ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

عیراق 33 منداڵی داعشی ڕەوانەی ڕوسیا دەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
عیراق 33 منداڵ لە منداڵانی ئەو ژنە ڕوسیانەی لەنێو ڕیزەكانی ڕێكخراوی داعشدا بوون، بۆ وڵاتەكە ڕەوانەدەكاتەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە، وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، “لەڕێی فەرمانگەی یاساییەوە بەوپەڕی تواناوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، كە لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، وەزارەتی داد، دەزگا ئەمنییەكان پێكدێن، كار بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسێی ڕەوانەكردنەوەی منداڵانی داعشەكان دەكات بۆ وڵاتەكانیان”.

هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی عیراقدا هاتووە، “پڕۆسەی ڕەوانەكردنەوەكە 33 منداڵی ئەو ژنە ڕوسیانە بوو، كە لەڕیزەكانی داعشدابوون و بە هەماهەنگی بوو لەگەڵ باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە بەغدا”، داواشی لە هەموو وڵاتان كردووە، هەوڵەكانیان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتیانەیان چڕبكەنەوە، كە چووبوونە نێو ڕێكخراوەكە توندڕەوەكەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق، ئاماژە بە بەشداریكردنی دەكات لە پڕۆسەكانی ڕەوانەكردنەوەی منداڵان، كە ژمارەیان 473 منداڵ بووە و لە نەژادەكانی ڕوسی، تاجیكی، ئازەری، ئەڵمانی، فەڕەنسایی، جۆرجی، بیلاڕوسی، فنلەندی، ئۆكرانی و توركی بوون.

عێراق

سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی: هیچ ئەندامێكمان نەچێتە نزیك گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی گشتیی دەستەی حەشدی شەعبی لە عیراق داوای لە هێزەكانی حەشد كرد بەهیچ جۆرێك نەچنە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان.

فالح فەیاز سەرۆكی گشتیی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، سەرجەم پێكهاتەكانی حەشد ئاگادار كراونەتەوە كە بەهیچ جۆرێك و لە ژێر هیچ ناوێكدا لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان نزیك نەبنەوە و لە ناوچەكانی دەوروبەریشیدا دەرنەكەون.

هاوكات، فالح فەیاز، هەڕەشەی سزای توند و لەسەركارلابردنی هەر ئەندامێكی حەشدی شەعبیشی كردووە كە لە ڕاسپاردەكان لابدەن و سەرپێچی بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

وەزارەتی بەرگری عیراق لەسەر بۆردوومانكردنی ماڵی موقتەدا سەدر هاتە دەنگ

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی بەرگری عیراق ڕاگەیەنراوێكی لەسەر دەنگۆی بۆردوومانكردنی ماڵی موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە ناوچەی حەنانەی شاری نەجەف بڵاوكردەوە.

وەزارەتی بەرگری عیراق لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوەداوە، فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی عیراق ئەو هەواڵانە ڕەتدەكاتەوە كە لە هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراونەتەوە سەبارەت بە لێدوانێكی فەرماندەی بەرگری ئاسمانی عیراق تایبەت بە بۆردوومانی ناوچەی حەنانە لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ‌ فڕۆكەوانەوە.

وەزارەتی بەرگری عیراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی هیچ لێدوانێكی لەوبارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە و ئەو هەواڵانەی كە بڵاوكراونەتەوە هەڵبەستراون و لەوبارەیەوە وەزارەتی بەرگری ڕێكاریی یاسایی دژی هەموو ئەو كەس و لایەن و دەزگایانە دەگرێتەبەر.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

سەرۆكایەتی هەرێم: ئەو كوشتارەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی بەغدا دەكرێت تاوانی بێ پاساون

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی دۆخی خۆپیشاندانەكانی عیراق و ئەو گرژییەی شەوی ڕابردوو لە بەغدا دروستبوو بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت “ئەو كوشتارەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سڤیل لە پردی سنەك و گۆڕپانی خللانی لە بەغدا كرا، تاوانی بێ پاساون”.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوەكەدا، بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە بەردەوامیی ڕووداو و توندوتیژییەكانی بەغدا و پارێزگاكانی تری عیراق دەڕوانێت و ڕایدەگەیەنێت “لە كاتێكدا پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانییان دەكەین و هاوخەمیانین، هیوای زوو چاكبوونەوەش‌ بۆ برینداران دەخوازین، دووپاتی دەكەینەوە كە خۆپیشاندانی ئاشتییانە و سڤیل، مافێكی دەستووریی ڕەوا و پارێزراوە و بە هیچ شێوەیەك قبوڵكراو نییە”.

جێی ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو ژمارەیەك چەكداری دەمامكدار لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد و لە ئەنجامدا 16 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 كەسی تریش برینداربوون.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان..

بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە بەردەوامیی رووداو و توندوتیژییەكانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەڕوانین. ئەو كوشتارەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سڤیل لە پردی سنەك و گۆڕپانی خللانی لە بەغدا كرا، تاوانی بێ پاساون و تاوانكاران هەر كێ و لە هەر لایەنێكەوە بن، دامودەزگا و لایەنە بەرپرسەكانی عێراق دەبێ بیاندۆزنەوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

لە كاتێكدا پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستەی كەسوكاری قوربانییان دەكەین و هاوخەمیانین، هیوای زوو چاكبوونەوەش‌ بۆ برینداران دەخوازین، دووپاتی دەكەینەوە كە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و سڤیل، مافێكی دەستووریی ڕەوا و پارێزراوە و بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە ئەو زێدەڕۆییە لە توندوتیژی‌ بەرانبەر بە خۆپیشاندەر‌ان بەكار بێت و بكرێنە ئامانجی دەستڕێژ و هێرشی لەوجۆرە.

ئەركی هەموو لایەكە بە گیانێكی نیشتمانیی بەرپرسیارانەوە، مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن تاكو لە دەست دەرنەچێت و پێشهاتی ترسناكتر ڕوونەدەن، چیتریش خوێن نەڕژێت و هەمووان لە چوارچێوەی یاسادا بجووڵێنەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

7/12/2019

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان