وتار
كابینەی نۆ و ئەركی نوێ

جارێكی تر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرفەت و شەرەفی ئەوەیان پێدام وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەستبەكاربم و لەگەڵ چەند هەڤاڵێكی تر نوێنەرایەتی یەكێتی بكەین لە حكومەتدا، لەپێناو ئەوەی لە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا پڕۆگرام و دیدی یەكێتی لە كاری حكومەت و خزمەتگوزاری و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیان شان بەشانی لایەنە بەشدارەكانی دیكە بەرجەستە بكەین.
بەردەوامبوونم وەك جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە لە بەرامبەر خوا‌و خەڵك و حزبەكەشمدا، پێشتریش چوار ساڵی زۆر قورس و پڕ لە قەیرانی سەختمان تێپەڕاند، بە باش و خراپییەوە لەو ماوەیەدا شانم دایە بەر ئەركێكی یەكجار گران، بەڵام من وەكو قوباد تیایدا بووم بە قوربانی و ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی رەوا و ناڕەواش بوومەوە، ئاساییە ڕەنگە منیش هەندێك هەڵەم كردبێت (ئەوەی كار نەكات، هەڵە ناكات).
دەمەوێت لێرەوە رایبگەیەنم ئەركی داهاتووم بە هاوكاری تەواوی كابینەی وەزاری ئەوە دەبێت كۆتایی ئەو قۆناغە پڕ لە قەیرانە كە لەكابینەی رابردوو بەشێكیمان چارەسەركرد، بەسەرەتای قۆناغێكی تازەتر ببەستینەوە كە قۆناغی دەستپێكردنی بووژانەوە و خزمەتگوزاری بێت، قۆناغێك بێت لەبری گلەیی و تلانەوە بەدەست گرفتەكانەوە، سەرگەرمی چارەسەركردنی گرفتەكان و دەستپێشخەری و دروستكردنی هەلی كار و گەشەپێدان بین.
بۆ ئەم ئەركە داوا لە دڵسۆزانی یەكێتی دەكەم پشتی كادرەكانی خۆیان بگرن. بە متمانەوە تەماشای راسپێردراوەكانیان بكەن. هێشتا دەستبەكارنەبووین، هێشتا نەیارەكانمان دەستیان نەكردووە بە ڕەخنەی ڕەوا و ناڕەوا، بەڵام هەندێك لە هەڤاڵانی خۆمان، هەندێك راستەوخۆ، هەندێك لە پشت پەیج و ئەكاونتی سێبەرەوە، قەڵەمەكانیان خستووەتە گەڕ، بۆ مەرامێك كە نەك هەر ناكۆكە بە پرەنسیپی چەپكەگوڵەكەی مام، بەڵكو سنووری ڕەخنە و رەچاوكردنی گیانی هەڤاڵێتیش تێدەپەڕێنێت.
ئەم دۆخە كاتی دەستبەكاربوونمان لە كابینەی هەشتم بیر دێنێتەوە كە بەشێكی ناڕازی لە ناو حیزبی خۆمان تووندتر لە ئەوانەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن بوون، رەخنەیان لێ دەگرتین و هەموو هەوڵێكی باشیان بێ بەها دەكرد. هەر ئەوەش بوو كە چەكی دایە دەستی نەیارەكانمان لە دژمان بەكاری بهێننەوە.
تكا لە هەڤاڵانی یەكێتی دەكەم، سەبرتان هەبێت لەبڕیاردان، ئەم تەشكیلەیە نموونەیەكە لە كۆكەرەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی یەكێتی، كە ئەگەر هان بدرێت، نەك لێی بدرێت، پشتیوانی لێ بكرێت، نەك هەڕەشەی لێ بكرێت، وا دەكات كابینەی نۆ، لە ژینگەیەكی تەندروست دەستبەكار بێت. ئەمەش زیاتر هانمان دەدات بەرەو یەك ئاڕاستە كار بكەین. ئەویش ئاڕاستەی خزمەتی خەڵك و جێبەجێكردنی بەرپرسیاریە نیشتمانی و ئەخلاقیەكانە.
با لاپەڕە كۆنەكان هەڵنەدەینەوە، هەموومان ئەمڕۆ لە ژێر سێبەرەكەی مامین. دەستمان خستۆتە ناو دەست بۆ بەهێزكردنەوەی یەكێتی و باشتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. ئەمڕۆ ڕۆژی ئیش و خەباتە، نەك خۆپەرستی و شكاندنی ئەوانەی كەیفمان پێیان نایە. ئەمڕۆ رۆژی یەكخستنەوەی كوردستانە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیمانە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، نەك كەرتكردنی كوردستان و ئاڵۆزتركردنی دۆخی ناو سلێمانی بەتایبەتی و كوردستان بەگشتی. ئەمڕۆ رۆژی ناساندنەوەی یەكێتییە بە خەڵكی خۆمان، ئاشتكردنەوە و قوڵكردنەوەی پەیوەندیی یەكێتییە بە خەڵكەوە. سەردەمی بەهێزكردن و ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدایە، بە لایەنە سیاسییەكانی عیراق، بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەمڕۆ رۆژێكی نوێیە لەو مێژووە دوور‌و درێژە پڕ لە سەروەرییەی یەكێتی.
با هەوڵ بدەین لە ئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتیان بین، كارێك بكەین كە ڕەوتی شەپۆل و ئاوەكە بەرەو ئاشی خەڵك و خزمەتی هەمووان ئاراستە بكەین، دوور لە توڕەیی و هەڵچوونی میزاجی كەسیی. چونكە من هەمیشە بڕوام وابووە سیاسەت بە لێبوردەیی و میهرەبانی دەكرێت، ئەوەش وانەیەكە لە مامەوە فێری بووم.
بۆیە وەرن قەڵەمە ژەهراوییەكانمان فڕێ بدەین. بۆ یەكێتی و بۆ سەركەوتن، با هەموومان پشتیوان و هاوكاری پرۆژەی چاكسازی حكومی و خەمی خاك و خەڵك بین.
وتار
یه‌كگرتووی ئیسلامی، حیزبی ئیجباریی

كۆنگره‌ی هه‌شته‌می یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، ده‌رگای له‌سه‌ر چیرۆكێكی تازه بۆ ریفۆرم و ئیصلاح له‌ناو كادران و لایه‌نگرانی ئه‌م حیزبه كردۆته‌وه‌و دیسان ریفۆرم و ناوگۆڕین و كێشمه‌كێشی ئهمیندارو ئه‌وانی دیكه و پرسی جیاكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و بانگه‌واز بۆته‌وه رۆژه‌ڤێكی گه‌رم.
ره‌نگه ئیتر دواخستنی ته‌له‌بی ئیسلاح و خواستی گۆرانكاری جددی و نه‌هێنانه پێشه‌وه‌ی وزه‌ی گه‌نج و گوتاری كلاسیكیانه بۆ سیاسه‌ت و بانگه‌واز، ئینتیحاری سیاسی بێت بۆ ئه‌م پارته ئیسلامیه، مۆدێلی نوێی كاركردن و نه‌خشه‌رێگای سیاسی و دیدی نوێ و ته‌ته‌ڵه‌كردنی كادران به‌ته‌واوی كاتی هاتوه، به‌جۆرێك كۆنگره‌ی ئاینده ده‌بێت به تۆپزیی ئه‌م پرسانه یه‌كلایی بكاته‌وه، ئه‌گه‌رچی سه‌خته ده‌ستكاریی روانگه‌ی كلاسیكیانهی ئه‌مینداری گشتی بكرێت، له كه‌وانه‌یه‌كدا “هه‌موو كێشه‌كان نابێت به عه‌لاگه‌ی ئه‌مینداره‌وه هه‌ڵبواسرێت” ئه‌وه‌ش راسته‌و باوه‌رم وایه ئه‌م حیزبه هێشتا ئیلهام له ئهمیندارهكهیهوه وه‌رده‌گرێت و بریاردان به ده‌ره‌جه‌ی یه‌ك كۆكراوه‌ته‌وه له یه‌ك كهسداو ئه‌و كه‌سه‌ش به‌و ئاسانییه كه قوڵاییه‌كی فیكریی و رێكخراوه‌یی و ئیخوانی و كاریزماتیكی هه‌یه، ده‌ستبه‌رداریی كایه‌ی سیاسی و كورسیه‌كه‌ی نابێت، به‌تایبه‌تی پرسی جیاكردنه‌وه‌ی بانگه‌واز له سیاسه‌ت كه یه‌كێكه له نه‌شته‌رگه‌ریه سه‌خته‌كان و وه‌ك له بێژنگدانی ئاو وایه ئاسان نییه، ئه‌مه‌ش سروشتی ته‌واوی حیزبه رۆژههڵاتیهكانهو به ئاسانی مرۆڤ ناتوانێت هاتوچۆی تێدابكات و ده‌ستكاری و چاكسازیی جومگه هه‌ستیاره‌كانی بكات به‌بێ لوتكه‌ی هه‌ره‌مه‌كه، له دامێنی ههرهمهكهشدا كه‌سانی هه‌لپه‌رست و حیزبكوژو گه‌نده‌ڵ به‌و ده‌سه‌ڵات و ته‌مه‌نه زۆره‌ی خۆیانه‌وه ماونه‌ته‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو رێكار‌و یاسا‌و دیسپلین و لێپرسینه‌وه‌یه‌كی حیزبی، ئه‌مانیش هێنده‌ی تر بازنه‌كه‌ی ده‌وری ئهمینداریان توندتر‌و تۆختر كردۆته‌وه و رێگاكه سه‌ختر ده‌كه‌ن بۆ گۆرانكاریی و شه‌فافیه‌ت و ریفۆرم، بۆیه پێش ئه‌میندار پێویسته كۆنگره ده‌ستكاری ئه‌م هێڵه‌ی پێشه‌وه‌و ئه‌م بازنه حیزبكوژه بكات، ئه‌م خڵته‌و پڵتهیه لابه‌رێت، هه‌ڵه‌یه له جوڵه‌ی یه‌كه‌م دهستبهریت بۆ جوڵاندنی مه‌لیك و لوتكه‌ی هه‌ره‌مه‌كه، سه‌ره‌تا دامێنهكه ده‌بێت پاك بكه‌نه‌وه له‌و كه‌سانه و چیتر به‌سه‌ری پیرۆزیان سوێندی ته‌نزیمی و رێكخراوه‌یی و پاكیزه‌یی نه‌خۆن!
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان حیزبێكی ئاینی ئایدۆلۆژیی مه‌زهه‌بگه‌رای نهرمرهوی هێمنه، له سه‌روه‌ختی ئیعلانی ئه‌م حیزبه‌وه له ساڵی 1994 تا ئێستا، تاكه پێناسه‌یه‌ك بۆ ئه‌م حیزبه‌ی بكه‌ین له‌ده‌ره‌وه‌ی عاتیفه‌و موجامه‌له‌ی سه‌ركرده‌كانی، ئه‌وه‌یه حیزبێكی ئیجبارییه بۆ كوردستان، به‌ده‌ره‌جه‌ی ئیرشاد‌و په‌روه‌رده‌و زه‌روره‌تی فیكریی و سیاسی و مرۆیی، هه‌م له بواری په‌روه‌رده‌و ئیسڵاح، هه‌م له بواری ئیتیكی سیاسی و مۆدێل و زیهنیه‌تی حیزبایه‌تی، ناكرێت گروپێكی ده‌سترۆشتووی خاوه‌ن ئیمتیاز‌و به‌ڵاو حه‌ره‌ج بۆ سه‌ر ئه‌م حیزبه، ئه‌م توراس و سه‌رمایه ره‌مزیه له ئیجبارییهوه بۆ خه‌ڵكی بگۆڕن به ئیخیتیاری و شكۆی حیزب بكه‌ن به قوربانی پۆست و ئیمتیاز‌و خوێندنی راقی مناڵ و كۆشكی شاهانه‌ی كه‌س و كاریان؟
ئێستا كه یه‌كگرتوو به‌ته‌واوی هێزی جه‌ماوه‌ریی و بیر‌و ئایدۆلۆژیی و رێكخراوه‌یی خۆیه‌وه خه‌ریكی ریسك و ده‌ستكاریكردنی ریشه‌یی و په‌یره‌وی ناوخۆیی كلاسیكیانهی خۆیه‌تی، گرنگه به جورئه‌ته‌وه ده‌ستبخاته سه‌ر برینه گهورهكهو گوێ به هیچ كاردانه‌وه‌و خاترجهمییهكی ئه‌و تایپه نه‌دات كه قوڕكی حیزبیان توند گرتوه‌و ئۆباڵهكهشیان خستۆته سه‌ر گه‌ردنی ئه‌میندار و لای ئه‌میندار قسه‌یه‌ك و له بازنه و ئوسرهكانیشدا قسه‌یه‌ك، ئه‌گه‌رچی هه‌ر بۆخۆی باسكردنی ئه‌م جۆره له برین و كێشه‌و بێشه له حیزب‌دا هه‌نگاوی ئه‌رێنیه به‌ره‌و دۆزینه‌وه‌ی رێگا راسته‌كه، ئه‌و رێگایه‌ی چیتر نابێت ئه‌كته‌ره كۆنه‌كان به‌ته‌نها پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی بن تیایدا، ئه‌وانه‌ی زه‌مه‌نێكه له‌گه‌ڵ كاروانه‌كه‌دا هه‌م وه‌ك كاروانچی و هه‌م وه‌ك رێبهرو سه‌ركاری ره‌ها، هاوكارو پشتیوان بوون و ره‌نگه ئیتر كاتی هاتبێت یه‌كگرتوو به عهینهكهوه رێنه‌كات، چاوی گه‌نج و بیری تیژوو سیاسه‌تی هاوسه‌نگ به‌بێ عه‌ینه‌ك گه‌شه پێبدات تاوه‌كو بتوانێت گوتاری سیاسی خۆی بگونجێنێت و ژینگه‌ی سیاسی خۆشی بپارێزێت.
له راستیدا دروستكردنی فۆرمێك بۆ ئیشكردنی دونیهویی “په‌رله‌مانی و حكومیی” له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی، به‌مانایه‌كی تر ئیئتیلافێكی سیاسی و هه‌یكه‌لێكی نوێ به‌پێ پاشگریی ئیسلامی، هاوته‌ریبی مهرجهعیهتێكی حیزبی مه‌ركه‌زیی خاوه‌ن دیسپلین بۆ په‌روه‌رده‌و بانگه‌وازو شه‌ریعه‌ت و مزگه‌وت، ده‌ره‌نجامێكی پۆزه‌تیف ئه‌دات به‌ده‌سته‌وه، وه‌ك چۆن موقته‌داو عامیریی له به‌غداد له رێگای”سائیرون و فه‌تح” كردیان و سه‌ركه‌وتووش بوون، به‌ڵام پرۆسه‌كه بۆ پاكتاوی نه‌یاران و كێبركێكارانی ناو حیزب و بازنه‌ی مونافیسی ئه‌مینداریه‌ت و كرده‌و گه‌مه‌یه‌كی ته‌كتیكی سیاسی نه‌بێت بۆ كپكردنه‌وه‌ی ده‌نگه نارازیه‌كانی ناو كۆنگره‌و كۆنفرانسكاران، رێك هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بێت به ده‌نگی به‌رز بۆ دروستكردنه‌وه‌ی گوتار و دیسكۆرس و بڕیاردانی دروست له‌م حیزبه‌دا، نه‌ك باسكردنی پرۆسه‌كه به ته‌ده‌روج و قۆناغبه‌ندیی، ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه‌یه هیچ نه‌كرابێت، ئه‌م هه‌نگاوه چه‌ند پێویستی به جورئه‌تی سیاسی و مرونه‌تی رێكخراوه‌یی هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش پێویستی به دروستكردنی كه‌شی له‌بار هه‌یه به‌ره‌و كه‌لتوریی پێكه‌وه‌یی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و وه‌لانانی رق و بیركردنه‌وه‌ی ستالینیانه بۆ ئه‌وانی تر، ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌گه‌ر سه‌رده‌می دیموكراسی و گه‌شه‌ی فیكر‌و كرانه‌وه‌و بیزنس و كۆنتراكته گه‌وره‌كان بێت و جێگای هه‌موو دیارده‌و ده‌ركه‌وتێكی تێدا بێته‌وه ئه‌وه بێگومان جێگای تۆتالیتاریه‌ت و زیهنیه‌تی رهفزكردن و قۆرخكاریی و پاكتاویی به‌رته‌سكی تێدا نابێته‌وه به‌تایبه‌تی بۆ یه‌كگرتووی ئیسلامی.
خاڵێكی دیكه‌ی كاركردن بۆ جیاكردنه‌وه‌ی كایه‌ی سیاسی و حیزبی له كایه‌ی بانگه‌وازو ده‌عوه‌و ئیرشاد پێویستی به كاراكردنی رۆڵی دامه‌زراوه مه‌ده‌نیه‌كان و میدیا‌و سۆسیالمیدیای ئه‌م حیزبه هه‌یه، له بری چهقداكوتین و وه‌ستان له‌ناو مه‌نزومه‌ی دامه‌زراوه شه‌رعی و كلاسیكیه‌كاندا هێنانه پێشه‌وه‌ی كاراكتهرو گه‌نجی سیاسی و مه‌ده‌نی و لیبراڵ و نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت سیكولار‌و ئایدۆلۆژیای دیكه گرنگه بكرێته ئه‌مری واقیع و جێگای بێته‌وه، ئه‌مه ته‌جاوزی رابردووه‌و ریفۆرمه له هه‌یكه‌لی كاری رێكخراوه‌یی، بۆ ئه‌وه‌ی پیاوانی ئۆردوگانشین چیتر بوه‌ستن و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانیان راگرن تا یه‌كگرتوو به فۆرمێكی تره‌وه له كۆنگره بێته ده‌ره‌وه، ئه‌مه ده‌ریچه‌یه‌كه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت یه‌كگرتووه‌كه‌یان وه‌ك هاوكێشه‌یه‌كی ئیجباریی بمێنێته‌وه‌و كۆمه‌ڵگا قبوڵی بكات و دوچاری ئیحراجی گه‌وره نه‌بێته‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
دواجار كێشه‌ی یه‌كگرتوو ئه‌وه‌یه تا ئه‌م ساته‌وه‌خته بۆ په‌روه‌رده‌و ده‌عوه دروست بووه، حوكمرانیكردن و موشاره‌كه‌ی سیاسی پێویستی به‌ڤێرژنی نوێ و روئیا‌و روانگه‌ی دیكه هه‌یه كه یه‌كگرتوو ده‌بێت له‌مه‌ودوا ته‌وزیفی بكات و ترسی له ره‌خنه‌و نارهزایهتیهكانیش نه‌بێت، نه‌ك سیاسه‌ت به سه‌رئێشه‌و ترس بۆ سه‌ر یه‌كگرتوو هه‌ژمار بكه‌ن و بیانه‌وێت به ته‌ده‌روج ده‌عوه‌و بانگه‌واز له سیاسه‌ت جیابكه‌نه‌وه، كه له‌راستیدا ئه‌م تهدهروجه دوورخستنه‌وه‌ی ره‌مزه دیار‌و گه‌نجه‌كانی یه‌كگرتووه له كایه‌ی ده‌سه‌ڵات و رێك گه‌رانه‌وه‌یه بۆ خاڵی سفرو چوارگۆشه‌ی سه‌ره‌تا و مانه‌وه‌ی یه‌كگرتوو له‌م دۆخه پاسیڤه‌ی ئێستادا.
وتار
سی پرسیار بۆ سی ساڵ حكومڕانی!

لەپاش نزیكەی سێ دەیە حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان هێشتاش زۆرینەی پێداویستییە سەرەتاییەكان لەئاستی پێویستدا نین، ژیان لەچوارچێوەیەكی تەواو نائاساییدایە، تا رۆژێ باشە دەیان رۆژ ناباش دەیگوزەرێنین، بۆیەش وا دەزانم كاتی ئەوەیە هەمووان پێكەوە لەسەر ڕەگی كێشەكانو هۆكاری سەرەكی خراپی وەزعەكە بدوێین.
تاكی كوردی لەئێستادا رۆژانە پێویستە وەڵامی سی پرسیار بداتەوە، سی پرسیار بۆ سی ساڵ، یانی هەر ساڵەوە پرسیارێك، لەسبەینێ زووەوە دەست پێدەكەن تاكو شەو درەنگ هەر بەردەوامییان هەیە، ژیانێك پڕ لەجەنجاڵیو ماندوییەتیو وەڕسیو سەرئێشە، پڕ لەشەكەتیو بێ هیوایی.
بێهیوایی لەو ساتەوە گەرم دەبێت ناتوانین وەڵامی پرسیارەكانیش بدەینەوە، پرسیار لەدوای پرسیار دەپەڕنە ناو ژیان‌و خەیاڵەوە: بۆچی كارەبامان وایە؟ بۆچی سوتەمەنی هەر گرانە؟ بۆچی موچە لەكاتی خۆیدا نیە؟ بۆچی حكومەت نرخەكانی بازار كۆنترۆڵ ناكات؟ بۆچی پەروەدەمان وا شێواوە؟ بۆچی كەسێ نیە فیلم‌و كلتورە سەقەتە هاوردەكان راگرێت؟ بۆچی رێگاوبانی ئەم وڵاتە چاك ناكرێن؟ ئەم هەموو رووداوی هاتوچۆیە بۆ؟ كێ لەم هەموو ناعەدالیەتە بەرپرسە؟ ئەم هەموو حزبە بۆ بوونەتە مشەخۆر بەسەر میللەتەوە؟ مافی میللەت لەكوێدایە؟ ئەم هەموو بازرگانییە چیە هەركەسەو هەڵدەستێ دەبێتە بارگرانی بەسەر میللەتەوە؟ كەی خواردنی ئێكسپایەر كۆتایی دێت؟ كەی فەتوای ئاینیی ناپێویست دەوەستێنرێن؟ كێ هۆكاری ئەم هەموو درۆ‌و بێویژدانیو قۆڵبڕینو هەڵخەڵەتاندنە چین؟ بۆچی هەركەسەو هەڵدەستێ خۆی دەكات پسپۆڕ‌و لەهەموو شتێكا قسە دەكرێت؟ بۆچی بەكلتورو فەرهەنگی خۆمان نامۆین؟ بۆچی تاك بەتاكی ئەم میللەتە سیاسییە؟ بۆچی هیچ شتێك لەجێگای خۆیدا نیە؟ بۆچی زانكۆكانمان بونەتە شوێنی مۆدێلات لەجیاتی زانست؟ بۆچی پارە هەموو شتێكە لێرە، مرۆڤەكان لەسەر بنەمای هەبوونیان دەپێورێن؟ بۆچی سۆشیال میدیا‌و تەكنۆلۆجیا تەنها لای ئێمە بووەنەتە بەڵا؟ بۆچی هەرچی چەكی نوێ هەیە لەسەر ئێمە تاقیدەكرێتەوە؟ بۆچی ناكۆكی‌و ناسازییە ناخۆییكان هەر تەواو نابن؟ بۆچی دیموكراسی لێرە گەشە ناكات؟ تاكەی توندوتیژی دژی ژنان هەیەو ژنان دەبنە قوربانی؟ بۆچی تەلاقو جیابوونەوە هەر وا زیاد دەكەن؟ بۆچی زانستخوازانو ئەهلی خوێندنەوە بەكەم سەیر دەكرێن‌و بڕوانامە بێ نرخ‌و ئەو هەموو خاوەن بڕوانامانە بێكارن؟ بۆچی وڵاتمان دەوڵەمەندو میللەت هەر هەژارن؟ بۆچی نابینە خاوەنی دەوڵەت؟
وەڵامی ئەم پرسیارانەی سێ دەیەیە بێ وەڵامن یانی دۆزینەوەی هۆكاری سەرەكی تێكچوونی ئەم ژیانەی ئێمە هەمانە، كێ وەڵامی پرسیارەكانمان دەداتەوە.
ناخۆشترین دیوی راستەقینەی تاڵ لەژیانی ئێمەی كورددا، ئەوەیە ئێمە شتێكمان نیە بەناوی حوكمڕانی، بنەمایەكمان نیە بۆ حوكم، ئەوەی هەیە حزبەكاننو حوكممان دەكەن، یانی حزبڕانی دروستترە تا حوكمڕانی، لەپێش هەمووانەوە حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن خەتابارن چونكە شعوری ئۆپۆزسیۆن‌و نارەزایی خەڵكیان لەكەدار كرد، نارەزاییەكانیان بۆگەنو هێزی داخوازی رەوایان پارچەپارچە كرد، ئاخر میللەتێك ئەگەر خاوەنی ئۆپۆزسیۆنێكی راستگۆش بێت هەر چاوەڕێی خێری لێ دەكرێت، بەڵام كورد ئۆپۆزسیۆنەكەی هۆكاری سەرەكی قەیرانەكانە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و كابینەی نوێ دەرفەتی زۆری لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی هیواداری بگێڕێتەوە، بەدڵنیاییەوە پسپۆڕانی ئابوری راوێژی باشیان هەیە، زانایانی ئایینی دەتوانن لەم بوارەدا بدرەوشێنەوە، شارەزایانی دیبلۆماسی دەتوانن هاوكاری باشی حكومەت بن، كارناسانی تەندروستی‌و دەرونناسی دەتوانن خزمەتی گەورە بكەن، ئەوەشی پەیوەستە بەپسپۆڕانی پەروەردەوە پێم وایە ئەوەی پێویست بێ وتومانە، چەندینجاریش لەچەندین بۆنەی جیاوازدا نوسیومەو رامگەیاندووە، ئەم وڵاتە پێویستە سەرەتا پەروەردەكەی چاك بكرێت، یانی شۆڕشی چاكسازی پەروەردەیی پێویستە لەپێش هەموو چاكسازییەكانیترەوە بكرێت.
وتار
كورد هاودەنگی كام بەرەی عیراق دەبێ

هێشتا درەنگ نیە كورد گوتاری خۆی لە سۆنگەی خوێندنەوەی راستی روداوەكانی عیراق رێك بخات.
لەلێواری ئەم شەپۆلانی بەریەككەتنی بەرژەوەندیەكان و گۆڕانكاریە بنچینەییانەدا، كە لەشەقامی عیراقیەوە نەخش دەكێشرێن.
ئایا بەرەی خەڵك یا بەرەی ئەو دەستەبژێرە سیاسیەی كە شانزە ساڵە دەستی دەستی بەمافە دەستوریەكانی كوردستانەوە دەكەن. دەبێ ئەم پرسیارە ببێتە سەرباس، كامە بژاردە؟
ئایا خەڵكی ناڕازی داواكانیان رەوان؟ گەر پێمان رەوایە، شەرمكردن لەهەڵبژاردنی بەرەی رەوایەتیدا هەیە؟
ئەگەر تەماشاكاران و خۆ بێدەنگ كردوانیش وەك بەرەیەك هەژمار بكرێ، ئەوا بێ گومان كەمترین رۆڵ بۆ هەڵسوڕاندنی داهاتوو دەمێنێتەوە.
راستە كورد وەك پێكهاتە ناتوانرێ لە پرۆسەی داهاتوودا رەچاو نەكرێ بەڵام كەم یا شایستە بێگومان كەم و ناشایستەیی و غەدریشی لێ دەكرێ.
پێدراوەكان پشت راستی دەكەنەوە كە وڵاتەكە تا ماوەی سێ ساڵی داهاتوو ئارامی بەخۆوە نابینێ و ئەم دۆخە دانامركێتەوە.
لە شەقامەوە دەنگێكی نەشاز بەرامبەر بەمافە دەستوریەكانی كورد دەبیسترێ. تەنانەت قەڵسن بەناوی كوردستان و بە ( إقلیم الشمال) ناوی هەرێمی كوردستان دەهێنن. كوردستان بەخوێن سارد دەبینن بەرامبەر بە شەڵاڵی خوێن و فرمێسكی گەرمی شەقامی عیراقی.
دواجار تەنیا دوو بەرە دەمێنێتەوەو بەرەی سێیەم دروست نابێ.
كورستانیش دابڕاو نیە لە كاریگەریەكانی ئەو رووداوانەی شارەكانی خوارووی عیراق و بەغدا.
سەرۆك كۆماری عیراق وەك باڵا ترین پێگەی دەسەڵاتی وڵات پشتیوانی بێ چەندوچوونی خۆپیشاندەرانی عیراقە. لەگەڵ مافی خۆپیشاندان و بەدیهاتنی داخوازیەكانیانە.
بەپێگەی دەستوری خۆی دەستپێشخەری كرد بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و هەڵبژاردنی پێشوەخت.
بە تێڕوانینێكی سەلمێنراوی راستەقینە ئەم نەخشە رێگایە دەرفەتێكی گرنگ بوو هەر لە سەرەتاوە فراكسیۆنە كوردستانیەكان وەك یەك هاوپەیمانی كارنامەی خۆیان بەم ئاراستەیە دابڕشتایە.
بەشێك لە هێزی خۆیان لەگەڵ هێزی داخوازی خەڵكی سەر شەقامەكان بگونجاندایە.
بەلەبەرچاوگرتنی كوڵانی دۆخی وڵاتانی ناوچەكەو هەبوونی مەترسی تراژیدیای تر بەرامبەر گەلەكەمان،
هێشتا درەنگ نیە بەدەنگێكی بەرزتر كورد هاودەنگی خۆی بگەیەنێتە شەقامی عیراقی، نەخاسمە گەر ئەوە نەكا بژاردەی باشتری ئەبێ چی بێ بۆ سیاسەتكردن! هەن نائاگا لەوەی چی دەگوزەرێ وا دەزانن دۆخی ئێستا بەردەوام دەبێ لەكاتێكدا تەواو بووەو فۆرمێكی نوێ شوێنگرەوە دەبێت.
لەو روانگەی خوێندنەوەی دۆخی گۆڕاوەو لەكەناری ئاوا بوونی واقیعێكی شانزە ساڵەی تاڵ‌دا، لەیەككاتدا هەم خۆگۆڕین و هەم گەڕان بەدوای ئاسۆیەكی تردا ئەركێكی سیاسیە.