ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

لەماوەی 12 ساڵدا بەڕێژەی %88 هاتنی گەشتیار بۆ هەرێم زیادیكردووە

خەڵك-نزار جەزا
كەرتی گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان بەراورد بە 12 ساڵی ڕابردوو پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێك ڕێژەی گەشتیار لە سەدا 88 بەرزبۆتەوە.

نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گەستوگوزاری هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێستا بەراورد بەساڵانی ڕابردوو ڕێژەی گەشتیار بۆ هەرێم زۆر زیادیكردووە، كە دەرخەری پێشكەوتنی كەرتی گەشتوگوزارە لەهەرێمی كوردستان.

بەپێی ئامارێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، لەساڵی 2007دا نزیكی 377 هەزار و 400 گەشتیاری ڕوویان هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام ئەم ڕێژەیە تاكو ساڵی 2018 بەرزبۆتەوە بۆ سێ ملیۆن و 57 هەزار گەشتیار، واتە لەسەدا 88 ڕێژەی گەشتیار زیادیكردووە.

نادر ڕۆستی ئاماژەی بەئەوەشدا، كاتێك مامۆستایەكی زانكۆ یان بەناو شارەزایەك قسە لەسەر گەشتوگوزار دەكات و دەڵێت:” هیچ بۆ گەشتوگوزار نەكراوە” سەرم سوڕدەمێنێ یان هەندێك كەس لێرە و لەوێ تەنیا قسە دەكات و لە ڕووی كرداری هیچی بۆ خزمەتی گەشتوگوزار نەكردوە و پێشنیاری خەیاڵی دەكات سەرم سوڕدەمێنێ.

باسی لەئەوەشكرد، ڕاستە كوردستان زۆری ماوە بگات بە وڵاتانی پێشكەتوو، بەڵام چۆن كوردستان بەرامبەر وڵاتێكی وەك توركیا و فەڕەنسا بەراورد دەكرێت، كە سەدان ساڵە وڵاتن و دەیان ساڵە پەرەپێدانی گەشتوگوزاریان بنیاتناوە، كوردستانیش هەرێمێكی پڕ لە كێشەیە و بەردەوام هەڕەشەی تۆپ و تەیارە و دەیان كێشەی دیكەی هەیە.

هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی دڵڕفێن و بەسروشت ناوچەیەكی گەشتیارییە، هەر بۆیە گەشتیاران بەتایبەت لەخوارووی عێراقەوە سەردانی دەكەن و كەرتی گەشتیاری پێی بوژاوەتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا ناوچە گەشتییارییەكان پێویستی بەئاوەدانكردنەوە و خزمەتی زیاترە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشت و گوزار لەڕاگەیەندراوێكی پێشتردا ئاماژەی بەپێشخستنی ئەو كەرتە كردووە و تێیدا هاتووە “لە 2011 ماستەرپلانی گەشتیاری هەرێمی كوردستان دەستیپێكرا و لە 2013 تەواو كرا، لەم چوارچێوەیەدا پلانی ستراتیژی تاوەكو 2025 داڕێژرا و لە 2013 چووەتە بواری جێبەجێكردن و زیاتر لە 76 پڕۆژە لە چوارچێوەی پلان دیزاینی سەرەكیان بۆ كراوە و ئامادەن بۆ دانیان بە وەبەرهێنەران، ئەمە جگە لەوەی 4 پڕۆژەی گەورەی ستراتیژی دیزاینی بنەڕەتیان تەواو بووە و چاوەڕوانی وەبەرهێنەر دەكەن بۆ جێبەجێكردن”.

دەشڵێت “هەرچەند شەڕی داعش و كۆمەلێك قەیران بەربەستی گەورەیان دروست كرد و زیانی زۆر گەورەیان لە كەرتی گەشتیاری دا بەڵام لە 2016 بەدواوە كەرتی گەشتیاری لە ڕێگەی پلانێكی تۆكمەوە ڕووی لە هەستانەوە كرد و ژمارەی گەشتیاران و چالاكییەكان ڕوو لە زیادبوونن”.

لەڕووی ڕاگەیاندن و بەبازاڕكردنی كەرتی گەشتیاریشەوە ئەوەدەخاتەڕوو، بەستنی ٦ كۆنفڕانسی گەشتیاری لە ناوخۆ و لە دەرەوەی كوردستان، بەشداریكردن لە ٨ پێشانگەی نێودەوڵەتی وەك دوبەی، ئیستەنبوڵ، بەرلین، بەغدا هەبوون، هەروەها (300) هەزار ( ڕێبەر، برۆشەر، نەخشە، فیلم، ئەلبووم…) بە 7 زمانی جیاواز بۆ گەشتیاران چاپكراون، گرینگیش دراوە بە گەشتیاری ئەلیكترۆنی بە پێنج زمانی جیاواز و ڕیكلام لە 5 ڕۆژنامەی جیهانی و بەشداریكردن لە (10) فیستیڤاڵی كراوە كە پێنجیان تایبەت بوون بە بەفر و خلیسكان، هاوكات چەندین دیدار و كۆڕبەند كراوە.

هەر لەچوارچێوەی پێشخستنی ئەو كەرتە بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی كارگێڕی لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان بۆ یەكەمجار، و كاركردن بە سیستەمی جیهانی بلانس سكۆردكار كە پێوەرێكی جیهانییە.

لەبارەی زیادبوونی كۆمپانیاكانیش باس لەوەدەكات، ساڵی 2007 ژمارەی كۆمپانیاكان 117 بووە، بەڵام لە ساڵی 2018 گەیشتووەتە 483 كۆمپانیا، و بەپێی داتاكانی دەستەی وەبەرهێنان كەرتی گەشتیاری سێیەم كەرتە، واتە دوای كەرتی نیشتەجێبوون و پیشەسازی دێت، كۆی وەبەرهێنانی گەشتیاری 6,696 ملیار دۆلارە و لە 14% ڕێژەی گشتی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.

کوردستان

مەلا بەختیار: هۆشداری توند دەداتە یەكێتی و پارتی

خەڵك – بەشی هەواڵ

مەلا بەختیار ڕایدەگەیەنێت، حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕەكەی دوو خولی تری هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە.

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 لە كۆڕێكدا لە شارۆچكەی دەربەندیخان ڕایگەیاند، حكومڕانی و دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی كوردستان لەجیهانگیری تێنەگەیشتوون، لەوانیش خراپتر حزبەكان سیاسەت و ستراتیژیان لەسەر بنەمای گۆڕانكارییەكانی جیهانیگری دانەڕشتووە. بۆیە تێنەگەیشتن لەجیهانگیری لەلایەن حزب و ڕێكخراوەكانەوە زۆر مەترسیدارە.

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە ئەوروپا گۆڕانكاری بەسەر شێوازی حزبایەتی و خەباتی سەندیكایی و ڕێكخراوەكاندا هاتووە و ئەوان بەتەواوی خۆیان لەگەڵ جیهانگیریدا گونجاندووە، بەڵام بەداخەوە لە عیراق و كوردستاندا هێشتا بەشێوازی كۆن و كلاسیكی حزبایەتی دەكەین.

مەلا بەختیار، وتیشی، حزبایەتی لە عیراقدا لە ئەشكەوتی پەنجاكاندایە، ئێمە كەمێك باشترین، بۆیە حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕەكەی دوو خولی تری هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لەخۆیاندا بكەن و لەگەڵ سەردەمەكەدا خۆیان بگونجێنن، ئەگەرنا ئەم بازنە داخراوەی حزبایەتی كۆتایی دێت، ئەوە كۆتایی دێت كە كوڕ و خزمەكانیان كۆنتڕۆڵی ئەم دەڤەر و ئەملاوئەولا بكەن.

مەلا بەختیار جەختیشیكردەوە، ئەم قسەیەم بۆ تۆمار بكەن، ئەمڕۆ 17/7/2019یە، ئەگەر تا دوو خولی هەڵبژاردنی تر یەكێتی و پارتی خۆیان نەگۆڕن بەتایبەتی یەكێتی، بەدیلی خراپتر و فەوزایەكی گەورە لەهەرێمی كوردستاندا دروستدەبێت. ئەگەر خۆمان نەگۆڕین، بەرەو گەندەڵی زیاتر هەنگاو دەنێنین پاكەكانیش پیس دەبن و ئەوكات كێشەی گەورە لەكوردستاندا دروستدەبێت.

ڕوونیشیكردەوە، ئێستا خواستی خەڵك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، خەمی ئەوەیەتی كە ئایا تۆ گەندەڵی لەناودەبەیت یان نا؟ یاسا سەروەر دەكەیت یان نا؟ سیستمی پەروەردە دەگۆڕی و ئازادی ژن دەستەبەر دەكەیت؟ چاودێری بازاڕ دەكەیت و قۆرخكاری ناهێڵیت و مافی بەركارەكان دەپارێزیت؟ ئەمانە خەمی نوێن، بۆیە گەندەڵی هاندەری سەرەكی ناڕەزایەتی خەڵكە و دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە.

مەلا بەختیار جارێكی تر جەختی لە گۆڕانكاری ژیانی حزبایەتی لە كوردستان كردەوە و بە تایبەتی یەكێتی و هیوای خواست كۆنگرەی ئایندەی یەكێتی بەزوویی وەكو كۆنگرەی گۆڕانكاری ئەنجام بدرێت سەرەپا گۆڕانكاری لەحزبەكەدا بهێنێتەدی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

قوباد تاڵەبانی: چاكسازیی و خزمەتگوزاری بەرنامەی حكومەتە

خەڵك – بەشی هەواڵ

جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نییەتمان وایە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند بەشێوەیەكی هەمیشەیی چارەسەر بكەین و كۆتایی بەچارەسەرە كاتییەكان بهێنین.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019، لە شاری ھەولێر، لەگەڵ ماتیۆ تولەر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و ستیف فەیگن كونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر كۆبووەوە.

لەو كۆبووەنەوەیەدا قوباد تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی ئەمریكای ڕوونكردەوە، هەموو ئامادەكارییەكیان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند لە بەغدا و تیشكی خستە سەر دوا سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لە پێناو دانانی ڕێوشوێن بۆ كۆتاییهێنان بە چارەسەرە كاتی و كورت مەوداكان.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕوونیشیكردەوە، بەرنامەی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی چاكسازیی و خزمەتگوزار دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق ئیدانەی پەلامارەكەی هەولێر دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكات كە كرایە سەر دیپلۆماتكارانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەیخستەڕوو، ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەن كە كرایە سەر دیپلۆماتكارانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر.

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشدا، لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئامانجی بەدەستهێنانی وردەكاری و زانیاری زیاتر لەبارەی ڕووداوەكەوە.

جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 لە چێشتخانەی (هۆك باز)ی نزیك ئێمپایەر لە شاری هەولێر پەلاماری ژمارەیەك لە كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا درا و تێیدا جێگری كونسوڵی توركیا و كارمەندێك كوژرا و كەسێكی تریش برینداربوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان