ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

سێ كاتژمێر له‌ لۆبیه‌كه‌ی ماریۆت

ستۆرییه‌ك له‌ میسره‌وه‌ -هه‌رێز جه‌مال

هۆتێل ماریۆت، له‌ ناوچه‌ی زه‌مالیكی قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر لۆكه‌یشنێكی ته‌واو جیاواز له‌ دیوه‌كانی تری ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌یه‌، ئه‌و رووبه‌روو به‌ سه‌ر ده‌ریاچه‌ی نیل ده‌ڕوانێت و یه‌كێك له‌ هۆتێله‌ پێنج ئه‌ستێره‌ ناوازه‌كانی جیهانه‌ .

له‌ ساتی گه‌یشتن به‌ پایته‌ختی میسر پرسیاری ئه‌وه‌م كرد ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی میوانداری كراون له‌ كوێ زۆرینه‌یان بۆ پشوودان كۆده‌بنه‌وه‌ ، وه‌ڵامی ئه‌وه‌م وه‌رگرت زۆرینه‌یان دابه‌شبوون به‌سه‌ر دوو گه‌وره‌ هۆتێله‌كه‌ی قاهیره‌ ئه‌ویش ماریۆت و هیلتنه‌ .

بۆ من پێویست بوو كه‌ كارتی رێگه‌پێدراوی میدیای جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌فه‌ریقیا وه‌ربگرمه‌وه‌، رۆژێك پاش گه‌یشتن روومكرده‌ یاریگای قاهیره‌ له‌وێ سه‌نته‌ری میدیای و ناوه‌ندی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارته‌كانی لێبوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاتی یارییه‌كان گه‌یشتبووه‌ قۆناغی چواره‌م شوێنی وه‌رگرتنی كارته‌كان له‌وێ نه‌مابوو هاوشانی باره‌گای یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌فریقیا گواسترابووه‌ بۆ هۆتێل ماریۆت ، بۆیه‌ من به‌ به‌ردێك دوو چۆله‌كه‌م كوشت هه‌م وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارته‌كه‌م و هه‌م دیداری ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ .

نێوانی ستادیۆمی قاهیره‌و هۆتێله‌كه‌ كه‌مێك دووره‌ به‌ ڵام به‌ گه‌یشتن به‌و هۆتێله‌ ته‌واو ده‌چیته‌ دنیایه‌كی تره‌وه‌ ، تا میوانێك هۆتێله‌كه‌ چۆڵ ده‌كات ده‌یان میوان بۆ مانه‌وه‌ ده‌چنه‌ ئه‌و هۆتێله‌ .

بێ پرسیاركردن لێم پاش پشكنینی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ی له‌ قاهیره‌ ستادیۆمه‌وه‌ چوومه‌ هۆتیڵه‌كه‌ پێ راسته‌وخۆ چوومه‌ شوێنی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارته‌كه‌م ، ئه‌و كۆده‌ی پێشتر له‌ لایه‌ن یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌فریقیاوه‌ به‌ده‌ستم گه‌یشت خستمه‌ به‌رده‌ست لێپرسراوی پێدانه‌وه‌ی باجه‌كان، به‌ چه‌ند خوله‌كێك ئه‌ویش كارته‌كه‌ی دامه‌وه‌ و سوپاسی هاتنی كردم له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ میسرو پێشی سه‌یر بوو وه‌ك عێراقیه‌ك و كوردێك هاتووم بۆ روومالی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌و وه‌ك تاقانه‌یه‌ك له‌ نێوان هه‌زاران رۆژنامه‌نووسی ئه‌فریقیی و كیشوه‌ری و جیهان .

له‌ هۆتێله‌كه‌ ده‌یان به‌رپرس و رێكخه‌ری پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ رێنماییان ده‌دا، كۆبوونه‌وه‌ به‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ ده‌كرا ، له‌ لۆبیه‌كه‌ش ( شوێنی پشوودان له‌ قاتی خواره‌وه‌ی هۆتێله‌كه‌) ده‌یان رۆژنامه‌وان و میوان و ئه‌ستێره‌ دانیشتبوون ، زۆربه‌ی ئه‌و هانده‌رانه‌ی كه‌ له‌ وڵاتانه‌وه‌ هاتبوون جار جار سه‌ردانی هۆتیڵه‌كه‌یان ده‌كرد .

به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ گه‌یشتبووه‌ نیوه‌ی كۆتایی چوار هه‌ڵبژارده‌ ( سه‌نیگال و نه‌یجیریاو جه‌زائیرو تونس ) مابوونه‌وه‌ ئه‌ستێره‌كانی پێشووی ئه‌و چوار هه‌ڵبژارده‌یه‌ به‌ زۆری ده‌بینران به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن یه‌كێتیی تۆپی پێی ئه‌فریقی و وڵاته‌كانیانه‌وه‌ بانگهێشتكرابوون .

چه‌ند كاتژمێرێك به‌ هۆی گفتوگۆكردنه‌وه‌و مانه‌وه‌م بۆ چاوه‌ڕوانی چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌ لۆبیه‌كه‌ی هۆتێله‌كه‌ مابوومه‌وه‌ ، به‌ده‌م قسه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسێكی سه‌نیگالی پێش چه‌ند كاتژمێرێك له‌ یاری هه‌ڵبژارده‌ی تونس و سه‌نیگال هه‌مووان ئاماده‌كاریان ده‌كرد بۆ چوونه‌ نێو یاریگه‌ ، له‌و كاته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی سه‌نیگال كه‌ له‌ ساڵانی 2002-2006 له‌ جامی جیهانی یاریزانێكی دیاری هه‌ڵبژارده‌كه‌ بوو بۆ وه‌رزێكیش یاریزانی ئینته‌رمیلانی ئیتاڵی بوو ده‌ركه‌وت ، ئه‌ویش خه‌لیلۆ ڤادیگا بوو ، ئه‌و یاریزانه‌ ره‌شپێسته‌ هه‌ر به‌ژن و باڵاكه‌ی جاران و بگره‌ گه‌نجتریش ده‌ركه‌وت به‌ هه‌لم زانی و چوومه‌ لای و خۆم پێناساند زۆری پێ خۆش بوو من له‌ ده‌ره‌وه‌ی كیشوه‌ره‌كه‌یانه‌وه‌ هاتووم ، پرسیاری ئه‌وه‌م لێكرد گه‌شبینه‌ به‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مرۆ (سه‌نیگال 1-0 بردیه‌وه‌و گه‌یششته‌ كۆتایی )، وتی به‌ دڵنیایه‌وه‌ ده‌یبه‌ینه‌وه‌، به‌ده‌م قسه‌كردنه‌وه‌ هه‌ر رۆیشتن و ئه‌و خۆی كرد به‌ ریستۆرانتی هۆتێله‌كه‌ ده‌یویست پێكه‌وه‌ نانێك بخۆین له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاورێی به‌ڵام به‌ باشم ته‌نیا دوو پرسیاری تری لێ بكه‌م ، به‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئێستای سه‌نیگال به‌هێزتره‌ یان هه‌ڵبژارده‌كه‌ی سه‌رده‌می ئه‌و له‌ وه‌ڵامدا وتی وتی ” هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌كه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تازه‌ ده‌ركه‌وت و هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ئێستا به‌هێزتره‌و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ به‌هێزه‌كان ململانێ زۆر ده‌كات و ئاستی یاریزانه‌كانیش به‌رزرتره‌ “.

خه‌لیلۆ له‌سه‌ر میوانداری میسر بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش وتی، زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌رێوه‌براوه‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌و یاریگه‌كانیش زۆر پێشكه‌وتوون.

دواتر گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ لۆبیه‌كه‌و راسته‌وخۆ چاوم به‌ شاندی یه‌كێتییه‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كه‌ی تۆپی پێی میسر كه‌وت كه‌ پاش كرانه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌یان له‌ قۆناغی شانزه‌ی جامه‌كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌فریقیای باشوور سه‌رجه‌م سه‌رۆك و جێگرو به‌شی زۆری ئه‌ندامه‌كانیان و ده‌سته‌ی راهێنه‌ریش ته‌نانه‌ت ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌ .

له‌وێ راسته‌وخۆ چوومه‌ لای مه‌جدی عه‌بدولغه‌نی ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی میسرو یانه‌ی ئه‌هلی و خاوه‌نی گۆڵی میسر له‌ جامی جیهانی ساڵی 1990 به‌رامبه‌ر هۆڵه‌ندا، وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك پرسیاری كه‌شی هۆتیڵه‌كه‌م له‌ سه‌ره‌تاوه‌ لێكرد ، وتی هیوادارین شایه‌نی سه‌ركه‌وتن بین له‌ رووی میوانداریكردنه‌وه‌ ، دواتر وتم ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ كرانه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌ وتی ، به‌داخه‌وه‌ نه‌مانتوانی ئه‌وه‌ش تۆپی پێ

له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ش وتم بریاری كۆتایی دراوه‌، وتی بریاری كۆتاییه‌ به‌س ئێمه‌ له‌ خزمه‌تكردن به‌ وه‌رزش و تۆپی پێی وڵاته‌كه‌مان به‌رده‌وام ده‌بین( تا ئه‌م ساته‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ ).

له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری بووم مۆندیالی 2002 له‌ هه‌موو ئه‌فریقیاهانده‌ری سه‌نیگال بووم ئه‌و سه‌نیگاله‌ی كه‌ فه‌ره‌نسای تووشی چه‌رمه‌سه‌ری كرد، كوڕێكی جیاوازو هێرشبه‌رێكی ناوازه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌م، ئه‌ویش حاجی دیوف بوو .

حاجی به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌به‌رزه‌ی راسته‌وخۆ رووی له‌ لیڤه‌رپوول كرد، من ئه‌و كات هێنده‌ هانده‌ری بووم زوو زوو په‌یوه‌ندیم به‌ براكه‌مه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ له‌ لیڤه‌رپوول ده‌ژیا تاوه‌كو چی هه‌بێت له‌ وێنه‌و درێسی ئه‌و بۆم بنرێته‌وه‌ ، چوزانم رۆژێك دێت و من و حاجی یه‌ك ده‌بینین .

ئه‌و سپۆرت و كه‌شخه‌ به‌ قاتێكی هێله‌ك و كڵاوێكی مه‌كسیكی و بوتلێكی چاوه‌ خۆی كرد به‌ لۆبیه‌كه‌ به‌ جارێك ده‌یان كه‌س لێی كۆبووه‌ ، به‌ڵام بۆ من ئاسان بوو نزیكتر ببمه‌وه‌ لێی به‌ پێی ئه‌وه‌ كارته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌م له‌ مل بوو ، له‌وێ وتم حاجی ئه‌مرۆ ده‌یبه‌نه‌وه‌، وتی به‌ دڵنیاوه‌ ، به‌ هه‌لم زانی خێرا پرسیارێكی لێ بكه‌م له‌سه‌ر بۆچوونی له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می ئێستای هه‌ڵبژارده‌ی سه‌نیگال و لیڤه‌رپوول سادیۆ مانی ، به‌ خۆشحالیه‌وه‌ وه‌ڵامه‌كه‌م وه‌رگرت ، وتی یاریزانێكی سوپه‌ره‌و سه‌ركه‌وتووه‌ ده‌بێت تۆپی ئاڵتونیش بباته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌م ساڵ زۆر خزمه‌تی كرد له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌م ( كه‌ پێشتر یاریزانی لیڤه‌رپوول بوو حاجی ) .

ئه‌وه‌ی له‌ مانه‌وه‌م له‌و لۆبیه‌ بۆم ده‌ركه‌وت ، ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی پێشوو كه‌ ئیتر سه‌رده‌میان كۆتایی دێت ده‌بنه‌ كه‌سێكی زۆر ئاسایی به‌ تایبه‌ت له‌ كیشوه‌ری ره‌ش زۆینه‌یان بۆ چایه‌ك و نانخواردنێكی باش دۆش داده‌مێنن .

وتار

ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی زۆربه‌ی شرۆڤه‌كاره‌كانی جیهان تێیكه‌وتن

ئەحمەد هێرۆیی

لە تۆپی پێ دا شیکەرەوەکانی ئەم یارییە زۆربەی کات بۆ شیکردنەوەی ئاست و بارودۆخی تیپەکان، گرنگیەکی زۆر بە مێژوو ئەزموون و کەسایەتی کارەکتەرەکانی نێو ئەو تیپە و بەرنامە ڕێژی (ستراتیجیەت) ئەو تیپە دەدەن کە دەیانەوێت شیکاری بۆ بکەن، هەمیشە لە ڕێگەی ئەم پێوەرانەوە دەتوانن وردتر و دروست تر سەرنجەکانیان لەسەر تیپەکان بخەنە ڕوو، ئەمە جگە لە چەند لایەنێکی تر، بەڵام ئەوەی کە من لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم خاڵی جیاوازی هەندێ تیپە بەراورد بە هەندێ تیپی تر.

بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بمانەوێت شیکاری بۆ ئاستی یانەی لیڤەرپوڵ بکەین، زۆر جیاوازە لەوەی کە شیکاری بۆ ئاستی یانەی چێڵسی بکەین، لەبەر ئەوەی کاتێک دەتەوێت شیکاری بۆ ئاستی یانەی لیڤەرپوڵ بکەیت، لێرەدا تیپێکی خاوەن مێژوو هەیە، ڕاهێنەرێکی بە ئەزموون هەیە، کۆمەڵێک ئەستێرەی گەورە هەیە، کە هەموویان خاوەنی مێژووییەکن و بەرچاو ڕوونی زیاتر دەدەن بە کەسی شیکەرەوە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ هەموو لایەنەکانی ئەو تیپە بکات، بەو هۆیەوە شڕۆڤەکار بە ڕێژەیەکی زۆر دەتوانێ خوێندنەوەی خۆی بۆ ئاستی ئەو تیپە بکات.

بەڵام کاتێک کەسی شیکەرەوە دەیەوێت خوێندنەوە بۆ ئاستی تیپێکی وەک چێڵسی بکات، لێرەدا شتەکان زۆر جیاوازن ترن بەراورد بە یانەیەکی وەک لیڤەرپوڵ، ئەگەر سەیری پێکهاتەکانی ئێستای یانەی چێڵسی بکەین، دەبینین ئەو یانەیە لە کۆمەڵێک یاریزانی لاو و کەم ئەزموون و ڕاهێنەرێکی لاو و کەم ئەزموون پێک دێت، کە ئەوانە هیچ ڕابردووییەکی ئەوتۆیان نییە، هەتاوەکو بەرچاوڕوونی زیاتر بدەن بە شڕۆڤەکار بۆ پێشبینی کردنی داهاتووی یانەکە و هەڵسەنگاندنی ئاستی یانەکە، وە هەروەها زۆر قورسە بتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە ئاخۆ لاوەکان دەتوانن چی پێشکەش بکەن.

ئەگەر سەیرێکی بارودۆخی یانەی چێڵسی بکەین لە وەرزی ئەمساڵ دا ئەم یانەیە بە سەرەتایەکی خراپ دەستی پێکرد، کاتێک بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ وەڵام بە یانەی مانچستەر یونایتد دۆڕا، لێرەدا زۆرێک لە چاودێران و شارەزایانی تۆپی پێ پێیان وابوو کە تەمەنی فڕانک لامپارد لەم یانەیەدا وەک ڕاهێنەر کورت دەبێت و هەر زوو دوور دەخرێتەوە، بەهۆی ئەوەی کە ئەم ڕاهێنەرە هیچ مێژووییەکی ئەوتۆی کاری ڕاهێنەرایەتی نییە، بۆیە زۆربەی شیکەرەوەکان تەنیا لەسەر بنەمای یەک دوو یاری هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەم ڕاهێنەرە کردوو پێیان وابوو ناتوانێت خۆی لە نێوان ئەم ڕاهێنەرە گەورانەی ئینگلتەرا دا ببینێتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەستێرەی یەکەمی تیپەکە یانەکەی بەجێهێشت و یانەکە چەند یاریزانێکی لاوی هێنایە پێشەوە، بۆیە زۆرێک یان پێیان وابوو ئیتر چێڵسی کەوتە قەیرانە گەورەکەوە و داهاتووی نادیارە، بەڵام ئێستا وەکو دەبینین قسەی زۆرێک لەو شڕۆڤەکارانە پێچەوانە بۆتەوە، ئێستا چێڵسی خانەی سێیەمی ڕیزبەندی گرتووە لە خولی ئینگلیزی، کە زۆر یانەی گەورەی ئەم خولە ئاوات بەو شوێنە دەخوازن، وە یاریزانانی چێڵسی جگە لە ئەنجامە باشەکانیان لە گەڵیشیدا نمایشێکی جوانی تۆپی پێ پێشکەش دەکەن، کە ئەمە دوور بوو لە پێشبینی زۆربەی شڕۆڤەکاران، کە ئەم تیپە لاو و پڕ کێشەیە بتوانێت بەم ئازاییەوە دەربکەوێت.

بۆیە پێویستە کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی تیپەکان دەکرێت، بە وریایەکی زۆرەوە بارودۆخەکان هەڵبەسەنگێنرێن، لەبەرئەوەی تۆپی پێ نە تەنها مێژوویە نە تەنها ئەزموونە، نە تەنها تاکتیک و بەرنامە ڕێژییە، هتد.. بەڵکو تۆپی پێ لەسەر کۆمەڵێک بنەما وەستاوە، کە زۆر جار یەکێک یان چەند بنەمایەک لەو بنەمایانە دەبێتە خاڵی بەهێزی تیپێک.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

یەکێتی تۆپی پێ بێڕێزی بەرامبەر هاندەری تۆپی پێ و ڕاهێنەران و یاریزانانی تازەپێگەیشتوان دەکات

دانەر ئەسڵان

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تا دێت ڕۆژ بە ڕۆژ گومان لە سەر خۆی زیاتر دەکات و سوکایەتی بە هەستی هەموان دەکات بۆ هەفتەی ٤ کۆبوونەوە لە کات و وادەی ڕەسمی خۆیدا ئەنجام نادات و هیچ بڵاو کراوەیەکیش لەو بارەیەوە ئاشکرا ناکات.

لیژنەی ئۆڵۆمپی بۆچی بێ دەنگە لەم سوکایەتییەی بە وەرزش و تۆپی پێ و تازەپێگەیشتوان دەکرێت؟

یەکێتی تۆپی پێی شارەکانی سلێمانی و هەولێر و زاخۆ و شارەکانی تر بۆچی سەری خۆتان دانەواندووە قسەیەک ناکەن هەر هیچ نەبێت ئەن لایکێک بکەن؟

یانەکانی کوردستان زاخۆ پێشمەرگەی سلێمانی جیهان هەولێر بۆچی قبوڵی دەکەن و هیچ ناڵێن؟

باشە بۆ هەمووان قوڕ و قەپتان لێ کردووە ئایا هەڵواسینی فۆتۆیەک لە یاریگایەکدا ئاوها دەکات هەموو لە ترسدا بێ دەنگ بن؟

کەواتە من پێشنیار دەکەم نازناوی تازەپێگەیشتوان بە یانەی هەولێر ببەخشریت وەک پاڵەوانێکی پاش و بێگەرد کە هەموو شتێکی خۆی کرد تا ببێتە پاڵەوان و پێویستی بە هاوکاری کەسیش نەبوو.

تێ بینی/ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان نە هیچ بەڵگەیەکتان لە لایە نە لیژنەکەشتان ڕاستگۆ بوو میسداقێت و ڕاستگۆیی خۆتانتان خستە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

مێسی لە نێوان سۆز و سەرسامبوون و ڕق و زانستدا

بەرھەم جــلال

باسـكردنی مێسی لە زۆر ڕوەوە دەچێتە خانەی دووبارەبون، چونكە لە دە وەرزی ڕابردوو زۆترین جاری ناوی مێسی ھێنراوە لەسەر شەقامی وەرزشی ئەمەش زۆر سروشتیە چونكە شیاوی ئەو باسكردنەیە، باسكردنەكەش یاری و نەیاری لیۆ دەگرێتەوە .

تۆپی پێ یەكێكە لەو كایانەی بەھەست و سۆز – ڕق و بوغز – دەمارگیری ناچێتە پێشەوە وەھیچ خزمەتێكیش ناكات بەم وەرزشــە ، مێسی و ھاوئاستەكانی كارێكی وەھانكردووە ھەر چوار چەمكی سۆز ، سەرسامبوون ، ڕق و زانست تێكەڵ بكرێن بەسەر یەكتردا بۆیە زۆر جار مێسی باشترین ئاست پێشكەش دەكات ڕقی تێكەڵ دەكرێت ؛ بە پێچەوانەوە خراپترین یاری دەكات سۆزی تێكەڵ دەكرێت ئەم تێكەڵیەش كارێكێكی ئاڵۆزە ھەر دوو بەرەی یار و نەیار بەڵگەیان بۆ سەلماندی ھاوكێشەكە پێیە .

ھەڵسەنگاندن بۆ لیۆ بەم ڕەگەزانە دەكرێت سۆز و سەرسامبوون و ڕق و زانست.

سۆز : واتا باوەڕی وایە مێسی بەھیچ جۆرێك و لە ژێر ھیچ دۆخێكدا خراپ نییە و نابێت .

سەرسامبوون، واتا داننان بە توانا و بەھرەی مێسی ئیدی یاری بیت یاخود نەیار ناتوانیت نكوڵی بكەیت لە نا سروشتی بوونی ئەم مرۆڤەی تایبەت دروسـت بووە بۆ تۆپی پێ .

ڕق، پێچەوانەوە سۆزە ھەمیشە قسەیەكت پێیە تا ئەوەی بڕوا نەكەیت مێسی نا ئاساییە زۆرجارن مێسی كارێكی باوەڕ پێنەكراو ئەنجام دەدات بەڵام ھۆكارێكی بۆ دێنێتەوە تا ئەوەی پێی سەرسام نەبێت لە كاتێكدا گوومانی نییە بیركردنەوەی ڕقە نەك شتی دیكە .

زانست، ئەم ڕەگەزە بەم دواییانە شۆڕ بۆتەوە بۆ ناوەڕۆكی تۆپی پێ بۆیە چەندین لێكۆلینەوە و توێژینەوە كراوە لەبارەی زۆر باس و بابەت لەم بابەتانە ھەڵسەنگاندنە بۆ یاریزانێك ، ڕاھێنەرێك ، تیمێك ، تاكتیكك … ھتد

زانست پێووەری بنەڕەتە تا ئەوەی ھەڵسەنگاندنەكە تێكەڵی سێ چەمكی پێشتر نەبێت .

ئێمە مێسی و ھاوئاستەكانی چۆن ببینین ..

ھەر كەسە و لە لایەن خۆیەوە جۆرێك دەڕوانێتە مێسی بەڵام نكوڵی لەوە ناكرێت ئاسـتی لیۆ یەكجار ناسروشتیە ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی خێرایە لە بڕیاردان ، زۆر بەسادەی یاری دەكات بەڵام سادەیەكەی زۆر ئاڵۆزە ، بەرنامەی خۆراكی زانستی پەیڕەو دەكات ، یەكجار پیشەگەرە بە بەڵگەی ئەوەی تا ئێستا نەبینراوە و نەبیسراوە لە جێیەكدا بڵێت من باشترینم ھەمیشە دەڵێت من یارمەتی كۆمەڵەكەم دەدەم ؛ بەگشتی بەكردار قسە دەكات نەك گوفتار .

سەرنج بدەن

مێسی لە جۆرە یاریەكدا دەستباڵایە كە زۆر تاكتكی بێت بۆیە زۆرینەی ڕاھێنەرە تاكتیكێكان سەرسامن بە مێسی ؛ مێسی زیاتر گۆڵی لەو یانەنانەكردوە لە تۆپی ئاستیاندا بوون بۆ نموونە

بایرنی گواردیۆلا، لیڤەری كلۆپ، ڕیاڵ مەدریدی زێدان، یۆفانتۆسی ئەلیگری،  ئینەری كۆنتی .

ئێوە سەرنجی مێسی بدەن زۆرترین جار بێ تۆپ كەم جوڵەیە ھەمیشە بۆ دواو پێشەوە ئاوڕ دەداتەوە بنكەیەكی یاریگا دیاری دەكات لەوێوە بڕیار بدات ! پێش گەشتنی تۆپ پێی بڕیاری داوە چی بكات !!

لە كۆتایدا ئەوەی ماوەتەوە باس بكرێت ئەوەیە ھەمووان كۆكن لەسەر نا ئاسایی بوونی لیۆ بەھەر یەكێك جۆرێك گوزارشتەكەی دەردەبڕێت بۆیە یان سۆزت ھەیە بۆی یان پێی سەرسامی یان ڕقت لێیە یان زانستیانە لێی دەڕوانیت

كورد دەڵێت ھەموو ڕێگایەك ئەچێتەووە بۆ بانە ، ھەموو ھەڵسەنگاندنێك سەرسامبوونە بە مێسی !!

تێبینی ١، یاریزانی دیكەش ھەن وێنای لیۆ بێت لەم چەمكانە بێت بەس وەك مێسی پڕاو پڕ نەیپێكاوە تا ئەوەی نوسینەكەی بۆ تەرخان بكەم …..

تێبینی ٢،  تۆش نوسینەكە وەك ئەوەی چۆن نوسراوە تێی بگە نەك بیركردنەوەی خۆت بسەپێنیت بەسەر بیردكردنەوەی مندا …..

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان