ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

ڕێنمایی نوێ‌ بۆ پلەبەرزكردنەوە دەردەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
جێگری سەرۆك ئەركانی پێشمەرگە بۆ مەشق و ئۆپراسیۆنەكان ئاشكرای دەكات، كە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕێنمایی نوێ‌ بۆ پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەردەچێت و دەشڵێت: “پلەبەرزكردنەوە بەپێی پلە و بڕوانامە دەبێت”.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆك ئەركانی پێشمەرگە بۆ مەشق و ئۆپراسیۆنەكان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە، كە بە ڕێنمایی نوێ‌ وەك هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پێشمەرگەش پلەبەرزكردنەوە بۆ ھێزی پێشمەرگە بكات، بەجۆرێك پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای بڕوانامەبێت.

وتیشی، “لە ساڵی 2016 پلەبەرزكردنەوە بۆ پێشمەرگە كراوە و لە ساڵی 2017شدا بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بەهەمان شێوە پلەبەرزكردنەوە بكرێت، بەڵام بڕیار دراوە، كە ڕێنماییەكە بۆ پلەبەرزكردنەوەی 2018 كاری پێ‌ بكرێت و لەمەولا ھێزی پێشمەرگەش بەپێی بڕوانامە پلەی بەرزدەكرێتەوە و مەرجیشە پلەی چۆڵ هەبێت بۆ بەرزكردنەوە”.

ئاشكراشی كرد، كە لە 2018دا ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە، كە ڕێنماییەك دەربكات، كە بەپێی ڕوتبە، پلە بۆ هەر بڕوانامەیەك دابنێت و لە ئێستادا بەتەواوی ڕێنماییەكە دەرنەكراوە.

جەختیشی كردەوە، كە وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت پلە بەپێی بڕوانامە بۆ ڕوتبەكانی پێشمەرگە دیاری بكات و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بكاتەوە.

لیوا قارەمان ڕاشیگەیاند، ئەو ڕێنماییە پێشمەرگە دێرینەكان و ھەر پێشمەرگەیەك، كە پێش ساڵی ١٩٩١ بووبێتە پێشمەرگە ناگرێتەوە، واتە ئەوان بەشێوەی ئاسایی خۆیان و بەبێ‌ بوونی مەرجی بڕوانامە پلەیان بەرزدەكرێتەوە لەكاتی شایستەبوونیان بە پلەبەرزكردنەوە.

پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ بە بەردەوامی و بێ‌ وەستان لەكاتێكدایە، كە ماوەی نزیكەی 4 ساڵە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی.

ئابوری

داواكاریەكی خۆپیشاندەرانی پێنجوێن جێبەجێ‌ كرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەمڕۆی هاووڵاتیانی شارۆچكەی پێنجوێن، كە تا ئێستاش بەردەوامە، بڕیاری دابەشكردنی نەوت لەو شارۆچكەیە درا.

لە بەیانی ئەمڕۆوە خۆپیشاندان لە شارۆچكەی پێنجوێن و ڕێگای سەرەكی پێنجوێن- باشماخ دەستی پێكردووە و هاووڵاتیان ڕێگای هاتووچۆی تانكەرەكانی نەوت-یان گرتووە و تا ئێستاش خۆپیشاندانەكە بەردەوامە.

بەپێی قسەی خۆپیشاندەران، بەڵێنیان پێ‌ دراوە لەم هەفتەیەدا بڕی چوار هەزار بەرمیل نەوت بگاتە شارۆچكەكە و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكرێت.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت ڕۆژی چوار شەممە لە قەزای پێنجوێن دەست پێ دەكات”.

خۆپیشاندەرانی پێنجوێن چوار داواكارییان هەیە، كە بریتیە لە پێدانی كارەبای بەردەوام و دابەشكردنی نەوت و سوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە مەرزەكانی باشماخ و سەیرانبەند و دروست كردنی تونێلی پێنجوێن.

پێشتر، زانا ڕەحمان، قائیمقامی پێنجوێن بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەكو حكومەت كەناڵی دیكەمان هەیە بۆ گەیاندنی داواكاری هاووڵاتیان، بەڵام ئێمە پشتگیری داواكارییەكەیان دەكەین، چونكە داوای سووتەمەنی و كارەبا دەكەن و داواكاری چین و وێژەكانی ناوچەكە، داواكاری ئێمەش بووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پێنجەمین گەورە بەنداو لە هەرێمی كوردستان كارەكانی كۆتایی هات

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كارەكانی تایبەت بە تەواوكردنی پێنجەمین گەورە بەنداوی هەرێمی كوردستان لە كۆتاییدایە و دەشڵێت: “11 بەنداوی بچووك و مامناوەند لە هەرێم دەست بە تەواوكردنیان دەكرێت”.

ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، حكومەتی ھەرێم ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر خەرجكردنی بڕی ٣٣ ملیار دینار بۆ بەنداوە تەواونەكراوەكان، كە ژمارەیان ١١ بەنداوە لە تەواوی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان و لەمەودوا دەست بە تەواوكردنیان دەكرێت و ئامادەكاری تەواویش بۆ دەستپێكردنیان كراوە.

دەشڵێت: “بەنداوی دێوانە لە دوای بەنداوی دوكان، دەربەندیخان، دهۆك و ئاوەسپی، وەك پێنجەم گەورەترین بەنداوە لە ھەرێمی كوردستان، بە هۆی ئەم بارانبارینەشەوە بەشی كۆنكرێتی بەنداوەكە تەواو نەكراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا كۆتایی بە كارەكانی بەنداوەكە دێت”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو بەنداوە سوودێكی زۆری بۆ خەڵكی دەربەندیخان و دەورووبەی دەبێت، ھاوكات كەمی ئاوی ئەو ناوچەیە چارەسەر دەكات و بۆ سامانی گشتی و ژینگەی ئەو ناوچەیە و جووتیارانیش بەسوودە.

بەنداوی دێوانە دەكەوێتە سنووری دەربەندیخان و ساڵی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانرا، بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكە ڕاگیرا، لە ئێستادا حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕی ٣٣ ملیار دیناری بۆ تەواوكردنی ١١ بەنداوی بچووك و مامناوەند لە ھەرێمی كوردستان دابین كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

مووچەی خانەنشینان زیادكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق لە لایەن سەرۆك كۆماری عیراقەوە واژۆ كرا و لە ڕۆژنامەی وەقائیعی فەرمی عیراق بڵاوكرایەوە و لە كۆتایی ئەمساڵدا دەكەوێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

دوای ئەوەی پەڕلەمانی عیراق لەژێر گوشاری خۆپیشاندەران یاسای خانەنشینی هەموار كردەوە، سەرۆك كۆماری عیراق پەسەندی كرد و لە ڕۆژنامەی وەقائيعی عیراق بڵاوكرایەوە و لە 31-12-2019ەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

بەپێی یاساكە، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە، تەمەنی یاسایی خانەنشینی لە (63) ساڵەوە كەمكراوەتەوە بۆ (60) ساڵ و بەم هۆیەشەوە ژمارەیەكی بەرچاو لە فەرمانبەران خانەنشین دەكرێن.

هەر بەپێی یاساكە، كەمترین مووچەی خانەنشینی كراوە بە 500 هەزار دینار بە ئەژماركردنی دەرماڵەی گوزەران (مخصصات المعیشە) و دەرماڵەی بڕوانامە.

وەك لە یاساكەدا هاتووە، “ماوەی خزمەتی خانەنشينی ئەو فەرمانبەرانەی، كە شایستەی پاداشتی كۆتایی ڕاژە دەبن لە (30) ساڵەوە كەمكردۆتەوە بۆ (25) ساڵ لە هەمان كاتدا كۆت و بەندەكانی شایستەبوونی كەم كردۆتەوە و پاداشتی كۆتایی ڕاژە (اكرامی) بە فەرمانبەری خانەنشین دەدرێت، كە بریتیە لە كۆی مووچە و دەرماڵەی 12 مانگ.

بەپێی مادەیەكی دیكەی یاساكە، شایستەبوون بە وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی، كە خانەنشین دەكرێن لە (50) ساڵەوە كەمكردۆتەوە بۆ (45) ساڵ، كە ئەمەش ژمارەیەكی بەرچاوی فەرمانبەران لێی سوودمەند دەبن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان