ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

دەوڵەتی یاسا بۆ (خەڵك) هەڵوێستی خۆی بەرانبەر سەردانی بارزانی بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە لەلایەن نوری مالكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە سەردانی شاندی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات و هیواخوازە ئەم سەردانە بە هەمان شێوەی سەردانی جارەكانی تر بێ‌ ئەنجام نەبێت و ببێتە مایەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەرێم.

عەلی غانمی، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند، “دەوڵەتی یاسا لەگەڵ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانەدایە، كە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەن، بەڵام ناخوازین سەردانەكان ئەنجام بدرێن بەبێ‌ ئەوەی ببنە مایەی كۆتایی هێنان بەو كێشانەی لەنێوان هەردوولادا هەن، كە دووبارە دەبنەوە و بەردەوامن و لەنوێبوونەوەدان”.

بە وتەی عەلی غانمی، “دوای ئەوەی حكومەت پێكهێنرا و بودجە پەسەندكرا، ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم كرا، كە دەبێت هەناردەی نەوتی خۆی ئاشكرا بكات و پشكی عیراق لەو نەوتەی هەناردەی دەكات لەبەرانبەر دەستەبەركردنی پشكی لە بودجەدا دابین بكات، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان دەكرا بەئەنجام نەگەیشت”.

پەڕلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا پێیوایە، “سامانی نەوت سامانێكی فیدڕاڵییە و بۆ هەمووانە، بۆیە ناكرێت لایەنێك تاكڕەوی پێوە بكات بە حوكمی پێگەكەی، ڕاستە عیراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە، بەڵام سامانەكەی موڵكی هەموو گەلی عیراقە، لەگەڵ هەرێمیش لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كراوە، كە دەبێت هەرێم قەبارەی هەناردەی نەوتی ئاشكرا بكات و بڕی دیاریكراوی لێبدات بە بەغدا، لەبەرانبەر ڕەوانەكردنی پشكی هەرێم لە بودجەدا، ئەمەش بووە مایەی ناكۆكی و لەئێستادا كێشەی لەسەر دروست بووە”.

سەبارەت بە هەڵوێستی دەوڵەتی یاساش بەرانبەر ئەو كێشانە، غانمی وتی، “دەوڵەتی یاسا لەگەڵ چارەسەكردنی كێشەكانە و لەگەڵ ئەوەدایە هەموو لایەك مافی خۆی وەربگرێت”.

لەبارەی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی شاندی هەرێمی كوردستانیش بۆ بەغدا، پەڕلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: “ئەمە بەپێی هەڵوێستەكان هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت، گەر هەڵوێستی لایەنی كوردی بۆ بەڕێكردنی كات و تێپەڕاندنی كێشەكان بێت بەبێ‌ ئەوەی چارەسەربكرێن ئەوە بێ‌ ئەنجام دەبێت، بەڵام ئەگەر گۆڕانكاری بەخۆوە ببینێت و جۆرێك لە بەدەنگەوەهاتنی هەبێت، ئەوا ئەنجامی ئەرێنی دەبێت، پشت بە خودا ئەو هەنگاوە دەبێتە مایەی خزمەتكردن بە بەرژەوەندی گشتی”.

ئەمڕۆ دوو شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختی كردەوە، كە سبەینێ‌ سێ‌ شەممە شاندێكی باڵا بۆ دەربڕینی نیازپاكی و دەستپێكردنی گفتوگۆكان سەردانی بەغدا دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)یش شاندەكە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و چەند وەزیرێك و بەرپرسێكی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم یاوەری دەكەن.

ئەم هەڵوێستەی هاوپەیمانیەكەی مالكی بەرامبەر سەردانی بارزانی بۆ بەغدا لەكاتێكدایە، كە مەسرور بارزانی نامەیەكی پیرۆزبایی بۆ نوری مالكی نارد بەهۆی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی حزبی دەعوەی ئیسلامی شیعەكان و لە بەرامبەریشدا مالكی وەڵامی دایەوە و سوپاسی كرد.

عێراق

نوێنەری چەند پارێزگایەك داواكارییەك بۆ حكومەتی عیراق بەرزدەكەنەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ شەممە كۆنگرەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەربەلا دەستی پێكرد و نوێنەری 15 پارێزگا داوا لە حكومەتی عیراق دەكەن كۆنتڕۆڵی كایەی ئاسمانی و دەروازە وشكانی و ئاوییەكانی تەواوی وڵات بكات.

لە كۆنگرەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان 15 پارێزگا بەشدارییان كرد و لە كۆتاییدا لە بەیاننامەیەكدا كۆنگرەكە ڕایگەیاندووە، دوای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی بۆچوونەكان ئامادەبووان ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی داوا لە حكومەت بكەن كۆنتڕۆڵی تەواوی كایەی ئاسمانی و دەروازە سنوریە وشكانی و ئاوییەكان بكات.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، “ئەنجوومەنی پارێزگاكان پاڵپشتی خۆیان دووپات دەكەنەوە بۆ هێزە چەكدارەكان و دامەزراوە ئەمنییەكان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات”.

جەختیشی كردۆتەوە، “ئێمە وەك نوێنەری 15 پارێزگا ڕێككەوتووین لەسەر چالاك كردنی ڕۆڵی ڕێكخراوی هەماهەنگی عیراقی بۆ خۆبەڕێوەبەری و دەسەڵاتەكانی و چالاك كردنی لامەركەزی كارگێڕی بەپێی دەستور”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بەدوای وونبوواندا دەگەڕێت

خەڵك-ئارام سەردار

 

كۆمیتەی ڕێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی بەبۆنەی ۳۰ی ئاب كە ڕۆژی جیهانی وونبووانە، كەمپینێكی ڕاگەیاند بۆ چۆنێتی شێوازی گەڕان بەدوای وونبووەكان، بەرپرسێكی ڕێكخراوەكەش ئاشكرایدەكات، بەسەدان هەزار وون بوو لەجیهان هەیە، تیمەكانی خاچی سووری نێودەوڵەتیش سۆراغی دۆخی ونبووەكان لە سەرانسەری عیراقدا ئەنجام دەدات.

ئەڤین یاسین وتەبێژ و بەرپرسی ڕاگەیاندنی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عیراق بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوان لە ٦٥ وڵات كاردەكەن و بەسەدان هەزار وونبوو هەن و كاری لەسەر دەكەن، ڕۆژانەش هاوڵاتیان سەردانیان دەكەن و ناوی كەسە وونبووەكانیان بۆ تۆمار دەكەن.

دەشڵێت”لە ساڵی 2019دا 500 دۆسیەیان بۆ ونبووەكان كردۆتەوە، ئەوەی دۆزراونەتەوە 50 دۆسیە بوو و دوای دۆزینەوەیان كەیسەكان داخراون”.

ئاشكراشیكرد، ساڵی ڕابردوو هەزار و ٥۰ دۆسیە بۆ ونبووەكانی عیراق كراونەتەوە، پڕۆسەی گەڕانیش بەدوای وونبووەكان كە لایان تۆماركراوە بەردەوامە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

هەڵمەتێكی فراوان دەستیپێكردووە
دەیان ژنی بیانی لە قومارخانەكاندا دەستگیركران

خەڵك- بەشی هەواڵ
پشكنەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، دەستگیركردنی 24 ژنی بیانی كە لە  قومارخانەكاندا لە بەغدا كارییان كردووە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقیەوە، ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ شەممە، جەمال ئەسەدی، پشكنەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”لەنێوان ئەوانەی دەستگیركراون، 24 ژنیان تێدایە كە هەڵگری ڕەگەزنامەی جیاجیان، بە هەمان شێوە ژمارەیەك پیاوی بیانیش لە قومارخانەكانى  بەغدا دەستگیركراون كە هۆڵەكانی ڕۆڵێتییان لە بەغدا بەڕێوەبردووە و لەو بوارەدا كارییان كردووە”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ عیراق دەڵێت”دەستگیركراوەكان لە دوای لێكۆڵینەوە لە گەڵیاندا، بەپێی یاسای عیراقی دادگایی دەكرێن و وەزارەتەكەشیان بەردەوام دەبێت لە كردن لەو دۆسێیەدا، تا تەواوی ئەوانە دەستگیردەكات كە ئەو هۆڵانە بەڕێوەدەبەن”.

لەم ماوەیەی دواییدا، دەزگا ئەمنییەكان دەستییان بە هەڵمەتێكی بەرفراوان كردووە بۆ داخستنی هۆڵەكانی ڕۆڵێت و قومارخانەكان لە بەغدای پایتەخت، و لێوەی ژمارەیەكی زۆر لەوانە دەستگیركراون كە هۆڵەكانی ڕۆڵێت و قومارخانەكان لە پایتەختدا بەڕێوەدەبەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان