ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سوپای پاسداران هۆشداری بەحكومەتی هەرێم دەدات

خەڵك – بەشی هەواڵ

پەیوەندییە گشتییەكانی هێزی زەوینی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕوان دەكرێت هەرێمی كوردستان هۆشدارەكان بە هەند وەربگرێت و زیاتر لەمە ڕێگە نەدات، خاكەكەی ببێتە مۆڵگە و شوێنی ڕاهێنان و ڕێكخستنی “تیرۆریستان” بۆ ئەنجامدانی تاوان و مەترسی خستنە سەر ئاسایشی وڵاتەكەیان.

پەیوەندییە گشتییەكانی هێزی زەوینی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرای كرد، دوای پەلاماری ئەم دواییەی “تیرۆریستان” بۆ سەر ناوچەكانی ڕۆژئاوا و باكووری ڕۆژئاوای وڵات و جووڵانەوەیان دژی ئەمنییەت و ئاسایشی گەلی ئێران و “شەهیدكردن”ی حاسڵ ئەحمەدی و دوو هێزی پاسداری دلێری ئیسلام و هەروەها هەوڵ بۆ شێواندنی ئاسایشی پارێزگاكانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و كوردستان، هێزی زەوینی سوپای پاسداران لە درێژەی هۆشدارییە پێشووەكانی بە هەرێمی كوردستانی عێراق سەبارەت بە پێشگرتن بە گرووپە “تیرۆریستییەكان” لە سنووری هەرێم، چوارشەمە ۱۹ی پووشپەڕ بنكە چالاكەكانی ئەم “تیرۆریستانە”ی تۆپباران كرد.

لەم ئۆپراسیۆنەدا كە لە لایەن یەكینەكانی مووشەكی، پەهپادی و تۆپخانەیی هێزی زەوینی سوپای پاسدارانەوە ئەنجام درا، بنكە چالاكەكانی “تیرۆریستەكان” كرایە ئامانج و ژمارەیەكی زۆر دەستوپەیوەند و هێزی “تیرۆریستی” كوژران و بریندار بوون.

لەو ڕاگەیێندراوەدا داوا لە خەڵكی بەڕێزی كوردستانی عێراق كراوە لە حەشارگە و بنكەكانی گرووپە “تیرۆریستییەكان” دوور بكەونەوە و جەختیش كراوە كە ئاسایشی نیشتیمانی و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی گەلی ئێران بە تایبەتی خەڵكی ئازیز و دلێری پارێزگا سنوورییەكان، هێڵی سووری هێزە چەكدارەكانی وڵات بە تایبەتی هێزی زەوینی سوپایە و لەمبارەوە هیچ كەمتەرخەمی و سنوورێك ناناسێت و “تیرۆریستان” لە هەر كونێك بخزن، دەگەن سزای جەنایەتەكانیان.

لە كۆتاییشدا هاتووە؛ چاوەڕوان دەكرێت هەرێمی كوردستان هۆشدارەكان بە هەند وەرگرێت و زیاتر لەمە ڕێگە نەدات كە خاكەكەی ببێتە مۆڵگە و شوێنی ڕاهێنان و ڕێكخستنی “تیرۆریستان” بۆ جەنایەت كردن و مەترسی خستنە سەر ئاسایشی وڵاتەكەمان.

کوردستان

هەسەدە: 103 سەربازی تورك و چەكدار كوژراون
شەڕی هاوبەشی هەسەدە و سوریا لەگەڵ توركیا دەستی پێكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
شەڕی هاوبەشی هەسەدە و سوپای سوریا لەگەڵ سوپای توركیا و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكان لە تەل تەمر دەستی پێكرد.

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئاماری شەڕەكانی ۲٤ كاتژمێری ڕابردوو لە بەرەكانی شەڕ لە (سەرێكانی، گرێ سپی، درباسییە و دێرك) بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، ژمارەیەك تانك و زرێپۆشی هێزی دوژمن تێكشكێنراون.

ڕاشیگەیاندووە، لەو شەڕانەدا ۱٠۳ سەربازی توركی و چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا كوژراون و لە بەرامبەریشدا ۲۳ شەرەڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهید بوون.

هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە، كە شەڕی هێزەكانیان و سوپای سوریا لە تەل تەمر لەگەڵ سوپای توركیا و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكان دەستی پێ‌ كردووە و توانراوە هێزەكانی توركیا تێكبشكێنرێن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لە چیای ئەزمەڕ تەقینەوەیەك ڕوویدا و قوربانی لێ‌ كەوتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی تەقینەوەیەك ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو كەس گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوەیەك لە (جی سی سی) سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەك لەسەر چیای ئەزمەڕ بیستراوە و ڕاستەوخۆ هێزەكانمان چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە.

ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئەو ڕووداوەوە دوو كەس گیانیان لەدەستداوە و لێكۆڵینەوەش لەسەر ڕووداوەكە دەستی پێ‌ كردووە.

جەختیشی كردەوە، كە تا ئێستا بەتەواوی یەكلایی نەبۆتەوە تەقینەوە بووە یان شتی دیكە، بەڵام دەنگی تەقینەوە بیستراوە و لێكۆڵینەوەش دەستی پێ‌ كردووە.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

حكومەتی هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی وڵاتان و ڕێكخراوەكان دەكات

خەڵك-ئارام سەردار
ئەمڕۆ سێ شەممە ۱٥ی ئۆكتۆبەری ۲۰۱۹ حكومەتی هەرێم لەگەڵ كونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان تایبەت بەڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان كۆبووەوە، وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت لە ٥٠ هەزار بۆ ٢٥٠ هەزار كەس لە سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببن.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵ نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لەباری ئەگەری هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو شەڕەی لە سوریا هەیە، پەیامی حكومەتمان گەیاندە كۆنسوڵخانەكان و ئەو هاوكاری و پێویستیە مرۆییانەی پێویستن و ئامادەكاریان، كە پێویستە لە ڕووی مرۆیی پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بكەن.

دەشڵێت: “وەك حكومەت پێمان باش بوو، كە كونسوڵخانەكان و نوێنەری دیبلۆماسی وڵاتان هاوكاربن و پەیامی حكومەت بە ڕوونی پێیان بگات، تاوەكو ئەوانیش ئەم داواكاریانەی ئێمە ئاڕاستەی وڵاتەكانیان بكەن و وەڵامی ئێمە بدەنەوە”.

بەوتەی جوتیار عادل، “بۆ هاوكاری ئاوارەكان و پەنابەران وەكو حكومەت تا توانامان هەبێت هاوكار دەبین و پێویستییەكانیان بۆ دابین دەكەین، بەڵام بەهۆی سنورداربوونی توانای حكومەت داوا لە هەموو لایەك دەكەین لە كونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی و ڕێكخراوەكان هاوكارمان بن، لەگەڵ حكومەتی عیراقیش گفتووگۆمان كردوە و پلانێكی باشمان داناوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین، چاوەڕوانیشین وەڵامی وڵاتان ئەرێنی بێت”.

وتیشی، “پێشبینی دەكەین لە ٥٠ هەزار بۆ ٢٥٠ هەزار كەس لە سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببن، تاوەكو ئێستاش نزیكەی ٢٠٠ خێزان هاتونەتە هەرێمی كوردستان و بە پێی پێویست هاوكارمان كردون، وەك هەرێمی كوردستانیش لە هەر چوار پارێزگا ئامادەكاریان كردوە بۆ پێشوازی لە ئاوارە و پەنابەران، بەڵام بەهۆی ئەوەی فشارێكی گەورەمان لەسەرە وەك حكومەت و داوای هاوكاریمان لە وڵاتان كردوە، ئێمەش ئامادەین ئەوەی لەتوانادابێت هاوكاری ئاوارەكان بكەین”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان