ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

دەربارەی پەكەكە‌و هەرێمی كوردستان

هەندرێن شێخ راغب

 

پەكەكە كارتێكی هێجگار بەهێزی دەست هەرێمی كوردستانە، كە بەخۆڕایی‌و بێ بەرامبەر دەستی كەوتووە، بەڵام لاوازی بیركردنەوەی ستراتیژی كوردی وایكردووە ئەم كارتە بەرامبەر خۆی هەڵگەڕێتەوە.

ئەگەر هەرێمی كوردستان دژی پەكەكە لایەنگیری توركیا بكات، ئەوا كورت بینی سیاسیە. بەهەمان شێوەش ئەگەر لەبەر پەكەكە پەیوەندی لەگەڵ توركیا نەبەستێت هەر كورت بینی سیاسیە. ناشێ دراوسێیەكی زۆر گرنگی وەك توركیا لەبەرچاو نەگرین‌و پەیوەندیمان لەگەڵی نەبێت. بەڵام ئەم پەیوەندییە هاوسەنگ نیە.

پەكەكە بیانوو نیە بۆ توركیا كە هەرێمی كوردستان داگیربكات، بۆچی؟ چونكە عەفرین نمونەیەكی زۆر زیندووە. عەفرین لە سنوری هەرێمی كوردستان‌و توركیا نەبوو؟ لە عەفرین یەك دەمانچە چیە بەرامبەر توركیا نەتەقی بوو؟ هەموو لایەنەكانی ناو سوریا‌و رێكخراوە مرۆیی‌و مافەكانی مرۆڤ رایانگەیاند كە شاری عەفرین ئارامترین‌و پارێزراوترین ناوچەی سوریایە، بەڵام توركیا داگیری كرد. لەكاتێكدا یەك دەمانچەش لەسنوری عەفرین بەرامبەر توركیا نەتەقی بوو. توركیا دژی هەرێمی كوردستانە بۆیە هاتۆتە سیدەكان‌و خواكوڕك‌و بامەڕنی‌و ئامێدی‌و سنوری زاخۆ. پەكەكە هەبێت یان نەبێت توركیا ئەم لەشكركێشیە هەر ئەنجام دەدات. ئەی لەم رۆژانە گوێتان لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نەبوو گوتی من نەمهێشت توركیا هێرش بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان كە (65) شەست‌و پێنج هەزار سەربازی ئامادەكردبوو، سەرۆكی ئەمریكا گوتی ئەردۆغان( لەراستیدا توركیا) كێشەی گەورەی لەگەڵ كوردەكاندا هەیە.

هەرێمی كوردستان نەیتوانیووە بۆ تەنازوول كردن بە توركیا پەكەكە بكاتە كارتێكی بەهێز‌و روبەروی توركیای بكاتەوە، بە پێچەوانەوە توركیا پەكەكەی كردۆتە كارتی فشار‌و دژی هەرێمی كوردستان بەكاریدەهێنێت‌و تەنازوول بەهەرێمی كوردستان دەكات. لە روانگەی ستراتیژی نەتەوەیی‌و نیشتمانی، خراپی پەیوەندی نێوان پەكەكە‌و پارتی‌و یەكێتی‌و دیموكرات لەگەڵ پەیەدەش لە رۆژئاوای كوردستان ئەوپەڕی خیانەتە، چونكە حسابات‌و گۆڕانكاری ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێكردوەو لەدۆخێكی زۆر هەستیاری چارەنوسساز داین‌و ناكرێت یەكگرتوو نەبین. دەبێت پەیوەندی نێوان پارتی‌و پەكەكە رێك بخرێتەوە. هەر گرژی‌و بەیەك دادانێك لەنێوان پەكەكە‌و پارتی خیانەتە.

هاوكات دەبێت بزانین نەمانی پەكەكە لە قەندیل، روخانی دیوارێكی ئەستوری ئاسایشی سنوری هەرێمی كوردستانە. ئەگەر پەكەكە لە قەندیل نەمێنێت، ئێران‌و توركیا ناوچەكە پڕ دەكەن  لە جڕوجانەوەری وەك داعش، بەرەی نوصرە، قاعیدە، بەرەی شام، حوسیەكان، حزب اللە، ئەم گروپانەی ئیدلەبی سوریا كە توركیا كۆمەكیان دەكات. ئەوكاتەش ئەم گروپانە بە كەوڵ‌و پێستەوە هەرێمی كوردستان دەخۆن‌و لەناو شەقام‌و سەرجادە‌و گوند‌و ناحیە‌وقەزا‌و پارێزگاكان تەقینەوە دەستت ماچ دەكات‌و ئاسایشی هەرێم دەكەنە بێژنگ.

نابێت پارتی‌و یەكیەتی ئەوەندە قیستە تەنگ بن بە چالاكیەكانی گروپەكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، هەر حزب‌و رێكخراو‌و چەند كەسێك یان راگەیاندنێك لەهەرێمی كوردستان گەشەبكەن‌و لە پەكەكە نزیك بن، ئەوا دەسەڵاتدارانی هەرێم وا دەزانن پەكەكە باشور داگیردەكات‌و ئینقلابیان لێ دەكات. پێویست بەم جۆرە ترسە ناكات. شێوازی ژیان‌و سیاسەت‌و پێگەی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شێوازو سیاسەت‌و خەباتی پەكەكە جیاوازی هەیە. پەكەكە خۆشی ئەوە دەزانێت.

لەلایەكی ترەوە پەكەكە لەشەنگال، كەركوك، مەخمور، ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، دژی داعش شەڕی كرد. رۆڵی هەبوو. جگە لە شەنگالیش تەواوی گەریلاكانی كشاندەوەو چووە شوێنی خۆی. ناكرێت بۆچونمان وابێت پەكەكە دەیەوێت دەست بەسەر باشوری كوردستاندا بگرێت، نەخێر، ئەوان دەیانەوێت تەنها باشوری كوردستان(هەرێمی كوردستان) دژایەتیان نەكات، واتە ئەوەی پەكەكە دەیكات بەرگرییە نەوەكو هێرش.

سیاسەتی هەڵەی پەكەكە ئەوەیە دۆست‌و نەیاری خۆی لە باشوری كوردستان لێ تێكەڵ بووە. مەبەستمە بڵێم وەك حاجی یونسی لێهاتووە چ خراپەی لەگەڵ بكەی، یان چاكەی لەگەڵ بكەی وەك یەكە. ئەمەش بۆ متمانەی خۆیان باش نیە.

وتار

بەڕێز فەیگن… هەست بە شەرمەزاری ناكەن!؟

*د.سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر

 

نامەیەكی كراوە بۆ كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان:

بەڕێز ستیڤ فەیگن كومبو كونسولی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر
پاش سلاو و رێز… هیوامان شادیتانە.
بەرێزم… سەرەتا دەمەوێت ئەوە بخەمە روو كە بۆچی ئەو نامەیە ئاراستەی بەرێزتان كراوە، چونكە بەرزترین نوێنەری فەرمیی بەهێزترین دەوڵەتی جیهانن لە هەرێمی كوردستاندا و زۆرترین بەرژەوەندیتان لەناوچەكەدا هەیە، جگە لەوە بەڕێزتان لەبەرئەوەی لەهەموو كونسولەكانی پێشوتان زیاتر لەنێو خەڵكی كوردستانن و لەهەموو بەرپرسانی ولاتەكەت زیاتر هەست بە ئازار و مەینەتیەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن.

بەڕێز فەیگن… گەلی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە رووی مێژووییەوە كۆنترین نەتەوەی زولم لێكراوە، لە رووی جوگرافیەوە ولاتەكەی بەرفراوانترین زەویی داگیر كراوە، لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین گەلی بێدەوڵەتە، هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوە ژیان و یەكسانی بووە، بەلام بەداخەوە سەدان ساڵە لەلایەن دەسەلاتدارە دواكەوتووەكانی گەلانی ناوچەكەوە (عەرەب و فارس و تورك)ەوە دەچەوسێتەوەو جینۆساید دەكرێت، لەهەندێ سەردەمدا ولاتانی پێشكەوتووی ئەوروپاو روسیاو ئەمەریكاش دەستباریان لەگەل داگیركەرانی كوردستان گرتووەو بەشێك بوون لە هۆكاری تێكشكانی شۆڕشەكانی كورد و ناهەمواریی گەلی كوردستان.

بەڕێزم… بەپێی ئەو پرەنسیپانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بانگەشەی بۆ كردووە، دوابەدوای تەوای بوونی جەنگی یەكەمی جیهانی كورد چاوی لەوە بوو لە بانگەشە چواردە خاڵیەكەی (ودرۆ ویلسن)دا جێگەی ببێتەوەو لێی بەهرەمەند بێت، بەلام بۆ كورد نەك هەر بانگەشەیەكی پوچ و بێ بنەما بوو، بەلكو لەوسەردەمەدا ئەمەریكا پێچەوانەی پرەنسیپەكانی خۆی پاڵپشتێكی سەرسەختی ئەتاتوركی كرد دژ بە كورد، لە جەنگی دووەمی جیهانیدا كورد خوازیار بوو وەك نەتەوەیەكی داگیركراوی بێ دەوڵەت سودمەند بێت لە بانگەشە رەنگاورەنگەكانی هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا، بەلام نەك هەر سودی لێ نەبینی بەڵكو ئەو كۆمارە ساوایەی كە لە رۆژهەلاتی كوردستان دایمەزراندبوو، تەمەنی تەنها یانزە مانگ بوو، لەژێر فشاری ئەمەریكاو بە هەماهەنگیی سۆڤیەت و ئێران لەباربرا، لەسەروەختی جەنگی ساردیشدا ئەمەریكا یەكێك لەو دەوڵەتانە بوو دەستی بالای هەبوو لە لەباربردنی شۆڕشی ئەیلولدا، بەڕێز فەیگن خوێندووتەتەوە كە خودی (هنری كیسنجەر)ی وەزیری دەرەوەی ئەو سەردەمەی ولاتەكەت چی دەڵێت؟ با بیرت بخەمەوە كە دەڵێت: “ئێمە وەك ئەمەریكا سیاسەتێكی نامۆڕالانەمان بەرامبەر بە كوردەكان پەیرەو كرد، نە هاوكاریمان كردن و نە وازیشمان لێهێنان تا بۆ بەرژەوەندی خۆیان رێگەیەكی تر بگرنەبەر”. بەرێزم… بەداخەوە دەوڵەتەكەت تا ئەمرۆشی لەگەڵدابێت لەو سیاسەتە نامۆرالانەیەی بەردەوامە، ئاخۆ بەڕێزتان لەئاست ئەمەدا هەست بە شەرمەزاری ناكەن!؟ هەست بە خەجاڵەتی ناكەن لەكاتێكدا دوابەدوای پرۆسەی ئازادی 2003 زۆرترین سەربازتان لە بەشەكانی تری عیراقدا كوژران كەچی لەكوردستاندا باوەشی سۆز و خۆشەویستی و هاوكاریتان بۆ كرایەوە! لەشەڕی دژ بە تیرۆر و داعشدا كوردستان بنكەی سەرەكیتان بوو، پێشمەرگە زۆرترین قوربانیدا، كەچی لەساتی ریفراندۆمدا بۆ سەربەخۆیی كوردستان (بەو تێبینیانەشەوە كە لەسەری بوو) كە لەسەرەتایی ترین مافەكانی گەلانە، نەك جێتان هێشتین بەلكو بەشێك بوون لە هەوڵی لەباربردنی ئەو مالۆچكەیەی كورد!؟ بەداخەوە دەسەلاتدارانی ئەمەریكای بانگەشەكاری ئازادی لەژێر پەردەی دروشمەكانی مافی مرۆڤ، دیموكراسیەت، كۆمەڵێكی مەدەنی، بەشێكن لەو كارەساتانەی بەسەر ئەو میللەتەدا دێت!؟

بەڕێز فەیگن… بەڕێزتان وەك بالاترین بەرپرسی ئەمەریكی هەست بە شەرمەزاری ناكەن كاتێك (دۆنالد ترەمپ)ی سەرۆكی ولاتەكەتان ئەمە هەڵوێست و گوتەی بێت بەرامبەر بە كورد؟ كاتێك پرسیاری لێدەكەن بۆچی هاوكاری كوردەكان ناكەن؟ وەلامی ئەوەیە كە كوردەكان لەشەڕی نۆرماندیدا هاوكاری ئەمەریكایان نەكردووە! لات سەیر نیە سەرۆكی گەورەترین ولاتی دنیا دەم لە مێژوو بكوتێت و شارەزاییشی نەبێت و ئاوا خۆی بكات بە گاڵتەجاڕ! ئەی نازانێت كە لەو سەردەمەشدا كورد بێدەوڵەت و بێ سوپا بوو و لەهیچ بڕیارێكدا نەبوو و لەسایەی ولاتەكەی بەرێزتان و هاوپەیمانەكانی ئەورۆژگاردا ئەوساش جینۆساید دەكرا!؟ هەست بە شەرمەزاری ناكەن كاتێك دەبینن لەجێگەی جۆرج واشنتن و جیفرسۆن و لنكۆلن كەسێكی میزاجیی بازرگانی چاوچنۆكی وەك ترەمپ سەرۆكی دەوڵەتەكەتان بێت و بێت سوكایەتی بەنەتەوەیەك بكات كە تا دوێنێ بەهێزترین هاوپەیمان و پاڵپشتی بووە لە رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆردا و زیاد لە یانزەهەزار كچ و كوڕی خۆی بۆ كردبێت بە قوربانی! ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە سەرۆكی دەوڵەتەكەتان یا كەسێكی زۆر بێ زانیاری و ئاست نزمە، یا بازرگانێكی گەمژە و چاوچنۆكە! ئاخر ئەگەر وا نیە چ ویژدانێك ئەوەی پێ قەبول دەكرێت رۆژانە ژن و منداڵ و پیر و پەككەوتە دەكوژرێن، سەدان هەزار كەس ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە، میللەتێك لەژێر هەڕەشەی جینۆساییدایە گوایە دۆست و هاوپەیمانی دەوڵەتە خاوەن شكۆكەتان بووە! كەچی بێدەنگ بن لەئاستیداو زاتێكی وەك ترەمپی سەرۆكی دەوڵەتەكەتان خەریكی كردنەوەی هوتێلەكەی بێت لە توركیاو سوپاسی ئەردۆغان بكات! ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە سەرۆكەكەتان میللەتێكی لەبەرامبەر هۆتێلێكدا فرۆشت!؟

بەڕێز فەیگن… ئێمە نەتەوەیەكی بریندارین، سەدان ساڵە لەپێناو ئەوەی تەنها وەك مرۆڤ بژین قوربانی دەدەین، بەلام داگیركەران و هاوپەیمانەكانیان پێمان رەوا نابینن، رۆژێك بەناوی ئایین و رۆژێكی تر بەناوی شیوعیەت، جاریكیش لەژێرپەردەی ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤدا دەمانچەوسێننەوەو جینۆسایدمان دەكەن. ئەو كارەسات و تاوانكارییەی ئەمرۆش لە رۆژئاوا بەسەر نەتەوەكەماندا دێت، بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ ئەمەریكا بەشێكە لێی، وەك هەڵوێستەكانی تری رابردووتان بۆ هەتا هەتایێ لە یادەوەری نەتەوەییماندا ناسڕێتەوە. دڵنیاتان دەكەم گەلی كورد، لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتییانەی بە سەری هاتوون، ئایندە دەباتەوە، بە پێچەوانەی ئەو دیكتاتۆرانەی چوونە نێو زبڵدانی مێژووەوە كە ئەردۆگان یەكێكە لەوانە، بەڕێزم مەسەلەیەكی كوردیش هەیە دەڵێت ئەگەر كەڵەشێریش نەبێت رۆژ هەر دەبێتەوە، خواش لە سولتان مەحمود گەورەترە!

بەڕێز فەیگن من تێدەگەم لە ئێوە فەرمانبەرێكی بێدەسەلاتن لەو مەكینە گەورەیەی سیاسەتی ئەمەریكا بەڕێوە دەبات، بەلام هیچ نا وەك مرۆڤێك هەقە هەڵوێستێكتان هەبێت، ئایا تا ئێستاش هەست بە شەرمەزاری ناكەن!
وێڕای ڕێزم بۆتان

*مامۆستای مێژوو

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

بوژانه‌وه‌ى عوسمانیه‌ت، له‌ده‌روازه‌ى ئیمپراتۆریه‌تى ئیخوانیه‌ت

عه‌دنان كۆچه‌ر

له‌رواڵه‌تدا هێرش‌و په‌لاماردانه‌كانى ئۆردۆگان‌و ئاكپارتى بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان ره‌هه‌ندێكى سیاسی‌و سه‌ربازیی له‌خۆى ده‌گرێت، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ى روده‌دات هێنده‌ى ره‌هه‌ندێكى مێژوویی‌و ئاینیی‌و وزه‌یی هه‌یه‌، شتێكى تر نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌و له‌پشت ئه‌و له‌شكركێشییه‌وه‌ خۆی په‌نا داوه‌، بریتییه‌ له‌ خه‌ونى بوژاندنه‌وه‌ى ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى‌و ته‌نهاش به‌ رۆژئاواى كوردستان‌و باكورى سوریا ناوه‌ستێت، وه‌ك چۆن دوێنێ وه‌زیرى ناوخۆی توركیا له‌ گوتاری كۆنگره‌یه‌كدا به‌ ئاشكرا دانى به‌وه‌دانا كه‌ هه‌نگاوی دوه‌میان شوێنى تریش ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌م تێزه‌ له‌ دبلۆماسیه‌تى زیاده‌ڕۆ، له‌ سۆنگه‌ى دنیابینیه‌كانى ئه‌حمه‌د داو ئۆغلۆوه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، كه‌ ئه‌گه‌رچی ئێستا به‌شێك نییه‌ له‌ مه‌نزوومه‌ى بیركردنه‌وه‌ى ئاكپارتى‌و جیابۆته‌وه‌، به‌ڵام نه‌خشه‌ڕێگاى گێڕانه‌وه‌ى شكۆمه‌ندی تێكشكاوى عوسمانییه‌كان بۆ ئه‌ردۆگان‌و تیمه‌كه‌ى بۆته‌ خه‌ون‌و دروشم.

له‌راستیدا ئه‌وه‌ى ئاكپارتى ‌و ئه‌ردۆگان له‌و شه‌ڕه‌ داسه‌پاوه‌ى ئه‌مجاره‌و پێشتریش له‌ جه‌نگی داگیركاریی عه‌فرین ده‌یانخواست‌و به‌ به‌رچاوى زلهێزه‌كانى دونیاوه‌ ئه‌نجامیاندا، چه‌ند ئامانج‌و مه‌به‌ستێكى رۆشن‌و دیاری هه‌یه‌، له‌وانه‌ ئامانج‌و خه‌یاڵى مێژوویی كه‌ بریتییه‌ له‌ پرۆسه‌ى روو وه‌رگێڕان له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ جیهانى ئیسلامى به‌مه‌به‌ستى دروستكردنه‌وه‌ى چه‌شن‌ و فۆڕمێكى تر له‌ ئیمپراتۆریه‌تێكى نوێی ئیسلامی، كه‌ ده‌یهه‌وێت له‌سه‌ر میراتى عوسمانییه‌كان له‌و جیهانه‌ درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌ى خۆى بدات، له‌ته‌ك ئه‌و هۆكاره‌، ئامانجی ئاینیشی هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ى روداوه‌كانى دواى كه‌وتنى داعش‌و به‌خۆداچوونه‌وه‌ى سیستمه‌ سیاسیه‌ عه‌ره‌بییه‌كان وایكرد هێڵى سیاسی‌ و ئاینى ئیخوان له‌زۆربه‌ى ده‌وڵه‌تان به‌تایبه‌ت میسرو كه‌نداو قه‌ده‌غه‌ بكرێت.

ئاكپارتى ده‌یهه‌وێت سه‌رمایه‌گوزاری ئاینیی‌و سیاسیی بۆ داهاتوو له‌سه‌ر ئه‌و پاشماوه‌ سیاسییه‌ى ئیخوانی جیهانى ئیسلامیی بكات‌و له‌رێگه‌ى داگیركاریی‌و گۆڕینى دیمۆگرافیاوه‌ هه‌وڵى دروستكردنى ئه‌ماره‌تێكى بچووكى ئیخوانى بدات، بۆ ئه‌وه‌ى له‌داهاتوودا ببێته‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنى ئیمپراتۆریه‌تێكى ئیسلامیی ئیخوانى، كه‌ ئێستا به‌كرده‌وه‌ ئه‌ردۆگان نوێنه‌رایه‌تى ئه‌و هێڵه‌ ئاینیی‌ و مه‌زهه‌بی‌ و سیاسییه‌ ده‌كات.

سه‌ربارى ئه‌وانه‌ش دیوێكى ترى ئه‌و جه‌نگه‌ راسته‌وخۆ گرێدراوى ئه‌و شه‌ڕو ململانێ ئابوریه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر هێڵى ووزه‌و پاوانكردنى ئه‌و هێڵه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌ ده‌شێت وه‌ك هێڵى جێگره‌وه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى ووزه‌ی غازى سروشتى بۆ ئه‌وروپا ده‌وه‌ستێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێكه‌وه‌ پاكێجێكی گشتگیره‌، كه‌ خه‌یاڵى داگیركاریی ئه‌و هێزه‌‌و خه‌ونه‌كانى ئه‌ردۆگانى كردۆته‌ هه‌نگاوگه‌لی مه‌ترسیدار به‌ ئاراسته‌ى ده‌ركه‌وتنى سوڵتانێكى نوێ كه‌ به‌پاساوى ئاینیی‌و مێژووییه‌وه‌ ده‌یهه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا بگرێت.

پاش قه‌ده‌غه‌كردنى ئیخوان له‌زۆربه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بی‌و ئیسلامیی‌و رێگرییه‌كان له‌ نه‌شونماكردنى زیاترى ئه‌و هێڵه‌ ئاینییه‌، به‌شی زۆرى ئیخوانه‌كانى میسرو سوریا‌و لوبنان‌و لیبیاو ته‌نانه‌ت عێراقیش له‌ توركیا وه‌ك مناڵی گوێڕایه‌ڵى ئه‌ردۆگان‌و رژێمه‌كه‌ى گیرساونه‌وه‌، نموونه‌ى روونیش لێدوانه‌كانى  تاریق هاشمى جێگری سه‌رۆك كۆماری پێشووترى عێراق بوو، كه‌ هه‌موویان ته‌واوى خه‌ون‌ و خه‌یاڵیان له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى داهاتووى ئۆردۆگان هه‌ڵچنیووه‌، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و له‌شكركێشیه‌ى توركیا‌و هه‌نگاوه‌كانى دواترى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ به‌ ئاراسته‌ى ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌رێگه‌ى دروستكردنى شارو كۆمه‌ڵگاى نوێوه‌ له‌سنوورى رۆژئاواى كوردستان‌ و باكورى سوریا ئه‌و په‌ناهه‌نده‌ و راكردووه‌ سیاسیانه‌ى ئیخوان نیشته‌جێ بكات‌ و بناغه‌ى سه‌ره‌تایی ده‌وڵه‌تى ئیخوانى بنیاد بنێت، بێگومان له‌وه‌شدا هه‌م سه‌رمه‌شق‌ و جڵه‌وى ئیخوان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت‌ و هه‌میش له‌رێگه‌ى دروستكردنى دیواربه‌ندییه‌كى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ كورد له‌جوگرافیاى توركیا دوورده‌خاته‌وه‌ و بۆ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كى تر، هێزه‌ چه‌قاوه‌سوه‌كه‌ى ئیخوان به‌ چه‌كداری دژ به‌ كورد‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كه‌ى ده‌هێڵێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ خه‌یاڵى دروستكردنى خه‌لافه‌تێك بۆ راكردووه‌كانى ئیخوان ئێستا بۆته‌ به‌شێكى گرنگ له‌ ستراتیژى توركیا‌و ئه‌و شه‌ڕه‌ش شه‌رعیه‌تى ناوخۆیی له‌وه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ له‌ رۆژانى رابردوو له‌ته‌واوى مزگه‌وته‌كانى ئه‌و وڵاته‌و زانا ئاینییه‌ قه‌یومه‌كانى ئه‌و ئاراسته‌ ئاینییه‌ به‌ قه‌ته‌ریشه‌وه‌ پشتیوانى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن، ره‌نگه‌ له‌وه‌شدا كۆبوونه‌وه‌ى  كۆمكارى عه‌ره‌بی به‌ڵگه‌ بێت كه‌ چه‌ند به‌ مه‌ترسییه‌وه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ى توركیا ده‌ڕوانن.

بۆ ئه‌مه‌ش وه‌ك زۆربه‌ى ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ بڵاویانكردۆته‌وه‌ له‌ناویاندا سی ئێن ئێن‌ و بی بی سی‌ و ئه‌وانى تر پرۆژه‌ى نیشته‌جێكردن‌ و دروستكردنى شارو گوندو ئاوایی بۆ عه‌ره‌به‌ په‌ناهه‌نده‌كانى ناو توركیا كه‌ هه‌موویان ئیخوانن، به‌شێك بێت له‌و پرۆژه‌یه‌.

دیوێكى ترى هه‌نگاوه‌كانى توركیا بۆ داگیركاریی په‌یوه‌سته‌ به‌هێڵى وزه‌و گه‌یاندنى غازى سروشتییه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ پشت به‌ پرۆژه‌ى نابۆكۆى وزه‌ ده‌به‌ستێت، كه‌ توركیا ئێستا له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا‌و روسیا یارییه‌كى سه‌رنج راكێش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانى هه‌ردوو وڵات له‌بواری وزه‌ بپارێزێت، له‌وه‌شدا داگیركردنى باكوری سوریا‌و رۆژئاواى كوردستان به‌شێكه‌ له‌هه‌نگاوه‌كانى ده‌سته‌به‌رى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورییه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌ر به‌وه‌نده‌و له‌و جوگرافیایه‌ ناوه‌ستێت، به‌ڵكو باشووری كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌، وه‌ك چۆن  به‌رپرسانى توركیا ئاماژه‌یان به‌ شوێنى ترو جوگرافیاى تر كردووه‌، بێگومان له‌وه‌شدا باشووری كوردستان به‌شێك ده‌بێت له‌ ئامانجی داهاتوویان.

كورد ئێستا به‌ جیاوازى بیركردنه‌وه‌ و باوه‌ڕى سیاسی، به‌ پێچه‌وانه‌ى دابه‌شبوونى جوگرافی بۆ راگرتنى ئه‌و هه‌ژموون‌و پاوانخوازییه‌ پێویستى به‌ یه‌كگرتوویی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پێشتر به‌هۆى خۆخۆری‌ و ململانێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه‌ هه‌ندێكیان خۆیان راده‌ستى توركیا كردبێت، ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه‌ له‌و كۆته‌ ده‌رباز بن‌ و هه‌مووان پێكه‌وه‌ له‌پێناو كوردستانێكى ئارامترو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خه‌یاڵه‌كانى ئه‌ردۆگان سنوورێك بۆ خه‌لافه‌تى ئیخوان‌ و ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى دابنێن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

له‌ باشوره‌وه‌ باسی ئه‌خلاق بۆ رۆژئاوا ده‌كه‌ن

لوقمان غه‌فوور 

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا وێنه‌ی ته‌ڵخ و پڕ له‌ شوخت له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی باشووری كوردستانه‌وه‌ پیشانی یه‌كتری درا. یان یه‌كپارچه‌ هه‌موو بوون به‌ شۆڕشگێڕێكی پێرفێكت، یان دنیای سیاسه‌تیان له‌ منداڵدانی ئه‌خلاقدا ده‌رهێنا. پیشاندانی هه‌ردوو وێنه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ ته‌نیا له‌ شاشه‌ی تیڤی كوردی نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌ دنیای سیاسه‌ت بڕوانێت، ئاساییه‌. به‌ڵام بۆ كه‌سێك كه‌ له‌نێو دنیای نووسین و مه‌عریفه‌دا ژیابێت، سه‌یره‌ تێڕوانینی وا بێت. كورتبینی له‌ دنیابینی خه‌ڵكی باشوردا كه‌ زۆرجار به‌عه‌قڵی هه‌شتاكان بیرده‌كه‌نه‌وه‌، خراپه‌. له‌ چه‌ند دیمه‌نێكی كورت-دا ئه‌و دنیابینییه‌ی كورتبینه‌كان ده‌خه‌مه‌ڕوو.
دیمه‌نی یه‌كه‌م: كوردایه‌تی به‌ تێگه‌یشتنه‌ كلاسیكییه‌كه‌ی ئه‌بێت خه‌بات بێت بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، ئیتر بێ ئه‌گه‌ر و چه‌ند و چوون. به‌ڵام ئایا له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ لای باشور وایه‌. گریمان په‌كه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌هانه‌ نه‌دات به‌ده‌ست توركیاوه‌ ناچێته‌ به‌ره‌ی شه‌ڕه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوو پارچه‌كه‌ی تری كوردستان ده‌زانن رۆژئاوا به‌خوێن به‌رگری لێده‌كرێت ئه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌رچی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ باشور و خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ رووبكه‌نه‌ رۆژئاواو دژی سوپای فاشستی تورك بجه‌نگن. به‌ڵام له‌ باشوره‌وه‌ وێنه‌یه‌كی ته‌ڵخ له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ نمایش ده‌كه‌ین ئه‌مانه‌وێت مارێنزی ئه‌مریكی له‌بری پێشمه‌رگه‌ بچێت شه‌ڕ بكات. به‌ڵام كه‌س هه‌یه‌ له‌ خۆی پرسیبێت ئه‌م تێڕوانینه‌ راسته‌!؟ باشور 180 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ی “هێزی رۆژ” وا پرۆپاگه‌نده‌یان ده‌كرد هێزی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌ و 10 هه‌زار كه‌س ده‌بن و مووچه‌یان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌مانه‌ له‌ كوێن؟
دیمه‌نی دووه‌م: كوردێكی ئه‌و باشوره‌ باس له‌ بێئه‌خلاقی تره‌مپ ده‌كات. گریمان قسه‌كه‌ی ئه‌و ته‌واوه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر بێئه‌خلاقی بكه‌ین ئه‌بێت له‌و خاڵه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین كه‌ خۆمانی تێدا نیشته‌جێین. ناكرێت له‌باشوره‌وه‌ سنوور بۆ ئه‌خلاقی تره‌مپ بكێشین له‌كاتێكدا ئه‌م هاوڕێیه‌ به‌هه‌موو ته‌مه‌نی یه‌ك وشه‌ی به‌رامبه‌ر نائه‌خلاقی حزبی كوردی و سه‌ركرده‌كانی نه‌نووسیوه‌. كه‌ له‌كوردستان بووم رۆژ نه‌بوو وتارێك له‌سه‌ر یه‌كێتی و پارتی و سه‌ركرده‌ شكستخواردووه‌كانی كورد نه‌نووسم. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو، ئه‌مانه‌ له‌به‌ر ده‌ستمدا بوون. به‌ڵام كاتێك گه‌یشتمه‌ ئه‌مریكا، كه‌مترین قسه‌ له‌سه‌ر پۆخڵه‌واتییه‌كانی سیاسه‌تی سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌مانه‌ له‌به‌رده‌ستی من نین. كه‌واته‌ دیمه‌نه‌ ته‌ڵخه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تۆ 27 ساڵی ته‌مه‌نت له‌گه‌ڵ نائه‌خلاقی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورددا به‌سه‌ر بردووه‌ و یه‌ك وشه‌ت له‌سه‌ر پێشێلكردنی ئینسانی باشور له‌سه‌رده‌ستی سه‌ركرده‌كانی نه‌وتووه‌، ئێستا وانه‌ی ئه‌خلاقی چی به‌ تره‌مپ ده‌فرۆشیته‌وه‌؟
دیمه‌نی سێیه‌م: به‌نامه‌ی براده‌رێك تێر پێكه‌نیم كه‌ بۆی ناردم. وتی: تۆ ئه‌مریكیانه‌ ئه‌نووسیت؟ سه‌یره‌ من له‌ ئه‌مریكا ئه‌ژیم، ئه‌ی ئه‌ته‌وێت چۆن بنوسم! من سیستمی ئه‌مریكیم خۆش ده‌وێت، چونكه‌ ئه‌كته‌رێكی به‌ناوبانگی هۆلیود “رۆبه‌رت دی نیرۆ” له‌ به‌خشینی خه‌ڵاتێكی سینه‌مایدا له‌به‌رده‌م 1000 ئه‌كته‌ر و سینه‌ماكاردا له‌ هۆڵێكدا یه‌كه‌م قسه‌ی وتی: “فه‌ك تره‌مپ”. كام سینه‌ماكار و شاعیر و رۆشنبیر و كه‌سی به‌جه‌رگ له‌ هۆڵێكدابه‌م فلۆنتلییه‌وه‌ ئه‌م دوو وشه‌یه‌ به‌ مناڵی به‌رپرسێكی كورد بڵێت. كه‌واته‌ من سیستمه‌كه‌م خۆشده‌وێت چونكه‌ منیش به‌یانی ئه‌توانم له‌ناو هۆڵی خوێندنه‌كه‌مدا له‌به‌رده‌م مامۆستاكه‌مدا بڵێم: “فه‌ك تره‌مپ”. دیمه‌نه‌ ته‌ڵخاوییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تۆ له‌باشوره‌وه‌ نه‌خشه‌ی دیموكراتی بۆ ئه‌مریكا مه‌كێشه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووس و نووسه‌رانی ئه‌مریكا زیاتر له‌ 20 كتێبی توندیان له‌سه‌ر تره‌مپ نووسیوه‌ و شڕو شیتاڵی سه‌رۆك تره‌مپ هه‌ڵده‌ماڵن، رۆژ نییه‌ میدیاكارێك تره‌مپ نه‌كات به‌ناو تونێڵی ره‌خنه‌دا، به‌ڵام تۆ به‌ وتارێك تا ئێستا نه‌توێراوه‌ نه‌ك باسی سه‌ركرده‌یه‌ك، به‌ڵكو باسی ئابڕووچوونی 31ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبه‌ر بكه‌یت. به‌ئه‌رك نه‌بێت تۆ باسی مه‌ودای دیموكراسی بۆ ئه‌و سنووره‌ ته‌سكه‌ی باشور بكێشه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبیت هه‌یه‌ بۆیه‌ بێده‌نگی، ئه‌و كات باس مافی مرۆڤ و بێشێلكاری بكه‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكای سه‌رده‌می تره‌مپ-دا.
دیمه‌نی چواره‌م: میدیاكاری ئه‌مریكی زۆرجار له‌سه‌ر سۆز كارده‌كات بۆئه‌وه‌ی دنیای سیاسه‌ت بجوڵێنێت، ره‌نگه‌ سوپاسالارێكی ئه‌مریكی كه‌ قسه‌ بۆ میدیایه‌ك ده‌كات تا ده‌گاته‌ میدیای كوردی له‌نێو واته‌ واتدا رسته‌ راسته‌كه‌ به‌ پوختی نه‌ناسرێته‌وه‌. خاتوونێكی رۆژنامه‌نووسی ئه‌مریكی ده‌یگێڕێته‌وه‌ كاتێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێكی ئه‌مریكی كردووه‌، سه‌ربازه‌كه‌ وتویه‌تی هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌م كاتێك ده‌بینم به‌به‌رچاومه‌وه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر كورده‌كان. ئه‌م قسه‌یه‌ ته‌نیا بۆ ناو دێڕی شیعری شاعیرێكی باشور جوانه‌ و به‌به‌لاش له‌ سوچی رۆژنامه‌یه‌كدا بڵاویكاته‌وه‌. بۆیه‌ زۆری ئه‌وانه‌ی عه‌وداڵن به‌ شیعره‌وه‌ ئه‌م وته‌یان گواسته‌وه‌. ئه‌م دێڕه‌ی وتاره‌كه‌ی ئه‌م خاتوونه‌ رۆژنامه‌نووسه‌، هیچی له‌ وتاره‌كه‌ی “كۆڵن كاهڵ” كه‌متر نه‌بوو كه‌ هه‌شت مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌ وتارێكدا له‌ واشنتۆن پۆست به‌خه‌یاڵ چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدانی لێدانی ئێرانی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌مانگی ئۆگه‌ست دا رووده‌دات.
دیمه‌نی پێنجه‌م: كاتێك گه‌یشتمه‌ ئه‌مریكا كه‌یس وۆركه‌ره‌كه‌م پێیوتم هه‌رچیت كرد له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆمپانیا و كه‌سێك به‌ نووسراوی كاغه‌ز بیكه‌، له‌ئه‌مریكا به‌ڵێنی ده‌می ناخوات. ئه‌م قسه‌یه‌ هاوشێوه‌ی وتاره‌ی “ستیڤن برایه‌ن”ه‌ كه‌ له‌ ئاسیا تایم بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: “ئایا كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ سوریا و جێهێشتنی كورده‌كان به‌ تۆمه‌ت حیسابه‌ له‌سه‌ر تره‌مپ؟. بێگومان نه‌خێر، چونكه‌ هیچ رێككه‌وتنێكی سه‌ر كاغه‌ز نییه‌ له‌نێوان ئه‌مریكا و كورده‌كان، هه‌رچه‌نده‌ ناتوانین به‌ڵێنی ده‌می بخه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی رێككه‌وتن به‌ كورده‌كان به‌ڵام بناغه‌ی یاسایی بۆ ئه‌م وه‌عد و به‌ڵێنانه‌ كارێكی یاسایی ناگرێته‌خۆی”. بۆیه‌ دیمه‌نه‌ ته‌ڵخاوییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆژئاوا خۆیان ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ ئه‌زانن بۆیه‌ له‌ هه‌ندێك لێدوانی دژ به‌ ئه‌مریكا خۆیان به‌دوور ده‌گرن. ئه‌وان ئارامترن و واقیعبین ترن. واقعبین ترن چونكه‌ كاتێك هێزه‌كانی سوریای دیموكرات چه‌كی پێشكه‌وتووی “جاڤلن و تۆو”ی دژه‌ تانك ئه‌ته‌قێنن، كه‌ ئه‌مریكا پێی به‌خشیون توانی تێكشكاندنی به‌هێزترین تانكی وه‌ك لیوبارد ئه‌ی 72 ئه‌ڵمانی و ئێم ئه‌ی تووی ئه‌مریكی هه‌یه‌. ئه‌زانن ئه‌م شه‌ڕه‌ ئه‌گه‌ر درێژه‌ بكێشێت پێویستی به‌ هێزی لۆجستی به‌هێز و زیاتر هه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا ئه‌مریكا بۆیان دابینده‌كات. ئه‌وان ته‌نیا بیر له‌مڕۆ ناكه‌نه‌وه‌ بیر له‌ سبه‌ی و داهاتوو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ رۆژێك دێت ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌بێت به‌ ناوچه‌یه‌كی ئارامی سه‌ربه‌خۆ.
دیمه‌نی شه‌شه‌م: سوریا هاوكێشه‌یه‌كی ئاڵۆز و پڕ خوێناوییه‌. رووسه‌كان خۆیان به‌خاوه‌ن ماڵ ده‌زانن چونكه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وان له‌لایه‌ن رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌ده‌وه‌ بانگهێشت كراون. ئێران به‌خاكی خۆی ئه‌زانێت ته‌راتێنی تێدا بكات چونكه‌ له‌سه‌رده‌می حافز ئه‌سه‌ده‌وه‌ هاوپه‌یمانه‌. توركیا چه‌ند شوێنێكی داگیركردووه‌ و ده‌یه‌وێت زیاتریش داگیر بكات، چونكه‌ شه‌ڕی كۆنه‌قین ده‌كات. ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی شه‌وانی ساڵی نه‌وه‌ده‌كان بكاته‌وه‌ كه‌ چۆن په‌كه‌كه‌ له‌ له‌ سنووری كۆبانی و ته‌لئه‌بیز و ره‌ئسلعه‌ین و درباسییه‌وه‌ خۆیان ده‌كرد به‌سنووری توركیادا و جه‌ندرمه‌كانی توركیایان ته‌مبێ و بیراز ده‌كرد. ئه‌گه‌ر كه‌سێك “كتێبه‌كه‌ی محه‌مه‌د” بخوێنێته‌وه‌ كه‌ باس له‌و سه‌ربازانه‌ ده‌كات له‌ناو به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ جه‌نگیوین ئه‌و دیمه‌نانه‌ی چنگده‌كه‌وێت. هه‌رچی ئه‌مریكایه‌ دره‌نگوه‌خت گه‌یشته‌ ناو ته‌پوتۆزی سوریاوه‌، دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌ وتارێكم بڵاوكرده‌وه‌ به‌زمانی ئینگلیزی له‌ ژێر ناوی “ته‌مبێكردنی ئێران پێویسته‌”، باسم له‌وه‌كرد كه‌ یه‌كێك له‌هه‌ڵه‌ ستراتیژییه‌كانی ئیداره‌ی ئۆباما له‌وه‌دابوو كه‌ دره‌نگ خۆی گه‌یانده‌ سوریا. كه‌ چووه‌ سوریا دژی تیرۆر چووه‌. دیمه‌نه‌ ته‌ڵخاوییه‌كه‌ی بینینی باشور ئه‌وه‌یه‌ پێیانوایه‌ نابێت له‌ ناو جه‌نگدا كه‌س بكوژرێت.
كۆتا ئه‌گه‌ر پێویست بكات دیمه‌نی حه‌وته‌م و هه‌شته‌م و نۆیه‌م بۆ بینی وێنه‌ ته‌ڵخاوییه‌كه‌ی باشور ئه‌كێشم كه‌ له‌ دیمه‌نی حه‌وته‌مدا چۆن كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری میدیای درۆزنی عه‌ره‌بی، له‌ هه‌شته‌مدا باس له‌وه‌ ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی له‌ كۆنگرێس و كۆنگرێسمانه‌كانی ئه‌مریكا چاوه‌ڕێی ئه‌كه‌ن، وانییه‌، له‌دیمه‌نی ته‌ڵخاوی نۆیه‌مدا به‌كورتی ئه‌ڵێم حزبییه‌كانی باشور هه‌موو جیهان به‌خزمه‌تكاری خۆی ئه‌زانێت له‌كاتێكدا خۆیان خزمه‌تكاری به‌رپرسه‌كانیانن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان