ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

وەزیری دارایی ڕێگری لە هاتوچۆی دراوسێكانی ڕەتدەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، كە ئاواتی شێخ جەناب، دوای دەستبەكاربوونی وەك وەزیری دارایی و ئابوری لەسەر پشكی گۆڕان، ڕێگە بە هاتوچۆی دراوسێكانی نادات لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی بە ئۆتۆمبیل هاتوچۆ بكەن و ناوبراویش ڕەتیدەكاتەوە.

ئاواتی شێخ جەناب ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و ڕەتیكردووەتەوە ئەو كارێكی وای كردبێت و ئەوەشی وەك لەكەداركردنی كەسایەتی ئەو وەسفی كردووە.

ناوبراو وتویەتی”ئەو دەنگۆیانەی لەچەند پەیج و ماڵپەڕێكی سێبەرەوە بڵاو دەكرێنەوە و باس لەوە دەكەن كە گوایە ڕێگای هاتوچۆكردنی ماڵەكەم قوفڵ كردووە، یان پاسەوانەكانم ڕێگە نادەن ماڵە دراوسێكانم بە ئۆتۆمبێلی خۆیانەوە هاتوچۆ بكەن، درۆیەكی شاخدارە و تەنها بۆ لەكەداركردنی كەسایەتیی من ئەو پڕوپاگەندانە بڵاو دەكرێنەوە”.

هەروەها وتویەتی” زیاتر لە 20 ساڵە ماڵەكەم لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانییە، ئەو گەڕەكەشی كە ماڵی ئێمەی تێدایە، بە درێژایی مێژووی درووستبوونیەوە تاوەكوو ئێستا، ئاڕاستەی دەرچوونی نەبووە، هەروەها من دوو پاسەوانم هەیە، ئیتر چۆن دەتوانم بەربەستێكی لەو جۆرەی كە باسی لێوە دەكرێت، بۆ ئەو گەڕەكەی درووست بكەم كە ئاڕاستەی دەرچوونی نییە”.

وەزیری دارایی و ئابوری هەر لە قسەكانیدا بۆ ماڵپەڕی باس، وتوشیەتی”خەڵكی شاری سلێمانی بنەماڵەی شێخ جەناب باش دەناسن، دەزانن بنەماڵەی ئێمە هەرگیز كاری لەو شێوەیە ناكەن، بۆیە ئەوپەڕی بێویژدانییە تۆمەتی لەو شێوەیە بۆ ئێمە درووست دەكەن، دواجار ئەوەشی باوەڕ ناكات، دەتوانێ سەردانی ماڵی ئێمە بكات، ئەوكاتە بۆی ڕوون دەبێتەوە كە ماڵی ئێمە ئاڕاستەی دەرچوونی نییە و ئەو دەنگۆیانەش جگە لە بڵاوكردنەوەی درۆی شاخدار و بوختان، هیچی دیكە نییە”.

ئاواتی شێخ جەناب، باسی لەوەش كرد، لە پشتی گەڕەكەكەی ئەوانەوە ڕێگایەكی چۆڵەوانی هەیە كە هاوینەهەواری سەرچنار بەشێوەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش دەردەكەوێت، پێشتر هەندێك كەس لەو ڕێگایە مەشرووبیان دەخواردەوە و كاری نەشیاویان دەكرد، بەڵام هێزەكانی پۆلیس ماوەیەكە بەربەستیان بۆ ئەو ڕێگایە درووستكردووە، “ڕەنگە خەڵكی وابزانێت ئەو ڕێگایە من گرتوومە، لەكاتێكدا ئەو ڕێگایە دوور لە ماڵەكەی ئێمەوەیە”.

ئابوری

“مووچەی خانەنشینان زیاد دەكرێت”
حكومەتی هەرێم یاسایەكی خانەنشینی یەكگرتوو ئامادە دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكەن، كە پڕۆژە یاسایەكی یەكگرتوو بۆ خانەنشینی ئامادە دەكرێت و پەڕلەمانتارێكیش دەڵێت: “بڕیارە پڕۆژە یاساكە بنێردرێتە پەڕلەمان”.

لەكاتی گفتوگۆكانی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە پەڕلەمانی كوردستان، بەرپرستانی حكومەتی هەرێم ئاشكرایان كرد، كە 12 یاسای خانەنشینی لە هەرێم بوونیان هەیە و بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا یاسای خانەنشینی یەكگرتووی هەرێم هاوشێوەی عیراق ئامادە بكرێت و بنێردرێتە پەڕلەمان بۆ پەسەند كردنی.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) كە لە سەرچاوەیەكی حكومییەوە دەستی كەوتووە، لە ئێستادا لە ئەنجوومەنی وەزیران كار لەسەر پڕۆژە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی هەرێم دەكرێت و دوای تەواو بوونی بڕیارە بدرێتە پەڕلەمان بۆ پەسەند كردنی و هەر لەو پڕۆژە یاسایەدا ئەو خانەنشینانەی مووچەیان كەمە، مووچەیان زیاد دەكرێت و كەمترین ئاستی مووچە دیاری دەكرێت.

هەر بە وتەی سەرچاوەكە، “سندوقی خانەنشینی دروست دەكرێت و یەكەیەكی تایبەت بە خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی دروست دەكرێت و كۆی سیستمی خانەنشینی ڕێكدەخرێتەوە”.

لای خۆشیەوە، د. شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئێمە وەكو فراكسیۆنی یەكگرتوو لە 18-2-2019ەوە پاكێجی چاكسازیمان وەك پێشنیارە یاسا داوەتە سەرۆكایەتی پەڕلەمان و ئەوانیش ناردیان بۆ حكومەتی هەرێم و دواتر وەڵامی داوەتەوە و مانگێك لەمەوبەر ناردویەتییەوە بۆ پەڕلەمان.

ڕاشیگەیاند، ئێمە لەو پێشنیارە یاسایەدا بە زەقی داوای جێبەجێ‌ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراقی-مان كردووە، كە باس لە پێوەری 15 ساڵ خزمەت و تەمەنی 45 ساڵی دەكات، كە سیستمێكی دادپەروەرانەیە و داوامان كردووە لە هەرێمیش پەیڕەو بكرێت.

وتیشی، “بڕیارە لەماوەیەكی نزیكدا حكومەتی هەرێم یاسای خانەنشینی یەكگرتوو بنێرێت بۆ پەڕلەمان تاكو پەسەند بكرێت”.

لەكاتی پەسەند كردنی یاسای چاكسازی لە پەڕلەمانی كوردستان خانەنشینان ناڕەزاییان دەربڕی بەهۆی زیادنەكردنی مووچەكانیان، بەڵام بڕگەیەك لە یاساكە زیادكرا، كە دەبێت حكومەت لەو داهاتەی بۆی دەگەڕێتەوە مووچەی خانەنشینان زیاد بكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ماوەی 3 ساڵە پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ڕاگیراوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ مەشق و ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی ڕابردوودا خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ساڵی 2017 ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، چاوەڕێی گەڕانەوەی خشتەكەین، دەشڵێت: “تا مانگی ئازاری ئەمساڵ 7 خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە دواكەوتووە”.

بەپێی خشتەی پلەبەرزركردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە ساڵانە دوو جار لە مانگی (ئازار و ئەیلول) پلەی ئەفسەران بەرزدەكرێتەوە واتە بۆ هەر ساڵێك دوو خشتە، بەڵام تا ئێستا پلەبەرزكردنەوە بۆ ساڵەكانی (2017 -2018-2019) نەگەڕاوەتەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و لەمساڵیشدا خشتەی مانگی ئازار زیاد دەكات.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ مەشق و ئۆپراسیۆنەكان لەوەزارەتی پێشمەرگە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا لیژنەیەكی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی كرد، قسەوباس لەسەر خشتەی پلەبەرزركدنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە كرا.

وتیشی، “لەگەڵ ئەوەی لیژنەی باڵا ئەنجوومەنی وەزیران هەندێك تێبینیان هەبووە لەسەر خشتەكان، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە پێداگربووە لەسەر ئەوەی پێویستە لەكاتی خۆیدا ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە پلەكانیان بۆ بەرز بكرێتەوە”.

ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ساڵی 2017 بە خشتەی ئازار و ئەیلول لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ واژۆكردن، ئێمە چاوەڕێی ئەوەین، بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم.

ئاشكراشیكرد، كە ئەو هیچ ئاگاداری ئەوەنیە، خشتەكان واژۆ كرابێت و ڕەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم كرابێت، بەڵام پێداگری كرد لەوەی خشتەكەیان ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی واژۆ بكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە سەرەتای ساڵی 2016شەوە، كە ماوەی 4 ساڵە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی ڕاگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەران و كارمەندانی ناوخۆ لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم ڕایگەیاند، كە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی لە كێشەی پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ئاگادار كردۆتەوە و ئەویش بەڵێنی داوە چارەسەری بكات و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پلەبەرزكردنەوەی ساڵی 2017 بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

وەزارەتی دارایی ڕێنماییەكی بۆ بەشێكی مامۆستایان دەركرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بە ڕێنماییەك كێشەی خەرج كردنی كرێی وانەبێژی بۆ مامۆستایان چارەسەر كرد.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕگەیەنراوێكدا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ چوار شەممە 22-1-2020 بە ڕێنماییەك كێشەی كرێی وانەبێژی بۆ مامۆستایانی باخچەی ساوایان چارەسەر كرا.

بەڵام وەزارەتی دارایی دەقی ڕێنماییەكەی بڵاونەكردۆتەوە.

له‌ نووسراوی دووه‌میشدا هاتووه‌، “وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ڕێنمایی په‌یوه‌ست به‌ گێڕانه‌وه‌ی قه‌رزی ئاسانكاری بانكی ده‌ركرد”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان