ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

لە سلێمانی دوابڕیار لەسەر پێوەری میكانیكی ئاو دەدرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی كۆدەبنەوە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی پرسی پێوەری میكانیكی ئاو، كە ماوەیەكە ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە و ئەندامێكی ئەنجوومەنیش دەڵێت: ” پارەی زیاد و هەواش دەخوێنێتەوە”.

كاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك )ی ڕاگەیاند، لەماوەی ڕابروودا زۆر قسەمان لەسەر پرسی پێوەری میكانیكی ئاو كرد، كە كێشەی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە، كە بڕی پارەی زیاد دەخوێنێتەوە.

وتیشی، “كێشەكانی ئەوەبوون، كە پێوەرەكان هەواش دەخوێننەوە و كێشەی دیكەیان هەیە ئەمە جگە لە گرانی نرخەكەی، كە بۆ هاووڵاتیان بارگرانیە”.

ڕاشیگەیاند، بڕیارە سبەی لەگەڵ هاوڕێیەكم لە ئەنجوومەن سەردانی پارێزگاری سلێمانی بكەین بۆ پرسی یەكلاكردنەوەی پێوەری میكانیكی ئاوی ماڵان.

ئەمە لەكاتێكدایە، بە بڕیاری پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا دهۆك كاركردن بە پێوەری ئاو لەو پارێزگا ڕاگیرا و دواتریش لە چەمچەماڵ بڕیارێكی هاوشێوە دەركرا، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت: “بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان و بژێوی ژیانیان و كەمكردنەوەی ڕێژەی زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئاو، پڕۆژەی دانانی پێوەری میكانیكی باشترین ڕێگەچارەیە، پرۆژەكە لەپێناو پارێزگاری كردنە لە سامانی ئاو”.

ئابوری

سەرەڕای سزاكان بەهای تمەن بەرزدەبێتەوە
ئێرانیەكان لای سەرمایەدارانی هەرێم پارەكانیان دادەنێن

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەردەوام گوشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بە هۆی ئاڵۆزیەكانەوە زیاتر دەبێت، كەچی بەهای تمەنی ئێرانی بەڕادەیەكی بەرچاو لە ئاستێكی جێگیردا ماوەتەوە، خاوەنی نووسینگەیەكی دراویش لە سلێمانی دەڵێت: “زۆربەی بازرگاكانەكانی ئێران تمەنەكانیان كردووە بە دۆلار و لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان دایانناوە”.

ئیبراهیم غەفور، خاوەنی نووسینگەی نەشوان لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەشێكی زۆر لە بازرگانەكانی ئێران هەموو پارەكەیان كردووە بە دۆلار و كاریان لە ئێستادا بە دۆلارە، بەشێكیان پارەكانیان دوای ئەوەی كردووە بەدۆلار لای كەسانی باوەڕپێكراو لەدەرەوەی وڵاتی خۆیان دایانناوە و لە سلێمانی چەندین حاڵەتی لەو شێوەیە هەیە.

وتیشی، “بەهۆی ئەوەی مامەڵەی گەورە بازرگانەكان لە ئێستادا بە دۆلارە، تمەن لە بازاڕەكانی ئێران كەمبۆتەوە و خواستی زۆری لەسەرە، بۆیە تا ئێستا لەگەڵ ئەو هەموو گوشار و سزایانەی دەخرێتە سەر ئێران هێشتا تا ڕادەیەك بەجێگیری ماوەتەوە”.

ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ بەهۆی ئەوەی سەری مانگە و بانكی ناوەندی ئێران نەبوو تەمەن كەمێك بەهاكەی بەرزبووەوە، بەجۆرێك 100 دۆلار بە ملیۆنێك 141 هەزار تمەن بەدەستی و ملیۆنێك 149 هەزار تمەن بەحەواڵە مامەڵەی پێوەكرا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پێدانی ئاو بە سلێمانی و چەمچەماڵ و چەند ناوچەیەك ڕادەگیرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە لە ڕۆژی چوار شەممەوە و بۆ 24 كاتژمێر پێدانی ئاو بە سلێمانی و چەمچەماڵ و چەند ناوچەیەك ڕادەگیرێت.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئاگاداری هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و چەمچەماڵ و شۆڕش و تەكییە و حەوزی بازیان دەكەین، كە ڕۆژی چوار شەممە ۲۵- ۹ -۲٠۱۹ بۆ ماوەی ۲٤ كاتژمێر دابەشكردنی ئاو لە هەردوو هێڵی یەك و دووی ئاوی دوكان- سلێمانی دەوەستێت.

سەبارەت بە هۆكاری ڕاگرتنی پێدانی ئاو ئاشكراشی كرد، كە بەهۆی كاركردن لە گواستنەوەی دوو تاوەری كارەبا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی چاككردنی هێڵەكانی كارەباوە دابەشكردنی ئاو دەوەستێت.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەكات، “بەكارهێنانی ئاو كەم بكەنەوە تا گرفتی بێ ئاوی ڕوونەدات”.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەڕێگەی پڕۆژەی ئاوی سەرچنار و هەردوو پڕۆژەی ئاوی دوكان- سلێمانی-یەوە ئاوی خواردنەوە بۆ شاری سلێمانی و دەورووبەری لە تاسڵوجە و پیرەمەگروون و هەروەها بازیان و تەكیە و چەمچەماڵ دابین دەكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وادەی پێدانی ژمارە نایابە خۆڕاییەكانی هەڵەبجە ئاشكرا كرا

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، دوای فرۆشتنی تابلۆ تایبەتەكانی هەڵەبجە 20%ی دەدرێتەوە بە هاتووچۆی هەڵەبجە و ئێمەش لە خزمەتگوزاری و شەقامەكاندا خەرجی دەكەین.

دوای زیادكردنە ئاشكراكەی هەفتەی ڕابردوو بۆ تابلۆ تایبەتەكانی پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام هیچكام لە تابلۆكان نەفرۆشران و ئەو زیادكردنەی بۆی كرابوو هیچ بازرگانێك ئەو نرخەی نەدا، پارێزگاری هەڵەبجەش ڕایگەیاند، بۆ جارێكی دیكە و لە ڕۆژانی داهاتوودا زیادكردنێكی دیكەی ئاشكرا ڕادەگەیەنین بۆ فرۆشتنی تابلۆكان.

حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، داهاتی 100%ی تابلۆكان دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و لەو ڕێژەیەش 20%ی داهاتەكە دەگەڕێتەوە بۆ هاتووچۆی پارێزگاكە.

سەبارەت بە پێدانی تابلۆی هەڵەبجە بە ئۆتۆمبێل، ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بۆ پێدانی ژمارەی تابلۆی ئاسایی ئۆتۆمبێل، چاوەڕێی تەواوبوونی كاری كۆمپانیای دروستكەری تابلۆكانین و ئەگەری هەیە لە 15ڕۆژی داهاتوودا سەرجە كارەكانی تەواو ببێت.

وتیشی، “تابلۆ ئاساییەكان لە ژمارە 10001ەوە دەستپێ دەكەن و لەو ژمارەیەش بەدواوە بە خۆڕایی دەدرێتە هاووڵاتیان”.

بەپێی زانیارییەكان، جگە لەو تابلۆیانەی نرخێكی زۆریان لەسەر دانراوە بۆ فرۆشتن، ژمارەكانی دیكەی تابلۆی ئۆتۆمبێل هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە بە ڕسوماتی دیاریكراو بەپێی (بستۆن)ی ئۆتۆمبێل دەدرێت بە هاووڵاتیان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان