ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان: بەهۆی دەوامنەكردنی فەرمانبەرانەوە كەرتی وەبەرهێنان پاشەكشەی كردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ

هاووڵاتیان گلەیی زۆریان لە بەڕێكردنی مامەڵەكانیان لە فەرمانگە حكومییەكاندا هەیە، بەهۆی ئەوەی فەرمانبەران بە پێی پێویست دەوام ناكەن و ئەوانەی دەوامیش دەكەن، مامەڵەی هاووڵاتیان ڕاییناكەن.

بەپێی بەدواداچوونەكانی (خەڵك)، بەڕێوەچوونی كاروباری فەرمانگەكان لەگەڵ ئەوەی خۆی زۆرترین كێشە و كەموكوڕی هەیە لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان هەر لە”نەبوونی سیستمێكی ئەلیكترۆنی پێشكەوتوو، بوونی ڕۆتیناتی زۆر، كەمئەزموونی و ناشارەزایی بەشێك لە فەرمانبەران، حساب نەكرد بۆ هاووڵاتیان، بوونی رەشوە و بەرتیل”، بەڵام لەگەڵ قەیرانی دارایدا زیاتر كاروباری فەرمانگەكان پەكیانكەوت و كاریگەرییەكانی تائێستاش ماون.

سەرباری دابەشكردنی موچە لەكاتی خۆیدا، هێشتا دەوامی زۆرێك لە فەرمانگەكان ئاسایینەبووەتەوە

ئەگەرچی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لابردنی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بڕیاری ئاساییكردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی دا كە هەفتانە بۆ دوو تا سێ ڕۆژ و ڕۆژانە بۆ سێ تا چوار كاتژمێر كەمیكردبوو، بەڵام هێشتا دەوامی زۆرێك لە فەرمانگەكان ئاسایینەبووەتەوە كە پێویستە لە یەك شەممە تا پێنج شەممە و ڕۆژانە لە كاتژمێر هەشت و نیو بۆ سێی پاشنیوەڕۆ بێت.

كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكەم كۆبوونەوەیدا چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ پابەندبوونی فەرمانبەرانی حكومەت لەسەرەوە تا خوارەوە بە دەوامی ئاسایی و باشكردنی بەڕێوەبردنی مامەڵەی هاووڵاتیان و نەهێشتنی ڕەشوە و بەرتیل، بەڵام چاوەكان لەسەر ئەوەن ئایا ئەم بڕیارانەش هاوشێوەی بڕیارەكەی كابینەی پێشوو وەك مەرەكەبی سەر كاغەز دەمێننەوە یان جێبەجێدەكرێن.

لە كاتی قەیرانی دارایی دەوامی فەرمانگەكان لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان بە تەواوەتی پەكیان كەوت بەهۆی نەبوونی لێپرسینەوەوە، لەوبارەیەوە وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران دەڵێت “بەهۆی دەوامنەكردنی فەرمانبەرانەوە كەرتی وەبەرهێنان پاشەكشەی كردووە”.

 یاسین مەحمود ڕەشید: بڕیارە نوێیەكەی حكومەت جوڵەی لە فەرمانگەكانی حكومەت و بازاڕدا دروستكردووە

یاسین مەحمود ڕەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا چەندجارێك لەسەر كاریگەرییە نەرێنییەكانی دەوامنەكردنی فەرمانبەران لە سنوری سلێمانییدا هۆشداری داوەتە حكومەتی هەرێم و باسی لەوەكردووە، كە وەبەرهێنان پاشەكشەی زۆری كردووە بەهۆیەوە سنورەكە زیانی زۆری بەركەوتووە، بۆیە ئێستا گەیشتبینە بە بڕیارە نوێیەكەی تایبەت بە دەوامی ئاسایی فەرمانبەرانی حكومەت و دەڵێت”بڕیارە نوێیەكە لە ماوەی چەند ڕۆژێكی كەمدا جوڵەی لە فەرمانگەكانی حكومەت و بازاڕدا دروستكردووە”.

یاسین مەحمود ڕەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان

ڕۆژی 15ی ئەم مانگە لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا شەش بڕیار دەركران كە دوو بڕیاریان پەیوەندی بە پابەندبوونی وەزیر و بەرپرس و فەرمانبەرانەوە هەیە و دەبێت پابەندی دەوامی ئاسایی بن، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە و بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانییدا زۆربەی فەرمانبەران دەوامی ئاساییان نەدەكرد، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیش دەڵێت”بڕیارەكە لە جێگەی خۆیدایە و پێویستە لەكاتی گەڕانەوەی پاشەكەوتیشدا دەوامی بەشێك لە فەرمانبەران لەو كاتەدا لەبەرچاو بگیرێت و بە یەكسانی پاشەكەوت نەگەڕێنرێتەوە، چونكە بەشێك لە فەرمانبەران دەوامییان نەكردووە لەكاتی قەیرانی داراییدا و بەهۆیەوە، وەبەرهێنان بەتایبەتی لە سنوری سلێمانییدا پاشەكشەی گەورەی كرد”.

یەكەمین كۆبوونەوەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم

یاسین مەحمود ڕەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پشتیوانی ئەوەدەكەن كە حكومەتی هەرێم تەواوی مافی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، بەتایبەتی سێ‌ موچەی ئەمساڵیان كە تائێستا دابەشنەكراون، بەڵام دەبێت لیژنەی ورد و شارەزایش لە كابینەی نوێدا چاودێری كارەكانی فەرمانبەران بكەن، چونكە “هەندێكیان بەبێ‌ منەتانە كاردەكەن و وەڵامی هاووڵاتیان نادەنەوە و تەنانەت لەكاتی دەوامكردنیشدا كارێكی ئەوتۆناكەن، بۆیە دەبوو لە كارنامەی حكومەتیشدا باسبكرایە و سزای توند دیاری بكرایە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە مامەڵەی هاووڵاتیان ڕایناكرێت و هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران ناچار دەكەن پەنابەرن بۆ كەسانی سەروو و یان ڕەشووە و بەرتیل”.

“هەندێك فەرمانبەر كارێكی ئەوتۆ ناكەن، بێ‌ منەتانە كاردەكەن و وەڵامی هاووڵاتیانیش نادەنەوە”

وتیشی”دەیان بەڵگەمان لایە، سێ‌ تا چوار ساڵە مامەڵەی بازرگانان لە فەرمانگەكاندا ڕایناكرێت و كاریان لەسەر ناكرێت، كەواتە دەوامبكات یان نەیكات، هیچ سودێكی نییە، چونكە مۆدێلی كاركردنی كەرتی گشتی زۆر كۆنە و وەك سەردەمی عوسمانییەكان مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیاندا دەكەن و هاووڵاتیان ڕۆحیان دەردەچێت تا مامەڵەیەكیان بۆ دەكرێت، هەروەها كێشەی شۆڕنەكردنەوەی دەسەڵات هەیە”.

سەبارەت بە بڕیارەكەی حكومەتیش بۆ سزادانی هەر فەرمانبەرێك ئەگەر پابەندی دەوام نەبێت و مامەڵەی هاووڵاتیان ڕاینەكات، ناوبراو وتی”ئەمجارە حكومەت بڕیارەكەی جێبەجێ‌ دەكات و فەرمانبەران پابەنددەكات بە دەوامكردن و ڕایكردنی كاری هاووڵاتیانەوە و ئەو پاشاگەردانییەی لە ساڵانی پێشوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەبوو، كۆتایی دێت”.

یاسین مەحمود ڕەشید، كە هاوكات یەكێكە لە وەبەرهێنەرە ناسراوەكانی هەرێمی كوردستانیش ئاماژەی بەوەكرد، دوای بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جموجوڵ كەوتووەتەوە فەرمانگە و بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان”بەشێكی گرنگی كارنامەی حكومەتیش دەوامی ئاسایی فەرمارنبەران بوو، لە كابینەی پێشوودا وەزیر هەبووە، دەوامی ئاسایی نەكردووە، دەبێت كارمەندەكان چۆن دەوامبكەن!”.

ئەگەرچی فەرمانبەران بوونی پاشەكەوتی مووچە و دواكەوتنی مووچەیان كردووەتەپاساوی پەكخستنی كاروباری فەرمانگەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە گوتەی شارەزایانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و عیراق فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بەراورد بە كەرتی تایبەت و هاووڵاتیان بە گشتی خاوەن زۆرترین ئیمتیازن هەر لە بوونی موچەیەكی تاڕادەیەك باش و بوونی چەندین جۆر دەرماڵە كە زۆرێك دەرماڵەی 100%یان هەیە، پێدانی چەندین جۆری سلفە پێیان و دواجار خانەنشینكردنیان، هاوكات كارئاسانی زۆر بۆیان لە ڕووی دەوامكردن بەتایبەت بوونی دوو رۆژ ئۆفی هەفتانە، بوونی پشوویەكی زۆری ساڵانە و هەندێك جار ناوبڕی پشووەكانیش، ئەمە لەحاڵێكدا بەشێكی فەرمانبەران خاوەنی بڕوانامەی بەرز نین و لە شێوازی بەڕێوەبردنی سەردەم لە ڕووی ئەلیكترۆنی و ئینتەرنێت و كۆمپیوتەر شارەزاییان نییە، كە بەشێكی فەرمانبەرانیش كادری حزبی بوون و بە پاڵپشتی حیزبەكان دامەزرێندراون نەك ئەزمون و بڕوانامە و لێهاتوویی و پێویستی، چونكە زۆرێك لە فەرمانگەكان كێشەی هەڵاوسان و زۆری فەرمانبەریان هەیە، ئەمە وێڕی فەرمانبەرانی بندیوار.

بینای ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ژمارەیەك لە فەرمانگەكان كە ناویان لامان پارێزراوە بەهۆی زۆری ژمارەی فەرمانبەران و ڕێوشوێنی دانیشتنیان نییە بۆیە كەمترین دەوام دەكەن، بەتایبەت كە هەندێك لەوفەرمانگانە زۆرترین كادری حیزبی تێدا دامەزرێندراوە بە بێ هیچ ئەركێكی دیاریكراو.

ئەوە لەكاتێكدا زۆرێك لە دەرچووەكان كە خاوەن پسپۆڕی و شارەزایی زۆرن لە زمانزانی و زانستەكانی كۆمپیوتەردا بەڵام نە لە كەرتی گشتی دادەمەزرێندرێن و نە لە كەرتی تایبەتیش كاریان دەستدەكەوێت.

هاوكات خەڵكێكی زۆر لە كەرتەكانی دیكەی پیشەسازی و كشتوكاڵی و ئازاددا كاردەكەن و دەستكەوتێكی زۆر كەمیان هەیە و هیچ ئیمتیازێكی حكومی نایانگرێتەوە.

هاوكات كارمەندانی كەرتی تایبەت بە خاوەن ئەزموون و زمانزانی و بڕوانامەی بەرز و شارەزایی تەكنۆلۆژیای سەردەمەوە دەوام و كارێكی زۆر بە مووچەیەكی كەم دەكەن كە ئەو موچەیەش لە وادەی خۆیدا وەرناگرن و هیچ ئیمتیازێكی حكومی و تایبەت نایانگرێتەوە.

بۆیە شارەزایانی كارگێڕی پێیانوایە كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بە كۆی سیستمی خزمەتی گشتیدا بكات لە ڕووی خانەنشینكردنی بەشێك و جێگۆڕكێ بە بەشێكی دیكەیان و گواستنەوەی بەشێكیشیان بۆ كەرتی تایبەت و هاوشانكردنی یاساكانی كار و خزمەت و ئیمتیازات لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت كە بەو شێوازە باری سەرشانی حكومەت سووكتر دەبێت و كاروباری هاووڵاتیانیش ڕایی دەكرێن دەبینە خاوەن سیستمێكی بەرێوەبردنی كەرتی تایبەتی بەهێزیش.

ئابوری

وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەنگاوی ڕێكخستنەوەی میلاكاتی دەستپێكرد

خەڵك-بەشی هەواڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا هەنگاوی دووەم بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكاتی وەزارەتەكە ئەنجام دەدات.

لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمڕۆ 15-12-2019، بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە بەشداری یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكان بۆ كاروباری كارگێڕی لەگەڵ لیژنەی تایبەتمەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا د.خەتاب مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و دارایی وەزارەت وردەكاری پەیكەری وەزارەت و زانكۆكانی بۆ لیژنەی تایبەتمەند لەچوارچێوەی یاسا و لەسەر بنەمای زانستی بەش و كۆلێژ و زانكۆكان و دیوانی وەزارەت ڕوونكردەوە.

وتیشی، “بۆ ئامادەكردنی ئەو ڕاپۆرتە كار لەسەر پەیكەری زانكۆكان دەكەین، ئەمەش لەئەنجامی گفتوگۆیەكی درێژ لەگەڵ وەزارەتی دارایی پەیكەریی وەزارەت و زانكۆكان پەسەند كراون”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەنگاوی دووەم ڕێكخستنەوەی میلاكاتی وەزارەتەكانە، ئەمەش ماوەیەكی درێژی پێویستە بۆ ڕێكخستنەوەیان، وەزارەتی خوێندنی باڵا وەك میلاكی وەزارەتەكانی دیكەش نییە، چونكە پسپۆڕییەكان زیاتر زانستین.

لەبارەی ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكە، ناوبراو ڕوونیكردەوە، تا ڕۆژی پێنج شەممە پەیكەریەی وەزارەتەكەمان بەزانكۆكانیشەوە پێشكەشی لیژنە دەكەین، ئەمەش دوای پەسەندكردنی لەئەنجوومەنی وەزارەت.

لای خۆشیانەوە، ئەندامانی لیژنەی ئەنجوومەنی وەزیران، كە بۆ مەبەستی پێداچوونەوە بەپێكهاتەی وەزارەتەكان پێكهێنراوە، ئەرك و كاری لیژنەیەكەیان ڕوون كردەوە و هاوكات داوایان لە دیوانی وەزارەت و زانكۆكان كرد، تا ڕۆژی پێنج شەممە پێكهاتەكانیان بۆ لیژنەكە بنێرن، ئەمەش لەچوارچێوەی یاسای كارپێكراوەكان، كە كۆمەڵیك ئامانج هەن بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پڕۆژەیاسای چاكسازی كێشەی مووچەی پلەباڵاكانی ئاڵۆزتر كردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ

سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، تێبینییان لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی هەیە و گفتووگۆی لەسەر دەكەن.

زیاد جەبار، كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، چاكسازی نابێت تەنها لە كەمكردنەوەی خەرجییدا بێت، بەڵكو دەبێت بۆ زیادكردنی داهات و شەفافیەت و ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی داهاتیش بێت.

ناوبراو هەر لە قسەكانیدا ڕونیكردەوە، پڕۆژەكە لە پەرلەمان گفتووگۆی لەسەر دەكرێت و هەر پەرلەمانتارێك سەرنج و ڕەخنە و تێبینییەكی لەسەر پڕۆژەكە هەبێت دەتوانێت بیخاتەڕوو.

پڕۆژەیاسای چاكسازی ڕۆژی 12ی ئەم مانگە لەلایەن حكومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان كرا و بڕیارە سبەینێ‌ دووشەممە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.

بەپێی پڕۆژەیاساكە دەستكارییەكی ئەوتۆی مووچە و خانەنشینی پلەباڵاكان نەكراوە و ئەوەش نیگەرانی زۆری دروستكردووە.

سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری وتیشی”مووچە و خانەنشینی پلەباڵاكان بە یاسا ڕێكخراوە و یاساش قابیلی دەستكاریكردنە، پێویستە مووچەی پلەباڵاكان كەمبكرێتەوە”.

بەپێی پڕۆژەیاساكە پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی دیكە دەتوانن لە تەمەنی 45 ساڵدا و دوای 15 ساڵی خزمەت خانەنشین ببن، كە تێكڕای مووچەی خانەنشینییەكەیان دەگاتە نزیكەی 5 ملیۆن و 250 هەزار دینار.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی ڕاگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، خشتەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی بڵاوكردەووە.

بەپێی خشتەكە سەرجەم وەزارەتەكان بەم شێوەیە مووچە وەردەگرن:

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی١٢ی٢٠١٩:
– وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی
– ئەنجومەنی دادوەری
– مووچەی مانگی ٣ی٢٠١٩ی كەمئەندامان
– وەزارەتی داد

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی١٢ی٢٠١٩:
– وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان
– وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی
– وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی١٢ی٢٠١٩:
– وەزارەتی ناوخۆ
– ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش
– هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی پێشمەرگەی بەرگری و فریاكەوتن
– مووچەی مانگی ١٠ی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەو پاسپۆرت و نشینگەی هەرێم
– مووچەی مانگی ٩ی لیوای١و٢ی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگاكانی نەوت وگاز

ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی١٢ی٢٠١٩:
– وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
– وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن
– وەزارەتی كارەبا
– وەزارەتی پلاندانان
– وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
– دەستەی مافی مرۆڤ
– دەستەی دەسپاكی
– دەستەی وەبەرهێنان
– دەستەی ژینگە
– دەزگای مین
– دەستەی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم
– دیوانی چاودێریی دارایی
– كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی.

ڕۆژی یەكشەممە ٢٢ی١٢ی٢٠١٩:
– وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن
– وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
– وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
– سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
– سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران
– سەرۆكایەتیی پەرلەمان
– مووچەی مانگی ١٢ی٢٠١٨ی خانەنشینی پێشمەرگە

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی١٢ی٢٠١٩:
– مووچەی مانگی ١٢ی٢٠١٨یخانەنشینی شارستانی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان