ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

“حكومەتی نوێ‌ لەبری خەمی خەڵك و مووچە باسی دەوام دەكات”

خەڵك – بەشی هەواڵ
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایەگەیەنێت، ئەو كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیارەكانی قسەكانی ئێمەی پشتڕاست كردەوە بەوەی لە ڕابردوودا وتمان ئیدارەدانی حكومەت لەم هەرێمە لە سەرەتایی ترین ئاستیایەتی.

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر درا، ئەوەی سەلماند، كە شێوازی كاركردن و ئەدای حكومەت لە سەرەتایی ترین ئاستدایە.

وتیشی، “تازە بە تازە بڕیار دەدرێت لە وەزیرەوە تا خوارەوە پابەند بێت بەدەوامی فەرمی ڕۆژانەی خۆی، كە ئەوە ئەلف و بێی ئیدارەدان و حكومڕانیە، كە دەبوو حكومەت یەكەم كۆبوونەوەی بۆ كێشەكانی هاووڵاتیان بێت هەر لە پاشەكەوتی مووچە و چارەسەركردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیان”.

ڕاشیگەیاند، دەبوو قسە لەسەر شتە گەورە مەترسیدارەكان و ئەو دۆخە بكرایە، كە بەسەر خەڵك هاتووە لە ڕووی دەروونی و مەعنوییەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئێمە لە 19ی شوباتی 2019 دا چەندین پڕۆژ یاسامان پێشكەشی پەڕلەمانی كوردستان كرد، كە تایبەتن بە خزمەتكردنی هاووڵاتیان و باشكردنی ژیان و گوزەران و پاشەكەوتی مووچە و هەمواری یاسای خانەنشینی، كە هاوتای عیراقی لێ بكرێت و لە 400 هەزار كەمتر نەبێت.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم یەكەم كۆبوونەوەی كابینەی نوێی ئەنجامدا و 6 بڕیاری دەركرد، كە تایبەت بوون بە پابەندبوونی وەزیرەكان و بەرپرسە باڵاكان و فەرمانبەران بە كاتی دەوام و بنبڕكردنی گەندەڵی و نەهێشتنی ڕۆتین، بەڵام بەهیچ شێوەیەك باسی مووچەی فەوتاو و 3 مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی نەكرد.

ئابوری

مامەڵە كردن بۆ تاپۆكردنی زەوی و خانووە بێ‌ تاپۆكان دەستی پێكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەستپێكردنی مامەڵەی تاپۆكردنی زەوی و خانووە بێ‌ تاپۆكان ڕادەگەیەنێت و داواش لە هاووڵاتیان دەكات بە مەبەستی مامەڵە ڕوو لە قائیمقامیەتی كەلار بكەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ (29ی كانوونی دووەم) بە مەبەستی جێبەجێكردنی یاسای تایبەت بە تاپۆكردنی زەوی و خانووە بێ تاپۆكان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ قائیمقامی كەلار و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای گەرمیان و بەڕێوەبەری تاپۆی گەرمیان و سەرۆكی شارەوانی كەلار و لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبووەوە.

سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، یاسای ژمارە (3)ی 2019ی تایبەت بە تاپۆكردنی خانوو و زەوییە بێ تاپۆكان، كە لەلایەن پەڕلەمانی كوردستانەوە دەرچووە خستەڕوو، داواشیكرد لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێكارە یاساییەكان بگرنەبەر و لە چوارچێوەی ئەو ڕێكارانە كار ئاسانی بكەن بۆ ئەو هاووڵاتیانەی خانوو یان زەوییان هەیە و مامەڵەی تاپۆكردنیان بۆ دەكەن.

بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان باسیان لە وردەكاری یاساكە كرد و لە كۆتاییشدا بڕیاردرا، ئەو هاووڵاتیانەی خانوو یان زەوی بێ تاپۆیان هەیە بە مەبەستی مامەڵەی تاپۆكردن سەردانی قائیمقامیەتی كەلار بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخ و كاتی پێدانی كارەبا چی بەسەردێت؟
لە سلێمانی 61 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبا بەستراوە

سلێمانی – نزار جەزا
تاكو ئێستا 61 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبا لەشاری سلێمانی بەستراوە و بڕیارە لەماوەی ساڵ و نیوێكدا پڕۆژەكە تەواو بكرێت.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا 9% بۆ 10%ی هەموو شاری سلێمانی پێوەری زیرەكی بۆ بەستراوە و پڕۆسەكە زۆر بەخێرایی و بەباشی ڕۆژانە بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەو ماوەیەی لیژنەكان لەشاری سلێمانی كاریان كردووە 61 هەزار پێوەری زیرەكیان بەستووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو پلانەی داندراوە لەماوەی ساڵ و نیوێكدا هەموو شاری سلێمانی پێوەری زیرەكی بۆ دەبەسترێت.

باسی لەئەوەشكرد، هێشتا وردەكاری و بڕی بەكارهێنانی كارەبا لەڕێگەی ئەو پێوەرەوە دیاری نەكراوە، بەڵكو جارێ تەنها پێوەرەكان دەبەسترێن، دواتر كە پڕۆسەكە هەمووی تەواوبوو وردەكارییەكان دیاری دەكرێن.

ئاشكراشی كرد، بەمەبەستی ئاگاداربوونی لەچۆنیەتی بەڕیوەچوونی ئیشوكارەكان، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای تۆڕی زیرەكی كارەبا لە وەزارەتی كارەبا سەردانی پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەكی كرد، پاشان لە بەڕێوەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لەگەڵ ستافی لیژنەكانی سەرپەرشیاری و وەرگرتنی كۆتایی پڕۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبا كۆبوونەوە.

پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەك یەكێكە لەپڕۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ڕەوشی كارەبا و لەكۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە دەستكراوە بەجێبەجێكردنی و بەسەرپەرشتی لیژنەی تۆڕی زیرەك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، كە لەلایەن كۆمپانیای (شاندز)ەوە جێبەجێ دەكرێت

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

لە سلێمانی 4 دوكانی غاز بەهۆی گرانفرۆشییەوە داخران

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی شاردنەوە و گرانفرۆشی غازی ماڵان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی چوار دوكان دادەخەن.

ئازاد نەبی، سەرۆكی لیژنەی یەكی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاندووە، لەئەنجامی بەدواداچوونی لیژنە هاوبەشەكان بۆ ئەو دوكان و شوێنانەی غازی ماڵان دەشارنەوە یاخود بەگران دەیفرۆشن، لە شەقامی مامەڕیشە چوار دوكانی غاز فرۆشتن داخران.

وتی، “پێشتر، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە كارگەكانی غازی ماڵان و تاك فرۆشەكان ئاگادار كراونەتەوە، لە شاری سلێمانی لەڕووی كەمییەتی و نرخەوە كێشە بۆ غاز دروست نەبووە، هەرشوێنێك غاز بشارێتەوە یاخود بە گرانتر لە نرخی ئاسایی خۆی بیفرۆشێت ڕووبەڕووی داخستن دەبێتەوە”.

ڕاشیگەیاند، ئەو غازەی لەلایەن دوكاندارەكان شاردرابوونەوە بە نرخی ئاسایی، كە 7 هەزار و 500 دینارە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش كراوە و هاووڵاتیانیش دەستخۆشیان لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی یەك-ەوە شوێنەكان دادەخرێن و خاوەنەكانیشیان ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان