ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ژمارەیەك كۆمپانیا و ڕێكخراوی هەلی كار سزا دەدرێن

خەڵك –بەشی هەواڵ

وەزارەتی ناوخۆ ئەو كۆمپانیا و ڕێكخراوانە دەخاتە لیستی ڕەشەوە كە بە ناوی دابینكردنی هەلی كار فێڵی نایاسایی دەكەن و ڕێژەیەك پارە لە مووچەكانیان وەردەگرن.

بەپێی فەرمانێكی وەزارەتی ناخۆی هەرێمی كوردستان كە ڕۆژنامەی (باس) بڵاویكردووەتەوە ئاماژە بەوە كراوە هەر كۆمپانیایەك یان ڕێكخراوێك گرێبەستی نایاسایی بۆ دابینكردنی كرێكاری بیانی ئەنجام بدەن ئەوە ڕێكاری یاسایی دژیان دەگیرێتەبەر.

ئەوەش خراوەتەڕوو چەند ڕێكخراوێكی تایبەت بە هەلی كار هەڵساون بە ئەنجامدانی چەند گرێبەستێكی نایاسایی بۆ دابینكردنی كرێكاری بیانی بۆ لایەنەكان، هاتووە” ئەو كۆمپانیایانە بە شێوەیەكی نایاسایی بە بێ هەبوونی ڤیزە و مامەڵەی نشینگە، كرێكاریان بۆ چەند لایەنێك دابینكردووە، ئەمەش پێشێلكردنی یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكانە”.

وەزارەتی ناوخۆ ئاشكرای كردووە” لەبەر ئەوەی پێشێلی یاسایان كردووە بۆیە هەرسێ ڕێكخراوی ئاهەنگ، بۆ هەلی كار، ڕێكخراوی دادگا بۆ هۆشیاری یاسایی، ڕێكخراوی بەرزەكار بۆ دابینكردنی هەلی كار خراونەتە لیستی ڕەشی وەزارەتی ناوخۆ”.

بەپێی ناوەڕۆكی نوسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ دەردەكەوێت، یەكێك لەو ڕێكخروانە هەستاوە بە دابینكردنی هەلی كار بۆ كەسانی بیانی بە وەرگرتنی ڕێژەیەك لە مووچەكانیان، هاتووە” وەرگرتنی ڕێژەیەك لە مووچە لە بڕی دابینكردنی هەلی كار پێچەوانەی ئامانجی ڕێكخراوەكەیە كە لەسەر بنەمای قازانج نەویست كاردەكەن هەروەها پێویستە پێشینە بدرێتە هێزی كاری ناوخۆیی”.

بەپێی ئامارە فەڕمییەكان، نزیكی 35 هەزار كرێكاری بیانی هاتونەتە هەرێمی كوردستان، كە پێك دێن لە كرێكاری پڕۆژە و خزمەتكاری ناوماڵ.

ریکلام

کوردستان

مەسرور بارزانی بانگهێشتی ڕوسیا دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا دەكات و بانگهێشتی ئەو وڵاتە دەكرێت بۆ بەشداری كردن لە فۆرومی نێودەوڵەتی ئابووری سانت پێترسبۆرگ.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوار شەممە 2020/1/29 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوە و نوێنەری سەرۆكی ڕوسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كرد.

لە دیدارێكدا ، بارودۆخی عیراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕوسیا تاوتوێ كران.

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، سڵاوی ڤڵادیمێر پوتن و سەرۆك وەزیرانی ڕوسیای بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیاند و بانگھێشتنامەی فەرمیشی پێشكەشكرد بۆ بەشداریكردن لە فۆرومی نێودەوڵەتی ئابووری سانت پێترسبۆرگ .

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی ئارامبوونی دۆخی عیراق و سوریا و هەماهەنگی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش و تیرۆر و ڕۆڵی گرنگی هەرێمی كوردستان لە سەقامگیری ناوچەكەدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بۆگدانۆف كۆبووەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری سەرۆكی ڕوسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا كۆدەبێتەوە و جەختی لەخواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودانی پەیوەندییەكانی لە هەموو بوارەكاندا لەگەڵ ڕوسیا كردەوە و دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی كۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی لە كەرتی وزەدا لە هەرێمی كوردستان كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 29/1/2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆكی ڕوسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا و جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و باڵیۆزی ڕوسیا لە بەغدا و كونسولی گشتی لە هەولێر و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە ژمارەیەك دیپلۆماتكار و بەرپرسانی كۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی پێكهاتبوون.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “بۆگدانۆف سڵاو و ڕێزی ڤلادیمیر پوتین و سەرۆك وەزیرانی ڕوسیای گەیاندە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ستایشی ڕۆڵی بەڕێزیان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی كرد”.

هەردوولا دۆخی عیراقیان تاوتوێ كرد و جەختیان لە گرنگیی هەوڵدان بۆ ئارامكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكە و نەبوونی عیراق بە گۆڕەپانی كێشە و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان كردەوە، هەروەها تیشكیان خستە سەر خۆپیشاندانەكان و هەوڵەكان بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق، كێشەكانی هەولێر ــ بەغدا و گرنگی هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە كێشە لەسەرەكان.

دۆخی سوریا و هەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەكان و پرسی كورد و ئایندەیان لە چوارچێوەی سوریا و ڕۆڵی ڕوسیا لەو وڵاتە، بەردەوامیی مەترسییەكانی تیرۆر و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی، پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەكانی كێشەی فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی مایەی بایەخی هەردوولا، بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لە ڕاپەڕین مێردمنداڵێك خۆی كوشت

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ڕایدەگەیەنێت، مێرد منداڵێكی تەمەن 16 ساڵ لە شارەدێی ژاراوە خۆی كوشت،لێكۆڵینەوەش بۆ زانینی هۆكاری ڕووداوەكە دەستیپێكردووە.

بەپێی ڕِاگەیەنراوێك، كە لەلایەن پۆلیسی ڕاپەڕینەوە بڵاوكراوەتەوە، “پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی مێردمنداڵێك بەناوی ( س . ع . س ) تەمەن 16 ساڵ، پیشەی قوتابی، دانیشتووی شارەدێی ژاراوەی سەر بە شارۆچكەی پشدەر (قەڵادزێ) گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ، كە بەچەكی جۆری (ئێم فۆڕ) لە ماڵی خۆیاندا خۆی كوشتووە”.

بە وتەی پۆلیس، “لە دوای گەیشتنی تەرمەكە بە نەخۆشخانە، دەركەوتووە شوێنەواری سێ گولـلـە بە سەریەوە هەبووە، پاش توێكاری بۆ لاشەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە”.

پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت: “دوابەدوای ڕووداوەكە، دەستبەجێ تیمەكانی بەڵگە و تاوانی پشدەر چوونەتەسەر شوێنی مەبەست و دەستگیراوە بەسەر چەكی بەكارهاتوو،بەڵام تائێستاش هۆكاری ڕووداوەكە نەزانراوە، دۆسێی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە ڕێكخراوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان