی نوێ‌ بكات كە لە كابینەكانی پێشوودا بیری لێنەكراوەتەوە، وەك جێبەجێكردنى پڕۆژە ستراتیژییەكانی ڕێگاوبان، سایلۆ، بەنداو، تونێل و پڕۆژەكانی دیكە و لە رێگای كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ‌ دەكرێن و كابینەی نوێ‌ دەیەوێت وەزیرەكان بەرپرسیاربكات و لە كارنامەی كابینەی نوێدا بە ئاشكرا بینرا، كە لەلایەن سەرۆك و جێگرەوە خراوەتەڕوو.

دروستكردن بەنداوێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی

ناوبراو هەر لە قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، كە كابینەی نوێ‌ شێوازێكی نوێ‌ لە ئیدارەكردنی وڵات پەیڕەو دەكات و سیستمی بانكی دەبوژێنێتەوە و جۆرێكی دیكە بەرێوەبردنی وڵات دەهێنێتە ئاراوە.

دوای لێدوانەكەی یاسین مەحمود ڕەشید، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكانی وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، 30 پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ‌ دەكرێن و 5%ی ئابوری هەرێمی كوردستان دەبوژێتەوە.

زاگرۆس فەتاح بۆ ماڵپەڕی فەڕمی پارتی دیموكراتی كوردستانی وتووە” هەنگاوەكانی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها كۆتاییهاتنی شەڕی داعش و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان، لە هۆكارە گرنگەكانن بۆ بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان، ئاماژەكان وا پێشان دەدەن كە كوردستان بەرەو جووڵەیەكی بەرفراوان بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەنگاو دەنێت.”

ناوبراو هەروەها وتویەتی”بە ئاساییبوونەوەی دۆخی ئابووری، چاوەڕوان دەكرێت ئابووریی كوردستان نزیكەی لە سەدا پێنج گەشه بكات، چونكە ئەو بڕە پارانەی كە بۆ پرۆژەكان تەرخان دەكرێن و، لە هەمان كاتدا دەرفەتی كاركردنیش بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات.”

ئەو بەرپرسە حكومییە ڕونیكردووە، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا 3 هەزار پڕۆژە ڕاگیراون لە هەرێمی كوردستاندا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەڵام جارێكی دیكە دەخرێنەوەكار”بەر له قەیرانی دارایی، زیاتر لە 3 هەزار و 500 پرۆژە به بەهای 4 ملیار دۆلار لە جێبەجێكردندا بوون، ئێستا وەزارەتی پلاندانان ئامادەكاریی كردووە بۆ تەواوكردنی ئەو پرۆژانە لە زووترین كاتدا.”

زاگرۆس فەتاح زیاتر ڕونیكردووەتەوە و وتویەتی” لە پلانیاندایه ٣٠ پڕۆژەی گەورەی ستراتیژی لە كەرتەكانی كارەبا، ڕێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، دروستكردنی بەنداو و سێكتەری نەوتدا جێبەجێ بكەن.”

پێشتر وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕایگەیاند، بڕيارە نوێیەكانی كابینەی نوێی حكومەت لە ماوەیەكی كەمدا جموجوڵی زۆری لە بازاڕ و فەرمانگەكاندا دروستكردووە.

ئابوری

پێدانی پارەی كارەبا بۆ هاووڵاتیان دەكرێت بە قیست

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری هەولێر كۆبوونەوە و بڕیار درا وەرگرتنی پارەی كارەبا بكرێتە قیست و ماوەكەشی درێژ بكرێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ 29-1-2020 لەدیوانی پارێزگا د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵ،ح وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لەكۆبوونەوەیەكدا باس لەچارەسەركردنی كێشەی كارەبا و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ كارئاسانی هاووڵاتیان و گەیاندنی تۆڕی كارەبا بەو شوێنانەی، كە هێشتا كارەبایان پێ نەگەیشتووە و پێویستیان پێەتی كرا، هەروەها تیشك خرایە سەر زێدەڕۆیی سەر تۆڕی كارەبا و ئەو ئامادەكاریانەی كراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی بڕینی سەرپێچی و زێدەڕۆی سەر تۆڕی كارەبا، كە بڕیارە لە 2-2-2020 لەهەموو چار و شارۆچكە و شارەدێیەكان هەولێر دەست پێبكات.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “باس لە كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان كرا لە دانی پارەی كارەبا بەشێوەی قستی مانگانە و لەلایەن پارێزگاری هەولێر تەئكید لەوەكرایەوە، كە پێویستە ماوەی ئەو قستەی دانراوە بۆ هاووڵاتیان درێژبكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێوشوێنێكی گونجاو دیاری بكرێت”.

ئاماژە بەوەدراوە، باس لە جیاكردنەوەی جۆری پێدانی كارەبای پیشەسازی و كشتوكاڵی كرا و ئاماژە بەوە درا، كە پێویستە بەگوێرەی جۆری پڕۆژەكان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و چاو بەنرخی یەكەی كارەبای پیشەسازی بخشێنرێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە، كە بەهەموو شێوەیەك پاڵپشت و هاوكاری پارێزگا و پارێزگاری هەولێرین و هەرچی لە توانا و دەسەڵاتماندا هەبێت ئێمە لەگەڵتانین.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

مامەڵە كردن بۆ تاپۆكردنی زەوی و خانووە بێ‌ تاپۆكان دەستی پێكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەستپێكردنی مامەڵەی تاپۆكردنی زەوی و خانووە بێ‌ تاپۆكان ڕادەگەیەنێت و داواش لە هاووڵاتیان دەكات بە مەبەستی مامەڵە ڕوو لە قائیمقامیەتی كەلار بكەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ (29ی كانوونی دووەم) بە مەبەستی جێبەجێكردنی یاسای تایبەت بە تاپۆكردنی زەوی و خانووە بێ تاپۆكان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ قائیمقامی كەلار و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای گەرمیان و بەڕێوەبەری تاپۆی گەرمیان و سەرۆكی شارەوانی كەلار و لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبووەوە.

سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، یاسای ژمارە (3)ی 2019ی تایبەت بە تاپۆكردنی خانوو و زەوییە بێ تاپۆكان، كە لەلایەن پەڕلەمانی كوردستانەوە دەرچووە خستەڕوو، داواشیكرد لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێكارە یاساییەكان بگرنەبەر و لە چوارچێوەی ئەو ڕێكارانە كار ئاسانی بكەن بۆ ئەو هاووڵاتیانەی خانوو یان زەوییان هەیە و مامەڵەی تاپۆكردنیان بۆ دەكەن.

بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان باسیان لە وردەكاری یاساكە كرد و لە كۆتاییشدا بڕیاردرا، ئەو هاووڵاتیانەی خانوو یان زەوی بێ تاپۆیان هەیە بە مەبەستی مامەڵەی تاپۆكردن سەردانی قائیمقامیەتی كەلار بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخ و كاتی پێدانی كارەبا چی بەسەردێت؟
لە سلێمانی 61 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبا بەستراوە

سلێمانی – نزار جەزا
تاكو ئێستا 61 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبا لەشاری سلێمانی بەستراوە و بڕیارە لەماوەی ساڵ و نیوێكدا پڕۆژەكە تەواو بكرێت.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا 9% بۆ 10%ی هەموو شاری سلێمانی پێوەری زیرەكی بۆ بەستراوە و پڕۆسەكە زۆر بەخێرایی و بەباشی ڕۆژانە بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەو ماوەیەی لیژنەكان لەشاری سلێمانی كاریان كردووە 61 هەزار پێوەری زیرەكیان بەستووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو پلانەی داندراوە لەماوەی ساڵ و نیوێكدا هەموو شاری سلێمانی پێوەری زیرەكی بۆ دەبەسترێت.

باسی لەئەوەشكرد، هێشتا وردەكاری و بڕی بەكارهێنانی كارەبا لەڕێگەی ئەو پێوەرەوە دیاری نەكراوە، بەڵكو جارێ تەنها پێوەرەكان دەبەسترێن، دواتر كە پڕۆسەكە هەمووی تەواوبوو وردەكارییەكان دیاری دەكرێن.

ئاشكراشی كرد، بەمەبەستی ئاگاداربوونی لەچۆنیەتی بەڕیوەچوونی ئیشوكارەكان، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای تۆڕی زیرەكی كارەبا لە وەزارەتی كارەبا سەردانی پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەكی كرد، پاشان لە بەڕێوەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لەگەڵ ستافی لیژنەكانی سەرپەرشیاری و وەرگرتنی كۆتایی پڕۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبا كۆبوونەوە.

پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەك یەكێكە لەپڕۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ڕەوشی كارەبا و لەكۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە دەستكراوە بەجێبەجێكردنی و بەسەرپەرشتی لیژنەی تۆڕی زیرەك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، كە لەلایەن كۆمپانیای (شاندز)ەوە جێبەجێ دەكرێت

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان